دڵشـاد شـێخان حوسـێن : دز ، نابێتە جێگەى متمانە بۆ خاوەن ماڵ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەمەبەستى تێگەیشتن لە ڕەوشى هەرێمى باشوورى کوردستان چەند پرسیارێ دەخەمەڕوو ، لە میانى قسە کردن لەسەر ناوەڕۆکى بابەتەکە هەوڵى وەڵامدانەوەیان دەدەم و بەپێى خوێندنەوەیەکى درشت بارودۆخەکە شەن و کەو دەکەم. پرسیارەکانیش لەمانەى خوارەوە کورت دەکەمەوە :
کێ دەتوانێ چاکسازى بکات یاخود ـ کێ شایانى ئەوەیە کە داواى چاکسازى لێ بکرێ ؟
کێن ئەوانەى داواى چاکسازى دەکەن؟ ئەوەى کە هەیە هۆکارە یان ئەنجام؟
سەرەتا دەبێ ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین کە ئەوانەى هۆکار و پێشەکییەکانى ئەم ئەنجامەیان دروستکردووە ، زۆر ئەستەمە بتوانن چاکسازى بکەن و ئەم بارە ناهەموارە ڕاست بکەنەوە و قەیرانەکان تێپەڕێنن. ئەو پارت و لایەنانەى بە درێژایى ماوەى ڕابوردوو کارەکانیان بە ئاراستەى شێواندنى کۆمەڵگا و وێرانکردنى سەرخان و ژێرخانى کۆمەڵگا بووە ، ئەمڕۆ جەماوەر دەبێ بەڕێکخستن ببێ و بڕیار بدات بە دوورخستنەوەیان لە کایەکانى دەسەڵات و بیاندەنە دادگاى گەل و بە تاوانى ناپاکى کردن لە نیشتیمان دادگاییان بکەن ، چونکە هەنگاوى بنچینەیى چاکسازیی بە پاکسازى دەست پێدەکات .
پاڵنەرى ئەو بایکۆت و ناڕەزاییانەى هەرێمى باشوورى کوردستان کە لێرە و لە وێ دەبینرێن بریتین لە هاوارى برسیێتى ، ئەوەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ چەند بارە بوونەوەى قەیرانى لەو جۆرە و بگرە خراپتریش ، جەماوەر سەرەڕاى بەڕێکخستن نەبوونى ئەوا هێز بە دەسەڵات دەبەخشێ بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو مۆدێلەى حوکمڕانى کە کارى پێدەکات. خەڵکى هەرێمى باشوورى کوردستان دەبێ قسەیەکى دیکە بکەن، ئەم مۆدێلەى ژیان تێکوپێک بدەن و سەرلەنوێ بونیادى بنێنەوە ، چونکە کۆمەڵگا بە تەواوى گەندەڵ بووە ، لە پێناو چارەسەر کردن و دووبارە نەبوونەوەى نەهامەتییەکان ئەوا گەشەپێدانى فیکرى کۆمەڵگا پێویستییەکى حەتمییە ، بەداخەوە تا ئەم چرکەساتانەش ئێمە لە فیکر دابڕاوین و کۆیلەى بێ ناسنامەیى خۆمانین ، بەبەڵگەى ئەوەى کە ئەو کاتانەى شەقام دەنگى ناڕەزایەتى لێ بەرز دەبێتەوە هیچ ئومێدێکى تێدا نابینرێ ، چونکە داخوازییەکانیان لە نان و ژیانێکى نەمرو نەژین تێپەڕ ناکات . هەر کاتێ جەماوەر گەیشتە ئەو باوەڕەى کە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ چاکسازى بکات ، هاوکاتە لەگەڵ گەیشتن بە هۆشیارییەکى پێویست بۆ ژیانێکى باشتر و پێشگیرى لە دروستبوونى میراتگرى دەسەڵات ، بەپێچەوانەوە هەرگیز ناتوانین ببینە فشارى جدى و ڕاستەقینە لەسەر ئەو دەسەڵاتەى کە بووە بە بازرگان و خوێنى گەل دەمژێ ، باوەڕ هێنان بە بەڵێنەکانیان کات بەفیڕۆدانە و دڵنیایى بە دەسەڵاتداران دەدەین و بە ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێین : ئێمە هێشتا زەمینەیەکى لەبارین بۆ درێژەدان بە ستەم و قۆرخکارییەکانتان .
داوا کردن لە گەندەڵکاران بۆ بنبڕ کردنى گەندەڵى بنەمایەکى لۆژیکى و ئەخلاقى تێدا نییە و هیچ ئومێدێکى لێ بەدى ناکرێ ، ئەوان لە جیهانى ئێمە دابڕاون و جارێکى دیکە ناتوانن وەک خەڵکى ئاسایى و سیڤیل بژین ، ئیتر لە خۆیان گۆڕاون و لە واقیع جیابوونەتەوە و پێویستیان بە هێز و توانا هەیە کە بیانپارێزێ و سەرەڕاى نەخۆشى شێتى بۆ کورسى و دەسەڵات ، هەر ئەوەشە کە وا دەکات لە هاوار و ناسۆریەکانى گەل تێنەگەن .
پێویستە خاڵێک دابنێین و لەمەودوا قسە لەسەر قۆناغى دواى ئەوانە بکەین کە ماوەى (25) بیست و پێنج ساڵە خۆیان و خانەوادەکانیان و … وەک ئێمە ناژین و لەسەر حیسابى ئێمە دەژین. کاتى ئەوە هاتووە لەو پەیامە تێبگەین کە ئەو حوکمڕانەى ناپاکى لە خوێنى شەهیدان و ناسنامەى نەتەوەییدا بکات، نەک ناتوانێ چاکسازى بکات بەڵکو دەبێ بخرێتە کەنار و لە کایەکانى کارگێڕى کۆمەڵگا دووربخرێتەوە کە بەو ڕەنگەى ڕەنگاوڕەنگى کومەڵگا ڕەتدەکاتەوە ، بەهیچ ناونیشانێ مافى بەشدارى کردنى لە حوکمڕانى پێ نەدرێ ، لە ڕێگەى ڕەوایەتیدان بە گەل کە قۆناغى ڕزگاربوونە لە هەژموون و دەسەڵاتى حیزب . دز ، ناتوانێ ببێتە جێگەى متمانە بۆ خاوەن ماڵ ، چونکە ئەو نەخۆشى و نەریتە زیانبەخشە لە پەروەردەوە تێکەڵ بەبوونى بووە .
وەک ئاشکرایە تێڕوانین و خوێندنەوەى دەوڵەتە زلهێزەکان سەبارەت بەو قەیرانانەى کە هەرێمى باشوورى کوردستان تێى کەوتووە نەرێنییە ، بەپێى تێگەیشتنى ئەوان هۆکارى سەرەکى ئەم قەیرانە بریتییە لە گەندەڵیەکانى بەرپرسانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار نەک دابەزینى نرخى نەوت و …، پارتى و یەکێتى بە بەرپرسیارى هۆکار و پێشەکییەکانى ئەم ئەنجامە دەزانن ، لە ڕاستیدا زۆر بەڕوونى خاڵیان لەسەر پیتەکان داناوە و بەرچاو ڕوونییان بۆ کردووین لە کاتێکدا جەماوەر خۆى لە ڕاستییەکان دەدزێتەوە و مووچە دەکاتە پاساو بۆ ناڕەزایەتییەکانى ، دەسەڵاتیش لەوپەڕى سەخڵەتیدا بڕێ پارەیان پێدەدات و بێ دەنگیان دەکات ، واتە : خۆمان بەهاى خۆمان دیارى دەکەین و با گلەییش لە کەس نەکەین .
ئەوانەى بانگەشەى چاکسازى دەکەن بەرپرسى باڵاى نێو هەردووحیزبى دەسەڵاتن و خاوەندارێتى لە بەشێکى زۆرى سەرمایەى گوازراوە و نەگوازراوەى ئەم هەرێمە دەکەن! بەو مانایەى ( پارتى و یەکێتى ) ئەوەندەى بازرگانى بە ناوى ئەم نیشتیمانەوە دەکەن نیو ئەوەندە سیاسەت بۆ خاک و نەتەوە ناکەن ، دروستکردنى کۆمیتەى کارا کردنەوەى حکومەت و پەرلەمان کات بەفیڕۆدانە و دامرکاندنەوەى توڕەییەکانى خەڵکە و لێرە و لەوێش دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ چاو سورکردنەوە و ئەنجامدانى ترس و تۆقاندن لە دژى شەقام و ناڕەزایەتییەکانى خەڵک، چاکسازى ئەو وشەکارى و چەمک ڕیزکردن و بینەوبەردەیەى ناوێ، ئەگەر هاوارى ناڕەزایەتیەکان و تەنانەت بێ دەنگییەکانى جەماوەر لەلاى ئەم دەسەڵاتە جێگەى بایەخە ، ئەو پرۆسەیە تەنها پێویستى بە ” ئازایەتی ” هەیە ، لە ڕاستیدا ئیرادەى چاکسازى لەو دوو لایەنە چننە (Zero)یە . مەیلى چاکە ئەوەیە کە لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، نەک لەسەر گیرفانى هەژاران بەناوى پاشەکەت پارەى ناڕەواى خۆیان کەڵەکە بکەن ، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانى هەرێم لە نزیکەى بڕى (100) سەد ترلیۆن دینار پاشەکەوتیان نەکرد! ئەوەى پارتى و یەکێتى پێى دەڵێن چاکسازى قەیرانەکان بە ئاقارێکى خراپتردا دەبات، هۆکارى قەیرانەکان ئەوانەن کە بانگەشەى چاکسازى دەکەن و هاوکات لە گەندەڵیەکان تێوەگڵاون و لە خراپەکارى و شکاندنى پیرۆزییەکان سڵ ناکەنەوە ، بۆ نموونە : بە بڕیارێکى حیزبى پەرلەمان پەکخرا ، چونکە باوەڕیان بەشەرعیەتى دەسەڵاتى گەل نییە یاخود چالاک بوونى پەرلەمان مەترسییە لەسەر هەیمەنەى حیزبە بازرگانەکان و میراتگرانى دەسەڵات . هەڵوێستى جێگرى سەرۆک پەرلەمانى ئەڵمانیا سەبارەت بە ڕەوشى سیاسى و دارایى و ئەداى دیموکراسى لە هەرێمى باشوورى کوردستان ڕوون و ئاشکرایە و لێرە داڕشتنەوەى تەواوى قسەکانى بەپێویست نازانم بێجگە لەوەى کە گوتى : ( چى بە گەلى ئەڵمانیا بڵێم ؟ پێیان بڵێم سەرۆک پەرلەمانى هەرێمى باشوورى کوردستان لە سلێمانییە و ڕێگەى پێ نادرێ بگەڕێتەوە بۆ هەولێر !). مەترسیدارترین خەسڵەتى دەسەڵاتى ئەو دوو بنەماڵەیە ئەوەیە کە خۆیان بەڕاستى ڕەها دەزانن ، بۆیە باکیان بە ئەتککردنى کۆمەڵگا و شکاندنى پیرۆزییەکان نییە ، چواریەکە سەدەیەکە دەستیان داوەتە سیاسەتى برسى کردن و گەوجاندنى خەڵک ، هێشتا ئامادە نین داواى لێبووردن لە خەڵک بکەن و شکستهێنانیان ڕابگەینن و خۆیان لە نەفرەتى کورسى ڕزگار بکەن ، بەتێگەیشتنى من ئەوانە زیاتر وەک کۆمپانیا و بازرگان کاردەکەن نەک چالاکى سیاسى ! حیزبى دامەزراوەیى نین . بۆ پشتگیرى کردن لە ڕاستی قسەکانم ، ئەو بڕیارەى بەڕێز ” مەسعود بارزانى ” بۆ چاکسازى لە ناو پارتى کە لە (10/2/2016) ڕایگەیاند ، ڕاستییەکى بەڵگە نەویستە کە ئەو حیزبە بووە بە بازرگان ، ئەگەرچى ڕاگەیاندنى ئەو ڕاستییە ئاگایانە یان نائاگا خۆى لە خۆیدا ئازایەتییە .
بە بۆچوونى من ، قسەکردن لەسەر سیستەمى حوکمڕانى دیموکراسى لە هەرێمى باشوورى کوردستان لە (12/10/2015)ەوە کۆتایى پێ هات ، لێرە قسە بەناوى دیموکراسییەوە دەکرێ ، بەڵام کار بە دیموکراسى ناکرێ ، ئامانجیان لەو ڕەفتارە خۆڵ کردنە چاوى جەماوەر و جیهانە ، زۆربەى پەرلەمانتارەکانى ئەو دوو حیزبە لەو باوەڕەن کە مەکتەبى سیاسى حیزبەکانیان لە ” دەستوور ” سەروەرترە . من ، قسە لەسەر سیستەمى سیاسى و حوکمڕانى قۆناغى دواى (12) ى ئۆکتۆبەر دەکەم کە حیزب کودەتا بەسەر پەرلەماندا دەکات و لەو کاتەوە دەسەڵاتى گەل شەرعیەتى نامێنێ ، ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین ، ئەوەیە ڕەوشى هەرێمى باشوورى کوردستان .
ئەوانەى دەڕژێنە سەر شەقام و دەنگى ناڕەزایەتى لە دژى دەسەڵات بەرز دەکەنەوە ئەوانەن کە ، بێجگە لە مووچە سەرچاوەیەکى دیکەى بژێوییان نییە ، مانگرتن و گردبوونەوەکانیان دەستى برسیێتى لە پشتە ! ئەو چەوساندنەوەى لە هەرێمى باشوورى کوردستان هەیە بەهیچ شوێنێکى دیکەى گۆى زەوى بەراورد ناکرێ و جۆرێکى بێ وێنە و تایبەتە لە ستەمکارى ، لە هەرێمێکى دوو ئیدارەیى کە دانیشتوانەکەى نزیکەى چوار ملیۆن و نیو دەبێت ، (30 ) ملیاردێر و (10800) ملیۆنێرى دۆلارى هەیە، هاوکات جیهان ( 1426 ) ملیاردێرى هەیە ! جا بۆ ناهەقم ئەگەر بڵێم : ئەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە کوردیان کرد دوژمن نەیتوانى بیکات .
ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتوانى هەرێمى باشوورى کوردستان کە لەژێر سایەى دەسەڵاتى ( پارتى و یەکێتى ) دا سودمەندن ، بەباشى ئامادە کراون بۆ ڕۆژە ڕەشەکان کە لە پێناویان بجەنگن ..، ئەو بەشەى خەڵک بووەتە بارێکى گران بەسەر شانى کۆمەڵگا و ڕێگە لە بەڕێکخستن بوونى کۆمەڵگا دەگرێ یاخود ئەو پرۆسەیە دوادەخات ، هەر ئەوانەش لە هەڵبژاردنەکان بوونە هۆى پێشگیرى لە ڕاستگۆیى دەنگدان ، بۆیە هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لە ڕێگەى سندوقى دەنگدان تا بە ئێمە ڕادەگا خۆڵیان کردە چاوى جیهان و فێڵیان لە هەمووان کرد. بە مەبەستى وەبیرهێنانەوە هەموو هێزە چەکدارەکانى هەرێمى باشوورى کوردستان سەر بە ( پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ) ن نەک حکومەت ! بۆ نموونە : پێشمەرگە قارەمانەکان دابەش دەبن بەسەر یەکەى (70) ى حیزبى یەکێتى و یەکەى (80) ى حیزبى پارتى ، لەگەڵ هەبوونى دوژمنێکى هاوبەش ( داعش ) کەچى ئەو دوو یەکەیە یەکیان نەگرت و بە کردار لە وەزارەتێ کۆنەکرانەوە و جار و باریش هەڕەشە لە یەکترى دەکەن ! براکانى منیش لە یەکێک لەو دوو یەکەیە لە بەرەکانى شەڕن لە دژى (ISIS) . ئەوەى پەنجە لەسەر کەموکوڕیەکان و خاڵە لاوازەکان دادەنێ ، دوژمنى هەرێمى باشوورى کوردستان نییە ، بەڵکو دڵسۆزترینیانە بۆ پاراستنى نەتەوە و خاک.
ئەزموونى چواریەکە سەدەیەک لە حوکمڕانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان نەیتوانى ناو ماڵى کورد ڕێکبخات ، دارى لەسەر بەرد دانەنا بۆ زەمینەسازى خۆسەرى و دەوڵەتى کوردى ، ئەوەى بە زمان بانگەشەى بۆ دەکەن میللەتى ڕەش و ڕووت بە کردار باجەکەى دەدات ، چونکە ( بەغدا) مان لێ دەکەن بە دوژمن و هەرێمیش بەبێ بەغدا تەنانەت مووچەى مووچەخۆرانى پێ دابین ناکرێ ! ماوەى (10) دە ساڵە بڕیار و بەڵێنەکان لە موزایەدە کردن بەولاوە هیچى تر نین . بۆیە لەمەودوا دەبێ جەماوەرى هەرێمى باشوورى کوردستان قسەیەکى دیکە بکەن بۆ گەیشتن بە مۆدێلێکى دیکەى ژیان باشتر لەوەى کە هەیە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت