Barzani-Erdogan

شەریف هەژاری : وردببنەوە لە تەوقیتی چاوپێکەوتنەکەی مەسعود بەرزانیی و چوونی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تورکیا !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاوپێکەوتنەکەی ئەمدواییەی مەسعود بەرزانی ، پاش چوونی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو بۆ تورکیا ، کە بە ئاشکرا چ وەزیری دەرەوەی ئیران و چ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیاندا ڕایانگەیاند : تورکیا و ئێران لەسەر دۆسییەی سوریاش هاوڕانەبن ، ئەوا لە بەگژداچوونەوەی مەترسییە ناوچەییەکان هاوڕان و هاریکاری یەکتر دەبن .

هەر شیکەرەوەیەکی دۆخی سیاسیی ناوچەکە ، بەڕوونی لەوە دەگات کە تورکیا و ئێران خەریکە دەست لە هاوپەیمانە زەبەلاحەکانیان کە ‘ ئەمریکا و ڕووسیا ” یە دەشۆن لە بارەی بەگژداچوونەوەی کوردەوە ، چونکە نە ئەمریکا و نە ڕووسیاش لەگەڵ دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی کورد نین لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوەی تورکیا و ئێران لەسەری کۆکن ” دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ تورکیا ” ئەوەیە کە : ئەم دوو داگیرکەرەی دوو بەشە گەورەکەی کوردستان ڕێکەوتنی نهێنییان کردبێت لە دژایەتیکردنی دواڕۆژی کورد لە ناوچەکەدا .

ڕاستوڕەوان لەم کاتەدا : ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە جنێف ، هاوتای حافیز ئەسەد و کوڕەکەی هەڵوێستی فاشیستانەی خۆیان لەبارەی دۆزی حەق – نەتەوەیی کورد خستەڕوو ، کە بڕوایان بە مافی نەتەوەیی گەلانی سوریا نییە – بەڵکوو بڕوایان بە مافی ” سوریایی بوون ” هەیە ، هەڵوێستێک کە هاوتای هەڵوێستی دیکتاتۆرە فاشیست نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی وەک خامنەیی و ئەردۆگانە !

کەچی لەم ساتە تەواو هەستیارەدا ، مەسعود بەرزانی کە خۆی بە نوێنەری گەلی کورد ئەزانێ و بمانەوێت یان نا مەوقیعەکەشی وای لێ دەخوێنرێتەوە لە دەرەوەدا ، ئەوا : تەواو بە گیانێکی نا – نەتەوەیی و نا – سیاسییانەوە چاوپێکەوتن دەکا و بۆچوونەکانیشی زیاتر دڵی داگیرکەران خۆش دەکا و دەبێتە مایەی زیاتر لێکترازانی حیزبە کوردییە خۆخۆرەکانمان !

مەسعود بەرزانی لە بەشێکی چاوپیکەوتنەکەیدا ، ئەیەوێت جیهانی ڕۆزئاوا وەک پەکەکە لە پەیەدە بڕوانن و دەڵێت : هیچ جیاوازییەکیان نییە !

باشە با بشزانین کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکە و پەیەدە دا نییە ! بەڵام بۆ دەبێت سەرکردەیەکی کورد کە خۆی بە کاراکتەری سەرەکی درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد بزانێت ، کەچی پێی ناخۆش بێت کە پەیەدە خۆرئاوای کوردستان ڕزگار بکات ! هەرچەندە ڕاستە تاکحیزبی لە خۆراوای کوردستان مایەی ڕەخنەیە ، بەڵام ئەمە نابێت بگاتە ئەو ئاستە نا – تەندرووستەی کە مەسعود بەرزانی بیەوێت جیهانی ڕۆژئاوا وەک ” تیرۆریست ” لە پەیەدە بڕوانن ، ئەم گیانی یەکترخۆریی و نابەرپرسیارانەیە تا کەی !؟ ئەمە بۆچوونی مەسعود بەرزانی بێت کە پارتییەکان بە ” سەرۆکی نەتەوەیی کوردیی عەیارە ٢٤ ی ئەزانن ”، ئەی بۆچوونی کادیرە پارتییەکانی دیکە ئەبێت چۆن بێت !؟

لە بەشێکی تری دیمانەکەیدا ، مەسعود بەرزانی دەیەوێت درزی زیاتر بخاتە نێو ڕیزی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان ، لە بری ئەوەی دوای مام جەلال خۆی بە برا گەورە و بەرپرسیاری سەرەکی یەکێتیی کوردان  ” هەر هیچ نەبێت لە باشوری کوردستان ” بەکردەوە بسەلماندبایە ، کەچی دەڵێت : گەر گۆڕان ناڕازی دەبن ئەوا بۆ کوێ دەڕۆن کەیفی خۆیان ! بەڕاستی ئەم لێدوانە لێوانلێوە لە گیانی نا – نەتەوەیی و نا – سیاسییانە ! بەڕاستی کاتێک مرۆڤ بیردەکاتەوە لەوەی کە : سەرەڕای ئەوەی مەسعود بەرزانی کاتی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچووە و ئەو کەیسەش سەرچاوەی هەندێک لە قەیرانەکانە لە باشوری کوردستاندا ، ئەوا هەر هیچ نەبێت دەبوو لێدوانەکانی بەرامبەر بەو پارتانەی کە پارتەکەی بارزانی زوڵمیان لێ دەکات ” وەک ئەو زوڵمەی کە پارتەکەی بارزانی لە گۆڕانی دەکات ” ئەوا دەبوو زۆر نەرمونیانتر و بەرپرسیارانەتر ببوایە .

لە کۆتاییدا دەڵێم : وردببنەوە ئێران و تورکیا ڕێدەکەون بۆ قاتوقڕکردنی کورد سەرەڕای دوژمنایەتیی مێژوویی و ئایدۆلۆژیی نێوان ‘ تورک و فارس ‘، ڕامێنن شیعەی عێراق چەندێک دژی کوردە ، تێڕامێن چەندێک سونەی عێراق دژی مافە نەتەوەییەکانی کوردن ، بڕوانن چەنێک ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد چەنێک فاشیستن بەرامبەر مافەکانی کورد، حەماسەت بتانگرێت بۆ جینۆسایدەکانی کوردان بە دەستی ئەسەد و داعش و کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیای ئەردۆگانی!! کەچی ئەوەی لەناوبەری هەمیشەیی کوردبووە و کوردە : ئەو گیانە خۆخۆرییەی خودی سەرکردەی حیزبە کوردییەکانە کە بەرژەوەندیییە حیزبی و خودییەکانیان دەپەرستن ! ئافەرین سەرۆکی پارتی بەڕاستی سەلماندت کە یەکێتیی کوردان لەم دۆخە تەواو هەستیارەدا لە بەرچاودەگریت !!  گرنگترین فاکت ئەوەیە : هەر هیچ نەبێت یەکێتیی کوردان لە باشور دا بهێنیتە کایەوە ، ئەوەش زۆر ئاسانە ، تەنها با پارتەکەت کەمێک سازش بکات و لە کەلەی شەیتان بێتە خوارەوە ! دواتریش گەر ئێوە لە باشور دا یەکگرتووبن ئەوا بڕوای تەواوم ئەوەیە کە : کاریگەری لەسەر پارتەکانی بەشەکانی دیکەش دەکات و ئەو کات ئەوانیش چاوتان لێ دەکەن !

 بە کلیكێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت