شێرزاد شێخانی : قەڵەمە بەکرێگیراوەکان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەدوای ئاشبەتاڵیش قسە هەیە گوایە 175 ملیۆن دۆلاری ئەوسا کە بەبەراورد لەگەڵ نرخی ئێستادا ئەکاتە 175 ملیار دۆلار سەرانی بنەماڵە دەستیان بەسەراگرت و لەگەڵ خۆیان بردە دەرەوەی کوردستان

نوسین هەڵوێستە .. فیکرە .. بەکۆکردنەوەی ئەمدو چەمکە نوسەر ئەبێتە ” بڕیاردەر “، یابڵێین ئەبێتە ” بنیاتنەر “.. بەواتایەکی تر نوسەر ئەبێتە داهێنەری فیکر .. بۆیە زۆرجار نوسینی گەورە نوسەرانی وەکو وڵاتیکی ئەمریکا ئەبنە سەرچاوەی بریاری سیاسی گەورەی دەوڵەتەکەیان .. مرۆڤیش ئازادە لەوەی چ فیکرێکو بیروڕاو هەڵوێستێک وەرئەگرێت لەبەرامبەر روداوەکانی رۆژەڤدا .. بەباگراوندی سیاسی خۆیەوە بریار لەسەر هەڵویستەکانی ئەدات ، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەوا هەمو حزبێکیش کەسیاسەت ئەکات بەپێی بەرنامەو پەیڕەوەکەی ئەبێت لەخزمەتی میللەتەکەیدا بێت ، بۆیە پێموایە هەندێ نوسەر کاتێک ئەکەونە ژێرتاقیکرنەوەوە لەوەی لەنوسینەکانیاندا تا چەند تەعبیر لەخواستو ویستی میللەتەکەیان ئەکەن کە ئەوانیش بەشێکن لەو میللەتە ، ئا لێرەدا ناسنامە بۆ خۆیان دروست ئەکەن ، یا دیفاعی کوێرانە لەسیاسەتی حزبە دیکتاتۆرەکان و ستەمکارەکان ، یا چونە ناو سەنگەری میللەتەوە . لەم بەینەدا ناخی نوسەر دەرئەکەوێت ، بەمەش کۆمەڵگە ئەتوانێت رێزبەندی بۆ نوسەران و ورۆشنبیرانی بکات .

زۆرجار ئاماژەم بەدێڕەشیعرێکی شاعیری گەورەی عەرەب نەزار قەبانی داوە کە دەڵێ : کاتێک نوسەر ئەبێتە زوڕناژەن ، فیکر و پێڵاو یەکسان ئەبن بەیەک “.. لای خۆشمان بەتایبەتیش لەکۆمەڵگەیەکی دواکەوتوی وەکو کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە کلتوری عەرەبی و ئیسلامی بەسەریا زاڵە ، ئێمەش کەوتوینەتە ژێر کاریگەری کلتوری واعیزەکانی سوڵتان کەوا زانای گەورەی کۆمەڵناسی عیراقی دکتۆر عەلی وەردی لە کتێبێکی ناوازەیدا فەزحی کردون .. کلتوری هەڵدانی کیسە زێڕو زیوی سەردەمی سوڵتان و خەلیفەکان ئێستاش باویان ماوەو نوسەرانی ئەم سەردەمە وەکو واعیزەکانی سوڵتانانی پێشو ئامادەن ویژدانی خۆیانیان پێبفرۆشن .
دەمێکە وتومە پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی بێ کلتورە .. حزبێکی دواکەوتوی عەشایەرە ، پێتان سەیر نەبێت دەیان و سەدان نوسەرو روناکبیرو تەنانەت مامۆستای زانکۆش خۆیان خستبێتە خزمەتی ئەم حزبەوە ، هەر بۆیەش زۆرجار وتومە کەوا پارتی بەبێ پارەو دەسەڵات ژیانی کۆتایی دێت ، بۆیە لەوەتەی ئەم حزبە هەیە دەستی بەسەر پارەدا گرتووە بەناهەق سامانی میللەتی زەوتکردوە ، هەر لەساڵانی شەستەکاندا بەڕێی عەشییرەت و بنەماڵە کەوتە ململانێ لەگەڵ باڵە رۆشنبیرەکەی ناو پارتی مەبەستی قۆرخکردنی دەسەڵاتە پارە ، بەڵکو بتوانێ پارەو سامانی حزبەکە بخاتە ژێر دەستی خۆی ، لەدوای ئاشبەتاڵیش قسە هەیە گوایە 175 ملیۆن دۆلاری ئەوسا کە بەبەراورد لەگەڵ نرخی ئێستادا ئەکاتە 175 ملیار دۆلار سەرانی بنەماڵە دەستیان بەسەراگرت و لەگەڵ خۆیان بردە دەرەوەی کوردستان .. لەدوای راپەڕینیش هۆکاری سەرەکی شەڕی براکوژی تەنها دەستبەسەراگرتنی داهاتەکانی ئیبراهیم خەلیل بوو .. دوای روخانی بەعسیش یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرکییەکانی واژوکردنی رێکەوتنی ستراتیژی پارتی لەگەڵ یەکێتیدا دابەشکردنی سامانەکەی بەغدا بو ، ئێستاش کەپارتی دەستبەرداری هەردو پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و دۆسیەی نەوتی هەرێم نابێت ، لەبەر ئەوەیە سامانی میللەت و بریاردان لەسەری هەر بەدەست خۆیانەوە بێت .
لێرەدا وەکو چەند جارێکیش وتومە کەوا پارتی بەبێ پارە کەس ئاوڕی لێناداتەوە، بۆیە ئەمڕۆ دەیان نوسەری بەتواناش لەدەوری پارتیدا کۆبونەتەوە تەنها بۆ دۆشینی ئەم حزبەیە ، ئەگینا سیاسەت و هەڵوێستی سیاسی ئەم حزبە مایەی شەرمەزاریییە بۆ کەسی نەخوێندەوار چ جای مامۆستای زانکۆ و نوسەر کەلەدیدارە تەلەفزیۆنیەکاندا زمانیان تەتەڵە ئەکات نازانن چۆن داکۆکی لەسیاسیە قێزەونەکانی سەرانی ئەم حزبە بکەن .
لەم چەند مانگەی ئەخیرا لەکاتی ئەم هەمو هەڵویستە ناشرین و نایاسایی سەرانی پارتی لەمامەڵەکردن لەگەڵ روداوەکان بینیمان نوسەرو رۆشنبیرانی ئەم حزبە چۆن توشی فەزاحەت بون لەبەر چاوی خەڵکیش سوکو ریسوا بون ، کاتێک کوێرانە کەوتنە دیفاعکردن لەهەڵوێستەکانی ئەم حزبە بەبێ ئەوەی خۆشیان قەناعەتیان بەنوسینەکانی خۆیانەوە هەبێت . سیاسەتەکانی پارتی ئەمانەی شەرمەزرارکرد بەڵام چونکە ئیمتیازات و پارەو پول و مەسڵەحەتیان لەگەڵیدایە بەناچاری وشەکانیان ریز ئەکردودیفاعیان لەقەزییەیەکی دۆڕاوی نایاسایی و ناشەرعی ئەکرد .
بیرمانە هەندێ لەنوسەرو ئەندام پەرلەمانەکانیان چۆن کەوتبونە خۆیان بۆ دیفاع لەهەڵوێستی پارتی بەرامبەر بەگۆڕان ، دەیانو سەدان نوسین و وتارو لێدوانیان دا لەسەر ئەوەی کەوا بزوتنەوی گۆڕان کۆتایی هات ، ئەمە حزبێکی کودەتاچییەو جارێکیتر جێگایان لەدەسەڵاتدا نابێتەوەو ناگەڕێنەوە پەرلەمانو حکومەت ، ئێستاش هەمان ئەو نوسەرانە باس لەوە دەکەن بەبێ گۆڕان پرۆسەی سیاسی لەهەرێم بەڕێوە ناچێت ، باشترین چارەسەریش گەڕانەوەی شەرعیەتی پەرلەمانە ، گۆڕانیش ئێستا بوە بەشییربرای پارتی .. ئا لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێ کەوا فیکرو هەڵوێستیش کاڵایەکە قابیلی فرۆشتنە لای هەندێ کەس .
نوسەرێکیان سلێمانی بەوە وەسف ئەکات کە داگییرکراوەو حزبەکانیشی بەکرێگیراوی ئێرانن .. یەکێکی تر خەڵکی سلێمانی بەئاژاوەگیڕ وەسفئەکات .. ئەمەش لەکاتێکدایە کەوا میللەت هێشتا وێنەی دەبابەکانی بەعسی لەبەر چاو نەسڕاوەتەوە کاتێک پارتی هێنایە سەر پەرلەمانە تازە لەدایکبوەکەمان کە ئاواتی گەورەی هەمو میللەت بو ، بە واسیتەی دەبابەکانی بەعسەوە هەولێر لەوساوە داگییرکراوەو تەسلیمی دەستی پارتی کراوە .. خۆ ئێستاش سوپای داگییرکەری تورکیایە لەزۆنەکەی پارتیدا بنکەو بارەگای داکوتاوەو دەبابەو تانکەکانی تەراتێن ئەکەن . دیسان هەر ئەو کۆیلانەی پارتی بون لەراگەیاندنەکاندا وتیان پێش ناوهێنانی سەرکردەکانی پارتی دەسنوێژ هەڵئەگرین ، کەچی ئێستا ئەوان بەخەڵکی سلێمانی ئەڵێن بەکرێگیراون .. لەم رۆژانەدا بینیمان کادیرەکانی پارتی تەنانەت لەریشی سپی مەلاکانیش سڵیان نەکردەوەو ئاگریان تێبەردا ، دەیان و سەدان خەڵکی ناڕازی ئەگرن و شوێنبزریان ئەکەن ، کەچی ئەوان بە خەڵکی سلێمانی ئەڵێن ئاژاوەگێڕ . مەودای نێوان سلێمانی و هەولێر ئاسمان و رێسمانە نەوەک تەنها 180 کیلومەترێک .. نێوانی زۆنی ئەوان و ئێمە تەنها دو سەیتەرەکەی پردێ و دێگەڵە نیە ، بەڵکو نێوانیان چەندین سەدەیە لە سەقافەت و کلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی .. من هەولێریم هەزاران کەسی وەکو منیش شارە خۆشەویستەکەیان جێهیشتوە لەسایەی ئەو کلتورو فەزایە سیاسییە پیسەی پارتی لە شارەکەدایە کەوای لێهاتوە خەڵکی هەولێر بەجیدی پارتی وەکو هێزێکی داگییرکەر ببینن .
لەکۆتاییدا نەوەدەکاندا کاتێک ناوچەی پیرەری نزیک شاری کۆیە بو بەسنوری جیاکەرەوەی دو هەرێمی جیاواز لەیەکترو بەحوکمی ئەوەی کچەکەی لەسلێمانی بو ، خەسوم بەرەحمەت بێت جارجار ئەهاتە سەردانمان .. ئەو ژنێکی نەخوێندەوار بو لەهەمو تەمەنیا کە حەفتا ساڵێک ژیا تەنها کۆفی عەنانی ناسی کاتێک ناوی ئەهاتە ناو ناوان لە نەوەدەکاندا لەسای پرسی رێکەوتنی عیراق و نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر بەرنامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراک ، چونکە ئەو تەنها خەمی نانی مناڵەکانی بو .. لەسەر زاری ئەوەوە بۆتان ئەگێڕمەوە کە ئەیوت ” نازانم بۆچی هەر جارێک لەسەیتەرەی دیگەڵە ئاودیو ئەبم هەست بەئارامی و ئاسودەیی ئەکەم .. تەنانەت هەواکەی ئەمبەرەش زۆر سافترە لەوبەر ..

بەکلیکێک لەسەر سمولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت