جیهاد محەمەد : تێلفون (Teflon) سیاسییەکانی ـ کوردایەتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت


مەنجەڵی تیفلۆن و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان یەک پێکهاتەیان هەیە . پێکهاتە و سروشتی مەنجەڵ و تاوەی تیفلۆن و دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانانی کوردستان بە تایبەتی سەرانی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی لە یەک ماددە پێکهاتوون و یەک سیفەتیان هەیە ، سروشت جوان و ناوەڕۆک سەرەتاناویی .

تیفلۆن : ئەو ماددەیەی ، کە بە هیچ جۆرێک چڵک و پیسی ناگرێتە خۆی ، بۆیە مەنجەڵ و تاوە تیفلۆنییەکان لە چیشتخانەکان و بە تایبەتی لای خانمان لە ماڵاندا زۆر گرنگ و بە بەهایە ، چونکە چەند بەکاربهێنرێن وەک خۆیان دەمێننەوە و رەونەقیان تێکناچێت و گەرمکردن و چەوریی و پیسی ناگرنە خۆیان!.  
گۆتی تیفلۆن : ئەو سەرکردە مافیا ئەمەریکییە بوو ، کە ماوەی (٣٠) سی سال هەموو دەزگای ئەمنییەکانی ئەمەریکی سەرقاڵکردبوو بە خۆیەوە ، لەو ماوەیەدا توانی تۆرێکی یەجگار گەورەی مافیا لە ئەمەریکادا دروستبکات ، کە چبووە ناو زۆربەی ناوەندە بازرگانیی و پیشەسازیی و کارگە و کۆمپانیا گەورەکانەوە ، توانیبووی بچێتە نێو سەندیکای کرێکاران و  راگەیاندنە گەورەکانەوە ، هەموو جارێکیش بە سەرکەوتوویی کارەکانی ئەنجام دەدا ، ئەم مافیا گەورەیە لە پێناوی بنەماڵەکەیدا دڵڕەقانە دەیان کەسی کوشت ، هەر بەوەشەوە نەدەوەستا و زۆر جار جەستەی کوژراوەکانی دەشێواند و پارچە پارچەی دەکردن . بەڵام لە دواجاردا توانرا ئەم سەرکردە مافیا ئەمەریکییە دەستگیر بکریت و حوکمی هەتاهەتای بەسەردا بدرێت و هەر لە زیندانیشدا مرد . ئەم تۆڕی مافیا و زەعیمەیان لە ئەمەریکادا ئەوەندە بە ناوبانگ بوو کە (٣  سێ دانە فیلمی )*  لە لایەن دەرهێنەر و پاڵەوانە بەناوبانگە سینەماییەکانەوە لەسەر دەرهێنراوە . تا ئێستاش لە ئەمەریکادا و لە جیهانیشدا هەر بنەماڵە و هەر سەرکردەیەکی سیاسیی مافیائاسا کار بکات بۆ خۆی و بنەماڵەکەی وەک سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان ، نازناوی تیفلۆنی پێوە دەنرێت ، وەک : ریگن تیفلون ، کلینتۆن تیفلۆن ، شارۆن تیفلۆن ، تۆنی تیفلۆن ، بۆتین تیفلۆن و مارکێل تیفلۆن .

دەسەڵاتی سیاسی ئێستا لە حوکمڕانییدا و جاران کە شۆرە سواری ( شۆرش )  و ” کوردایەتی ” بوون هەروەک خۆیان دەمێننەوە و عارەقی تەریقی بە خیانەتەکانیان و بە هەڵە ستراتیژییەکانیان ناڕێژن . دەیان ساڵ ئەم تاقم و دەستە تیفلۆنە سیاسییە بە ناوی ” کوردایەتی ” و رزگاری و ئازادی و مافی چارەنووسەوە هەست و سۆزی خەڵکی رەشوڕووتیان وروژاند و بە کوشتیان دان و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و بێ سەروشوێنکردنیان بەسەردا هێنان ، هەزاران  رۆڵەی ئازدییخواز و دیموکراتخوازیان لەم پێناوەدا بە لەسێدارەدان گەیاند بە دەستی ئەو دەوڵەت و حکومەتانەی کە ئێستا پێکەوە لە گەڵیاند بە یەک دەم دەخۆن بە یەک قون دەڕین .

ئەم پێکهاتەیە خۆشەویست بوون و بە بەهابوون وەک مەنجەڵی تیفلۆن لای زۆربەی خەڵکی کوردستان چونکە پەیمانی ئازازدی و رزگارییان دەدا بە خەڵک ، پەیمانی راستگۆیی و خیانەتنەکردنیان دەدا بە خەڵک ، پەیمانی یەکسانیی و دادپەرەرییان دەدا بە خەڵک .

بە درێژایی دەیان ساڵی ” کوردایەتی ” ئەم تیفلۆنە سیاسییانە چەند تاوانیان ئەنجامبدایە ، چەند شەڕی ناوخۆیان لە ناو کوردەکاندا ئەنجامبدایە ، چەند خیانەتی نیشتیمانیان بکردایە و ببوونایە بە جاش و سیخوڕی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت ، تەڕ نەدەبوون و وەک مەنجەڵی تیفلۆن هیچ چڵک و چەورییەکیان لە خۆ نەدەگرت . چونکە روکەشێکی جوانیان بۆ خۆیان دروستکردبوو بە ناوی خەبات و تێکۆشانی رزگارییەوە لە ژێر ناوی” کوردایەتی ” دا بۆیە خەڵکێکی زۆر سەرسام بوون پێیان و بەردەوام  دەبوون بە سوتەمەنی ( شۆڕش ) ـەکانیان .

بەڵام ئەم دوو پێکهاتەیە ( مەنجەڵی تیفلۆن و تیفلۆنی سیاسیی ) بە پێچەوانەی بەها رووکەشەکەیانەوە ، لە ناوەرۆکدا یەجگار ترسناکن بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی ، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە بڕوا و متمانەیان بەم دوو پێکهاتەیە کردووە .

لەم دواییانەدا لە لای خەڵکێکی زۆر  ـ  نەک لای کەسانی هۆشیار و ئەوانەی کە بەردەوام بە دواداچوونیان هەیە و هەموو شتێک دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوە و پرسیارکردن و گومانەوە ، کە زۆر دەمێک بوو ئەم پێکهاتە  تیفلۆنە سیاسییەیان دەناسی و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ناوەڕۆکی ئەم پێکهاتەیە بناسێنن ـ  دەرکەوت کە ئەم پێکهاتە سیاسییە ، ئەم چینە سیاسییەی ، کە کوردایەتییان کردووە بە دەرمانێکی سڕکەر و بێهۆشکەری خەڵکی کوردستان ، جگە لە سەرەتان و لە نەخۆشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی هیچی دیکە بەرهەم ناهێنن ، ئەوەتا لە زۆربەی کەرتەکانی کۆمەڵگادا خەڵکیان تووشی بارێکی دەروونی یەجگار خراپ کردووە . بە دەیان قەیرانی وەک : قەیرانی منداڵان ، مێردمنداڵان ، گەنجان ، ژنان ، تەندروستی ، پەروەردە و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان ، قەیرانی ئابووری و سیاسیی و دارایی بەرپا بووە ، هیچ توێژ و چینێک نییە لە کۆمەڵگادا بە دەستی ئەم چینە تیفلۆنە سیاسییەوە تووشی قەیران نەبووبێت.

دیسان لەم دواییانەشدا لە گەورەترین ناوەندی گەڕان و لێکۆڵێنەوە لەسەر ماددەی تیفلون لە ئەمەریکا دەرکەوتووە ، کە هەموو ئەو مەنجەڵ و تاوە و کەرسانەی لە تیفلۆن دروستکراوە ، ماددەیەکی سەرەتانی پێوەیە ، کە مرۆڤەکان تووشی سەرەتانی پەنکریاس و جگەر و مەسانە و کۆئەندامی زاوزێ دەکات .

ئەم تیفلونە سیاسییە ، بە هیچ شتێک تەریق نابنەوە ،  هیچ جۆرە رەخنەگرتنێک کاریگەریی نییە لەسەریان ، هەموو ئەو هاتوهاوارەی خەڵکی رەشوڕووتی کوردستان ، هەموو کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراون ، هەموو کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان ، هەموو ماڵوێرانی خەڵک ، هەموو قیژە و گریان و ناسۆری دایک و خوشکەکان لای ئەم تیفلۆنە سیاسییە هیچ نییە و بێ دەربەست و بێ باکانە خەریکی ژیانی خۆیان و دەوڵەمەندکردنی بنەماڵەکانیانن .

ئەم تیفلۆنە سیاسییە ، پەیوەندییەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی بە هەموو تۆڕە مافیاییەکانی جیهانەوە هەیە . یەکێک لە هەر خەسڵەتە دیارەکانی مافیایی جیهانی هەوڵدانە بۆ گەورە بوونی بنەماڵەکانیان ، لە پێناوی گەورەبوون و دەوڵەمەندبوون و دەسەڵاتگەریی بنەماڵەکانیاندا دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە هەرچی لەبەردەمیاندا بوەستێتەوە دەیسوتێنن . مافیاکانی ئیتالیا و ئەمەریکا و روسیا و یابان دەیان کەسیان لە نزیکترین هاوڕێی خۆیان و دارودەستەی خۆیان کوشت و بێ سەروشوێنیانکردن . هەموو ئەو کوشتن و بڕینانەی لە ١٧ی شوباتدا کرا ، کوشتنی سۆرانی مامە حەمە ، ستارعبەدول شەریف ، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و دەیان کوشتنی تر و فراندنی خەڵک و هەرەشەکردن و لێدان و شەوکوت هەمووی ئاماژەیە بۆ بێ بەزەیی و ناپاکی و دڵڕەقی تیفلۆنە سیاسییەکەی لە مەڕ خۆمان . ئەم بنەماڵە تفیلۆنە سیاسیانەی کوردستان بێ ئەوەی هیچ شەرمێک بکەن و پێش ئەوەی بووبێتن بە دەوڵەت و دەوڵەتێکی فەرمیی و دانپیانراویان بە دەستەوە بێت لە هەموو کۆر و کۆبوونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا هاوبەشی دەکەن . خەڵکی لە برسا و لە بێ موچەیی و بێ کارەبایی و بێ ئاوی خاوێنی خواردنەو ، کە سەرەتاترین مافی ژیانە برستی لێبراوە ، کەچی ئەمانیش خەریک تەپڵلێدانن بە ناوی راگەیاندنی ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییەوە . 

* جۆن گۆتی ، سەرۆکە بە ناوباگەکەی مافیا حکومی زیندانی هەتاهەتایی درا و هەموو ژیانی دەبێت لە یەکێک لە زیندانە سیاسییەکانی ئەمەریکادا بەسەر بەرێت . ( رەبرت هارمون ) ی  لە فێلمێکدا لە ژێر ناونیشانی (Gittu)یدا ژیانی ئەم مافیاییە لە ساڵی ١٩٩٦دا نمایشکرد . پاڵەوانی فیلمەکە ( ئارماند اسانتی ) بوو ، ئەم فیلە باسی هەموو ژیانی ئەم سەرکردە مافیاییە دەکرد تا ئەو کاتەی  بۆ ماوەی سێ دەیەی کۆتای سەدەی بیست بوو بە گەورەترین سەرکردەی مافییا لە جیهاندا . ئەم فیلمە جۆرێک لە هاوسۆزی پیوە دیاربوو بەرامبەر بەم مافیا زەبەلاحە کە هاورێکانی خیانەتیان لیکردووە و بوون بە هۆی دەستگیرکردنی و زیندانیکردنیەوە تا ساڵی ٢٠٠٢ کە لە زینداندا مرد .

* فیلمی دووەم لەسەر ئەم سەرکردە باڵایەیی مافیا ، لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو بە پاڵەوانێتی ( سایزمور ) ، ئەم فیلمە بە پێجەوانەی فیلمی یەکەمەوە هێرشی دەکردە سەر ( جۆن گوتی ) و هاوسۆزی لەگەڵ هاورێکانی ئەم سەرکردە مافیایەدا بوو .

* بە پێچەوانەی هەردوو ئەم بۆچوونەوە لەسەر کەسایەتی ” گۆتی “، فیلمی سیەیەم بە ناونیشانی ” گۆتی ” کە جۆنرافۆڵتا و ئەنتۆنی هوبکنز پاڵەوانی بوون ، لەم فیلمەدا باس لە پێوەندی گۆتی و کوڕەکەی دەکات کە بوو بە یەکێک لە سەرکردە مافییاییەکانی باوکی .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت