هاوکار ڕەفیق ڕەحمان : دەروازەیەک بۆ ناساندنى زمانى جەستە ـ بەشى یەکەم .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى یەکەم تایبەتە کراوە بە هەڵوەستەکردن لە سەر زمانى جەستە بە گشتى و ڕەهەندە تایبەتەکانى ، لە بەشەکانى دیکەدا زمانى جەستەى سیاسیەکان و لێکدانەوەى ئاماژەو جوڵە و ڕەفتارە جەستەییەکانیان بە چەند بە شێک بە چڕو پڕى قسەی لەسەر دەکرێت ، سەرەتا با بزانین زمانى جەستە چیە ؟
زمانى جەستە : بەسەرجەمى ئەو پەیامە ناوەخنیانەى ناخى مرۆڤەکان دەگوترێت ، کە بە شێوەیەکى خۆنەویستانە لە ڕێگەى هەستەکانەوە ڕەنگدانەوەى بەسەر ڕووکارى دەرەوەى مرۆڤەکانەوە دەبێت و لە دەر ئەنجامدا جوڵە و بزوتنەوەیەکى ( ناخودئاگا ) بەسەر جەستەوە بەجێدەهێلێت ، کەواتە زمانى جەستە پەیوەندیەکى نازارەکیە کە لەگەڵ ئەوەى زۆرجار لەگەڵ زمانى قسەکردندا بەکاردێت ، بەڵام گرنگى ئەم زمانە لەوەدایە کە سەربەخۆیە لە زمانى گفتزگۆکردن ، ئەمەش ماناى ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ ڕەفتارە جەستەییەکانى وەک هاوتاى ئەو شتانە بەکار ناهێنیت . کە لە ڕێگەى دەربڕینە زمانەوانییەکانەوە دەیڵێت : هۆکارى ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆنتڕڵ کردنى ئەندامەکانى زمانى جەستە لە ژێر کۆنترۆڵ و سەرکردایەتى مرۆڤەکاندا نیە ، هەر بۆیە زۆرجار ئەو گوفتارە زمانەوانیانەى کە مرۆڤەکان دەریدەبڕن یەکانگیر نابێتەوە لەگەڵ ئەو جوڵە و ئاماژانەى بەسەر جەستەیانەوە دەردەکەون . هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە زمانى جەستە ( درۆکردن ) نازانێت و ڕاستەو خۆ وێناى هەست و نەستى مرۆڤەکان دەکات و نهێنیەکانى ناخى ئاشکرا دەکات .
کاریگەرى زمانى جەستە لە پرۆسەى پەیوەندى کردندا
پرۆسەى پەیوەندى کردنى کەسەکان بە شێوەیەکى گشتى لە ڕێگاى سێ میکانیزمى سەرەکیەوە دەچێت بەڕێوە ئەو سێ میکانیزمەش بریتین لە :
یەکەم : گفتوگۆکردن
دووەم : ئاواز (تۆنى) دەنگ
سێیەم : ڕەفتارە جەستەییەکان
وشەو دەنگ ، دوو میکانیزمن کە لە پرۆسەى پەیوەندى کردندا بە ( گوێ ) دەبیسرێن و هەر بەم ئامرازەش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت ، بەڵام ڕەفتار و جوڵە جەستەییەکان بە چاو دەبینرێن و لە ڕێگاى چاو و مێشکەوە لێکدانەوە و ئەنجامگیریان بۆ دەکرێت ، کۆى گشتى ئەم میکانیزمەش یارمەتیدەر دەبێت لە نەخشاندن و دروستکردنى کەسایەتى و گوزارشتى ناوەخنى و دەرەکى مرۆڤ ، کە هەمووى بەسەر یەکەوە پێى دەگوترێت ( پرۆسەى پەیوەندى کردن ) .
زاناى دەروونناسى ئەمریکى (ئەلبێرت میهرابین ) ئەوەى دۆزیوەتەوە کە کۆى گشتى کاریگەرى پەیوەندیەک ( 7% ) لە وشەکارى پێکهاتووە و نزیکەى (38%) ى تۆنى دەنگ لە خۆى دەگرێت و (55%) ى پەیوەندییەکانش لە ڕێگەى ئاماژەکانى زمانى جەستەوە دەبن ، هەر پەیوەند بەم بابەتە ( بیر دوستل) بە شێوەیەکى زانستى گریمانەى ئەوەى سەلماندووە ، کاتێک کەسێکى ئاسایى بۆ (10) دەقیقە یاخود (11) دەقیقە دەپەیڤێت ، ئەوا بۆ هەر ڕستەیەک نزیکەى (2.5) دوو چرکەو نیو لە کاتى پێویستە ، لەم ماوە کەمەشدا نزیکەى (250000) دووسەد و پەنجا هەزار ، ئاماژە بەسەر جەستەیەوە بەجێدەهێلێت کە ڕووخسارى مرۆڤەکانیش زۆرترین ڕووبەر دەبێت بۆ ڕووپۆشبوونى بەم ئاماژانە ، لە درێژەى ئەم بابەتەدا پرۆڤیسۆر ( برد هۆیس ) زۆر زیاتر لە هاوکێشەى ( میهرابین ) دەڕوات وپێى وایە لە پێکهاتەى پەیوەندى کردندا ، ڕەگەزى زارەکى کەمترە لە (35%) و ڕەگەزى نازارەکیش زیاترە لە (65%) . بەڵام لە ئاستى کردارى و داپێدانانى زانستیدا ، گریمانەکەى ( میهرابین ) زیاتر لە هەمووان پشتگیرى لێکراوە و ڕاستی بوونى سەلمێندراوە .
ئایە هەڵسوکەوتە جەستەییەکان کلتور دیاریان دەکات ؟ یان خواکرد و سروشتین و کلتور ڕۆڵ نابینێت ؟
کەساییەتیە شارەزاکانى سەر بەڕێبازى زمانى جەستە ( اکمان فزیزن ، سورنسون ، ایبزفلت ) توێژینەوەیان کردووە لەسەر کەسانى ( نابینا و نابیستە ) ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانە ناتوانن لە ڕێگەى هەردوو ئامرازى ( بیستن و بینینەوە ) فێرى ئەم ئاماژە نازارەکیانە ببن ، بۆیە بە بێ ئەوەى تواناى بینین و بیستنیان هەبێت لە کاتى بێزارى و دڵخۆشى و توڕەیى و .. هتد . کاردانەوەى جەستەییان دەبێت ، هەر بۆیە زاناى ئەڵمانى ( ایبزفڵت ) پەیبەوە بردووە کە ئاماژەى گریان و زەردەخەنەى مناڵانى ( نابیستە و نابینا ) ، لە ڕێگەى فێربوون و لاساییى کردنەوە فێر نەبوون بەڵکو ئەم ئاماژەیە بەشێکە لە سروشتى ئینسانى بوونى خۆیان ، ئەمە لە لایەک لە لایەکى دیکەوە توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە هەندێک لە ئاماژەکانى جەستە لە گشت گروپەکاندا بوونى هەیە ، بۆنمونە ( منداڵان) دواى ماوەیەک لە دایکبونیان تواناى ( مژین ) یان دەبێت ، ئەم کارە لە منداڵاندا کلتور و فێکردن دیارى ناکات بە ڵکو بە شێوەیەکى خواکرد و سروشتى تێیاندا دروست دەبێت .
بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە کە کلتور هیچ ڕۆڵک نابینێت لە ئاراستە کردن و خوڵقاندن و ئەنجامدانى ڕەفتارە جەستەییەکان ، کە بە هۆى جیاوازى کلتورى زۆر کات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیکى تر دەلالەتێکى زمانى جەستە جیاوازە ، کە ئەمەش لە بەریەککەوتنى دوو کەسى سەر بە دوو جوگرافیا و کلتورى جیاواز ڕەنگە ببێتە دروستبوونى گرفت و کێشەى پەیوەندى بەستن ، بۆنمونە بەرزکردنەوەى پەنجەگەورەى دەست لاى هاوڵاتیانى ( ئەمریکى ) بە واتاى (باش یان بێ خەمبە ) دێت ، لە ( ئێران و نەیجیریا ) بە واتاى بێزارى و سوکایەتى دێت ، لە ( یۆنان ) بە واتاى ئاماژە کردن بۆ پەنجە مۆرکردن دێت ، لاى گەشتیارانى گەڕۆک بە تایبەتى لە (نیوزلەندا و بەڕازیل ) بەکاردێت بۆ (وەستاندى سەیارە تا سەریان بخات بە خۆڕایى ) ( ئیتاڵیەکانیش ) بە واتاى ئاماژەى ژمارە یەک بەکاى دەهێنن ، چەندەها نمونەى لەم شێوەیەمان هەیە کە لە شێونێکەوە بۆ شێونێکى تر و لە کلتورێکەوە بۆ کلتورێکى تر واتاکەى دەگۆڕێت ، بۆیە لە کاتى ئەنجامگیرى و هەڵسەنگاندن بۆ زمانى جەستەى هەر کەسێک پێویستە پێشمەرجى کلتور پێش هەڵسەنگاندن لەبەر چاو بگرین .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت