دکتۆر جەبار قادر : ڕووسیا و کورد  ـ دوو سەدە لە پشتگوێخستن  / بەشی چوارەم و کۆتایی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

 

سەردەمی پۆست – سۆڤیەتی یا ڕووسیای فیدیرالی :

لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە دیسەمبەری ١٩٩١ ڕووسیا بۆ زیاتر لە دەیەیەکی تەواو لە قەیرانێکی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی دژواردا دەژیا . ڕۆژئاوا لە سەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی بایەخێکی ئەوتۆی بە دید و بۆچوونەکانی نەدەدا . سەردەم سەردەمی کۆتایی شەڕی سارد و دوو جەمسەری بوو ، ڕۆژئاوا سەرکەوتنی یەکجارەکی سیستەمی نوێی ڕاگەیاندبوو . ڕووسیای فیدیرالی میراتگری قانونی یەکێتی سۆڤیەت بوو . شەڕەکانی چێچێنیا ( چەچەنستان ، شیشان )، گەشەکردنی مافیا و ڕێکخراوەکانی تاوانکاری ، بەتاڵانبردنی موڵک و سامانی دەوڵەت ، ململانێی ئەتنیکی و … تاد ڕووسیایان شەکەت کردبوو . لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاستیش دوا پێگەکانی لە دەستدەدا ، چەند ڕژێمێکی دیکتاتۆری بێزراو لە لایەنی گەلانی ناوچەکەوە نەبێت کەس خۆی بە دۆستی ڕووسیا دانەدەنا . کاریگەری ڕووسیا لە سەر ڕووداوەکانی دونیا و ڕۆژهەڵات بەڕادەیەک لاواز ببوو کە حسێبیکی ئەوتۆی بۆ نەدەکرا .

لەم سەردەمەدا ڕووسیای نوێ گرنگی تەنها بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕۆژئاوادا دەدا و ڕۆژهەڵاتی پشتگوێ خستبوو لە دوا خانەی بایەخدان و ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە داینابوو . کوردیش لەو کاتەدا سەرنجی کەسی لە کرێملن ڕانەدەکێشا .   

سیاسەتی نوێی ڕووسیا و سەرلەنوێ دارشتنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەرکی لە پێشینەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە سەری زۆر گران کەوتن. لە نەوەدەکان هاوسەنگی لەو سیاسەتەدا بەدی نەدەکرا . ئەمەش بووە هۆی لاوازبوون یا لە دەستدانی تەواوی پێگەکانی ڕووسیا لەو ناوچانەی پێشتر کاریگەری   زۆری تیاندا هەبوو ، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . دەتوانم بڵێم لەو ساڵانەدا   هیچ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان ڕووسیا و کوردا بەدی نەدەکرا . دەوڵەتی ڕووسیای فیدیرالی وەک میراتگری یەکێتی سۆڤیەت باجی سیاسەتە سەقەتەکانی سۆڤیەتی لە بەرامبەر کورد ئەدایەوە. ناوبانگی ڕووسیا لە کوردستان بە هۆی بێدەنگی و تەنانەت پاکانەکردنی کاربەدەستانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی سەدام حوسێن لە لایەن خەڵکەوە بێزراو بوو . هەموو ئەمە لە کاتێکدا بوو کە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بۆ نزیکەی نیو سەدە لە لایەن هێز و گروپگەلی چەپ و بە ناو مارکسییەوە قۆرخ کرابوو . بەشێک لەم گرووپانە لە ململانێی سەخت و خوێناویدا بوون لە سەر ئەوەی کامیان زیاتر لە  یەکێتی سۆڤیەتەوە نزیکن و لە ناوەندی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمی جیهانیدا دان بە ڕەوایەتیاندا نراوە .  

وتەیەکی ڕووسی هەیە دەڵێت  ” جێگەی پیرۆز قەت بە بەتاڵی نامێنێتەوە”، ئەمێریکا ، بریتانیا و فرەنسا ئەم هەلەیان قۆزتەوە و سیاسەتێکی چالاکانەیان گرتەبەر و بە زوویی بۆشاییان پڕ کردەوە . لەمەشدا ملهوڕییەکانی سەدام حوسێن باشترین یارمەتیدەر بوو بۆ ئەم سیاسەتانەی ڕۆژئاوا .

ئا لەم کاتەدا کوردستان لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی پڕ لە ئێش و ئازاری خۆی تۆمار دەکرد . شکستی سوپای سەدام لە کوەیت ، ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ، ناوچەی ئارام ، هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگترین سەردێڕەکانی ئەو مێژووە بوو . لە باکوری کوردستانیش پەرەسەندنی دۆزی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو هاتبووە کایەوە و پرۆسەی داننان بە ڕیالیتەی کوردیدا دەستیپێکردبوو . ئەم پرۆسەیە لە سەر خۆ دەچووە پێشێ ، تووشی پاشەکشەو تەگەرە و کۆسپ زۆر بووەوە و لەم ڕۆژانەشدا لە دوای دوو ساڵ هێمنی دەورەیەکی دیکەی توند و تیژی و خوێنڕشتن دەستیپێکردەوە و کەس نازانێ کەی و چۆن کۆتایی پێ دەهێنرێت .

لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو ڕووسیای فیدیرالی ، بە هۆی کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانێوە ، هیچ ڕۆڵێکی پێنەدەگێڕرا لە یارمەتیدانی کورد، تەنانەت پەیوەندییەکانیشی لە گەڵ ڕژێمی سەدامدا بەکار نەهێنا بۆ  کۆتایی هێنان بە گەمارۆی ئابوری ئەو ڕژێمە لە سەر کوردستان ، با باسی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دۆزی کورد لە چوارچێوەی عیراقدا لەولاوە بوەستێ ، کە جار جار ڕووسەکان  قسەیەکیان لە بارەیەوە دەکرد .

تێگەیشتنی دروست لە ئەزموون و ڕووداوەکانی مێژوو یارمەتی کەسانی زانا ئەدات لە تاریکترین ساتەکانی مێژوودا پێشبینی ڕووداوی وا بکەن کە زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکن . ڕێک لەو کاتانەدا و بەر لە بیست دوو ساڵ کوردناسی ڕووسیا ڵازەرێف دوای باسکردنی بارودۆخی پڕ لە قەیرانی ڕووسیا لە سەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە ، پێشبینی ئەوەی کردووە کە ڕووسیا جارێکی تر بە هێزەوە دەگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و لە بارودۆخێکی جیاوازدا ڕوو بە ڕووی دۆزی دەبێتەوە و ناچارە دوور لە ڕابردووە ئیمپراتۆرییە نەفرەتلێکراوەکەی هەڵس و کەوتی لە گەڵدا بکات . گەشەکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەو ڕۆژانەدا فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ ئەم لێکدانەوە دروستەی ڵازەرێف ، کە بە بۆچوونی ئەو دۆزی کورد لە باری جیۆپۆلیتیکییەوە بۆ ڕووسیا گرنگە و دەبێت بایەخی زۆری بداتێ و ” ئەگەر ئەم ڕۆژانەش نەبێ کە مۆسکۆ گیرۆدەی کێشە نێوخۆییەکانێتی و کاتی ئەوەی نیە خەریکی کورد و کێشەکانیان بێت ، ئەوا بێ گومان لە داهاتووییەکی نزیکدا “. ڕووسیا لەو کاتەدا کە لازەرێف ئەم قسانەی دەکرد بە سەختترین ڕۆژانی مێژووی هاوجەرخیدا تێدەپەڕی ، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونی ئەو نەدەبوو بێ لایەن بێت لەوەی لە کوردستان دەقەومێ و ڕوودەدا ( گۆڤاری ئاسیا و ئەفریقای ئەمڕۆ، ژمارە ١ ساڵی ١٩٩٤. بە زمانی ڕووسی ).   

گوتاری فەرمی ڕووسیا هەمیشە پاراستنی یەکێتی خاکی عیراق بووە ، هەڵبەتە ئێستا سوریاشی هاتۆتە سەر . بۆ ئەوەی بە دروستی لەم گوتارەی ڕووسیا تێبگەین و بزانین چۆن هەڵس و کەوتی لە گەڵدا بکەین ، پێویستە بزانین لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە . ئەمە تەنها قسە و ڕاگەیاندراو نیە کە کاربەدەستانی ڕووسیا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوی دەکەنەوە ، نەخێر ئەمە کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان . ئەو لە دژی دابەشکردنی وڵاتان و تێکدانی سنوورە نێودەڵەتییەکانە لە سەر بنەمای ئەتنیکی و ئاینی . ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بونیاد و پێکهاتەی خودی ڕووسیای فیدیرالییەوە هەیە . 

ڕووسیا دەوڵەتێکی فیدیرالییە کە لە ٨٥ یەکەی فیدیرالی پێکهاتووە ( کۆمار ، هەرێمی فیدیرالی ، ناوچەی ئۆتۆنۆمی ، شاری فیدیرالی و …  تاد ) . بە هێزی دەستور مافی جیابوونەوەی لەم یەکە فیدیرالییانە و گەلەکانی وەرگرتووەتەوە ، واتا ئەو یەکانەی ڕووسیای فیدیرالی پێکدێنن مافی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی دایک ، ڕووسیا نیە . هەموو دونیا بینی چۆن ڕووسیا هەوڵی چێچانەکانی بۆ سەربەخۆیی سەرکوت کرد و لە شەڕی چێچێنیا چەندێ توند و تیژی بەکارهێنا. پانتایی چێچێنیا ١٥،٦٤٧ کم٢ و بە پێی ئامارەکانی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتوانی ١،٣٤٦،٤٣٨ کەسە ، زمان و کولتور و ئاین و … هتد ، واتا چێچانەکان هەموو پێداویستییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەیە . گەلێ کۆمار و هەرێمی دیکەی ڕووسیاش ئەگەر بۆیان بلوێ هەوڵی سەربەخۆیی خۆیان ئەدەن . لە کاتێکدا ئەمە هەڵوێستی فەرمی دەوڵەتە و حکومەتی ڕووسیا لە نێوخۆی ڕووسیادا بەو شێوەیە لە گەڵ گەلانی ناڕووسدا هەڵس و کەوت ئەکات ، بەڵام لە دژی نەیارەکانی لە دەور وبەری ڕووسیا هەندێ جار بە پێچەوانەی ئەم پرینسپەوە کار دەکات . بۆ نموونە دان دەنێ بە سەربەخۆیی ئەبخازیادا لە گورجستان، کە لە ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتوانی ئەو هەرێمە ٢٤٠،٧٠٥ کەس بوونە و تەنها ١١٢،١٠٠ واتا کەمتر لە ٥٠% دانیشتوانەکەی ئەبخاز بوونە . ئەمەی لە دژی میخائیل ساکاشڤیللی ، سەرۆکی ئەو وڵاتە  کرد ، کە سیاسەتی نزیکبوونەوە لە ناتۆ و دوورکەوتنەوە لە ڕووسیای هەڵبژاردبوو . بە هەمان شێوە دان بە سەربەخۆیی ئۆسیتیای باشوردا دەنێت ، ئەویش هەر دەکەوێتە گورجستانەوە ، کە پانتاییەکەی تەنها ٣٩٠٠ کم٢ و ژمارەی دانیشوانی هەندێک لە پەنجا هەزا کەس زیاترە ، لە کاتێکدا ئۆسیتیای باکور ، کە پانتاییەکەی ٧٩٨٧ کم٢ و ژمارەی دانیشتوانی ٧٠٥٢٧٠ کەسە ، واتا ١٣ جار ئەوەندەی دانیشتوانی ئۆسیتیای باشور ، بەڵام دەبێ وەک کۆمارێکی ڕووسیای فیدیرالی بمێنێتەوە و مافی جیابوونەوەی نادرێتێ . بە هۆی تێکچونی پەیوەندییەکانیشی لە گەڵ ئۆکراینا ، نیمچە دورگەی کریمیای ( کریم ، قرم ) لە ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ جودا کردەوە ، لە سەرەتاوە ئەو هەرێمە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و دوای ئەوەش یەکسەر بوو بە یەکێک لە کۆمارەکانی ڕووسیای فیدیرالی . لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دان بەم لکاندنەی کریمدا نەنراوە ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبێت بە واقیعێکی سیاسی و هەموو ناچار دەبن دانیپێدا بنێن . لە مێژوودا نیمچە دورگەی کریم لە ساڵی ١٧٨٣ بوو بە بەشێک لە ڕووسیای تساری و دەوڵەتی عوسمانی دوای چەند ساڵێک ناچار کرا دان بەوەدا بنێت ، کە کریم بەشێکە لە ئیمپراتۆرییای ڕووسیا . ئێستاش تورکیا یەکێ لە خاڵە ناکۆکەکانی لە گەڵ ڕووسیا باسکردنی کریمە ، کە لە بنەمادا دانیشتوانە ڕەسەنەکەی تەتار بوون .

ڕووسیا ئەم کارانە لە دژی ئەو سیاسەتانە دەکات کە بە هەڕەشەیان دەزانێ لە سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی . بۆ ڕووسیا هەر نزیکبوونەوەیەکی ناتۆ لە سنوورەکانی هێڵی سورە و هەر یەکێ لەو دەوڵەتانەی دەور و بەری ، بە تایبەتی ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێک بوونە لە ڕووسیای تساری و یەکێتی سۆڤیەت و ئەم بە ناوچەی هێژیمۆنی خۆی دایاندەنێت، کارێکی وا بکات ، ئەوا بەو کارەی ڕووسیا توڕە دەکات و دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوەی توندی لێ بکات . ئەگەر ڕووسیا بۆی بلوێت زیان بە بەرژەوەندی ئەو ئەندامانەی پەیمانی وارشۆش دەگەیەنێت کە ڕێگە دەدەن بنکە و پێگەی ناتۆ لە وڵاتەکانیان جێگیر بکرێن . دەوڵەتان و گەلان ناچارن ئەم فاکتەرە جیۆپۆلیتیکیانە هەمیشە لە بەرچاو بگرن و هەر هەڵەیەک لە خراپ هەڵسەنگاندنیاندا دەتوانێت کێشەی گەورە دروست بکات .

لێرەوەیە ڕووسیا لە گەڵ ئەوەدا نیە جیابوونەوە و سەربەخۆیی گەلان و سەرلەنوێ دەستنیشان کردنی سنوورەکان لە سەر بنەمای ئەتنیکی ببێتە دیاردەیەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ، چونکە لە گەشەکردنی پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا بە خۆیشی زەرەرمەند دەبێت. ڕووسیا زۆر لە دژی داغانکردنی کۆمارەکانی یۆگسلافیا بوو ، بەڵام ئەو کاتە توانای ئەوەی نەبوو بەر بە ڕەوتی ڕووداوەکان بگرێت . تا ئێستاش دانی بە سەربەخۆیی کۆسۆڤادا نەناوە ، هەرچەندە ١٠٨ دەوڵەتی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا ناوە . بە گوێرەی بۆچوونی ڕووسیا دەبێ ئەمە بە ڕێکەوتن بێت لە نێوان سربییەکان و گەلی ئەلبانی کۆسۆڤۆ ، کە ئەمە بە هەموو پێوەرەکان کارێکی ئاسان نیە . پێش ماوەیەک کونسوڵی ڕووسیا لە هەولێرێش شتێکی لەم جۆرەی لە بارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە وتووە ، ئەگەر گەلی عیراق لە گەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بێت ، ئەو کاتە بۆ ئەوانیش کێشە نیە . ئەو عیراقەی تا ئێستا ئامادە نیە دان بە گەڕانەوەی مەخموردا بنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان ، با باسی کەرکوک و خانەقین و شنگار و … تاد لەولاوە بوەستێت ، کەی دەگاتە ئەو ئاستەی باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان هەبێت ؟. پێموایە نابێت کورد چاوەڕوانی ئەوە بکات ڕووسیا بە ئاسانی پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکات .

لەم سەردەمەدا کە ململانێیەکی توند لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا لە ئارادایە و زۆر دەڤەری  ئەوروپا ، ڕۆژهەڵاتی نزیک و کەفکازی گرتۆتەوە ، ڕووسیا دەزانێت ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەم ئان و ساتەدا دابمەزرێت ، ئەوا بە پێی لێکدانەوەی لۆژیکی دەبێ ببێتە پێگەیەکی ئەمێریکا و ڕۆژئاوا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی شیعەی عیراق ، هەرچەندە ڕێکەوتننامەی ستراتیژییان لە گەڵ ئەمێریکا هەیە ، لێ بە هۆی هەڵوێستی ڕووسیا لە سوریا و هەماهەنگی لە گەڵ ئێراندا ، هەوڵی زۆر دەدەن لە گەڵ ڕووسیادا پەیوەندی بەهێزیان هەبێت و خەرێکی هەماهەنگی هەواڵگری و سەربازین لە گەڵیدا . چۆن ڕووسیا بەوە قایل دەکرێت ، کە ئەویش لە سەربەخۆیی کوردستان سودمەند دەبێت و لە دەوڵەتی کوردی قازانجی زیاتر دەکات لەوەی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ عیراقدا دەستی دەکەوێت ؟. ئەمە یەکێ لە پرسیارە گرنگەکانە کە من نازانم وەڵامەکەی لای کێیە .  

خاڵیکی تری گرنگ لەم بوارەدا کە کاریگەری لە سەر هەڵوێستی ڕووسیا دەبێت بەرامبەر باشوری کوردستان ، پەیوەندی هەرێمە لە گەڵ تورکیا. لە ماوەی سەدەیەکدا پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا وەک ئەمڕۆ ئاڵۆز و قەیراناوی نەبوونە . ڕاستە مێژووی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا لەم چەند سەدەیەی دواییدا شەڕ و پێکدادانی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە ، بەڵام وا بۆ سەدەیەک دەچێت قەت ئەم دوو دەوڵەتە بەم شێوەیە ڕوو بە ڕووی یەک نەبوونەتەوە . ڕووسیا وەکو وڵاتێکی بریندار هەڵس وکەوت ئەکات و دەیەوێت تۆڵەی بیست ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی بکاتەوە و تورکیا بە ئەڵقە لاوازەکە دەزانێ کە دەتوانێ گێچەڵی زیاتری پێ بکات . ئەردۆگانیش بە سیاسەتە پاوانخوازەکانی لە ناوەڕاستی ئاسیا ، کەفکاز و ڕۆژهەڵاتی نزیک هەلی زێڕینی بۆ پوتین ڕەخساندووە بۆ ئەوەی وەڵامی توندی بداتەوە و پڵانەکانی مایەپوچ بکات . باسی پەیوەندی ڕووسیا و تورکیا بۆ هەلێکی تر هەڵدەگرین . ئەوەی مەبستە لێرەدا و نابێت گومانی لێ بکرێت ، ئەوەیە کە پەیوەندی هەمەلایەنەی باشوری کوردستان لە گەڵ تورکیادا مایەی دڵخۆشی و پێشوازی ڕووسیا نابێت . ئەو دەزانێت لە بەر هۆی جوگرافی و بازرگانی و … تاد ، ئەو ناتوانێت شوێنی تورکیا بگرێتەوە بۆ کوردستان ، بەڵام ئەوەش باش دەزانێت کە پەیوەندییەکانی کوردستان و تورکیا بە تایبەتی لە بواری گاز و نەوتدا ڕەنگبێ لە سەر حسێبی پەیوەندییەکانی ئەو و تورکیا بن .  

لە میدیای ڕووسی و لە سەر زاری کاربەدەستانی ڕووسیا هەمیشە ئەوە وەبیر دەهێنرێتەوە ، کە باشوری کوردستان بە پێی دەستوری هەمیشەیی عیراق هەرێمێکی فیدیرالی دانپێدانراوە . وەبیر هێنانەوەی ئەم چەمکە لە هەموو بۆنەکاندا بۆ ئەوەیە کە ڕووسیا لەم کاتەدا بۆ لەوە زیاتر ئامادە نیە بۆ باشوری کوردستان . هەر لەم دیدەشەوە دەبێ سەیری هەنگاوەکانی ڕووسیا بکەین لە باشوری کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا ، وەک کردنەوەی کونسوڵخانەو هاتوچۆ و سەردانی بەرپرسانی ڕووسیا و کوردستان بۆ یەکدی .   

بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کە بوونەتە یەکێ لە فاکتەرە گرنگەکانی سەر گۆڕەپانی سوریا ، ڕووسیا ناچارە لە بەر چاویان بگرێت و زوو زوو باسیان لێوە بکات . لە چوارچێوەی ئەو چارەسەرییەدا کە ڕووسیا بۆ بارودۆخی سوریا پێشنیاری دەکات ، کۆکردنەوەی کورد و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن لە گەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەدا یەکێ لە سیناریۆ سەرەکییەکانە . ڕەنگبێ لە پێناو سەرکەوتنی هەوڵەکانیدا لە سوریا پشتگیری لە سیستەمێکی ئۆتۆنۆمی کارگێڕی و کولتوری بۆ کوردی سوریا بکات . کوردانی ڕۆژئاوا بۆ خۆشیان تا ئێستا لەوە زیاتریان داوانەکردووە . ئەوان باس لە سیستەمێکی دیموکراتی نامەرکەزی بۆ سوریا دەکەن ، کە کوردیش لە چوارچێوەیدا بگات بە بەشێک لە مافەکانی خۆی . ململانێی نیوان ڕووسیا و ئەمێریکا لە بارەی کوردانی ڕۆژئاواوە بەدی دەکرێت . ئایە لە کۆتاییدا ئەم دوو دەوڵەتە لە بارەی سوریاوە دەگەن بە ڕێکەوتن یا لە ململانێدا بەردوام دەبن و لێکەوتەکانی ئەم ململانێیە بۆ کوردەکان چی دەبن ؟. باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت لە باری ئەمڕۆدا بە وردی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە .    

پیموانیە ڕووسیا لە دوای ئەم تێوەگلانە بەهێزە و ئەو ڕوو بە ڕووبوونەوە توندە لە گەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ناچەکەدا ، بەوە کەمتر قایل بێت کە خاوەن بڕیاری سەرەکی بێت لە دیاریکردنی چارەنووسی سوریادا . باڵادەستیی ڕووسیا لە سوریا جارێکی دیکە دەیکاتەوە بە دراوسێی کوردستان دوای ئەوەی سنوورەکانی کەفکازی لە گەڵ کوردستان لە دەسپێکی نەوەتەکان لە دەستدا ، لێرەشەوە هەڵویستی ڕووسیا کاریگەری زۆری لە سەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک بە کوردستانیشەوە دەبێت .

خۆ ئەگەر خوا کردی و عیراق و سوریا هەڵوەشانەوە و وەکو دەوڵەت لە بەین چوون ، کە ئەگەری واش لە ئارادایە ، ئەوا ئەو کاتە هەموو پرسەکان بە جۆرێکی دیکە بڕیاریان لە سەر دەدرێت .  

لە بارەی کوردی باکورەوە پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەکی بکەین . ڕووسیا هەمیشە خۆی لە دەستێوەردان لە کاروباری تورکیا بەدوور گرتووە .  بە درێژایی سەدەی بیستەمین هەڵوێستێکی ئەوتۆشی لە باری کوردی ئەو وڵاتەوە نەنواندووە . لە نەوەدەکان هەندێ چاوپۆشی لە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو کوردانی ڕووسیا و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا دەکرد . نوێنەرانی  ئەم پارتە لەو وڵاتە جێگیر ببوون و هەندێ کۆمەڵە و ڕێکخراویان دروست کردبوو ، لە گەڵ ئەندامانی پاڕلەمانی ڕووسیا ، کە لە دوو ژوور پێکدێت: ئەنجومەنی فیدیرالی و دومای دەوڵەت و ناوندە کولتوری و میدیاییەکاندا تێکەڵییان پەیدا کردبوو . لە نێو دومای دەوڵەت کە لە گەڵ هەندێ لە سەرکردەکانی پارتەکەی ژرینۆڤسکی (پارتی لیبیراڵی دیموکراتی ڕووسیا ) هاتوچۆیان پەیداکردبوو . دوای ئەوەی سوریا ناچار کرا سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان  دەربکات و یۆنانیش نەیگرتە خۆی ، پەنای بردە بەر ڕووسیا . بە هەوڵی میترەفانەف ، سەرۆکی کۆمسیۆنی جیۆپۆلیتیکی و سەرکردە لە پارتەکەی ژرینۆڤسکی ، دومای دەوڵەت نامەیەکی بۆ سەرۆکی ڕووسیا یەلتسن نارد و داوای لێکرد مافی پەنابەرێتی بداتە ئۆجەلان . یەلتسن بە ئامۆژگاری سەرۆکی وەزیران ، کە ئەو کاتە پریماکەف بوو ، ئەو داخوازییەی رەتکردەوەو و داوایان لە ئۆجەلان کرد خاکی ڕووسیا بەجێبهێڵێت . پلانێکی تری ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و نوێنەری ئەو دەمەی ئەو پارتە لە ڕووسیا ماهیر وڵات بۆ دەربازکردنی ئۆجەلان لە ڕێگەی ئەرمینیاوە بۆ ئێران و ئەگەر کرا لەوێشەوە بۆ کوردستان لە لایەن ڕووسیاوە ڕەتکرایەوە و شکستی پێهێنرا . شتێک کە ڕووسیا نەیکرد ئەوە بوو ڕادەستی تورکیای نەکرد و لە ژێر فشاری تورکیا و ڕۆژئاوادا پارتی کرێکارانی کوردستانی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی لەقەلەم نەدا .

ئێستا دەبینین لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەردەم کامیرای تەلەفزیۆنەکاندا ڵاڤرەف پێشوازی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی بارودۆخی کوردانی باکوری کوردستان دەکات . چەند ڕۆژێک بە سەر ئەو دیدارەدا تێنەپەڕی هەمان وەزارەت لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا داوای لە تورکیا کرد لە ڕێگەی دیاڵۆگەوە دۆزی کورد چارەسەر بکات و ڕێگە بە توند و تیژی زیاتر نەدات ، کە بەلای ڕووسیاوە هیچ ئەنجامێکی نابێت . لە نێوخۆی ڕووسیاشدا کەسانی وەکو ژرینۆڤسکی داوای پشتگیری لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەن . کەس ئەم داخوازییەی کەسێکی ڕەگەزپەرستی وەکو ژرینۆڤسکی بەجدی وەرناگرێت ، بەڵکو بە کاردانەوەیەکی کاتیی لە بەرامبەر سیاسەتی تورکیا و تێکشکاندنی فڕۆکە سەربازییەکەی ڕووسیای دادەنێت ، بۆیە ئەم جۆرە هەڵوێستانە هیچیان لە سەر بنیات نانرێت . ڕۆژانی دواتریش لە دوای ئەوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەردۆگان لە دژی کوردانی باکور هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند ، کاربەدەستانی ڕووسیا و دەزگاکانی میدیای ئەو وڵاتەش ڕەخنەی توندیان لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان گرت و داوایان لێکرد دەست لەو سیاسەتانە هەڵبگرێت .

تا ئێستا کاردانەوەکانی ڕووسیا لە مەڕ ڕووداوەکانی باکوری کوردستان لەم چوارچێوەیەدا ماونەتەوە و نەگەیشتوونەتە ئاستی دەستێوەردان و هەوڵی بەکارهێنانی کارتی کورد وەک فشارێک لە دژی تورکیا . چاودێران باوەڕ ناکەن ڕووسیا لەوە دوورتر بڕوات . هۆیەکانی ئەم هەڵوێستەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ڕووسیا  باوەڕی بەوە هەیە کە زوو یا درەنگ پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیادا ئاسایی دەبنەوە . گوتاری فەرمی کاربەدەستانی ڕووسیا لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە دەبێت تورکیا داوای لێبوردنیان لێبکات . هەندێ جاریش کێشەکە تەنها لە ئەردۆگان و سیاسەتەکانیدا دەبینن . واتا ئەگەر ئەردۆگان گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا بکات ، ئەوا دەکرێت پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە. شارەزایانی ڕووس   باس لەوەش دەکەن کە ئاڵۆزی نێوان تورکیا و ڕووسیا زیان بە هەردوولا دەگەیەنێت . مەترسی گەیاندنی ناکۆکییەکان بە لێواری شەڕ لە نێوان هەردوولادا بەکارەسات دەزانن . سەرباری هەموو ئەمانە نە ڕووسیا و نە تورکیا لە بارێکدان بەرگەی زیانە ئابورییەکانی ئەم ئاڵۆزییە بۆ ماوەیەکی زۆر بگرن ، چ جای شەڕێکی ماڵوێرانکەر کە تەڕ و وشک بسوتێنێت . هەردوولا ئەوەش باش دەزانن کە بەکارهێنانی کارتی گەلانی ناتورک و ناڕووس لە دژی یەک هەردووکیان شەکەت دەکات و کێشە و سەرئێشەی زۆریان بۆ پەیدا دەکات . 

پێموایە ئەم ڕۆژانە دەسپێکی ئەو سەردەمەیە کە ڵازەرێف پێش بیست و دوو ساڵ پێشبینی کرد . ڕووسیا بە توندی هاتۆتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نزیک بە کوردستانیشەوە . کوردیش لە گەڵ هەموو کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانیدا بووەتە فاکتەر و ئەکتەرێکی سیاسی گرنگ کە ئەستەمە وەکو جاران پشتگوێ بخرێت و گوێی لێ نەگیرێت .   

لەم ڕۆژانە لە ڕووسیا باس لە فاکتەری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و داواش لە کاربەدەستانی وڵات دەکرێت هەوڵبدەن کەڵک لەو فاکتەرە وەربگرن . داخوازی جدی لە ئارادایە کە ڕووسیا واز لە سیاسەتی پشتگوێخستنی دوو سەد ساڵەی بەرامبەر بە کورد بێنێت و ڕێگە نەدات لەوە زیاتر کارەساتیان بەسەردا بێت .   

دەبێ فاکتەرێکی تریش لە پەیوەندی لە گەڵ ڕووسیادا لە بەر چاو بگیرێت ئەویش ئەوەیە کە کولتوری دیموکراسی لە ڕووسیا مێژوویەکی هەژاری هەیە . ئەم وڵاتە پان و بەرینە بە درێژایی مێژووی نوێ و هاوچەرخی لە سێبەری ستەمی تسارەکان ، دەسەڵاتی ڕەهای سەرکردەکانی پارتی کۆمۆنیست و دەسەڵاتخوازیی ئێستای پوتیندا ژیانی بەسەر بردووە و بەسەر دەبات . میکانیزمی بڕیاردان لە سەر پرس و کێشەکان جیاوازی زۆری هەیە لە گەڵ وڵاتانی دیموکراسیدا . بڕیارەکان لە ڕووسیا تا ئەندازەیەکی زۆر زادەی خواستەکانی سەرۆک و گروپێکی بچوکی دەور وبەرین ، دوا بڕیاریش هەمیشە لە لای ڤڵادیمێر پوتینە .

ئێستا ڕووسیا دەیەوێت ڕۆڵێکی بەهێز لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتدا ببینێت . کوردیش وەک فاکتەرێکی سیاسی ، سەربازی و ئابوری گرنگی ناوچەکە دەتوانێت سەرنجی ڕووسیا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت . هەڵبەتە ئەمە تا ئاستێکی زۆر لە سەر یەک هەڵوێستی کورد بەرامبەر دەرەوەی خۆی ڕادەوەستێ . ئەو کاتە ڕووسیا ناچارە ئەم فاکتەرە لەبەر چاو بگرێت و هەڵس و کەوتی لە گەڵدا بکات . پێموایە تا ئێستاش ناتوانین باس لە سیاسەتێکی ڕووسی تایبەت بە کورد بکەین .

ئایە ئەم ڕۆژانە دەبن بەو چرکە ساتەی کە تێیدا ڕووسیا دەست لە سیاسەتی لانەکردنەوە لە کورد هەڵدەگرێت و دەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەم گەلەدا دەسپێدەکات ؟. نایشارمەوە بارودۆخی ڕووسیا و کورد گومانی زۆر لە لای مرۆڤ دروست دەکەن لە ڕەوتێکی لەم جۆرەی ڕووداوەکان .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت