کاوسێن بابەکر : مەکتەب سیاسی حزبەکەم ئاگای لە کەیسی نەوت نییە !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەلسەفەی دروست بوونی هەر پارتێکی سیاسی لەبنەرەتڕا بۆگەیشتن ، بە دەستەڵاتە ، لەپێناو خۆشگوزەرانی و ئازادی کۆمەڵگە ، یەکێک لە مەرجە بنەڕەتیەکانی دەستەڵاتیش ، جومگە سەرەکیەکانی ئابووری وسەرچاوەکانی داهاتە ، بۆیە کاتێ حکومەت دادەمەزرێ ، بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی بە ڕێکخستن و دروست بەکارهێنانی داهات و بەرووبوومی ووڵات دەدرێ و ئەگەر پارتێک نەتوانێ بگاتە دەستەڵات یان بگاو نەتوانێ دارایی و داهاتی ووڵات بگرێتە دەست و ڕێکی بخات و سەرچاوەکانی ئەو داهاتانە زۆر بکات و لەهەوڵی ژێرخانێکی ئابووری پتەودا بێ بۆ ووڵاتەکەی ، ناتوانێ خۆشگوزەرانی بۆ خەلکەکەی دابین بکات ، لەکۆتاییدا ئە حزبە زوو یان درەنگ دەکەوێتە بەر تانەو تەشەری خەڵک و متمانەی دادەبەزێ و لەهەڵبژاردنەکاندا تۆڵەی لێدەکەنەوەو دەکەوێتە دواوەی پارتەکانی تر ! زۆربەی کات پارتەکان هیچ کامێکیان دەنگی تەواو ناهێنن بەتەنها حکومەت دروست بکەن ، بۆیە ناچاردەبن دووپارت  یان زیاتر حکومەت پێک دەهینن ، لەم حالەتەشدا ئەو پارتانە بەیەکەوە بەرپرسیارەتی سەرکەوتن و ژێرکەوتنی کاروبارەکانی حکومەت هەڵدەگرن .

لەم حکومەتەی ئێستای کوردستاندا یەکێتی پارتێکی سەرەکی پێکهاتەی حکومەتە لەدوای پارتی و جێگری سەرۆکی حکومەت یەکێتیە ، کۆمەڵێک قەیران بەرۆکی حکومەتی گرتووەو تالێواری مەرگ ڕاپێچی کردووە ، قەیرانی هەرەسەرەکیش داراییەو سەرچاوەی سەرەکی ئەم داراییەش ، نەوتە ، بۆیە دەبێ حکومەت گرنگی تایبەت بەکەیسی نەوت بداو هەموو کەموکوڕیەکان و گلەیی وڕەخنانەی لێیدەگیرێن ، لەبواری ؛ بەرهەمهێنان ، گرێبەستەکان ، بەبازارکردن ، فرۆشتن و نرخ و شەفافیەتی سەرجەم پرۆسەکە ، لەبەرچاوبگیرێ و بەردەوام گفت و گۆو سیمنارو کۆنگرەی لەسەر بگیرێ و هەوڵی باشترو باشترکردنی بۆ بدرێ ، لەهەموو ئەو کارانەشدا دەبێ نەک هەر پارتە بەشدارەکانی حکومەت بەڵکو دەبێ خەڵکی دەرەوەی حکومەتیش ، مامۆستایانی زانکۆ ، پسپۆرانی بواری دارایی و ئابووری و نەوت بەشداری پێبکرێ و گوێیان لێبگیرێ . ئەوەی زۆر سەیرەو زۆر نامۆیە بەلای من و زۆربەی ئەندامان و کادیرانی یەکێتی و خەلکی کوردستانیشەوە ڕاگەیاندنی بێئاگایی مەکتەبی سیاسی حزبەکەمە لەکەیسی نەوت و ئەم ڕاگەیاندنەش لەسەرزاری باڵاترین دەستەلاتی حزبە کە مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕە . حاکم قادر ئەندامی دەستەی کارگێڕو یەکێک لەهەرە چالاکەکانی حزبەکەم دەڵێ بەڕاشکاوی پێتان دەڵێم : ئێمە وەک یەکێتی هیچ ئاگامان لەکەیسی نەوت نییە چۆن دەفرۆشرێ بەچەند دەفرۆشرێ پارەکە چی لێدەکرێ و… هتد !! ئەمە قسەی زۆربەی زۆری سەرکردایەتی و ئەندام پەرلەمان و مەکتەب سیایسەکانیشمانە !! بەڕاستی ئەوە سەیرە ، حزبێک دوای ئەم هەموو خەبات و خوێنە دوای ئەم هەوموو ، سەروەریە ، چاوەڕوانی زۆری لێدەکرا حکومەتەکەی خزمەتگوزاربێ و وەک مامی گەورە دەیفەرموو : حکومەتی خانوەقوڕەکان بێ و خۆشگوزەرانی ئاوەدانی بۆ کوردستان بهێنێ و سەرچاوەکانی داهات و دارایی ووڵات پەرەپێ بداو ژێرخانی ئابووری ببوژێنێتەوە و خەونی شەهیدەکانی لەووڵاتێکی ئاوەدان و سەربەخۆدا بهێنێتە دی ، دێت و بێئاگایی خۆی لە سەرەکیترین داهاتی ووڵات کە نەوتە ڕادەگەیەنێ !!

ئەری بەڕاست چی دەمێنێتەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بیکات ؟

تۆ کەئاگات لەداهات نییە ئەی دەتەوێ چی بکەی بۆ خەڵک و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە ؟

چۆن خزمەتی خەڵکو شارەکانت دەکەی ؟

چۆن گوندەکان ، کەبەدرێژایی شۆڕشی نوێ خانەو لانت بوو  ئاوەدانیان دەکەیتەوە ؟

چی وەڵامی ئەم قەیرانە داراییە دەدەیتەوە کاتێ ئاگات لەهیج نییە ؟

قسەی چی لەسەر شتێک دەکەی کە هیچ کەرەسەیەکی باشکردنت بەدەستەوە نییە ؟

کاک حاکم خەڵک چاوی لە ئێوەیە ڕێگەنەدەن هیچکە یاری بەقوتی خەڵکەوە بکرێ ، هیچکە کەیسی نەوت بە ناشەفافی بمێنێتەوە و لەتاریکدا مامەڵەی گوماناوی پیوە بکرێ و داهاتەکەی تەخشان و پەخشان بکرێ ، کەچی تۆش دێی و دەڵێی ئاگامان لەهیچ نییە !! ئەی کێ ئاگای لێیەو دەبێ کێ ئاگای لێبێ ! ئەرکی ئێوە نییە ئاگاتان لەم کەیسەبێ ؟

ئەی کێ بەرپرسە لەتاڵانکردنی داهاتی ووڵات ؟

کێ وەڵامی پێشمەرگە دەداتەوە ک مووچەکەی دوادەکەوێ ؟

کێ وەڵامی مامۆستا ، دکتۆر ، کارگوزار ، دادوەر ، خانەنشین . دەداتەوە ، شەش مانگە مووچەکەی وەرنەگرتووە ؟

ئەی تۆ دەنگت بۆ ئەوە پێنەدراوە بەنوێنەرایەتی ئەندامان سیاسەتی ئەم حزبە دابڕێژی و بەڕێوەی ببەی؟

حاکم گیان ئاگالێ نەبوون هەرکەیسی نەوت ناگرێتەوە ئەی ئەوچەکانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی دەکات و بۆ پێشمەرگەی ناردووە و هیچتان نەبینیەوە !! دەیان و دەیان شتی تر ، کە ئاگاتان لەداهاتی نەوت نییە لەدوو حاڵەت بەدەر نییە ، یان سەرکردایەتی حزب بەتایبەت مەکتەبی سیاسی و کارگێڕ  شکەستی هێناوە لەبەڕێوەبردنی سیاسەتی حزب ، یان کەسانێک هەن وەک ئاماژەت پێداوە ، ئاگایان لێیەو هیچ بەمەکتەبی سیاسی ناڵێن و خۆیان لە مەکتەبی سیاسی جیاکردۆتەوە ، ئەوکەسانە لەجیاتی ئێوە بیردەکەنەوەو بڕیاردەدەن ! لەهەردووک حالەتەکەدا پێویستە لێتان بپرسرێتەوە ، یان خۆتان ئەو دۆخە قبووڵ نەکەن و هەڵوێستان هەبێ ، یان بەزووترین کات کۆنگرە بگیرێ وسەرکردایەتیەکی نوێ کە هەڵوێستی جدی هەبێ لەسەر ئەم دۆخە . یان ئۆپزسیۆنێکی چالاک بێ یان بەشداریەکی چالاک بێ لەحکومەتداو لەئاست ئەو هەموو خەبا ت و خوێنەدابێ کە یەکیتیەکان بەخشیویانە و هەموو بەرپرسیارەتیەکان وەستۆگرێ .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت