عیماد عەلی : ئیدیعای کارێکی حەق لە پێناو مەبەستێکی نابەجێدا دەکات .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تا ئەم ساتەوەختەش دەسەڵات بێ باکانە لەسەر ریتمی فەرمانرەوایی خۆی دەروات و ، وەک ئەوەی تا ئێستا هیچ رووی نەدابێت رەفتار دەکات ، لە لایەکەوە وا شڵەژاوە داوای ریفراندۆم دەکات و لەلایەکی ترەوە تا بیناقاقای لە گەندەڵی چەقیوە و وای لەخۆی کردووە لە قەیرانەکاندا تەواو نغرۆ بێت، کەچی هیچ چارەسەرێکی پێ ناکرێت .
تا دوێنی خەڵکی بە کێشەی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە سەرقاڵ کردوو ، چەندین هەڵەی گەورەی لەوبارەوە کرد و ، بووە مایەی دووبەرەکی و خۆ خەرێک کردن بە شتی لاوەکی و ، ئەمەش وای فەرز کرد کە هەمووان خەریکی راستکردنەوەی باری لاری حوکمرانی بن و ، وای لێهات زەلکاوەکە زیاتر قوول بێت و پەرش و بڵاوی زیاتر بکەوێتە نێوان لایەنەکانەوە و درزێکی گەورە بکەوێتە نێوان خەڵک ودەسەڵاتەوە . ئەوەتا رۆژ نیە هەواڵی زیاتر نەگات و شتە نهێنیەکانیان دەرنەکەون و ، وا روون دەبێتەوە چی یاریەکیان بەم میلەتە کردووە و ، کەچی تا ئێستا چۆن بێ منەتن لە ئاست هەڵوێستەکان و داواکاریەکانی خەڵک و لە باری ژیان وگوزەرانیان بێ خەمن .
ئەوەی لەم کاتەدا وەزعی گەلی کورد ببینێت ، کە لە چ نارەزایەتیەکی نێخۆییدا دەژێت ، قەت روو گشتپرسیەکی ئاوها ناکات ، کە بە شێوەیەک لێی دەرچین دوژمنان پێی خۆشحاڵ بن ، ئەگەر بزانیت ئاستی نارەزایی گەیشتۆتە پلەیەک کە شکت هەبێت رێژەیەکی زۆری خەڵک نەچێت بۆ دەنگ دان و لەو رێژە نافەرمیەی پێشوو کە م بێتەوە ، دەبینە گالتەجاری دەوروبەر و جیهان ، پاش ئەم هەموو قوربانیدانە .
لە لایەک کەس گومانی لەوەنیە کە خەڵک بە هیچ جۆرێک لەم هەنگاوە دڵنیا نیە ، لەبەر ئەوەی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات نەماوە ، لە لایەکی ترەوە تەنانەت باوەری پێ ناکەن کە سەربەخۆیی بە رووتیش بخرێتە بەردەستی دەستی بۆ نابات و ، هەموو لایەک ئەم دەنگۆیەی بە بانگەشەی حزبی و موزایەدە لەقەڵەم دەدەن ، لەم کاتە هەستیارەدا و، وای دەبینن کەدەسەڵات بەم بانگەشەیە دەیەوێت خۆی لەم تەنگژانە قوتار بکات ، بەڵگەش بۆ ئەمە خودی مەسرور بەرزانی رایگەیاند ، کە ریفراندۆمیش بکرێت دەرئەنجامەکەی ناخەنە بواری پراکتیکیەوە ، ئەی پرسیارەکە لەوەدایە ، وا بێت ؛ ئەمەت بۆچیە ئەگەر بو مەشغوڵ کردنی خەڵک و موزایەدە و بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبی نەبێت و ، یاریەکی قێزەون بە ئامانجێکی پیرۆزی وا نەبێت ؟ باشە خەڵک حەقی نیە بپرسێت بۆچی لەم دوو دەیەی کە بواری گشتپرسی ئەوەندە زۆر بوو نەتانکرد ، بۆچی لەم کاتەدا …. کەفی کردووە، بەتایبەتی بە خۆتان باش دەزانن کە میلەت ئێستا لەخەمی چیدایە و تۆ ئەم پرسە زۆر گرنگ و پیرۆزەی لا قێزەون دەکەیت ، ئەگەر یاریکردن نەبێت بە چارەنوسی میلەت ؟
بۆیە ، ئەگەر تۆیەک چارەنوسی ئەم میلەتەت لا گرنگ بێت و ، نەیکەیتە قوربانی بەرژەوەندی حزبەکەت ، وەزعی خەڵک و بیرکردنەوە و روانین و بۆچونە گرنگەکانی بخوێنەوە و نەیکە قوربانی سەرکێشیەک لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و حزبی رووت خۆت .
کە خەڵک لە گشتپرسی پێشو لە سەدا نۆهەد و هەشت زیاتر دەنگی بۆ سەربەخۆیی دابێت و ، تۆ ئێستا نەتوانیت لەم بارودۆخە سەختە نیوەی ئەو رێژەیەش بەدەست بێنیت ، لەبەر ئەوەی ئەولەویاتی خەڵک لەم کاتەدا نان و رزقەکەیەتی و ، تەنانەت زۆر جار خۆزگە بە رۆژگارەکانی نەهامەتی دەخوازێت و ، تۆش بێیت باسی گشتپرسی بۆ بکەیت ، بێگومان باش دەزانێت کە ئەمە کارێکی حەقە لە پێناو مەبەستێکی نابەجێ و ناحەقدا .
جا تۆیەک کە لە حوکمرانی هەرێم شکستت خواردبێت و ، خەڵکت لە حوکمداری خۆیی بێزار کردبێت و ، نەبیتە نمومە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ ، باسی ریفراندۆمی چی دەکەیت . ئەمە با لەوە گەرێین کە هیچ بنەمایەکی دەوڵەتبونت دروست نەکردبێت ، بەڵکو نەخێر بنەما سەرەکیەکانی بە هەرێم بونی فیدرالێشت دۆراندبێت . ریفراندۆمی چی و دەوڵەت لە کوێیە ؟ بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردستان بزانن ، کە خەڵک نیشتمانی لەوان زیاتر خۆش دەوێت ، بەڵام باوەر بەوان ناکات کە لەم حوکمە وابەسەتەییەی دەوڵەتی ناوەندیە شکستیان خواردبێت ، لە ریفراندۆم و سەربەخۆییش لەمە باشتر بن و، نیشتمان لەبەر چاو خەڵک نەخەن و ، دەستێوەردانی دەوروبەر ئاسانتر مەکەن . بۆیە دەپرسین ؛ گشتپرسی و سەربەخۆیی و گەندەڵی و شکست کوجا مەرحەبا ؟

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت