ڕەسوڵ بۆسکێنى : خەمى نیشتمان و یادێک لە کۆڕەوەکەى 1991 .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا لەهەموو کات زیاتر ڕاى گشتى جیهان گەواهى دلێری و قارەمانى نەتەوەى کورد دەدەن ، هەر لەسەرەتاوە نەتەوەى کورد گەورەترین هێزى دوژمنانى تێکشکاندووە ، لافاوى هێرشەکانى ئەکەدى و ئاشوورى و مەغۆل و فارس و عەرەب لەبەردەم قارەمانیەتى کوردا خۆیان نەگرتووە و وەک بەفرى بەرخۆرەتاوى بەهار تواونەتەوە ، لەبەرامبەردا هەمیشە سەرکردەکانى کورد ناکۆک و دژ بەیەک ڕەفتاریان کردووە و ئەگەر سەرکەوتن و تێکشکانى دوژمنەکانیان لەمەیدانى شەڕدا مسۆگەر بووە ، بەڵام لەڕێگاى ململانێ و کەڵەوەکێشى نێو خۆیان دوژمنەکان دووبەرەکیان لەنێوان دروست کردوون و ڕەنجى قارەمانیەتیان بەبادا چووە و بەسەریاندا زاڵ بوون ، کێشە و ناکۆکى و ململانێ و دووبەرەکى نێوان کوردەکان هێندە کاریگەر و سەرسوڕهێنەرە چەندین داستان و ئەفسانەى بۆ هۆنراوەتەوە ، لە گێڕانەوەیەکیشدا تاوانەکەیان دەملى سەرکردەى ئیسلام خالیدى کوڕى وەلید ڕاکردووە ، گوایە خالید لەخواى گەورە پاڕاوەتەوە و نزاى کردووە هەرگیز کورد یەکنەگرن ، ئەگەر یەک گرتووبن دەڕۆستیان نایەن ، لەڕاستیدا ململانێى کوردەکان زۆر لەپێش خالیدەوە بەردەوام بووە ، دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمى ئیسلام و مەغۆل و عوسمانى و هەتا هاتنى ئینگلیزیش گەورەترین کێشەى کورد ململانێى نێو خۆیان بووە ، بەشێوەیەک مرۆڤ دێتە سەر ئەو ڕایەى عوسمانى و ئینگلیزەکان لەناو هیچ نەتەوەیەکدا ئەوەندەى کورد سیاسەتى ” پەرتکەو زاڵ بە ” یان نەچەسپاندووە ، هەمیشە بەو هۆیەوە دوژمنەکان بەسەر کوردا زاڵ بوون .

 خۆشبەختانە بەهەوڵى بەردەوامى سەرکردەکان و بەتایبەت خودى جەنابى مام جەلال لە کۆتایى سەدەى بیستەم ئەو وەهمە شکا و هەموو لایەنەکان لەژێر چەترى بەرەى کوردستانى دا کۆبوونەوە و بەهاوکارى جەماوەرى تینووى ئازادى دانیشتوانى شارەکانى هەرێمى کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لە دامودەزگاکانى بەعس ڕاپەڕین و بۆ هەمیشە بەعسیان لەم نیشتمانە وەدەرنا ، بەداخەوە بەهۆى مەترسى هاوپەیمانان لە هاتنە سەرکارى حکومەتێکى دژبە سیاسەتى ئەوان دەستیان لەسەر سزادانى سەدام حسین سوک کرد و ئەویش بۆى لوا تۆڵەى خۆى لە شارەکانى باشوور کردەوە و پەلامارى هەرێمى کوردستانیشى دا ، دڕندانە کەوتە پەلاماردانى خەڵکى بێ دیفاعى کوردستان ، دانیشتوانى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى بەعس و پاراستنى گیانى خۆیان دیسان یەک هەڵوێست لە کۆڕەوێکى یەک ملیۆنى دا هەڵوێستى خۆیان دژ بە ڕژێمى بەعس ڕاگەیاند ، بەمەش سەرنجى تەواوى بەرگریکارانى مافى مرۆڤ و سۆزى مرۆڤ دۆستانەى ڕاى گشتى جیهانى بەلاى خۆیدا ڕاکێشا ، بووە هۆى دابین کردنى هێڵى 36 بۆ پاراستن و بەرقەرار بوونى ئاسایش بۆ خەڵکى کوردستان .

دانیاڵ میتەران کەلە خەمخۆرى و پەرۆشى دا بۆ نەتەوەى کورد وەک دایکى کوردان ناسراوە ، ویستى خۆى لەنزیکەوە ئاگادارى بارودۆخەکە بێت لەبەر ئەوە هاتە کوردستان و چاوى بە بەڕێزان مەسعود بارزانى و نەوشیروان مستەفا کەوت ، لەکاتێکدا لەگەڵیان کەوتە گفتوگۆ بارزانى بەدانیال میتەرانى گووت کێشەى کورد کێشەیەکى گەورەیە و لە عیراق نەهامەتى زۆرى بەدەست ڕژێمى عیراقەوە چەشتووە ، ناکرێت کێشەى کورد تەنیا وەک کێشەیەکى مافى مرۆڤ سەیر بکرێت ، کێشەى کورد لەعیراق کێشەیەکى سیاسیە و پێویستە لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت ، دانیاڵ میتەران گووتى : من خۆشەویستیەکى زۆرم بۆ نەتەوەى کورد هەیە ، دەمەوێت کێشەى کورد وەک کێشەیەکى نەتەوایەتى بچێتە پێشەوە ، لە زۆربەى وڵاتانى دنیا داواى هاورکاریم بۆ نەتەوەى کورد کردووە ، بەڵام ئەوان دەڵێن ئێمە هاوکارى کورد ناکەین ، چونکە ئەوان لەنێوان خۆیان دا ناکۆکن ، لەو کاتەدا میتەران وەکو پرسیار ئاراستەى بارزانى کرد ئایا ئێستاش کورد لەنێوان خۆتان دا ناکۆکن ؟، بارزانى داشى سواربوو لەبەر ئەوەى هەموو کورد لەژێر چەترى بەرەى کوردستانى دا کۆبووەوە ، لەوەڵامى میتەران دا بارزانى گووتى نەخێر وەتى کورد هەیە وەکو ئێستا یەک دەنگ و یەکگرتوو نەبووە ، ئەم قسەیە نەک بۆ ئەوکات بەڵکو هەتا مێژوو ماوە مایەى خۆشحاڵى خەمخۆرانى نەتەوەى کوردە ، ئەى بۆ ئێستا بارزانى وەڵامى چیە ؟ لە کاتێکدا ڕێکخراوى تیرۆریستى داعشى مرۆڤ کوژ و دوژمنى مرۆڤایەتى لەسەر دەستى پێشمەرگە قارەمانەکانى کورد نابووت و پەک خراوە ، تەواوى دنیا شاهیدى فیداکارى نەتەوەى کوردە ، لەکاتێکدا دەوڵەتە زلهێز و بڕیار بەدەستەکانى دنیا لێمانەوە نزیکن و بەشدارى و چاودێرى کورد دەکەن ، لەکاتێکدا دوژمنانى کورد لەسەر هەر شتێک ناکوک بن لەسەر دژایەتى کورد یەک دەنگن و لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆدەبنەوە ، لەکاتێکدا دۆستەکانمان هانمان دەدەن ناکۆکیەکانمان بخەینەلاوە و یەک هەڵوێست بین ، لەکاتێکدا بەهەستیارترین بارودۆخى سیاسى خۆماندا تێدەپەڕین ، ئایا ئێستا بارزانى دەتوانێ ئاوا بەدەنگى بەرز بڵێت وەتى کورد هەیە ئاوا یەک هەڵوێست نەبووە ، لەکاتێکدا بەشى هەرە زۆرى جەمسەرى هەموو ناکۆکیەکان بۆ بارزانى دەگەڕێتەوە ، چونکە ئەو خاوەنى سەرۆکى پەرلەمانە ، خاوەنى فراوانترین کوتلەى پەرلەمانیە ، خاوەنى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانە ، خاوەنى سەرۆکى ئاسایشى نەتەوەییە ، خاوەنى زۆربەى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێمە لە وڵاتانى دنیا ، و …..

سەرەڕاى هەموو ئەوانەش خۆشى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە ، ئایا مەترسى لەچى هەیە ، بۆچى لەغیابى جەنابى مام جەلال وەک سەرۆکى هەمووان مامەڵە ناکات و هەمووان لەژێر چەترى یەک هەڵوێستى دا کۆ ناکاتەوە ، ئایا لایەنەکان نایانەوێ هەوڵى بارزانى بۆ ئەو یەک هەڵوێستیە لەبەرچاوبگرن ، لۆژیک ئەمە قبوڵ ناکا ، دەخوازین بارزانى کارى شێلگیرانە بۆ یەک هەڵوێستى هەمووان بکات و لایەنەکان لەیەک بەرەدا کۆبکاتەوە ، من نامەوێ بەقسەیەک وەڵام بدرێمەوە و کۆتایى بێت ، دیارە ئەمە لەخۆبوردوویى و فیداکارى دەوێ ، من لەگەڵ خەڵکى ستەم دیدەى کوردستان دا بەکردار دەمانەوێ کار بۆ یەک هەڵوێستى لایەنەکانى کوردستان بکرێ و وەک سەرکردەکانى ڕابردوو زیان بە خۆمان و وڵاتەکەمان نەگەیەنین ، کێشەى کورد مافى ڕەواى نەتەوەیەکە نەکەینە قوربانى حەزەکانى خۆمان ، ئێستا منیش وەک خانمى میتەران دەڵێم هەتا کورد لەنێوخۆیان دا ناکۆک بن کەس نایەوێ هاوکاریان بکات ، هەروەکو لەکاتى نەخشەکێشانى دەوڵەتى عیراق لەلایەن ئینگلیزەوە ، دواى دەستنیشان کردنى هەموو لایەنەکانى دەوڵەتى عیراق پرسیار کرا ئەى مەسەلەى کوردەکان چى لێ دێت ( مس بێل ) لەوەڵامدا گووتى کوردەکان با هەر خەریکى شەڕى عەشایرى خۆیان بن ، ئەگەر ئێمە لەڕابردووى سەرکردەکانى نەتەوەکەمان نیگەرانین ، بۆ لەمەودوا جگەلە خۆمان کێ بەرپرسیارە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت