شێرزاد شێخانی : ئایا یەکێتی بەرگەی باجێکی گەورەتر لە 30 حوزەیران ئەگرێت ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەسەروبەندی کۆتاییهاتنی ویلایەتی مەسعود بەرزانی لەساڵی 2013دا ، سەرکردایەتی یەکێتی لەئەنجامی خوێندنەوەیەکی هەڵەی ئەو سەردەمە بەبێ ئەوەی شیکردنەوەیەکی واقییعیانەی هەبێت بۆ دەرهاوێشتەی هەڵوێستە سیاسییەکەی بەرامبەر درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بەرزانی ، کەوتە ژێر فشاری پارتییەوەو لەدانیشتنی 30 حوزەیراندا ماوەی دو ساڵیتری بۆ درێژ کردەوە .. ئەم هەڵوێستەی بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی ئاکامەکەی زۆر بەخراپی کەوتەوە سەر حزبەکەیان ، سەرباری ئەوەش کەهەڵوێستەکە رێک دژ بو لەگەڵ دروشمەکانی یەکێتیدا بەتایبەتیش بانگەشەی دیموکراسی کە یەکێکە لەکۆڵەگە سەرەکیەکانی خەباتی یەکێتی بەدرێژایی تەمەنیەوە ، خۆ ئەوسا بەخوێندنەوەیەکی سادەوە مرۆڤ ئەگەیشتە ئەو قەناعەتە کە مانەوەی بەرزانی لەپۆستەکەیدا ئەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبونی دیکتاتۆریەت لەکوردستانداو ، یارمەتی پارتی ئەدات لەهەوڵەکانی بۆ دەسگرتن بەدەسەلات و ژێرپێخستنی هەمو پرەنسیپێکی دیموکراسی لەپێشیانەوە مەسەلەی دەستاو دەستی دەسەڵات کە سیمای هەرە سەرەکی سیستەمی دیموکراسییەتە .. لەئەنجامی ئەو هەڵویستەش یەکێتی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013 دا باجێکی زۆر قورسیدا بەدۆڕاندنی زیاتر لە 10 کورسی پەرلەمانو پاشەکشەکردنی بۆ پلەی سێیەم .. هەڵبەت ئەو درێژکردنەوەیە بە قازانجی پارتی شکایەوە ، هەم لەلایەک بنکە جەماوەرییەکەی یەکێتی لاوازکرد ، هەم بۆ چەسپاندنی حوکمی دیکتاتۆرییانەی بەرزانی سودی لێوەرگرت ، یەکێتیش وەکو میسریەکان ئەڵێن ( خرج من المولد بلا حمێ ) .. واتە بەدەستبەتاڵیەوە هاتەدەر ..
ئەو سەردەمە خەڵکی تێروپڕ بون ، کێشەی خزمەتگوزاری و موچەو بودجە نەبو ، پۆخلەواتی حکومەتەکەی پارتیش هێشتا بەتەواوی دەرنەکەوتبو ، گەندەڵیش وەکو ئێستا بەبەڵگەوە ئاشکرا نەبو ، لەگەڵ ئەمانەشدا جەماوەر دژی ئەو هەڵوێستەی یەکێتی وەستان . خۆ ئەوانەی دەنگیان بەیەکێتی نەدا لەهەڵبژاردندا تەنها ئەندامو کادیرانی یەکێتی نەبون ئەوانەی دژی پارتی هەڵوێستیان وەرگرتبو ، بەڵکو جەماوەر بەگشتی لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی یەکیتی نەبون ، بۆیە سزایەکی قوڕسیاندا ، ئێستا جەماوەر وشیار بونەتەوە باش ئەزانن پارتی بەتەمای چەسپاندنی چ حوکمێکی دیکتاتۆرییانەیە ، جەماوەر ئێستا رقی زیاتری لەپارتی هەڵگرتوە بەهۆی ئەو قەیرانانەی بۆ هەرێمی دروستکردوەو بەهۆی سیاسەتو هەڵویستە ناشرینانەکانی کەسومعەی میللەتەکەمانی روشاندوە لەهەمو دونیادا .. پارتی بەو هەڵوێستانەى شەش مانگی رابردودا بۆ دۆست و دوژمنیش سەلماندی کەحزبێکی دیکتاتۆرەو وەک حزبی قائید سیاسەت ئەکات و ئەوانی تریش بەپاشکۆی خۆی ئەزانێت .. بریاری رێگریکردن لەسەرۆکی پەرلەمانو دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان و دەستگرتن بەسەر سامانی میللەت و بەفیرۆدانی و رەهن کردنی سامانی نەوت و گازی هەریم بۆ پەنجا ساڵی داهاتو بەدەست تورکیاوە ، ئەمانە هەموی سەلمێنەری ئەو راستیەن کەپارتی حوکمێکی تاکڕەوانە پەیڕەو ئەکات و کەسیش بەپیاو نازانێت .. لەلایەکی تریشەوە پارتی بەبڕینی موچەی فەرمانبەران و وێرانکردنی وڵاتەکەمان لەژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلار ئەوەندەی تر میللەتەکەمانی توڕە کردوە ، ئەم روداوو پێشهاتانەی چەند مانگی رابردوە پێمان ئەڵین کەوا پارتی لەنێو جەماوەردا پێگەی زۆر لاواز بوەو ئێستا وەکو ئەسپێکی دۆڕاوی لێهاتوە کەکەس ناتوانێ گرەوی لەسەر بکات ، لەم سەروبەندی توڕەیو بوغزی جەماوەر لەپارتی ئەگەر یەکێتی هەڵوێستیکی هاوشێوەی 30 حوزەیران بهاوێت ، بێگومان ئەویش ئەکەوێتە بەر رقی جەماوەرو ، ئەو کورسییانەی ئێستا لەپەرلەمانا هەیەتی ئەوانیشی لەکییس ئەچێت . پارتی هەوڵێکی زۆر ئەدات تا یەکێتی رازی بکات بەوەی حکومەتێکی فیفتی فیفتی جاران دامەزرێنن ، یا هەر نەبێ پەلی بکێشیت بۆ ناو ئەو زەلکاوەی خۆی تێخستوە بۆ ئەوەی تەنیا نەمێنێتەوە .. حەیف هەندێ سەرکردەی یەکێتی لەپێناو بەرژەوەندییە تەسکەکانیان چونەتە ژێرباری فشارەکانی پارتییەوە ، هەر یەکەو بەبیانویەکەوە هەوڵی هەڵسانەوەی پارتی ئەدەن ، لەولاشەوە پارتی هەوڵێکی زۆر ئەدات لەرێگەی کەسایەتیەکی سیاسییەوە قەناعەت بەباڵی نەیاری پارتی لەناو یەکێتیدا بهێنێ بۆ ئەوەی ئەوانیش ملکەچی خواست و ویستی بنو بەیەکەوە پەتی نەجاتی بۆ درێژ بکەن لەو زەلکاوەی تێی کەوتوە دەری بهێنن .. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا حەکیمەکانی ناو سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەن جارێکیتر لەپێناو رزگارکردنی پارتیدا باجێکی قورستر لەوەی 30 حوزیران بدەنەوە ؟؟. ئایا بەرژەوەندی یەکێتی لەچیدایە بچێتە ژێرباری فشارەکانی حزبێکی شکستخواردو دوژمن بەمیللەتەکەی ؟؟. قازانجی یەکێتی لەکوێدایە مەسعود بەرزانی و حزبەکەی جارێکیتر هەڵسنەوەو وەکو دێوەزمە بەسەر سنگی ئەم میللەتەوە هەڵنیشنەوەو جارێکیتر سەروەتو سامانی میللەت هەڵلوشن و خەڵک برسی بکەنو موچەیان ببرن .. یەکێتی پرۆژەیەکی چاکسازی هەبو بۆ سیستەمی سیاسی کوردستان ، بەم پرۆرژەیەوە توانی هاوپەیمانی زۆر بەهێز بەلای خۆیدا رابکشێت کە هەر یەکەو پێگەی جەماوەری خۆی هەیە لەگۆرەپانی کوردستاندا ، ئەکرێ هەر لەگەڵ ئەواندا بکەوێتە دوای چارەسەری وەزعی میللەت و گێڕانەوەی ئەو ملیارات دۆلارەی کەلەقوتی خەڵکەوە دزراوە ، یەکێتی پێویستە لەم قۆناغەدا لەگەڵ هاوپەیمانە راستەقیینەکانیدا بەرەیەک دروست بکات بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەکوردستان و رزگارکردنی میللەتەکەی لەو مەینەتییانەی تێی کەوتوە بێگومان تەنها بەمەش سۆزی جەماوەر بەلای خۆیدا رائەکێشێت و ئەبێتەوە پێشەنگی گۆرەپانەکە ، لەهەڵبژاردنی داهاتوشدا بەری ئەو هەڵوێستە نیشمانییانەی ئەدورێتەوە ، ئەگەر لەژێر هەر فشارێکیشدا خۆی کردەوە قوربانی حەز ئاواتەکانی پارتیەوە بێگومانم لەوەی ئەمجارەیان باجەکەی زۆر قورستر ئەبێت تا سنوری رەشبونەوەی وەکو حزبێکی خاوەن خەبات وشۆڕشگێڕ . جا ئەم پرسیارە روبەروی سەرکردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی ئەکەین با چاوەران بین بزانین چ هەڵوێستێک ئەنوێنن لەپێناو خزمەتی حزبەکەیان و میللەتەکەیان .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت