جیهاد موحەمەد : مرۆڤی ستەملێکراو و چەوساوەی کوردستان چۆن رزگاری دەبێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کارڵ یاسبرز دەڵێت : خەڵک ـ بە بەردەوامی ـ لە میانەی زانست و دین و فەلسەفەوە لە هەوڵی ئەوەدان سنوری ژیانی خۆیان تێپەڕێنن ، بۆ ئەو ئاستەی کە بەختەوەریی تێیدا بە دەستدێنن ، بەڵام لە دواجاردا تووشی تێشکان و رشبینی دەبن .

ئەم فەیلەسوفە دەڵێت : مرۆڤەکان لە کاتەکانی تەنگانە و نەخۆشییەکانیان و ئازاری تاقەتپڕوکێن ، ئازاری ویژدان و نائاسوودەییان و تێشکانیان فێر دەبن . مرۆڤەکان لەم ئەزموونانەوە گەورەترین وانە فێر دەبن . ئەم رۆژە ناهەموار و تەنگانانەی ژیانی مرۆڤەکان ، گەورەترین سەرچاوەی فێربوونە ، لە هەموو فەلسەفەکان و زانستەکان و زانینەکان گەورەتر و مەزنترە . لەم حاڵەتانەدا مرۆڤەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆڕسکی خۆیان ، مرۆڤەکان لەم حاڵەتانەدا کوڕی سەردەم و بارودۆخی خۆیان نین ، سەردەم و بارودۆخی خۆیان تێدەپەڕێنن . هەموو بارودۆخەکان دروستکراوی دەستی مرۆڤەکانن ، مرۆڤەکان چۆن خۆیان بارودۆخەکەیان دروستکردووە ، بە هەمان شێوە کاریگەری هەیە لەسەریان و بۆ جارێکی دیکە دروستیان دەکاتەوە و رایان دەهێنێت و لەگەڵ خۆیدا دەیانگونجێنێت و تووشی نامۆییەکی نوێیان دەکات . بەڵام مرۆڤ زۆر لەوە گەورەترە کە مێژووکرد و دروستکراوی دەستی مێژوو بارودۆخ بێت ، ئەم گەورەییەش لە کاتی تەنگانە و ناهەمواری ژیاندا دەردەکەوێت . مرۆڤی مێژووکرد و دروستکراوی بارودۆخ رزگاری نابێت و راستەقینەی خۆی نادۆزێتەوە تا خۆی ئازاد نەکات و تونا شاراوەکانی خۆی دەرنەخات .  

بارودۆخی ناهەمواری ژیانی مرۆڤەکان کە دروستکراوی دەسەڵاتە سیاسییە ستەمکارو و چەوسێنەرەکەیە ، بە هاوکاری خودی مرۆڤە ستەملێکرا و چەوساوەکان خۆیان ، واتە بارودۆخی ناهەموار بە تەنها بە دەستی کەمینە دەسەڵاتگەرییە ستەمکار و چەوسێنەرەکە دروستنابێت ، ئەوەی کە هاوکارییان دەکات هاوەبەشە لەگەڵیاندا خودی مرۆڤگەلە ستەملێکراو و چەوساوەکەیە .

ئەوانەی سودیان لەم بارودۆخە بینیوە کەمیەنەیەکی کەمن و بوون بە سۆبێکت و هەموو خەڵکیشیان کردووە بە ئۆبێکت . ئەم سۆبێکتە کەمینەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەردەوامیی دەسەڵاتگەرییەکەی خۆی ، ئۆبێکتە زۆرینەکە بە دوای خۆیاندا بەکێش دەکەن ، ئەویش بە بەکارهێنانی میکانیزمگەلێکی ئەفسانەیی ، کەلەم بابەتەدا جێگەی باسکردنی نییە . بەڵام لە رۆژانی خەبات و تێکۆشان ، لە رۆژانی نەخۆشییە قورسەکان و ناڵە وئازارەکاندا ، لە رۆژانی هەستکردن بە ئازاری ویژدان و ناڕەحتیەکان و نزیکبوونەوە لە مردن ، زەوینە خۆشدەبێت کە مرۆڤەکان بگەڕێنەوە سەر خۆرسکی خۆیان و ببن بە مرۆڤگەلێکی ئازاد . واتە لەم رۆژە ناهەموارانەدا زۆرینە ئۆبێکتەکە پێویستە خۆیان ببن بە سۆبێکت و خۆیان ئازد بکەن لە کەمیەن سۆبێکتە دروستکراو و ئەفسانەییەکە .

مرۆڤەکان لەم حاڵەتانەدا پێویستە شۆرشگێرانە و رایدکاڵانە رەفتاربکەن و خۆیان لە ئۆبێکتبوونی دەستی سۆبێکتە ساختەکە رزگار و ئازاد بکەن . مرۆڤ چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵیش تا نەبن بە خود ، تا نەگەڕێنەوە بۆ خودی راستەقیەنی خۆیان ، خودی خۆیان نەسەپێنن و لەسەر قاچی خۆیان نەوەستن ، ناتوانن ئازادبن و ئازادی و رزگاری لەسەر دەستی سۆبێکتێکی کەمینەی ستەمکار و چەوسێنەردا مەحاڵە .

بە گوێرەی لێکدانەوەی ئەم فەیلەسوفە و هەموو ئەو فەیلەسوف و زانایانەی کە قسەیان لەسەر ئازادی کردووە وەک هێگڵ ، مارکس کە نموونەی دیاری ئەو فەیلەسوفانەن ، هەروەها وەک پاوڵۆ فرێری کە نموونەی دیاری پێکهێنانی پەروەردیەکەی فەلسەفەیانە و  دیالۆگکارانەیە :

مرۆڤەکانی  ئێستای کوردستان ، هەموو ئەوانەی کە ئازار دەچێژن بە دەست ستەمکاریی و چەوساندنەوەی سەتمکارە حیزبییەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکەی کوردستانەوە ، تا دەرنەچن لەم بارودۆخە و تا شۆرش بەرپا نەکەن دژی ئەم بارودۆخە ئازد نابن .

ئەوەی من تێبینی دەکەم ، هەموو هەوڵەکان ، هەموو بایکۆتەکان ، هەموو خۆپیشاندانەکان ، هەموو پرۆژە حیزبییەکان ، هەموو کۆڕ وکۆبوونەوە و چاوپێکەوەتنە تەلفزوێنیی و رۆژنامەوانییەکان ، زۆربەی نووسینەکان ، زۆربەی رەخنەکان لە بازنەی کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە داگیرکراوەکەدا دەرنەچووە و نەیتوانیوە ئەو فەزایە تێپەرێنێت . بۆیە خەڵکی کوردستان لە خولگەیەکدا دەسوڕێتەوە ، کە هەموو جار دێتەوە سەر بای بەڕە کۆن و هەمان تاس و حەمام دروستدەکاتەوە و هێندەش ناهوۆشیارە وا دەزانێت گۆڕانکاریی دروستکردووە .

هەتا هەموو حیزبییەکان بە ئەندامان و لایانگرانیانەوە ، هەموو دەنگدەرە بە پەرۆشەکانی سەر سندوقی دەنگدانەکان ، تەڵاقی خۆیان وەرنەگرن لە حیزبەکان و لە دەسەڵاتە سیاسییە ستەمکارەکە ، لەم کولتوورە رزییو و ناشایستەیە بە مرۆڤ ـ کولتووری دین، کولتووری کۆمەڵایەتی باو ، کولتووری سیاسیی خۆ سەپێن ، کولتووری بێدەنگی ، کولتووری تووندوتیژی ،  کولتووری تۆڵەسەندنەوە ، کولتووری دەسەڵاتگەریی ، کولتووری پەروەردەی دۆگما و مەنەلۆگ ، کولتووری خۆپەرستی و خۆ بەزلزان ، کولتووری ئەفسانەی ناسیونالستی و ” کوردایەتی ” ـ  رزگاری و ئازدی مەحاڵە .

خەڵکی کوردستان ، بە دەستی خۆی مێردەزمەیەکی ناشیرین و دزێو و ستەمکاری بۆ خۆی دروستکردووە و خۆی لێ مارەبڕیوە ، هەتا تەڵاق وەرنەگرێت لەم مێردەزمەیە ڕزگاریی و ئازادیی و شکۆمەندی بە خۆیەوە نابینێت .

ئەو مارەییەی کە خەڵکی کوردستان لەم مێردەزمەیە وەریگرت ، ئەم ڕەوشە ناهەموارە بێ سەروبەرە بوو ، کە هەموومان تیایدا دەژین ، ئەگەر بەم مارەییە رازیت ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەت پێرۆزبێت ، ئەگەر ئەم رەوشە خراپە رایچڵەکانویت ، دەبێت راچڵەکانەکەت بەو جۆرە بێت ، کە تەڵاقی خۆتی لێوەرگریت و ئازادانە خۆت خۆت بەڕیوە بەرە ، خۆت خۆت بە ، خۆت رادەستی ستەمکار و چەوسێنەران مەکەرەوە جارێکی دیکە . دنیاییەکی بەختەوەر و یەکسان و دادپەروەر بە دەستی خۆت و بۆ خۆت و بۆ هەموو مرۆڤەکان بە بێ جیاوازی دروستبکە .

ئەگەر ئەمە نەکرێت ، هەموو گۆرانکارییەکان خۆی لە ئەمسەر و ئەوسەر پێکردنی هاوکێشەکەدا زیاتر هیچی تر نابێت ، واتە ئەنجامی خەبات و تیکۆشانەکان ئەوەی لێ دەکەوێتەوە ، کە لای راستی هاوکێشەکە بچێتە لای چەپ یان بە پێچەوانەوە ، واتە هاوکێشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و  ناکۆکیەکان هەڵناوەشێتەوە ، تا هاوکێشەی ناکۆکییەکانیش هەڵنەوەشێتەوە ستەملێکراو هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە بە بەرگێکی رووکەش و ئەفساناویی ئازادییەوە لە نامۆییەکی قوڵتر و تەنگەژەیەکی ئاڵۆزتردا یاری بە ژیان و کەسایەتیی و کەرامەتییەوە دەکرێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت