Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : با زمانی دایك لە یاد بكەین .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

– پاسەوانەكانی زمانی دایك كێن ؟
– سەبارەت بە بەرگری و بەرەنگاری لە زماندا

1

پییەر بوردیۆ بە بەردەوامی و لە زۆر بۆنەدا باسی ململانێی ناو كایەكان و كایەیەك لە گەڵ كایەیەكی دیكەیدا بۆمان دەگێڕێتەوە . ململانێێ نێوان ئەكادیمیای فەڕەنسی و ئیكۆل نۆرمال و سۆربۆنییەكان لە گەڵ ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم شوێنگەیەدان . بوردیۆ باسی ململانێی نەوەكانمان بۆ دەكات لە ناو زمانداو لە ڕێگەی زمانەوە . وە بەشداری و پشكی كاپیتال و سەرمایەكان بۆ شەرعییەتدان و ڕەوایەتی بەخشین بەم شەڕەو بۆ بردنەوەو یەكلاییكردنەوەی بەلای بەرەیەكدا . شەڕێك بە ئامانج و بە مەبەست و ستراتیژییەتی هەیمەنەكردن لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و خۆ بەرهەمهێنانەوەوە . بوردیۆیەك كە لە خێزانێكی جوتیاری دەرەوەی پاریسەوە دێت و دەچێتە ناو پاریس و شەرو سەرمایەو كێشمەكێشەكانی پاریس ، یەكەم شت بەریدەكەوێت شەڕی زمان و شەڕێكە لە زماندا ، شەڕی هابیتوسەكان و و كایەكان و بكەرەكان لە ناو زمان و لە ڕێگەی زمانەوە . ئەرستۆكراتەكانی سۆربۆن و ئیكۆل نۆرمال سوپێریۆرو كۆلێژ دو فرانس لە ناو زمان و ڕێكخستنەكانی زماندا . بوردیۆیەك لە ناو زمانێكی جوتیاریی و چینێكی موتەوازیعانەی نا پاریسی مەحكومە بەوەی بەر دەیان جۆری توندوتیژیی و زەبروزەنگی ڕەمزی و سیمبۆلی بكەوێت . پییەر بوردیۆ باسی ئەوە دەكات كە ، چۆن چۆنی خانەدان و ئەرستۆكراتەكان هۆگر و بەرگریكارێكی زمانی ستانداردو ئەدەبی بوون نەك تەنیا لە نوسیندا ، بەڵكو لە قسەو گفتوگۆو دەمەتەقێی ڕۆژانەی ناو (Place De la sorbonne) و قاوەخانەو كافێكانیشدا . ئەوان ( ڕابوردووی سادەیان بە كار دەهێنا ) بوردیۆو نا پاریسییەكانیش ڕابوردووی تەواو و جۆرەكانی دیكە . ئەم شەڕو ململانێیە ، شەڕو بگرەو بەردەو گیروگرفتی ناو كایەی زانكۆیی و كولتوری و ئەكادیمی بوو ، لە پێناو چی ؟ لە پێناوی درێژە بە خۆدان و خۆ بەرهەمهێنانەوەو ستراتیژی هەیمەنەكردن و زاڵبوون لە ڕێگەی شەرعییەت و سەرمایەی كولتوریی و زانكۆییەوە .

2

بەمشێوەیە مامۆستایان و پرۆفیسۆرەكانی سۆربۆن و قوتابخانەی باڵای مامۆستایان ، ENS، و كۆلێژ دو فرانس لە ڵێناوی بردنەوەی گەمەو شەڕەكە بۆ مانەوەو درێژە بە خۆدان و خۆ بەرهەمهێنانەوەی نەوەیەك ، یان كۆمەڵە نەوەیەك . دیارە پییەر بوردیۆ هەر ئەم میكرۆ فاكتانە دەكاتە كاری تیۆریزەكردن و دۆزینەوەی گەمەی هەیمەنەكردن لە ناو دامو دەزگاكاندا . وردكردنەوەی لە ناو كایەكان و ململانێی كایەكان و دەربڕین و مانێڤستبوونی جەبری هابیتوسەكان و دەسگرتن بە سەرمایەو كاپیتاڵەكانەوە . لێرەدا كورتهێنان و هەژاری تێگەیشتنی ماركسمان بۆ دەردەكەوێت سەبارەت بە هەیمەنەو ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەو سەرمایە و بێ ئاگایی ماركس لە سەرمایەكان و جۆراوجۆری چینەكان و ململانێی چینەكان كە هەرگیز تێگەیشتنی پرۆلیتاریی ماركسیستی لە خۆ ناگرێت . بەڵێ ماركس كورتی هێناو كڵۆڵ و هەژارو دەستەپاچەیە لە دەرككردن و پەیبردن بە سەرمایەكان و چینەكان و …. بەمشێوەیە زمان و زمانزانی و شارەزابوون و بەكارخستن و ئەكتی زمان لە ناو گەمەو یاری هەیمەنەو زاڵبوون و دەسەڵات و بەرگریدا بوو . بەرگریكاران لە زمانی ئەرستۆكراتییانەی پاریس و پاریسخوازەكان لە ناو ستراتیژی گەمەی ململانێ و بردنەوەو دۆڕاندندا بوون . موحافیزكارو كۆنزەرڤاتوارەكان لە ڕێگەی زمان و ئەكتی زمان و گەمەی زمانەوانییەوە بەردەوامییان بە خۆیان دەدا . كەواتە بەرگریكردن و دەستگرتن بە زمانی ڕەسەن و زمانی دایك و زمانی پەتییەوە تەنیاو تەنیا ئامانج لێی شەڕی بەردەوامبوون و خۆ بەرهەمهێنانەوەو خۆ جیاكردنەوەو خۆ زاڵكردنە لە ڕێگەی كاپیتاڵ و شەرعییەتی زمانەوە .

3

٦٨ و شەست و هەشتییەكان شۆڕشێك بوو لە زمان و تێكشكاندنی زماندا .

4

ئێمە لەوە دەگەین هەموو شتێك گەمەو یارییە ، ستراتیژی ئەم گەمەو یارییەش بردنەوەو هەیمەنەكردن و زاڵبوون و خۆ درێژكردنەوەو خۆ جیاكردنەوەو خولقاندنی ئێمە / ئەوانە بۆ تێكەڵنەبوون و وننەبوونی جیاكارییەكان . كەواتە و بەمشێوەیە زمان مەخلوقێكە و هەمیشە و بەردەوام دەخولقێنرێت و مەقاشی دەستی چین و گوتارە زاڵ و هەژموونكارەكانە بۆ زاڵبوون و هەیمەنەی بەردەوامبوونی خۆیان و سەرمایەو چیرۆك و حیكایەت و شەرعییەت وەرگرتن و شەرعییەت و ڕەوایەتی بەخشین و بەرەو بەرەكاری و جەمسەرو جەمسەرخولقاندن . نەوەیەك بەرگریكارو پاسەوانی زمانی دایك و زمانی پەتی و زمانی ڕەسەنن تەنیا بۆ بردنەوەو زاڵبوون و مانەوەو درێژە بە خۆدان . زمان بوونێكی جێگیرو ئەبەدی و ئەزەلیی و هەمیشەیی نییە ، بەڵكو ئەوە ئەكتەرە بكەرگەلێكن كە بوون و مانەوەو شەرعییەت و سەرمایەكانیان لە زماندایەو ناچارن بەرگری لێبكەن بە هەر نرخ و پیودانگ و تەنانەت خوێنبەخشین و قوربانیدانێكیش بێت . بۆ؟ چونكە بە نەمان و كاڵبوونەوەو غیابی ئەم شێوازی بەكارهێنانی موفرەدەو سێنتاكس و گۆكردن و ڕیتمی گۆكردن و بەكارخستنانەدا خۆشیان ئاوا دەبن و دەمرن و كاڵ دەبنەوە . ژیان و مانەوەیان بەندە لەسەر شێوازێكی زمان و شێوازێكی ئەكتی زمانی .

5

زمان چەندێك ئامرازی هەیمەنەكردن و بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتە ، هێندەش ماڵی بەرگریی و بەرهەڵستكاری و بەرەنگاربوونەوەو سوژەی گەریلایی و بەرگریكردنە .

6

چۆن بتوانین ئێمەش لە ناو زمان و ڕێكخستن و تێكدان و تێكشكان و هەڵوەشاندنەوەو سەرلە نوێ ڕێكخستنەوەی زمان و موفرەدەكاندا سوهەیەكی خەباتگێڕو میلیتان و گەریلا بین ؟ مادامەكی بكەرە كۆن و موحافیزكارەكان لە ناو زماندان ، دەبێت سوبژێكتیڤاسیۆن و سوژەسازی و هێڵەكانی بەرگری و خۆ فۆرمیوژەكردنی ئێمەی هەژموون لەسەر كراو پەراوێزبوو پەراوێز نشین هەر لە ناو زماندا بەرگریكارو بەرهەلستكارو گەریلا بین . كاری یەكەمی ئێمە دەسنیشانكردن و دیگنۆستیككردنی گەمەو بكەرە كۆنەكان و موحافیزكارەكان و ئەكتەكانیانە لە ناو زماندا . شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە كۆنەكانی ئێمە لە ناو زمان و موفرەدەو ڕێكخستنە زمانەوانییەكاندان . ئەكتەرو بكرە شاخاوییەكانی ئێمە لە ناو زمان و بەرگریكردن لە شێوازێكی زمان و زمانی دایك و زمانی ڕەسەن و زمانی پوخت و پەتیدان . ئەوەی بەرگریكارو پاسەوانی زمانی پەتی و شێوە زمانێكە دەبێت لەو دیو گەمەو فڕوفێڵ و ماسك و ساختەچێتی دڵسۆزی بۆ زمان و زمانی دایك بدۆزینەوە . چونكە بە قەولی فوكۆ قسەكردن شتێكی دیكە دەڵێت . قسەكردن ئەكتێكە و گەمەو شەڕو كێشمەكێشی بكەرو هێزەكانی تێدایە . دڵسۆزی لە باو پرسی بردنەوەو ململانێی هەیمەنەكردن و زاڵبووندایە . هەموو بەهایەكی مۆراڵی و ئیستاتیكی و شۆڕشگێڕی و ….. ئامانج لێی بەرگریكردن نییە لە بەهاو پرەنسیپێك لە خۆیدا ، بەڵكو لە ناو گەمەو ستراتیژی بردنەوەو زاڵبوون و بەرهەمهێنان و خۆ بەرهەمهێناندایە . ئەوەی باس لە پیرۆزیی و قودسییەت و پاكێتی زمان دەكات دەبێت بزانین كێیە بۆ ئەوەی بزانین چی دەوێت . سییاسییەك كە باسی لە گرنگیی و پیرۆزی زمانی دایك و زمانی نەتەوەو نیشتمان دەكات ستراتیژێكی هەیە لە ناو ململانێ و كێشمەكێشی ترس لە ونبوون و مەرگ و ئاوا بوون . پرۆفیسۆرێكی زانكۆ ، مامۆستایەكی زمانی كوردی باس لە زمانی پەتی و وشەی خۆماڵی و ئاگابوون و بە تەنگەوەهاتنی زمان دەكات ، دەبێت بزانین كێیەو ژە چ شوێنگەیەكدایەو لە ناو كام كایەدایەو لە ناو چ ستراتیژێك دایە و بەرگری لە چ جەبرێكی هابیتوسی دەكات . دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین بەرگریكردن لە ناو ستراتیژی بەرهەمهێنان و خۆ بەرهەمهێنان و زاڵبوون و گەمەی هەیمەنەكردندایە . لە ناو دیسپۆخیتیڤەكانی دەسەلاتدایە . بەمشێوەیە كاری یەكەمان دەستنیشانكردن و دیاگنۆستككردنی تیۆرییە كە هەر خودی ئەم ئەكتی دیاگنۆستیككردنە بە قەولی فوكۆ پراتیكە ، بەرگرییە . تیۆرو تیۆریزەكردن پراتیكە .

7

بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانەی دیكە كە وەك هێزی بەرهەڵستكارو بەرگری خۆیان دەناسێنن ، زۆر لەوە ڕووتوقوتترن بتوانن گەمەكە بە شاراوەیی بكەن و ئێمە پێی نەزانین . ێایا بزوتنەوەی گۆران خاوەنی چی چیرۆك و حیكایەت و سەرمایەو زمان و موفرەدەی زمان و زمانی جەستەو جەستەی زمانین ؟ لێرەدا گۆڕان وەردەگرین وەك ئەوەی لە باو كردەی مەستكردن و تلیاك پێدان و خەواندنی نەوەیەكدا ویستیان خۆیان وەك گوتارێكی نوێی زمان و ئەكتی زمانی نانێڤست بكەن . ئەمان هێندە دەستیان ئاشكرایە لەوەی هەر نەوە كۆن و موحافیزكارو شاخاوییەكان تەنانەت بكەرو سیاسییەكانیشیان لە گفتوگۆو ڕاوێژو دانیشتنەكاندا هەر كەسە شاخاویی و شۆڕشگێڕەكانن لە وێنەی بەڕێزان ( نەوشیروان موستەفاو عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەرو عوسمانی حاجی مەحمو موحەمەد تۆفیق ڕەحیم و ئەو نەوە تازەیەی كە پردی گواستنەوەی گەمەو زمانی ئەمانەو لە ناو وەهمی زمانی نەوەی نوێدا توشی شیزۆفرینیای جیاوازبوون بوون ) . گۆڕان زۆر لەوە كەشفترە ئێمە بۆ دەركەوتە نهێنی و شاراوە زیمنییەكانی نەوەی كۆن و موحافیزكارو كۆنەپارێز بگەڕێین و خۆمانی بۆ ماندوو بكەین . لێرەوە تێدەگەین ئەم بزوتنەوەیە لە ناو زمانی كۆن و ئەكتی شاخ و شۆڕشگێڕیی و ئەكتی ململانێی كۆنەكاندان . زمان و موفرەدەكانی گوتاری سیاسی و میدیایی ڕۆشنبێریشیان هەر لە ناو زمانی نەوەی شاخ و شاخاوییەكاندان . ئۆپۆزسیۆنێكن كە رووی ئەو دیوی دەسەڵاتی سیاسی و حیكایەتی شۆڕشگێڕیی و سەرمایەو كالیتاڵ و شەرعییەتی شۆڕشگێڕین . كەواتە ئەمانیش هەر لە ناو زمان و گوتاری زمانیی شاخ و ئەكتەرو بكەرە كۆنەكان و هەمان گەمەو ستراتیژی هەیمەنەو ترس لە بە جێمان و بە خۆر خۆ ڕاكێشاندان . تا ئەو شوێنەی كە زمانێكی جیاوازی لەسەروبەندی فۆرمیولەبووندا بوو ، سەڕوبەندو دەستپێكی زمانێكی نوێی جیاواز لە شاخاوییەكان ، بەڵام لە ناو گەمەی بەرگری و بەرهەڵستكاری ئۆپۆزسیۆنبووندا كرانەوە بە قوڕگ و سكی نەوەی كۆن و گوتاری نەوەی كۆن و شەری نەوەی كۆن و شەڕێ سەمایەو شەڕ لەسەر سەرمایری نەوەی كۆن .

8

دەبێت بچینە ناو ئەكتی نوێی زمان و سەرمایەو كاپیتاڵی زمانەوە . ژیل دولوز لە باسوخواس لە سەر كافكاو مارسێل پروست باش لە خولقاندن و داهێنان و كردەیەكی نوێی زنان و هەڵهاتن و بەرگریكردن و بەرهەڵستكاری دەكات . زمان بۆ دولوز لە ناو صەیرورەو هێڵەكانی هەڵهاتن و بەرگریی و سوبژێكتیڤاسیۆن و سوژەی بەرگریكارو بەرەنگاربوونەوە دەكات . كافكاو ئەدەبی كافكایی و ئەدەبی كەمینەیی ووك بەرگری لە خۆكردن و خۆجیاكردنەوەو خۆ فۆرمیولەكردن ، دەبێت بە ئەكتی بەرگریی و شەڕو بەرهەڵستكاری. دولوز لە باسوخواس لە سەر مارسیل پروست باس لە خولقاندنی زمان دەكات لە باو خماندا . ئایا ئێمە دەتوانین لە باو خمانی باو زاڵ و بالادەستدا كە ، زمانی گوتارو بكرە زالەكان و حیكایەتەكانێتی ، بتوانین زمانێكی نوێ دا بهێب نین ، خاوەنی زمانی جیاوازی خۆتان بین ؟ دەتوانین یاریكەرو گەمەكەرێكی ڤاش و گرنگی ناو دابڕان و تێكشكان و وردوخاشكردن و هەڵوەشاندنەوەی زمانی باوكەكانمان بین ؟ كەركاتێك قودرەت و مەقدیرەتی خولقاندن و داهێنانێكی بوێمان هەبوو لە ناو زماندا ، ئەو گات دەچینە ناو بەرگری و بەرەنگاری و بەرهەڵەستیكردنەوە . دەبێت موفرەدەو حیكایەت و موقەدەسە زمانیتەكان تێك بشكێنین . بەڵام ئەمە كردەیەك نییە كە بە زۆر بەسەر خۆماندا بیسەپێنین. بۆ تێكشكاندن و وردوخاشكردنی زمانی دایك و زمانی باو دەبێت خەیاڵ و جۆری دیكەی خەیالكردنمان هەبێت، نیگەرانیی و دوودڵیی و دڕدۆنگی و نەسرەوتن و گێنگڵدان لەوەی ، بەرانبەر ئەوەی كە هەیەو دادمان نادات ، بەڵكو شێوازو ئەكتی دەربڕینی و خۆ دەرخستن و خۆ مانێڤستكردنی جیاواز تا ئاستی نامۆو نەشازبوون ، زۆڵبوون و خیانەتكردن و بێ ئەمەكی بەرانبەر زمان و ڕێكخستنە باو باڵادەستەكانی زمانی ئێستا ، وا بكەین و وا دەركەوین كە لە دوورو نزیك پەیوەندیمان بە زمانی باوكان و زمانی شۆڕشگێران و زمانی نەوەی كۆنەوە نەبێت . خاوەنی زمان و شێوە زمانی تایبەتی خۆمان بین . نامۆ بین تا ئەو شوێن و ئاستەی نەوەی كۆن بە لادەرو مونحەریف و ئەنارشی و فەوزەوییمام بزانین . دادو بێدادو شەكواو نیگەرانی ئێستای نەوەی كۆن دەربڕینە لە كاڵبوونەوەو ئاوا بوونیان . بێ ئیمانی نەوەی كۆن بەرانبەر ئەم نەوەو نەسلە زۆڵ و بێ ئەسڵ و فەسلە ، حوكمدان و مەحكومكردنیان بە بێ باك و بێ دەربەست و بێخەم گوزارشت و دەركەوتەی ترس و لەمسكردنی ئاوابوون و مەرگە . بەڵام نابێت لە یادی بكەین دەسەڵات خاوەنی دەیان گەمەو ماسك و فڕو فێڵە ، مادام پرسەكە نەمان و مەرگ و ئاوابوونە ، نەوەی كۆن و دەسەڵاتی نەوەی كۆنیش دونیایەك قودرەت و توانای گەمەو یاری هەیە ، هەرگیز مەرج نییە میكانیزمەكانی دەستیان هەتەشەو گوڕەشەو ترساندن و چاو سوركردنەوە بێت ، بەڵكو میكانیزمی دیكەێ شاراوەیان هەیە . بۆ نموونە لێرەو لەوێ چەند گەنجێك وەك زمان و سەرمایەو حیكایەتی نوێ دەبەنە ناو هەناوی خۆیانەوە و دەشیان خەنە ڕیزی پێشەوە ، بۆ ؟ بۆ ئەوەی خۆیان ڕاكێشن و بە تەواوی وننەبن و ئێمەش چاو بەست بكەن لەوەی ئەوانیش گەنج و نەەەی نوێیان تێدایەو پلەو مەكانەت و ئەرزش و بەهایشی پێدەدەن . یاخود چەند بكەرێكی كۆن دەخزێننە ناومانەوە و خۆیان وا دەردەخەن بەشێكن لە ئێمەو خەمی ئێمەو بە تەنگەوەهاتنی ئێمەو زمام و ڕێكخستننە زمانییەكانی ئێمە وەك بەشێك لە ئیمە ! ئەمانە تڕسناكن لە بەر ئەوەی جیاكردنەوەیان سەخت و قورسە . ئەم ئەكتە بەشێكە لە گەمەی زمانی كۆن و زمانی شاخاوییەكانمان .

9

دەبێت مەسافەیەك بخولقێنین كەسمان هەست بەوە نەكات پانتاییەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ یەكتر بینین و ئاشنابوون و ئاشتبوونەوەو فیڵكردن لێمان . دەبێت نامۆو غەریب و نەشازو ڕیزپەر بن . زمانیان دیار بێت ، نامۆو غەریب بن لە ناو ئەكتی خمانی ئێمەدا، هەست بە غوبن و بە جێمان و ئاوابوون بكەن . لەمسی نەرگ و ئاوابوونی خۆیان بكەن. دادوبێدادیان بێت بە دەست زۆڵێتێ و بێباكیی و بێ ئەمەكی ئێمەوە . دەبێت ئیحساس بە مەرگ و روت و تەقسی دوا نەفەسی مەرگ و ئاوابوونی خۆیان بكەن . نامێ بن ، بە هیچ ڕێگاو بە هیچ فڕوفێڵێك نەیەنەوە سەر ئێمەو زمانی ئێمە .

10

زمان بوونێكی هەمیشەیی و جێگیرو سابت و نەگۆڕ نییە ، زمان هەرگیز سیستەمێكی هۆمۆجین و یەكانگیرو هاوئاهەنگی نییە . زمان خۆی هیچ تواناو لێهاتوویی و كاراییەكی نییە . زمان ئەوە نییە كە هەبووە ، ئەوە نییە كە ئێستا هەیە . زمان ئەوەیە كە دەبێت ، لە ناو ئەكتی بەردەوامی بوون بە زماندایە . زمان ئەوەیە كە بەڕێوەیە ، هەمیشە لە صەیرورەدایە ، ئەوەیە كە دێت ، بە بەردەوامی دێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت