رێبوار حەمەوەیس : پرۆژەو لیژنە . 

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر توێژینەوەیەک لەسەر مێژوویى چارەکە سەدەیەک لە حکومڕانى کوردى بکرێت و بەووردى قۆناغە جیاوازەکانى بخرێتە روو ئەوا دووشت زۆرترین کاریان لەسەر کراوەو کەمترین ئەنجامیان هەبوە ئەوانیش بریتین لە پێکهێنانى لیژنەو راگەیاندنى پرۆژە ، ئەوەش بۆتە کلتور و چۆتە ناو ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى گەلى کورد لە باشورى کوردستان ، جارى وا هەبوە بۆ کێشەیەک چەندین لیژنە پێکهێنراوە .
هەر تاکێک لە باشورى کوردستان گوێى لە پێکهێنانى لیژنە بۆ کێشەیەک دەبێت ، یەکسەر فاتیحە بۆ ئەو کێشەیە دەخوێنێت چونکە باش دەزانێت ئەنجامى نابێت ، راگەیاندنى پرۆژەش بە هەمان شێوەى لێهاتوە .
لە ماوەى رابردوودا زۆربەى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان ، جگەلە پارتى دیموکراتى کوردستان پرۆژەیان بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى دارایى و سیاسى راگەیاند ، ناوەرۆکى سەرجەم پرۆژەکانیش بریتیە لە کاراکردنەوەى پەرلەمان و ئاشکراکردنى داهاتى نەوت و دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران ، ئەوەى مایەى سەرسوڕمانە هەموو لایەکانیش پرۆژەکانیان ئاراستەى راى گشتى و خەڵکى کوردستان کردوە ، وەک ئەوەى خەڵک هیچ کێشەیەک نەبێت پرۆژە خوێندنەوە نەبێت .
بە پێى خوێندنەوەو بەدواداچونم ، زۆربەى پرۆژە بڵاوکراوەکان ، تەنها لەرووى تیرۆرییەوە تیشکخراوەتە سەر کێشەو ئاریشە سیاسى و داراییەکان و هەنگاوى کردارى روون و بەرجەستەکراو بەدى ناکرێت ، واتە هیچ یەکێک لەو لایەنانەى تا ئێستا پرۆژەیان بڵاوکردۆتەوە باس لەو هەنگاوە کردارییانە ناکەن کە پێویستە خۆیان بینێن ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ، پرۆژەکان بۆ خۆدەربازکردنە لە بەرپرسیارێتى و نەبونى جدیەتە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان ، هەر بۆیە تا ئێستا هیچ وەزیر و بەرێوەبەرێکى پێنج لایەنەکەى بەشدار لەکابینەى هەشت ئامادەنەبوە دەست لە پۆستەکەى بکێشێتەوە .
ئەوەى ئێستا هاوڵاتى پێویستیەتى پرۆژە نیە ، بەڵکو هەنگاونانى کردارییە بۆ دانانى سنورێک بۆ ئەو هەموو قەیرانەى بەرۆکى گرتوە ، پرۆژەى بۆ چیە ، کێشەو قەیرانەکانى بۆ بکات بە چیرۆک و رۆمان و بیانخوێنێتەوەو بەدیارییانەوە بۆ نەهامەتى و بەدبەختیەکانى خۆى بگرى .