Barzani-Erdogan

رێبوار حەمەوەیس : پشتکردنە بارزانى ـ گۆڕانکارییەکان و ئایندەى کورد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر کەسێک کەمێک ئاگادارى رەوتى رووداوەکانى ناوخۆى هەرێم و ناوچەکە بێت ، تێدەگات سەرەتاى گۆڕانى هەڵوێست و سیاسەتى وڵاتانى جیهان بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا بەرامبەر هەرێمى کوردستان دەستپێکردوەو لێدوانى بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتانەو راپۆرتى دەزگاو رێکخراوە جیهانیەکانیش خەریکە ئەو وێنەیە بە تەواوەتى رووندەکاتەوە کەلە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت . لە زۆر بۆنەى جیاوازیشدا ئەوە خراوەتە روو کوردستانى عێراق ئەو مێرگەى دیموکراسی و پێکەوە ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتیە نیە کە هەندێک هێزى سیاسى لە رێگەى خستنەگەرى ماکینەیەکى زەبەلاحى دارایى و ئیعلامى دەیەوێت پیشانى دونیاى دەرەوە بدات .
ئەگەر شەڕى داعش و تاوانەکانى ئەو رێکخراوە بەرامبەر ئێزدى و مەسیحیەکان، ویژدانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر گەلى کورد لە باشورى کوردستان جوڵاندبێت و وەک ئەرکێکى مرۆڤایەتى دەستى هاوکارییان بۆ درێژکردبێت ، ئەوا دەستبەردارنەبونى مەسعود بارزانى لە پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم و خۆسەپاندنى بە ناشەرعى وکودەتاکردن بەسەر پەرلەمانداو قەدغەکردنى پایتەختى کوردستان لە سەرۆکەکەى و ناردنەوەى وەزیرەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کە دووەم هێزى سیاسیەو تەشەنەکردنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و پێشیلکردنى مافەکانى مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەى ئازادییەکان، هەمویان پێکەوە ، زیانى گەورەیان بەپێگەو ناوبانگى هەرێم گەیاندوە ، لەماوەى رابردووشدا لە کۆڕو کۆبونەوەکەدا بە ئاشکرا رەخنە لە دەسەڵاتدارانى هەرێمى گیراوە.
باشترین نمونەش قسەکانى کلۆدیا رۆت جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى ئەڵمانیایە کەلە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمى کوردستان بە ئاشکرا هەڵوێستى وڵاتەکەى بە بەرپرسانى هەرێم گەیاندو رەخنەى لە دەسەڵاتدارانى هەرێم گرت کە چۆن باسى ریفراندۆم و دیموکراسى دەکەن لەکاتێکدا رێگانادرێت سەرۆکى پەرلەمان بچێتە شارى هەولێر
. تورکیاش کە پەیوەندییەکى سیاسى و ئابورى بەهێزى لەگەڵ مەسعود بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان هەیە لەسەر زارى وتەبێژى حکومەتەوە رایگەیاند ، ریفراندۆم لە باشورى کوردستان کیشە بۆ عێراق و ناوچەکە دروستدەکات ، ئێران و ئەمریکاش بە ئاشکرا رایانگەیاندوە لەگەڵ ریفراندۆمى هەرێمى کوردستاندا نین . لەناوخۆى عێراقیشدا لەلایەنەکانى شیعە بەو پێیەى حکومڕانى وڵات دەکەن و نزیکیەکى زۆریان لەگەڵ ئێران هەیە بە ئاشکرا دژى ریفراندۆم و جیابونەوەى هەرێمى کوردستان و پێیان وایە هەرێم لەناو عێراقێکى یەکگرتوودا بێت بەهێزترە.
حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق کەبە کەسێکى تەکنۆکرات ناودەبرێت و لەبەریتانیا خوێندویەتى ، لە وەڵامى پرسیارێکدا لە کۆنگرەى ئاسایشى میونخ رایگەیاند ، سەرکردەکانى کورد دێنە بەغدادو دەڵێن پێیان باشە لەگەڵ عێراقدا بن و جیانەبنەوە بەڵام کە دەگەرێنەوە باسى ئەنجامدانى ریفراندۆم دەکەن ، عەبادى وتیشى : سەرکردەى دڵسۆز ئەوەیە لەگەڵ گەلەکەى راستگۆ بێت ، ئەم قسەیەى عەبادی بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەى بەرپرسانى هەرێم قسەى دڵ و زمانیان وەک یەک نیەو وروژاندنى پرسى ریفراندۆم و سەربەخۆى ، کە پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانیەو پەیوەستە بە ئایندەو چارەنوسى هەموو تاکێکى کوردەوە ، لە ئەجێنداو بەرنامەى سیاسى لایەنەکاندا نیە بەڵکو زۆربەى کات لەململانێ ناوخۆییەکاندا بۆ پروپاگەندەى سیاسى دژ بەلایەنەکانى تر بەکار هێنراوە. مەسعود بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان لە رابردوودا چەندین جار ئەم پرسەی دامەزراندنى دەوڵەتى کوردییان جولاندوە بەڵام لەبەرئەوەى بەکردار کار بۆ بنیاتنانەى پایەکانى نەکراوە کە گرنگترینیان بریتین لە بونى ژێرخانێکى ئابورى بەهێزو سنورێکى جوگرافى دیاریکراو ، جگەلەوەش بەهۆى ناکۆکیە سیاسیەکانەوە بەتایبەت لە نێوان پارتى و لایەنەکانى تر کەمترین بە دەنگەوەهاتن هەبوە بۆ ئەو پرسەو زۆرجاریش لایەنەکان بە گومانەوە لێیان ڕوانیوە ، هەر بۆیە ، پرسى ریفراندۆم لە قۆناغێکدا بانگەشەى فراوانى بۆ کراوەو دواتر لە پڕو بە بیانوى جۆراو جۆر بێدەنگى لێکراوە . مەسعود بارزانى کەبە رێکەوتنى حزبەکەى و یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە 30 حوزیرەکانى ساڵى 2013 ویلایەتى سەرۆکایەتیەکەى 2 ساڵ درێژکرایەوەو لە 19ى ئابى ساڵى 2015دا کۆتایى هات، ئەو هەلەى لەدەستدا وەک سەرکردەیەک کە رێز لە یاساکانى وڵاتەکەى دەگرێت و بڕواى بە دەستاو دەستکردنى دەسەڵات هەیە ، دەستبەردارى پۆستەکەى ببێت ، ئێستا لەبرى ئەوەى وەک پێشمەرگەیەک بناسرێ کە زۆرکات شانازى پێوەدەکات ، بە سەرۆکێکى خۆسەپێنەر ناودەبرێت و بە بەرپرسیارى سەرەکیش دەدانرێت لە دروستبونى قەیرانەکان و پەکخستنى دامەزراوە شەرعیەکانى وەک پەرلەمان لە 12ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2015دا . ئەمەش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ بانگەشەکانى بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیى بارزانى لە پەیامەکەیدا بە بۆنەى سەرى ساڵى 2016 و لە کۆبونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى بەشدار نەبون تێیدا لە 6ى شوباتى ساڵى 2016 جارێکى تر پرسى ریفراندۆم هێنایەوە بەرباس تەئکیدیى کردەوە لەسەر ئەوەى کە پێویستە هەرێمى کوردستان بەر لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا کە بڕیارە مانگى ( 8ى نۆڤەمبەرى ساڵى 2016 ) ریفراندۆم بکات ، بەڵام تائێستا روون نیە بارزانى ریفراندۆم بۆچى دەکات .
ئەوەى جێى تێڕامانە ، هەر دواى کۆبونەوەکە بەشێکى زۆر لە بەشداربوان لە زارى سەرکردەکانیانەوە تەئکیدیان کردەوە ، زەمینەسازى پێویست بۆ ریفراندۆم نەکراوەو ناوماڵى کوردی لە هەموو کات زیاتر پەرتەوازەیەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە ، بەتایبەتیش کاراکردنەوەى پەرلەمان کە بە بێ ئەو کارێکى لەو جۆرە ئەستەمە ، جگەلەوەش بەهۆى سیاسەتەکانى پەراوێزخستن و سەیرکردنیان وەک هاوڵاتى پلە دوو پێکهاتەکانى ترى وەک تورکمان و مەسیحى و ئێزدى کەمترین متمانەیان بە سەرکردەکانى کورد هەیەو کار گەیشتۆتە ئەوەى سەرکردەیەکى تورکمان بڵێت کوردەکانیش وەک رژێمى بەعس ستەمیان لێدەکەن . عەلى مەهدى -ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و وتەبێژى بەرەى تورکمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى ئاوێنە وتى ( بەرپرسە کوردەکان بەجۆرێک ئازاریان داوین و فەرامۆشیان کردوین جیاوازى نیە لەگەڵ دیکتاتۆریەت) . هەروەها بەهۆى تێکچونى پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدادو بڕینى پشکى 17%ى هەرێم لە سەرەتاى ساڵى 2014 ەوە ، هەرێمى کوردستان رووبەرووى قەیرانێکى قوڵى دارایى بۆتەوەو موچە خۆران چەند مانگێکە موچەیان وەرنەگرتوە ، 23 ملیار دۆلاریش قەرز کراوە کە هەرتاکێک 5 هەزار دۆلار قەرزى بەردەکەوێت..
مەسعود بارزانى ئەگەر پێى وابێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى وەک چۆن لە شەڕى داعشدا پشتیوانى هەرێمى کوردستان بوون ، بۆ ئەنجامدانى راپرسیش پشتیوانى دەکەن ، بە هەڵەدا چوە ، بۆ سەلماندى ئەمەش هەڵوێستەکەى مارک تۆنەر وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا باشترن نمونەیە کە رایگەیاند ، وڵاتەکەى لەگەڵ عێراقێکى یەکگرتوویى دیموکراسیدایە. ئەگەر بارزانى لەسەردانەکانى بۆ دەرەوە لە ساڵى 2015 دا ، وەک پێشمەرگەو بەرگریکارێکى قارەمان پێشوازى لێکرابێت و ستایشى کرابێت ئەوا لە ساڵى 2016 ئەم وێنەیە تەواو دەگۆڕێت لە کۆنگرەى ئاسایشى میونخ لە ئەلمانیا کەلە ( 12ى شوباتى ساڵى 2016 ) بەرێوەچوو ، هەرچەندە بارزانى لەبەرنامەیدا بوو بە پێشکەشکردنى وتارێک لە کۆنگرەکەدا پەیامى شەرعى بوونى بۆ ناوخۆى هەرێم بنێرێتەوە ، بەڵام پێشوازیکردنى لە ئاستێکى نزم و نەبونى ناوى لە لیستى ئەو کەسانەى کە لە پانێلەکانى کۆنگرەکەدا تەواو کاریگەرییان لەسەر خودى بارزانى و وەفدە یاوەرەکەى بەجێهێشت ، فەلاح مستەفا کەیاوەرى بارزانى بوو لەبارەى پێشکەشنەکردنى وتار لەلایەن بارزانیەوە لە کۆنگرەکە ، پاساوێکى وەهاى هێنایەوە کە هیچ لە قسەى دیبلۆماتکارێک نەدەچوو ، بەوتەى فەلاح مستەفا بارزانى دیدارەکانى لەگەڵ بەرپرسانى وڵاتان گرنگ تربون لە پیشکەشکردنى وتار لەکاتێکدا بارزانى تەنها بەهیواى پێشکەشکردنى وتارێک بەشدارى لەکۆنگرەکەدا کردو میدیاکانى حزبەکەشى بانگەشەیەکى گەورەیان بۆکرد .
لە ئێستادا کە خۆرهەڵاتى ناوەراست لەسەروبەندى گۆرانکارییەکى ریشەییدایەو دوور نیە دواى سەد ساڵ ، پەیماننامەیەکى هاوشێوەى پەیماننامەى سیڤەر لەنێوان زلهێزەکانى جیهان بۆ دابەشکردنەوەى ناوچەکە بە پێى بەرژەوەندییەکانیان بێتەئاراوە، گەر ئەمەش رووبدات دوورنیە زەرمەندى یەکەم گەلى کورد بێت لە ناوچەکەدا بەو پێیەى هیچ بەرنامە رێژییەکى نیشتمانى و نەتەوەیى نەکردوە بۆ داهاتوى خۆى ، ئێستا لەبرى کۆدەنگى نیشتمانى و یەکخستنى هەڵوێستەکان لە هەموو کات زیاتر ناکۆکیە حزبیەکان قولبونەتەوەو پەیوەندی نێوان پارچەکانى کوردستان لە خراپترین دۆخدایە، دەرئەنجامى ئەمەش رێگەخۆش دەکات بۆزلهێزەکانى جیهان بڕیار لە چارەنوسى کورد بدەن لە ناوچەکەدا نەک خۆى بڕیار بدات .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت