میران محه‌مه‌د : دواڕۆژی سه‌رانی کوردی هه‌رێم له‌ دوێنی یاسر عه‌ره‌فات باشتر نا بێت‌!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی: ئەم بابەتە 26- 02- 2016 بڵاو کراوەتەوە.

کوشنده‌ترین هه‌ڵه‌ی یاسرعه‌ره‌فات، لایه‌نگری و پاڵشتی کردنی صدام حسێن بوو له‌ په‌لامار و داگیرکردنی کوێتدا. یاسرعه‌ره‌فاتی پیره‌ به‌ناو شۆڕشگێـڕ و سیاسی خۆ‌ به‌ بێ به‌دیل زان، درکی به‌و ته‌ڵه‌ مه‌حکه‌مه‌ نه‌کرد بوو، که‌ پلانداڕێژه‌رانی ئه‌مریکا و خۆرئاوا، له‌ ده‌ست و قاچی صه‌دام و حیزبه‌که‌یه‌وه‌ ئاڵاندبویان بۆ خلۆرکردنه‌وه‌یان به‌ره‌و گۆڕێك که‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وانی تێدا ده‌هاته‌ دی!
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نها و ته‌نها یه‌کانگیربونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی وڵاتانی‌ زلهێزی جیهان له‌گه‌ڵ خوێن و عاره‌قه‌ و ئاوات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کوردا بو که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژوی دور و نزیکی گه‌له‌که‌ماندا ده‌رفه‌تی ڕزگاربون و ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌‌یان بۆ گه‌له‌که‌مان ڕه‌خساند. هه‌ر ته‌فسیرێکی جیاواز له‌مه‌ چه‌واشه‌کردن و خۆڵ کردنه‌ چاوی خه‌ڵکیه‌ ! ده‌رفه‌تانێك ‌که‌ ده‌بوایه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کان به‌ ئاڕاسته‌ی له‌ ده‌ست نه‌دان و په‌ره‌پێدان و به‌رده‌وامبوونیان چڕبکرانایه‌وه‌. هاوبه‌رژه‌وه‌ندیه‌ك که‌ پێویست بوو دڵسۆزانه‌ و نیشتمان په‌روه‌رانه‌و گه‌لێك‌ ژیرانه هه‌وڵی قه‌به‌کردن و به‌رفراوانترکردنی بدرایه‌ و به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ به‌کارببرایه‌ بۆ پته‌وترکردن و په‌ره‌پێدانی هه‌ماهه‌نگی و توندوتۆڵتر کردنی هاوپه‌یمانی و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و دیبلۆماسی و بازرگانی و ئابورییه ڕاسته‌وخۆکانی نێوان هه‌رێم و وڵاته زلهێزه خاوه‌‌ن بڕیاره‌کانی جیهان. وه‌لی هه‌زاران مه‌خابن ، هه‌نگاوه‌ نا حه‌کیمانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵ و خۆ په‌روه‌رانی هه‌رێم، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌‌ بوونه‌ هۆی لاوازبون و کاڵ بوه‌نه‌وه‌ و له‌ ده‌ست دانیان. ده‌رنجامه‌که‌شی:
* پاش نا ئومێد بوون له‌ دڵسۆزی و لێهاتوییان، پشت له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم کردن و که‌نارگیرکردنیان و گه‌ڕان به‌دوای‌ به‌د‌یلێکی به‌سودتری له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ لێ که‌وته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم سه‌لماندیان که‌ پێش له‌ هه‌ر سۆزێکی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌ریی هه‌وڵه‌کانیان چڕکردۆته‌وه‌ بۆ قۆرخ کردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ کۆیله‌کردن و برسیکردنی هاوڵاتیانی خۆیانه و به ‌تاڵان بردن و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌که‌یان !
* ‌به‌ ته‌واوی خۆ فڕێدانه‌‌ باوه‌شی ئایه‌توالله‌ و سوڵتانانی واریسی قڕکه‌رانی گه‌له‌‌که‌مان، بێ به‌ها بوونیانی لای هاوپه‌یمانان لێکه‌وته‌وه. که‌وتنه‌ باوه‌شێك که‌‌ کۆنتڕۆڵی زۆربه‌ی کایه‌ سیاسی و ئابوریه‌ گرینگ و کاریگه‌ره‌کانی هه‌رێمه‌که‌مانی خسته‌ ده‌سی دوژمنانه‌وه. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا، خۆ بچوك کردنه‌وه‌ و خۆ به‌ کۆیله‌کردن و خۆ ته‌رخان کردنه‌ بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌جێندا شۆڤێنیه‌ شه‌یتانیه‌ فێڵاویه‌کانی دوژمنانێك که‌ کـتـێـبـه‌کانی مێژو جێی باسی تاوانه‌کانی ئه‌وانی به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌مان تیا نابێته‌وه‌ !
* به‌ستنه‌وه‌ی چاره‌نوس و ئاینده‌‌ی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌مان به‌ چاره‌نوس و ئاینده‌ی‌ وڵاتانی ئینته‌لا به‌ بیری ئیسلامی کاندید به‌دۆڕان و له‌ناوچوونی حه‌تمی له ململانێکانی ناوچه‌که‌دا، بۆ خۆی له‌ خۆیدا دوپاتکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ گه‌وره‌که‌ی یاسر عه‌ره‌فاته ‌! وه‌لی له‌ ئان و سات و سیناریۆ و نمایشێکی جیاوزی هه‌مان سیناریست و هه‌مان نمایشکاراندا.
هه‌ر که‌س کتێبه‌که‌ی خاتوغریس‌هالسل ( النبؤة و السیاسة، که‌ محمد السماك وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی ) ــی خوێندبێته‌وه‌، تێده‌گات که:
* ئه‌مریکا و خۆرئاوا هه‌رچه‌ند‌ علمانین به‌ڵام نه‌زعه‌یه‌کی ئاینی توندڕه‌وی به‌هێز پاڵنه‌ری داڕێژه‌رانی پلان و پڕۆژه‌ سیاسیه‌کانیانه.
* له‌ پاڵ به‌ده‌س هێنان و پاراستنی به‌ژه‌وه‌ندیه‌کانیاندا ، چه‌قی داڕشتنی پلان و پڕۆژه‌ و خولانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و خۆرئاوا وابه‌سته‌ به‌ پاراستن و سه‌رکه‌وتن و مانه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئیسرائیلیه‌کانه‌وه . له‌و پێناوه‌دا، کاولکاری و خوێنڕژتن و کاره‌ساتی جه‌رگبڕی مرۆیش تا ده‌گاته‌ ڕاده‌ی ئاماده‌گی بۆ به‌کارهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی نا بنه‌ کۆسپ و ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی ویژدانیشیان بۆ نا کرێت!
* دوای سه‌رکه‌وتنی ئه‌مریکا و خۆرئاوا له‌ داڕمانی یه‌کێتی سۆڤێت و هاوپه‌یمانه‌کانیدا و گه‌یشتن به‌ سنوردارکردنی ڕۆڵ و کاریگه‌ری بیری کۆمۆنسیت به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ر چاو له‌ جیهاندا، سه‌ره‌ی ده‌سپێکردنی هه‌نگاوه‌ جدیه‌کانیانه بۆ په‌ڕو باڵکردنی وڵات و ڕێخراو و هێزه‌ ئیسلامیه‌کان و په‌کخستنی هه‌وڵه‌کانی زیندوکردنه‌وه‌ی بیر و فه‌لسه‌فه‌ و حوکمی خه‌لافه‌ی ئیسلامی. بێ دوودڵی و به‌ دلنیاییه‌وه‌ دره‌نگ یان زوو سه‌ره‌ی سولتان ‌و ئایه‌توالله و کۆیله‌ و دارو ده‌سته‌کانیشیان ، که‌ له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه، دێت.‌

عێراق ، ئه‌زمونێکی به‌سه‌رچوو:

ئه‌مریکا و وڵاتانی خۆرئاوا له‌ڕێی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانیانه‌وه‌ ساڵانێك:
* ڕێ خۆشکه‌ری گه‌یشتنی صه‌دام و پارته‌که‌ی بوون به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق،
* بێ ده‌گ بوون له‌ پاکتاوکردنی نه‌یارانی به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌،
* بۆ بوژانه‌وه‌یه‌کی کاتی ئابوری عێراق چاویان له‌ خۆماڵیکردنی نه‌وته‌که‌ی پۆشی و به‌ نهێنیش پاڵپشتی سه‌رخستنیان کرد تا توانای پڕ چه‌ك کردنی به‌ صه‌دام ببه‌خشن ،!
* یارمه‌تیده‌ری صدام بوون له‌ به‌هێزکردنه‌وه‌ی ناخۆی عێراقدا، به‌ پشتکردنه‌ کورد و دامرکانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌ ڕزگاری خوازه‌که‌یان له‌ ڕێی گه‌ڵاڵه‌کردن و سازکردن و مۆرکردنی ڕێکه‌وتننامه‌ شومه‌که‌ی جزائره‌وه.
به‌م شێوه‌یه‌ توانرا صدام و ڕژێمه‌که‌ی ئاماده‌بکرێن بۆ به‌رگرتن به‌و مه‌ترسیه ‌ چاوه‌ڕوانکراو و چاوه‌‌ڕڕوان نه‌کراوانه‌ی ڕه‌نگه‌ ‌داوی گۆڕینی ڕژێمه‌که‌ی‌‌ شای ئێران سه‌رهه‌ڵبده‌ن. ئه‌و شایه‌ی به‌ هۆی گه‌یشتن به‌ غرور و ملهوڕی و ئاماده‌بونی بۆ به‌‌زاندنی سنوره‌کان‌ له‌ ئاست ئه‌مریکا و خۆرئاوا و ئیسرائیلدا خۆر‌ی به‌ختی به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو.
هه‌ر واش ده‌رچوو. ئه‌وه‌ بوو به‌ هاندان و پشت به‌ستن به‌ ئه‌مریکا و خۆرئاوا صدام و ڕژێمه‌که‌ی عێراقی ئاماده‌کراویان دژ به‌ ڕژێمه‌ ساواکه‌ی خومه‌ینی ئێران گلانه جه‌نگێکی خوێناوی سه‌ختی درێژخایه‌نی ماڵ وێرانکه‌ره‌وه‌. ساڵانێکی دژوار که‌ تێدا هه‌موو جیهان له‌ هه‌مو ڕویه‌که‌وه‌ به‌ ئاشکرا له‌ پشت صدام و ڕژێمه‌که‌یه‌وه‌ وه‌ستابون و چاو پۆشیان له‌ گشت سه‌رکێشی و تاوانه قێزه‌وه‌نه‌‌کانی ده‌کرد. له‌هه‌مان کاتیشدا و بۆ ڕاگرتنی پارسه‌نگی شه‌ڕه‌که‌ و نه‌بردنه‌وه‌ی هیچ لایه‌کیان، ژێر به‌ ژێر چه‌کیان به‌ ئایه‌توالله‌کانیش ده‌فرۆشت!
ئه‌و شه‌ڕه‌ی دوای هه‌شت ساڵی ڕه‌به‌ق ته‌نها و ته‌نها به قازانج و به‌د‌یهاتنی خواسته‌کانی هاوپه‌یمانان و له‌ژێر کۆنتڕۆڵ و فشاری ئه‌واندا کۆتایی پێ هێنرا و کاسی ژه‌هره‌که‌ی به زۆر ده‌رخواردی خۆمه‌ینی درا .
دوای ئه‌و هه‌موو قوربانی و وێرانکارییه‌ی به‌سه‌ر وڵاته‌که‌یدا هێنای به‌ بێ گه‌یشتن به‌ هیچ ده‌سکه‌وت و ئامانجێكی دیار صدامی مایه‌ پوچیش بۆ چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکه‌که‌ی ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنی ده‌گێرا !
عێراقی صدام به‌ جبه‌خانه‌یه‌کی قورسی سیخناخ به‌ چه‌کی سوك و قورسی گه‌لێك ترسناك و پێشکه‌وتوه‌وه‌، به‌ ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر له‌ ‌هێزی سه‌ربازی مه‌شق پێ کراو، له‌ یه‌که‌ جۆرا و جۆره‌کان به‌ ئه‌زمونی شه‌ڕ و خوێن ڕشتنێکی زۆره‌وه له‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ هاته‌ده‌ره‌وه. ‌ ئه‌وهێزه‌ی که‌ صدام زۆر دڕندانه‌ به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌ له‌ شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال و کیمیابارانه‌کانیدا به‌کاری هێنا بۆ له‌ناو بردنی هێزه‌ چه‌کداره‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌ کورده‌‌کان و دێ نشینه‌ بێ چه‌كه و هاوسۆز و هاوکاره‌کانیان. ئه‌وانه‌ی له‌ مردنیش ڕزگاریان بوو به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ گوند و شار و شارۆچکه‌کانیان خاپور و وێرانکراو خۆشیان که‌وتنه‌به‌ر شاڵاوه‌کانی ڕاگوێزان. به‌م ‌شێوه‌یه‌ صدام توانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆی به‌سه‌ر بست به‌ بستی خاکی عێراقدا بسه‌پێنێت و زۆربه‌ی نه‌یاره‌کانی له‌ ناو به‌ڕێ و ده‌ربازبووه‌کانیشیان بێ تروسه‌که‌ هیوایه‌کی گه‌ڕانه‌وه‌ ئاودیوی سنوره‌کانی وڵاته‌که‌یان بکات.
میدیا و میدیاکاره‌ حزبیه ‌ تێروته‌سه‌له‌ زه‌به‌لاحه‌ زۆر بڵێ و زیاده‌ڕۆ و ماستاوچیه‌کانی صدامیش، ڕاستیه‌کانیان ده‌شارده‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی دی فویان به‌ هێز و توانا و لێوه‌شاوه‌یی و سه‌رکه‌وتنه‌ وه‌همیه‌کانیدا ده‌کرد و ڕای گشتی ناخۆ و عه‌ره‌بییان بۆ چه‌واشه‌ ده‌کرد. قودسیه‌تێکی بێ بنه‌مایان به صدامی قائد الضرورة ده‌به‌خشی. کردبویانه تاکه‌ فریاد ڕه‌س و ڕزگارکه‌ری نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و له‌ناوبه‌ری چاوه‌ڕوانکراوی‌ ئیسرائیلی دوژمنی داگیرکه‌ر.
ئه‌مانه‌ غرورێکی بێ ئه‌ندازه‌یان دایه‌ صدام و حیزبه‌که‌ی. له‌ که‌وڵ و قه‌باره‌ی خۆیان ده‌ریانهێنان. به‌ جۆرێك خۆیانیان لا بوو بوو به‌ سوپه‌رمان و خدری زینده‌ . وه‌ك کرم که‌ به‌رامبه‌ر فیل، که‌وتنه‌ به‌ربه‌ره‌کانی کردنی خواسته‌کانی هاوپه‌یمانان و لێدانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان. ڕۆژ به‌ڕۆژ پڕۆپاگه‌نده‌کانیان بۆ دوژمنایه‌تیکردن و هه‌ڕه‌شه‌کانیان بۆ لێدانی ئیسرائیل ڕووی له‌ هه‌ڵکشانن ده‌کرد. هه‌ر له‌م گۆشه‌ نیگا ساخته‌یه‌وه‌ بوو یاسر عه‌ره‌فات و داروده‌سه‌که‌شی له‌ خشته‌ بران و خۆیان خزانه‌ پاڵ صه‌دام و هه‌موو هێلکه‌کانیان‌ خسته‌ سه‌به‌ته‌که‌ی ئه‌و سه‌رکرده‌ فوتێکراوه ڕوو له‌ دۆڕاندنه .
دوای هاتنه‌دی مه‌رامه‌کانیان و نه‌مانی گرنگی و پێویستی ‌ ڕۆڵی صدام و حزبه‌که‌ی له‌ پڕۆگرام و ئه‌جێندا و نه‌خشه‌ی سیاسی ئاینده‌ی وڵاته‌کانیاندا، هاوپه‌یمانان سودیان له‌و غرور و له‌ خۆ بایی بوونه‌یان‌ وه‌رگرت و به‌ ئاسانی به‌ره‌و ته‌ڵه‌ی داگیرکردنی کوێت په‌لکێشیان کردن. به‌ بیان و پێشێلکردنی یاسا نێو ده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه‌  ده‌ستیان کرد به‌ جێبه‌جێکردنی سیناریۆ دۆزه‌خییه‌ درێژخایه‌نه‌که‌یان بۆ هه‌ڵته‌کان و دورخستنه‌وه‌ی صه‌دام و حیزبه‌که‌ی له‌ ده‌سه‌لات و کاریگه‌ریان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و ناوچه‌که. پێشهات و ڕوداوه‌کانی دواتر ئاشکران، صه‌دامی نۆکه‌ر و عه‌ڵقه‌ له‌ گوێی چه‌ند ساڵه‌ی خۆیان چۆن کرد به‌ژێر ده‌ست و پێوه‌ و به ماکینه‌ جه‌نگیه‌ زه‌به‌لاحه‌ پێشکه‌وتوه‌کانیان وڵاته‌که‌یان کاول و له‌شکره‌که‌یان قڕکرد. به‌ سه‌ر شۆڕییه‌وه‌‌ له‌ کوێت ده‌ریان په‌ڕاندن و خه‌ڵکه‌که‌ی ناوخۆشیان به‌ ڕاپه‌ڕێن کرد به‌ گژیاندا.
یاسرعرفات و ڕێکخراوه‌که‌شیان په‌راوێز و بێ پشت و په‌نا په‌ڕوباڵ کران و ناچار به‌ داننان به‌ ده‌وڵه‌تی ئسرائیل و واژوکردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ئۆسلۆ کران.
دوای چه‌ندین ساڵی سه‌خت و پڕ کوێره‌وه‌ری بۆعێراق و عێراقیه‌کان له‌ کۆتایی فلیمه‌که‌دا صه‌دام و داروده‌سته‌که‌شی کرانه‌ کارتی یاری و یه‌ك له‌ دوای یه‌ك به‌‌ سه‌ر شۆڕی و زه‌لیلی په‌تی سێداره‌یان له‌ مل ئاڵێنرا.

له‌ ڕوانگه‌ی هه‌مان سیناریۆ‌ی وڵاتانی خۆرئاوا و ئه‌مریکاوه‌ به‌رامبه‌ر صدام و حیزبه‌که‌ی ،‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مریکا له‌ ئاست تورکیادا ئاماده‌کردنی ئه‌ردۆگان و حیزبه‌که‌ی بووه‌ بۆ تێوه‌گلانیان له‌ کاتی پێویستدا له کێشه‌ی مه‌زنتر له‌ هێز و تواناکانیان به‌ مه‌به‌ستی ڕاپێچکردنیان به‌ره‌و دۆزه‌خی دۆڕاندن:

تورکیا ، ئه‌زمونێکی به‌رده‌وام:
* شلکردنی لغاوی ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه بۆ سه‌رکوتکردنی نه‌یاران و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات،
* ڕێدان به‌ گه‌شه‌کردنی ئابوری تورکیا له‌سه‌ر حسابی ناوچه‌که‌ به‌ گشتی و هه‌‌رێمه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بێ خاوه‌نه‌که‌ی کوردستان به‌ تایبه‌تی،
* چاوپۆشی و هه‌ندێ جار هاندان و هاوکاریش له‌ په‌ل هاویشتنی تورکیای ئه‌ردۆگانی بۆ ناو پارته‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌کانی وڵاتانی ئینته‌لا به‌ بیری ئیسلامی سیاسی و هێلانه‌ی تۆڕ و هێزه‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌کان له‌ ناوچه‌که و له‌ جیهاندا.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ قا‌سه‌کانی تورکیایان پڕکرد و په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌ گه‌ڵ ڕێخراو و ‌‌هێز و لایه‌‌ن و وڵاته‌ ئسلامیه‌کان به‌ هێز و به‌رفراوان کرد. ئه‌مانه‌و بوونی هێزێکی سه‌‌ربازی و جبه‌خانه‌یه‌کی مه‌زن و نازکێشانی وڵاتانی خۆرئاوا و ئه‌مریکا و پاڵپشتی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌ولاوه، صه‌دام ئاسا ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌یان توشی په‌تا کوشنده‌که‌ی لوت به‌رزی وغرورییه‌کی بێ ئه‌ندازه‌ کرد‌ن. به‌ چه‌شنێك خستنیه‌ دوای کڵاوی بابردوی گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌رشی سوڵتانی و خۆ له‌ قه‌ڵه‌مدان به‌ کوێخا و ‌به‌رپرسی یه‌که‌می داکۆکی له‌ ماف و خاك و گیان و سه‌روه‌ت و سامانی هاوڵاتیانی وڵاته ‌ئسلامیه‌کان.
لێره‌وه‌ هه‌نگاوه‌ پڕ له‌ خۆ بایبونه‌کانی ئه‌ردوگان و حیزبه‌که‌ی ده‌ستی پێ کرد. هه‌ر له‌ ڕێ نه‌دان به‌ هاوپه‌یمان‌ بۆ لێدانی عێراق له‌ خاکی تورکیاوه ، یارمه‌تیدانی چه‌کدارانی حه‌ماسی غه‌زه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و سوکایه‌تی کردن به‌ ئیسرائیل، تا ده‌گاته‌ دوژمنایه‌تی کردنی له‌ کۆڕ و کۆبونه‌وه‌‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کاندا.
ئه‌مانه‌ هه‌لی به‌ گه‌ڕخستنی سیناریۆی پاش په‌کخستنی بیری کۆمۆنیستیان به‌خشییه‌ هاوپه‌یمانان بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و لێدانی هێز و رێکخراوه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیه‌کان و سوكردن و له‌به‌ر چاو خستنی خودی ئاینی ئیسلام و له‌ گۆڕنانی پلان و خه‌ونه‌کانی ئه‌ردۆگان و حیزبه‌که‌ی و‌ کۆتایی هێنان به‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ری بیری ئیسلامی و هێزه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌کان له ناوچه‌که‌دا به‌ تایبه‌تی و له‌ جیهاندا به‌گشتی . به‌ ئێرانی ئایه‌توالله‌ کانیشه‌وه ، هه‌رچه‌نده ئێستا‌ له‌ گه‌ڵیان له‌ که‌یفی مانگێکی هه‌نگوینی ته‌زویری ساخته‌دان.
ته‌ڵه‌که‌ی ئه‌م جاره‌ی‌هاوپه‌یمانان ، نه‌ك ‌ته‌نها له‌ قاج‌ و ده‌ستیانه‌وه‌ به‌ڵکو له‌ ملی ئه‌ردۆگان و حیزبه‌که‌شیه‌وه‌ ئاڵاوه‌ . دره‌نگ یان زو ده‌یان خنکێنێ و خۆری به‌ختیان به‌ره‌ و ئاوابوون ده‌بات:‌ ‌
* چاوپۆشیکردن له‌ په‌ك خستنی پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ کورده‌کانی باکور و سه‌رکێشی و خۆێنڕشتن و سته‌مکاریه‌کانیان دژ به‌ هاوڵاتیانی ئۆپۆزیسیۆن تورکیا به‌ گشتی و کورده‌کانیان به‌ تایبه‌تی ، که بۆته‌ مایه‌ی تێکچونی ئارامی و ئاسایشی تورکیا و زیاد بونی توڕه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی دژیان !
* تێوه‌گلانیان له‌ هه‌ڵگریسان و پاڵپشتی کردنی ڕوداو و پێشهاته‌کانی به‌ناو به‌هاری عه‌ره‌بی به‌گشتی و شه‌ڕی ناوخۆی سوریا ‌به‌تایبه‌تی . که‌ بۆته‌ هۆی لاوازبونی په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسیه‌‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دور و نزیکدا!
* چاونوقان و بگره‌ هاوکاری کردنی‌ ده‌سوه‌ردانی تورکیا له‌ خاك و سامان و کاروباری ناوخۆی عێراق و سوریا و دامه‌زران و پڕچه‌ککردنی گروپه‌ توندڕه‌وه‌ تیرۆریسته‌کان . بازرگانی له‌گه‌ڵیان و ئاسانکاری و ڕێ خۆشکردن بۆ تیرۆریستانی هاوسۆزیان له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی پێوه‌کردن و چوونه‌ ناو ڕیزه‌کانیانه‌وه‌ له‌ عێراق و سوریا.
* دوای هاندان وهه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌ جه‌نگیه‌که‌ی روسیا‌ ، که‌نارگیرکردن و به‌ته‌نیا جێهێشتنی تورکیا له‌ گۆڕه‌پانی ململانه سه‌خت و ئاڵۆزه‌کاندا به‌رامبه‌ر ڕوسیا و ئێران و سوریا و حیزبو الڵه و کورده‌کانی باکور و ڕۆژئاوا و هێزه‌ ڕاست و چه‌پ و دینیه‌ نه‌یاره‌ تورکه‌کانی ناو خۆی تورکیا . ته‌گه‌ره‌ خستنه‌ ڕێی ڵیدانی کوردانی ڕۆژئاوا . به‌ ته‌ریبی شابه‌شانی ڕوسیا لێدان و بۆمبارانی هێز و گروپه‌ چه‌کداره‌ دۆسته‌کانی ئه‌ردۆگان له‌ عێراق و سوریا. وه
* په‌لکێشکردنی ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی بۆ هاوپه‌یمانێتیه‌کی گوماناوی وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی بێ پاڵپشتی ئه‌مریکا و خۆرئاوا دژی ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی له‌ عراق و شام ( داعش ) ، که‌ زۆرێك له‌ میدیاکاران و سیاسه‌ت مه‌داران و بیرمه‌ندانی جیهان به‌ کوڕه به‌نازه‌که‌ی خۆیانی ده‌زانن.
ئه‌مانه‌ هه‌موی له‌ ڕاستیدا ئه‌و ته‌ڵه‌ مه‌حکه‌مه‌یه‌ خۆرئاوا به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا له‌ مێژه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن بۆ گلۆرکردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی به‌ره‌و که‌نده‌ڵانی کۆتایی حه‌تمی خۆیان و ده‌سه‌ڵاتیان و گشت پاشکۆ و هاوبیر و هاوپه‌یمان و به‌کرێ گیراوه‌کانیان له‌ تورکیا و ناوچه‌که‌دا .

پرسیاره‌ گرینگ و مه‌ترسیداره‌کان‌ لێێره‌دا ئه‌مانه‌ن:
پاش نه‌مانی چاوه‌ڕڕوان کراوی حه‌تمی ئه‌ردوگان و حیزبه‌که‌ی له‌ سه‌ر ته‌ختی حوکم ، ده‌بێت چاره‌نوسی سه‌رانی کوری نه‌گبه‌تی هه‌رێم و هێلکه‌کانیان له‌ سه‌به‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆگاندا به‌ چی بگات؟
بڵێی عاقیبه‌تی خۆیان و گه‌له‌که‌یان له‌ عاقیبه‌تی یاسرعه‌ره‌فات و فه‌له‌ستینیه‌کان باشتر ‌بێت؟
یاسر عه‌ره‌فاتێك که‌ سه‌رکرده‌ی زۆرینه‌ی ڕه‌های گه‌له‌که‌ی بوو‌ نا چار به‌ واژوکردنی ڕێکه‌وتن نامه‌ی ئۆسلۆ کرا!
ئه‌ی سه‌رانی هه‌رێم ، که‌ هیچ کامیان له‌ راپرسیه‌کی بێ گه‌ردی ڕاسته‌قینه‌دا هه‌رگیز ده‌نگی له‌ سه‌دا بیستی هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌ده‌‌س ناهێنن ، ده‌بێت نا چار به‌ چی بکرێن؟
بڵێیت ئه‌م ئیفلاس و قه‌رزارکردنه‌ی هه‌رێم باجی پاشکۆیی بارزانی و حیزبه‌که‌ی بۆ ئه‌ردوگانیه‌کان بێت و هه‌رێم بیداته‌وه‌ و ته‌ڵه‌که‌ی‌ ئه‌ردۆگان ئه‌وانیشی پێوه‌ بووبێتن؟

چاره :
به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌بێت به‌ خێرایی به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هه‌ڵوێست و په‌یوه‌ندی و ده‌فته‌رکانیان ڕێك بخه‌نه‌وه. به‌م ریتمه‌ درێژه‌دان به‌م پاشکۆییه‌ی ئێستایان و مانه‌وه‌یان به غوڵامی و دارده‌ستی سوڵتان و ئاخونده‌کان ئاکامی زۆر خراپ و ترسناك و تۆقێنه‌ریان لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ ! دۆخه‌که‌ زۆر له‌وه‌ ترسناکتره‌ که‌ به بیرماندا دێت!
بۆ ده‌ربازبوون به‌ که‌مترین زیانه‌وه له‌م دۆخه‌ دژواره‌دا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ باوه‌شی گه‌ل و  هه‌ڵهێنانی کوتوپڕ و ده‌سبه‌جێی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ یه‌:

1 – گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه‌ و ئابڕوی هه‌رێم له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌، به‌ ‌ڕێ‌کخستنه‌وه‌ی ناوماڵی کورد ‌و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان وه داموده‌زگا حکومیه‌کان و دانانی سه‌رۆکێکی لێهاتوی شیاوی بێ لایه‌نی جێی متمانه‌ی خه‌ڵکی بۆ هه‌رێمه‌ بێ سه‌رۆکه‌که‌مان. قۆڵ لێ هه‌ڵکردنێکی خێرای چاپوك و مه‌ردانه‌ بۆ چاکسازیه‌ گرینگ و بنه‌ڕه‌تیه‌کان.
2 – نوێکردنه‌وه‌ی برایه‌تی و به‌هێزکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی و پالپشتی و هاوکارییه‌کان له‌گه‌ڵ برایانی خه‌باتگێڕی به‌شه‌کانی تری کوردستان،
3 – توند و تۆڵکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان به شێوه‌یه‌کی پارسه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ زلهێز و هاوسۆزی گه‌له‌که‌مان له‌ ناوچه‌که‌ و له جیهاندا ، له ‌سه‌ر بنه‌مای باڵانس له‌ به‌خشین و ده‌سکه‌وت.
4 – گواستنه‌وه‌ی میلاکی سه‌رجه‌م هێزه‌ جه‌کداراه‌کان بێ دواخستن له‌ حیزبه‌کانه‌وه‌ بۆ سه‌ر میلاکی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێسمه‌رگه ، وه باشکردنی باری گوزه‌ران و ئاستی ئابوریان.
5 – ئاشتکردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان، به جێبه‌جێ کردنی داواکاریه‌ ڕه‌واکانیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ دزراوه‌کانی ژێزه‌مین و بانکه‌کانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێدانه‌وه‌ی موچه‌ فه‌وتاوه‌کان و دابینکردنی هه‌لی کاری سه‌ربه‌رز و عادیلانه‌ و ڕه‌خساندنی ژیانیێکی پڕ که‌رامه‌ت و ئازادی بۆیان.
6 – داخستنی هه‌موو که‌ناڵه‌کانی‌ رادیۆ و تی‌ڤیه‌ سه‌رجه‌م‌ پارته‌ سیاسیه‌کان ، له‌ هه‌موویان چه‌ند که‌ناڵێکی پڕۆفیشناڵی حکومی بێ لایه‌ن دابمه‌زرێت ، که‌ له‌ حزمه‌تی هاوڵاتیان و پارته‌کاندا بێت به‌ هه‌موو چین و لایه‌نه‌‌کانیانه‌وه‌، وه‌
7 – له‌م قۆناغه‌دا ، خۆماڵیکردنی سه‌رجه‌م کۆمپانیا گه‌وره‌کانی هه‌رێم به‌ کۆمپانیاکانی هاورده‌ و هه‌نارده‌کردنی سه‌رجه‌م کاڵا و پێداویستیه‌ گرینگه‌کانی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیانیشه‌وه‌ ، پڕۆژه‌کانی وه‌به‌رهێنان و نیشته‌جێ بوون و… هتد. جا هی هه‌ر که‌س و حیزب و لایه‌ نێك بن. گێڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و ده‌سکه‌وته‌کانیان بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت. چونکه‌ ئاشکرایه‌ لای هه‌موان که‌ به‌ سه‌روه‌ت و سامانی گشتی دزراوی ئه‌م میلله‌ته دامه‌زراون ، نه‌ك سامانی تایبه‌ت . ‌ هه‌موان باش ده‌زانین پێش ئه‌م زروفه‌ خاوه‌نه‌کانیان چه‌ند و چیان هه‌بووه‌ و خه‌ریکی چی بوون و چیان کردووه.
8 – سه‌پاندنی یاسای ( من این لك هذا ) به‌سه‌ر هه‌مواندا به‌ بێ جیاوازی له‌ لایه‌ندار و بێ لایه‌نه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌رۆكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ساده‌ترین هاوڵاتی !
به‌ پێچه‌وانه‌وه دڵنیا بن‌ له‌ دواڕۆژێکی نزیکدا سه‌رانی هه‌رێم و هاوڵاتیانی ده‌بێت ئیره‌یی به‌ دوێنی یاسر عه‌ره‌فات و گه‌له‌که‌ی به‌رن. به‌خته‌وه‌رترین چاره‌نوس گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رشۆڕانه‌ ده‌بێت بۆ ژێر چه‌پۆکی ڕژیمی عێراقی عه‌ره‌بی شۆڤێنی داخ له‌ دڵ و تینوی تۆڵه‌ و خوێن، په‌ره‌روه‌ده‌ی بیابانه‌کانی عه‌رعه‌ر و نه‌وه‌کانی خالد و قه‌عقاع و صدام !
به‌ کڵولی و داماوی و ژێرده‌سته‌یش بێت گه‌لی کورد وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌ر ده‌مێنێ و ڕاده‌په‌ڕێ و هه‌ڵده‌ستێته‌وه. وه‌لی هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتداران و داروده‌سته‌ و ماستاوچیه‌کانیشیانه خێر نایه‌ته‌ ڕێیان و ئه‌م هه‌له‌‌ کۆتایی یه‌كجاره‌کیان به‌ گورزی هاوڵاتیانی قوربانی ده‌ستی خۆیان ده‌بێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت