مامۆستا شێرکۆ : مشەخۆریەکە لە کوێدایە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم وتارەم لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە سایتی سبەی بڵاوم کردەوە ، ئەیخەمەوە بەردەستان . 

نەڕێتێکی نەخۆش سەپێنراو بەسەر نەتەوەیەکی بێ وڵاتدا لاسایی کردنەوەیەکی دزێوانەو قێزەونانە کە دواڕۆژی کورد بەرەو نادیار دەبات . من لە ئەمەریکا دەژیم ئەوەندەی گوێبیست بوومەو لێی گەڕاوم تا بەرچاوم بکەوێت و نەمدیت ، دیارە ١٠ ساڵیش کەم نییە بۆ بینین و زانین ئەویش دیاردەی بارەگای حیز ب و ڕێکخراوە دیموکراتیەکان کە بەزەڕبینیش بە دوایدا بگەڕێی نای دۆزیتەوە تەنها کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی وڵات میدیاکان بە چڕی ئەکەونە بڵاوکردنەوەی چالاکی کاندیدی هەر حیزبە تا یەک لا ئەبێتەوە بۆ کەسێک .دیارە هەریەکە بە پێی توانای سیاسی و عەقڵی خۆی کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتروو پارەی زیاتر بە پێشکەش کردن و ڕوون کردنەوەی ژیان بەرنامەی خۆی لە سەرۆکایەتی کردنیدا لەم هەڵمەتەی ڕاگەیاندنەکانیاندا بە تەواوی پشت ئەبەستن بە دارایی خۆیان و ئەو پارانەی کۆی ئەکەنەوە لە لایەنگرانی حیزبەکانی خۆیان ، بڕی پارەی کۆکراوە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بە تایبەتی لە ئەمەریکا کە وڵاتێکی سەرمایەداریە و نابێ زیان بە ئابووری سەرمایەداران بگەیەنێ ، لەو دۆخەدا کەسێکی هەژارو نەدارا توانای هەڵسووڕاندنی ئەو پرۆسەیەی نیە جگە لەوەی مەرجی تایبەتیش هەیە بۆ کەسی خۆهەڵبژێر لە ئاستی هوشیاری و دەرچووی زانکۆ یا سینەتۆر یا کۆنگرێسمان یا فەرمانڕەوای ولەیەتێک بێت ، بۆ گەیشتن بەو جێگایانە چەندین هەوڵ و کۆشش و تاقیکاری تریشی بە خۆیەوە دیوە لە بابەتی سەرۆکی گەڕەک شارەوانی شاری گەورەو بچووک کە هەمووی لەسەر حیسابی خۆی و خزمەتگوزارییەکانی بووە کە پێشکەشی کردوون بە خەڵکی ئەو شوێنەی لێی ئەژیت ، لەم وڵاتەدا خوویەکی زۆر بەرجەستەو دیاروو باش هەیە ئەویش خزمەتکردنە بە بێ بەرامبەر وەک نەرێت وەرگیراوە لە لایەن زۆربەوە و باوەڕی پێیەتی ئەشێ ئەو کەسە نە حیزبی بێت نە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکیش بێت نە مرۆڤێکی ئاینیش بێت .
لە کوردستاندا حیزب بۆتە مۆتەکە و دەستی لە بیناقاقای خەڵک ناوە لەبەر ئەوەی خاوەنی بەرنامەی ڕۆشنی ئاوەدان کردنەوەو بەرەو پێشەوەبردنی وڵات نین و بڕوایان بە نەتەوەو نەتەوایەتی نیە گەر نووزەشیان لێوە بێت بۆ پاراستن و بازرگانی کردنە بەسەر خەڵکەوە ، لە جیاتی باوەڕ بوون بە دیموکراسی و ڕاهێنانی خەڵکی بەو گیانە ، سەرکردەی حیزبەکان حاکمی یەکەمن و بڕیاردەرن و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو خەڵکدا کێشاوە . ٧٠ ساڵی مۆتەکەی حیزبی لەسەر ڕوسیاو ئەوروپای ڕۆژهەڵات دووچاری داڕووخان هات و ڕەوڕەوی ژیان لەکار نەکەوت ژیان ئاسایی بوەوە ، لەگەڵ ئەوەی کە زۆر بە تواناو بە بەرنامەش بوون و وڵاتەکانیشیان زۆر پێش کەوتوو بوو ن لەڕووی ئابووری و زانستەوە بەڵام پایە کۆمەڵایەتیەکەیان لەسەر بنچینەی زەبروو زەنگ و داپڵۆسینی دەنگی دیموکراسی بوو بە نەزمی هاتنە سەرکاریان زەبروو زەنگیان ڕووکردە خەڵک و ئەنجام داڕووخا .
کە تەماشای تیڤی دەکەیت کە سایتەکان دەخوێنیتەوە زۆربەی باسەکان پەیوەستن بە حیزبەکانەوە ، حیزبەکان نەک هەر خۆیان دێوەزمەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی مشەخۆریان لەدەورە بۆ فراوان کردنی دەسەڵاتی ئەختەبووتی خۆیان .
جا مشەخۆرییەکە لە کوێدایە ، ئەندامانی سەرکردایەتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لانی کەم دوو مووچەی مانگانەیان هەیە دوو نەسریەیان هەیە دوو یارمەتیو نەسریەی پاسەوانەکانیان هەیە جگە لەوەی دەسەڵاتی دامەزراندن و تڕۆکردنیان هەیە بێ گوێدانە شایەستەیی یا ناشایەستەیی ، لاوازوو خوارەوەیان لاوازو بێ دەسەڵات و ترسنۆک لە ئاست سکرتێرو سەرۆکی حیزبەکەیان ، سەرەوەش لەسێبەری پاسەوانەکانیشیان دەترسن لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ، هەرچی دەسەڵات هەیە دراوە بە سکرتێر و سەرۆکی حیزبەکان لە خوار ئەوانیشەوە کورد ئەڵێ گەورە ئاو ئەڕێژێ گچکە پێی تێ دەخشێنێ ، خراپتر دەکەن هەموو خەریکی بڕووح بددەم نەفدیک یا سکرتێر یا سەرۆک بۆ پاساودانی بەرژەوەندی خۆیان تا خواری خوارەوە گەر وانیە بۆچی لە لایەکەوە دەنگی ناڕەزایی بەرز بۆوە لە ناو ڕیزەکان لەناو وڵات کە دەوری کاریگەری و یەک لایی کردنەوەی هەیە لە چاکسازیدا . جا مشەخۆری لەناو حیزبەوە تەنیوەتەوە بەرەو دام و دەزگا بە ناو حوکمەتیەکان ، ئەوەی فەرمانبەری حیزبییە پشکی شێری هەیە لە هەردوولا دەخوات وەک گای ناو جۆگا ، بوونی ناوچەو کۆمیتەو لق و مەڵبەندو نوێنەری سکرتێرو سەرۆک بۆ هەموو کاروو بارەکان دڕی بە هەمووشیان داوەو کەس لە ئاستیاندا نابێ بقۆخێت چونکە هەمان دەسەڵاتی ئەوانیان هەیە بگرە جاروو بار دەسەڵاتی زیادەش بەخۆیان دەدەن و چاو سوور کەرەوەشن لەوانەیە هەڕەشەو زمان پیسیش بکەن لە پەناوە .
کێ ئەو هەموو ناڕەوایەتیەی کردوە بەماف و داویەتی بەو مشەخۆرانە ، هەرچی مشەخۆری و گەندەڵی هەیە لە ئەستۆی سکرتێرو سەرۆکە چونکە ئەوان نایانەوێ چاکسازی بکەن ، گوێیان بەفیڕۆدانی خوێنی تێکۆشەرەکانیان نیە لەبەر مانەوەی دەسەڵاتیان ، زۆر چاکیش ئەزانن گەر بە مردنیش بێت دەسەڵاتیان ئەکەوێتە دەستی خەڵکی تر ، کەواتە بۆ لە مێژووی پیاو چاکاندا ناوی خۆتان تۆمار ناکەن ، وەرن بکەونە وتوو وێژ لەگەڵ کورد خۆشەویستان تا جارێکی تر خۆشویستی کوردو کوردستان بکەنەوە بە دەروونتانا، وەرن با ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکدا بدوێین ڕاستییەکان یەکلا بکەینەوە من نامەوێ شوێن بە ئێوە چۆڵ بکەم پێشم ناکرێ و ناشمەوێ ئەوەی گەرەکمە کەرامەتی هاونیشتمانیانی کوردستانە و نەدۆڕانی ئەو بڕە دەسکەوتەیە ، برەو پێدانی ئەو نیمچە ئازادییە ، پتەوکردنی گیانی نەتەوەیی و خزمەت کردن ، دابین کردنی خزمەتگوزاریەکان بەبێ جیاوازی ، تێهەڵدانی بەرژەوەندی تایبەت لە حیزبایەتیدا ، هاتنە خوارەوەتان لە قوللەی قاف و لووت بەرزیتان داگرن ، واز بهێنن لە مشەخۆریتان لە سەر حیسابی خەڵکی کوردستان چونکە هەموو کورد ئەتان ناسێ کەسێکتان بازرگان یا ملیۆنێر نەبوون پێش هاتنتان بۆ ناو شۆڕش ئەوەی هەتانە لە سایەی کوردەوە بەدەستان هێناوە ، بە هۆی ئێوەوەیە مشەخۆرە گچکەکان ماڵی خەڵکیان وێران کردووە، ١٧ ساڵە پارە دێتە دەستتان ئەبوایە کوردستان شامی شەریف بوایە و کەس بێدەرەتان نەبوایە و خۆشگوزەرانی لەدەرگای هەموو ماڵێکی بدایە کە ئەوسا توانای هەموو بەگژا چوونەوەیەکتان دەبوو دەرەکی یا ناوەکی داشتان سوار دەبوو بەسەر حوکمەتی بەغداو حوکمەتە نەتەوە پەرستەکانی ئێران تورکیا ، بەڵام ئێستا مل کەچن بۆ هەر فشارێک بیخەنە سەرتان چونکە دەسەڵاتداریتان لەسەر بنچینەی کوردایەتی و ئازادی کوردستان نیە پاساوتان بۆی هەمیشە باری جوگرافی بووە ، گەر هەروا بکەن و بیرکردنەوەتان وابێ کورد بەرەو شەرمەزاری ئەبەن و بێ هیوایی بەشی ئەبێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت