Aryan-Reshid

ئاریان ڕەشید : ئایا شەرم ناکەن داوای مووچە دەکەن ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناچاری ژیانکردنی مرۆڤ لە نێو چوارچێوەیەکی داپۆشراو بە دارو پەردووی یاساو ڕێسا ، ” دەوڵەت ـ کۆمەڵگا ” هەموو شتێک لە نێو کایەی دەسەڵاتدا بەرگی پیرۆزی دەپۆشێ و ڕەسەنایەتی بەناوی نیشتمان و گەل و نەتەوە و … هتد . بۆ ئەرکێک یاخود قوربانی دان دەگۆڕێت . لە پرۆسەی ژیانی دەستەجەمعی دا ” مرۆڤ ” بۆ هەتایە بەرگی ” ئامێر” ی بەبەردا دەکرێت و خۆشەویستی و عەشق و سۆز بۆ ئامانج و مەبەستی بەرزتر لەمرۆڤ بۆ ” قوربانی دان لە پێناوی نیشتمان ” – درۆیەکی قیزەون – لە ژێر ناوی بەهای پیرۆزی ئینسانی دەگۆڕێت . ئەوەتا لە هەموو لایەک مرۆڤ بۆتە ئامرازی گەورەکردن و پیرۆزکردنی ئەو کاڵاو شمەکانەی کە بەهایان بەسەر بەهای خودی مرۆڤدا باڵا دەستە ، مرۆڤ لە نێو کایەی ژیاندا بۆ ئامێرێکی دروستکردنی ئەو کەرەستەو بابەتانە گۆڕاوە کە دێو ئاسا لە پرۆسەی ” گەشەی دەوڵەت و کۆمەڵگا ” خودی مرۆڤیان بە ئەوپەڕی نەنگی و سووکی گەیاندوە . مرۆڤ بۆتە خزمەتکاری ئەو شتانەی کە خودی خۆی لە ژێر ناوی ” پێشکەوتن و بەرەو پێش چوون ” بەرهەمیان دێنێت و دەبنە حەزیایەک ” ئەژدیهایەک ” بەخوێن و جەستەو ئێسکی مرۆڤ درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن ، تا بەهای ئەوان بەرزتر و باڵاتر بێت بەهاو نرخی مرۆڤ پووچترو نزمتر دەبێت . ئاه چ بێماناییەکی گەورە چ حیکایەتێکی تراژیدی چ گلۆربونەوەیەک بەرەو خاڵی کۆکردنەوەی ژمارە سفر ، ئەمەیە چارەنووسی مرۆڤ ، ئایا مرۆڤ نەیدەتوانی لەمە باشتری بە نسیب بێت ؟

ئەمڕۆ مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا – ئەگەر ئەو ناوە شیاو بێت – بۆتە سووکترین و بێبایەخترین بوونەوەری سەر ئەم هەسارەیە ، ئەم مرۆڤە لە ژیاندا ململانێ ی خەڵکانی ئەفریقاو کوێرە ووڵات و کوێرە دێ و کوێرە مەملەکەتەکانی تری دونیای ئەمڕۆ دەکات . دونیای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ، دونیایەک بێشەرمانە نازناوی تەکنەلۆجی و پیشەسازی و مافی مرۆڤ لە خۆی دەنێت ، دونیایەک نغرۆ لە نێو چڵکاوو پیس و پۆخڵی کاپیتالیزم و ئاوساو بە کولتوری بەرخۆری و زۆرخۆری .
دونیای دوای ڕاپەڕین لەم هەرێمەدا ، دونیای سازدانی پڕۆژە تۆکمەو چڕو پڕەکەی بێئەهمیەت کردن و بێقیمەت کردنی مرۆڤ بوو ، دونیای بچوکردنەوەی مرۆڤ و دابەزاندنی بۆ نزمترین ئاست . مێژووی دوای ڕاپەڕین مێژووی گۆڕینی مرۆڤ بوو بۆ بونەوەرێکی گوێڕایەڵ و دەستەمۆو ملکەچ ، مێژووی دروستکردنی مرۆڤێک بوو کە هەمیشە وەکو منداڵێکی نەوەکام نەتوانێ مەمکی دایکی جێبهێڵێ و هیچ کات توانای ڕاوەستانی لەسەر پێی خۆی نەبێت . بەڵێ تاکە بەرهەمی ڕاپەڕین کوشتنی ڕۆحی بەرەنگاری و یاخێتی و سەرچڵی بوو لای تاکی کورد ، کردنی تاکی کورد بوو بە بەکتریایەکی مشەخۆر کە بەتەنهایی لەسەر لاشەی خانەخوێیەک قودرەتی ژیانکردنی هەبێت . دوای ڕاپەڕین مرۆڤێکی سەقەت لە دایک بوو ، مرۆڤێک کە ماوەی سروشتی خۆی لە سکی دایکیدا تەواو نەکرد ، مرۆڤێک کە هیچ کات نەیتوانی و ناتوانێت دەستبەرداری شیری دایکی ببێت ، ئەوان بە ئەنقەست بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر سفرەی ڕازاوەی دیوەخانی نەوت و دۆلار خەریکی ئاهەنگ و سەفای دەروێشانە بن ، بۆ ئەوەی ئاسوودە بن کە هیچکات هیچ کەسێک شەوی سوریان لێ ڕەش ناکات و بەهەشتی نێو کۆشک و ڤێلاکانیان لێناکاتە دۆزەخی ڕق و توڕەیی ، بەڵێ ئەوان بە ئەنقەست و بە ئارەزوو مرۆڤێکیان لە قوڕی تیتانەکان و ڕۆحی خواوەندەکان خوڵقاند کە هێندە بچووک بێت بتوانێت بە بەردەوامی لە نێو جزدان و گیرفان و جانتای حیزبدا خەریکی خۆ لەوەڕاندن بێت ، با ئەوانیش ئازادانە و بە شانازیەوە بەردەوام بڵێن ” ئەی چۆن ئێمە ڕاپەڕینمان کرد “.. چما لە ئێمە زیاتر کێ دەیتوانی بە گژ عەفلەقیەکاندا بچێتەوە ، مەگەر شەلاتیەکانی بەعس بە شەلاتیەکی وەکو ئێمە نەبوایە چۆن دەڕما ، ئێستا ئێوە تێدەگەن ئێمە چ سەرسەری و چەقاوەسویەک بووین !
لەبری مرۆڤی دیموکراسی ، مرۆڤی ژیاندۆستی ، مرۆڤی مرۆڤدۆستی ، مرۆڤی ژینگە دۆستی ، ئەوان پڕۆژەیەکی زەبەلاحیان بۆ دروستکردنی ( مرۆڤی حیزبی ) پەرەپێدا . ( مرۆڤی حیزبی ) ئەو مرۆڤە تێکشکاو و مەلول و لاموبالات و بێدەربەستەی کە لە سایەی حوکمڕانی کوردیدا لە بەرواری دوای ڕاپەڕینەوە ئامادەسازی بۆ لە دایکبوونی کرا ، پڕۆژەکە سەرکەوتوو بوو ، ئازادی و کەرامەت و شەرەف و ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤ بە حیزبێکی سیاسیەوە گرێدرا ، بەبێ حیزب مرۆڤ بێشەرەف و بێکەرامەتە ، ئەرکی مرۆڤ چیە ئەگەر خزمەت بە بەرنامەو ئەجێنداو پڕۆژەو بەرژەوەندیەکانی حیزب نەکات ، ئایا ئەرکێکی لەوە پیرۆزتر و شەرەفمەندانە تر هەیە ؟!
دڵسۆز و لایەنگران و ئەندامانی حیزب نازناوی شەلاتی و ئەڵقە لەگوێ و چەقۆ وەشێنەکانی حیزبە ، هەرچی و پەرچیەکان بە زمانی ” هانا ئارێنت ” ، لێدان و کوشتن و ئەشکەنجەدانی نەیارانی حیزب (ئەوانەی داوای ژیانێکی سادە دەکەن ) ئەرکی ئەم تاقمە جەربەزەیەی حیزب ( دەستی پۆڵاینی شۆڕش ) . چیتر لە نێو ئەم دونیا قێزەونەی حاکمیەتی حیزب ، داواکردنی ماف و ئازادی و دادپەروەری و ڕەتکردنەوەی ئەڵقە لەگوێیی و کۆیلایەتی و دەستەمۆیی مەترسیدارترین و ترسناکترین تاوانن کە لێخۆشبوونیان نیە ، مەگەر تەنها بە پەڕاندنی سەری خاوەناکانی یاخود پاشگەز بونەوەو دان پێدانان . بەرژەوەندیەکانی حیزب گوزارشت لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی دەکات ، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییش حەقیقەتێکی مێژوویی پیرۆزو بەڵگە نەویستە ، ئەوەی نکۆڵی لە بەرژەوەندیەکانی حیزب دەکات مانای ئەوەیە نکۆڵی لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی دەکات و بەم پێیەش دوژمنی حەقیقەتە مێژوویی و پیرۆزەکانە ، پێویستە بەر سزای مێژوو بکەوێت ، ئەوەشی بەرژەوەندیەکانی حیزب لەبەرچاو دەگرێت و پشتگیری بەدیهێنانی ئەو بەرژەوەندیانە دەکات ئەوا ڕۆڵەی بە ئەمەکی حیزبە ، تەنانەت گەر گیانی خۆشی لەو پێناوەدا لەدەست بدات ، ئەوا شەهیدی قارەمانی گەلە .
برسی کردن و بێنان کردن ، بڕینی مووچە تاقیکاریەکی تری حیزبە . مرۆڤی دڵسۆزو نا دڵسۆز ، پیاوی بەئەمەک و بێئەمەک ، کوڕی حیزب و کوڕی نەیارو دوژمنی حیزب ، تاکی خۆڕاگر و ئازاو تاکی ڕووخاوو لاوازو بێبنەما ، ئەمانە هەموویان پێوەری نوێی حیزبن بۆ نەخشاندنی مرۆڤی نوێ . داواکردنی مووچە ، نەنگی و شورەییە ، کە تەنها پیشەی مرۆڤە بەدنمەک و خوێڕی و لاوازەکانە ، ئەوان لە پشتەوە خنجەری ژەهراوی لە ئەجێندا پیرۆزەکەی حیزب دەدەن ، ئایا ئێمە لە شەڕێکی خوێناویدا نین لەگەڵ ( دوژمنانی نەتەوە ) ، ژیانی ئێوە گرنگە یاخود ئەزموونە ساواکەمان ؟! ئای ئێوە چ دەعبایەکی ناشیرین و چ مرۆڤگەلێکی ناچیزەو بێقیمەتن ، چۆن دڵتان دێت لەم کاتە هەستیارەدا داوای مووچە دەکەن ، ئەوە نیە خۆشمان چەندین شەوە …… ئەوە نیە خۆشمان دان بەوەدا دەنێین کە ئێوە چەند مانگە مووچەتان وەرنەگرتوە ، ئایا لەوە زیاتر هەیە کە بە دەمی خۆمان دەڵێین ئێوە مافی خۆتانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن ، بەڵام ” بەداخەوە پارە نیە ” ، ئێمە لەوە تێناگەین ئێوە بۆ هێندە بەدنمەک و بێ چاووڕوون ، ئەی ئەوە نیە ئێمە خۆمان باس لە هەبوونی گەندەڵی و فەسادی ئیداری دەکەین ، باس لە کەموکوڕی و کەمتەرخەمی خۆمان دەکەین ، ئەی لەوە زیاتر چیتر بکەین ؟ ئایا ئێوە ئەوە نابینن ، دیارە ئێوە چاوتان لە ئاستی ڕاستیەکانی ئێمەدا کوێرە .
دڵنیابن نایەڵین دوژمنانی دەرەکی دزە بکەنە ناوتانەوە ئەی ئێوەی دوژمنانی ناوەکی ، ئەی ئەو خوێڕی و بێئەدەب و چاوقاییمانەی بێشەرمانە داوای کەمنەکردنەوەی مووچە دەکەن ، ئەی ئەو بێشەرەف و بێکەرامەتانەی داوای پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا دەکەن . ( پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا ) پف قسەیەکی قۆڕ ، ئایا لەم دۆخەی ئێمە تێ کەوتووین دەکرێت مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت ، ئێوەی بێڕەوشت لەوە تێناگەن ئێمە ئەو بڕەی لە مووچەکەتانی دەبڕین بۆ بەرژەوەندی خۆتانمانەو بۆتانی پاشەکەوت دەکەین ؟ دڵنیام لەوە تێناگەن چما ئێوە کەی لە حیکمەتەکانی حیزب تێدەگەن ! ئێوە کەی پیاوی ئەوەن بتوانن لە مەهام و ئامانجە پیرۆزەکانی حیزب تێبگەن .
کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی حیزب ، پیشاندانی ئەوانەی دلێرانە سەرباری نەبوونی مووچە شەوو ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک و دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن ، ئەوان ( سەری بەرزیان بۆ مووچە نەوی ناکەن ) ، خزمەتی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئارامی و هێمنی ” کۆمار ” لە ئەولەویاتی کارەکانی ئێمەیە ، ئایا ئێمەی فەرمانبەرو کارمەندانی بچووک و قەزەمی مەملەکەت هێندە کوێرین نابینین ئێوەش ( ئەی سەرە زل و قەبەکانی حیزب ) چ دۆخێکتان هەیە بەدەست بێ مووچەییەوە ، ئایا ئێمە هێندە گەمژەین نابینین ئێوەش کەوتونەتە فرۆشتنی شتوومەکی ماڵەکانی خۆتان بۆ دابینکردنی مووچەی ئەوانەی خۆتان بە (پێشمەرگە ) ناوی دەبەن ؟ بەڵێ ئێمە دڵسۆزی و پەرۆشی ئێوە دەبینین بۆیە ئێمەش ئاوا ئەڵقە لە گوێین .
پەیامی حیزب دوا پەیامە ، تا ئێستا لەبەر ئەوەی هاوزمانی خۆمانن گوێمان بە لاساری و سەرەڕۆیی ئێوە نەداوە ، لەمەولا حیزب بڕیاری داوە ئەوەی بەناوی کەمی مووچەو دواکەوتنی مووچەو خراپی باری گوزەرانەوە ئاژاوە بنێتەوەوهات و هاوار بکات ، سەری لە پشتەملەوە دەبڕین ، دەزانن ئەو کارە بە کێ دەکەین ، ئەو کارە بە ڕۆڵە بە ئەمەک و دڵسۆزەکانی خۆتان ( دڵسۆزانی حیزب ) ” دەستی پۆڵاینی شۆڕش ” .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت