Mamosta-Osman

عوسمان عومەر : شەرەکانى شوباتى 1988 ى دۆڵى جافەتى و کشانەوەو ودواتر ناونانى بە ئەنفال .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى چوارەم 

هێرش بزانن چی روودەدات لەو هێرشەی کردیان ئەنجامی شکست بوو زیاتر لە 150 سەربازو قوات خاصە و مغاویرو ئەفسەری تێداکوژراو لاشەی چەندین رائد و نەقیب و مولازم کەوتبوە بەردەست هێزی پێشمەرگە و لەگەڵ ئەوەش دیل و دەسکەوتیش هەبوو بۆیە فەرماندەی فیرقەکە ووتبوی سیدی بعد شنسوی اکثر من هذە ماندری وێن یختلون و منین یطلعون های الروح القتالیە لو عندی احتل نص ایران ، لاشەی کوژراوی سەرباز و جاش ئەوەندە زۆر بوو خەریک بوو ژینگەکەی تێکدەدا بۆیە لە ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە چەندجارێ بانگەواز کرا بۆ بردنەوەی لاشەی کوژراوەکان و هێزێکی بادینی چەکدار چەندین جەنازەی خۆیان بردەوە . وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هۆی چڕکردنەوەی هێرشەکان هێزە ئێرانیەکان لە دەوروبەری سلێمانی نزیک ببونەوە ومەترسی بوو بۆ سەربەنداوی دوکان بۆیە بەهەرشێوەیەک بوایە دەبوایە هێزەکانی ی ن ک لەو ناوچەیە دوورخرێنەوە .
بریارێک لە سەرکردایەتیەوە دەرچو بۆ خەلکی ناوچەکەو ئەو پێشمەرگانەی ژن و منالیان لەگەڵە دەربازیان کەن و خۆیان بگەرێنەوە بەرەکانی شەڕ ، مقۆ مقۆی ئەوەش هەبوو کە شەرێکی ئینتیحاری بکرێ و دوژمن بەسەر لاشەکانماندا بروات چۆڵی ناکەین …. ئەم بیرۆکەیە وازی لێهێنرا …. وبیر لەوەکرایەوە کەپەلاماری ناوچەیەکی ستراتیژی بدرێ بۆتیا مانەوە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرکردایەتی چەند ناوچەیەکى وەک ( رانیە ، قەلادزێ ، دوکان ، هەلەبجە ) هەلبژێردرا کە گرنگترین ناوچەبێ بە نسبەت دوژمنەوە وای لێبکات هەندێ لە هێزەکانی لە سنوری سەرکردایەتی بکشێنێتەوە لەلایەکی ترەوە باس لە کشانەوەی رێکوپێک دەکرا کە بەرە بەرە خۆ سوکردن بێ بە دەربازکردنی دیکۆمینت و کەل و پەلی گرنگ ئینجا جێ هێشتنی ناوچە بە شەرکردنی بست بە بست ئەو بریارە نهێنی بوو .
رۆژی 9 ی ئادار کە زانیمان بە نهێنی بریاری کشانەوە دراوە لەگەل کاک سەرکەوتی هاوکارم بە کاک نەوشیروان گووت لای ئێمەش بەلگەنامە و دەفتەری بروسکەی کۆن و هەندێ دیکۆمێنت هەیە با ئێمەش تەسفیەی بکەین ئەوەی گرنگە لەگەڵ خۆمان دەیهێنین ئەوەی تر دەپێچینەوەو ئامادەی دەکەین هەندێکیشی دەسوتێنین بەرێزی رەزامەندی نیشان داوگەراینەوە یاخسەمەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەوکارە هەندێ پارچەی بێتەل بوو لەگەل هەندێ لەو شتانە لەگەڵ خۆمان بردمان بۆ بەرگەلوو بەراستی ئەوەندەمان پێ ناخۆش بوو کە بەدەستی خۆمان ئەو ئەرشیفە گرنگانە بسوتێنین یا جێ بهێڵین چونکە بەدەستی خۆمان نوسیبومان و چەندین ساڵ لەگەڵی ژیا بوین وەک ئەوە وابو کە خۆت بەدەستی خۆت کۆرپەکەی خۆت بخەیتە گۆرەوە بەلام چاریش نەبوو چونکە نەکۆمپیوتەر نە ئامێرێکی وامان نەبوو تێیدا بپارێزین ….. ونەبونی جەنابی مام لەوکات و ساتەدا زۆر گرنگی بە بارەگاکەی ئێمە نەدەدرا هەرکەسە خەریکی کەل پەل و مستمسکاتی بارەگای خۆی بوو تەنها پێشمەرگەکانی بارەگاکە بوو خەریکی ئەوانەبون هاوکاریش دەکران …. ئێمەش چارمان نەبوو نەمانتوانی لای کاک نەوشیروان چۆڵ بکەین چونکە 24 کاتژمێر هەر لەگەل بێتەلی راکال و بێتەلی بچوک خەریک بوین هەرفریاش نەدەکەوتین بەرێز کاک نەوشیروان ئاگاداری کردمەوە کە لەجیاتی کاک بەختیار سەرپەرشتی بێتەلەکان بکەم چونکە بەرێزی چەند کەلوپەل و خیزانەکەی خۆی و ئەوانی تر بەرەو سنور رۆیشتن و پێکەوە پێشتر کۆمەلێ شفرەمان ئامادە کردبوو بۆحالەتی کەشف بون یا گیران چەند جارێ بیگۆرین جانتایەکی دبلۆماسی پڕ بوو تا راپەرین و دوای راپەرینیش هەر لام مابوو .
رۆژی 10 ی ئادار بەرێز کاک نەوشیروان ئاگاداری کردم کە بێتەلێک و ئەوکەل وپەل و شتانەی لە یاخسەمەرەوە هێنابووم ئامادە بکەم و لەگەڵ جەنابی و دەستەکەی خۆی کەل پەلەکانمان باری دوو ئێستر بوو بەرەو گۆمەزەڵ بە شاخی کەرکەردا سەرکەوتین و بنەمان لە گۆمەزەل دانا بەکاتی ، شەو تادرەنگ هەرخەریکی بروسکە وەرگرتن و کردنەوە بوم دەمنوسیەوەو دەمبرد بۆ بەرێری هەندێکی وەڵام دەدایەوە و هەندێکی نا . بەراستی هەواڵ بروسکەکان مایەی دلخۆشی نەبوون چونکە بە هۆی خیانەتی فەرماندەیەکەوە کە پەیوەندی بە دوژمنەوە هەبوو کلیلی ناوچەکە کە ( گردی گەورە ) ی لای مەرگەوە بوو تەسلیم بە دوژمن کرا وتەنانەت عەدەد بێتەلەکەشی بەناوى ( هەینى ) لەگەڵ خۆی بردەوەوتا ئێستا نازانین چارەنوسى چییە ؟ پێ دەچوو شەهیدکرابێ , هەرلە شەرانەدا عەدەد بێتەلێکى ترمان بەناوى عبداللە عبد الواحد بەهۆى تاریکى شەوونەشارەزایی و باوبۆران لەلایەن هێزیکى دوژمنەوە دەستگیرکرابوو بەهۆی ئەوخیانەتەوە ئەولاى بەرەکەمان شکستى هێناو هێزەکان کەوتنە پاشەکشە وناوچەى مەرگە لەسەرشاخى هەوارە بەرزە سەنگەریان دانا , لەئەنجامى کشانەوەى خەلک لەوناوچەیە چەندین خەلکى سیڤیل رەق بونەوە لەناویاند کابرایەکى قاچاخچى دۆستى شۆرش ( على لفتە ) بوو سەرەراى ئەوهەموو گرانى قورسیەى سەرشانى بەرێز کاک نەوشیروان مامۆستا ئەمین پێشمەرگەو کادیریکى بەتوانا بوو کە گەیشتە لاى بارەگاکەى ئێمە کاک نەوشیروان بۆ خۆشى پێی ووت مامۆستا ئەمین على لفتە بەو هەموو کەتەو زلیەوە رەق بۆتەوە تۆش بە زەعیفی وبێ داروباریە دەرچوى .. بەسەرهاتێکى تر گەر هەڵە نەبم کچێکى تەمەن ٤- ٥ ساڵى کاک حەمەى حەمەباقى وایان زانیوە کە رەقبۆتەوە و جێیان هیشتبوو بەلام پێشمەرگەیەک هەست دەکات دەجولێتەوە هەلى دەگرێ هێنایە لاى ئێمە و بەپەلە کاک نەوشیروان بەپێشمەرگەیەکدا بۆى ناردنەوە .. بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز بەهۆى ئەوبەفرە زۆرەوە بەدرێژایی ئەورێگایەى پێیدا گوزەر دەکرا بەتانى بەور .. لێفە .. راخەر … دۆشەک راخرابوو تا وولاغ بتوانێ بەسەرى بروات و نەچەقێ لەولاشەوە لەقەد پاڵەکان سەدان سەر مەڕ وبزن وولاغە بەرزە لەناو بەفردا بێ خاوەن وهەندێکیان رەق ببونەوەو هەندێکیان پارچەى تۆپ لێی دابون ومردار ببونەوە .. جگە لەوە جل و بەرگ وپیداویستى منالان و ژنان لەوناوە کەس خاوەنى نەبوو بڵاو ببۆوە .. هەر لەسەر ئەو رێگایە بەدەیان ئەفسەرو سەرباز و پلە دارى سوپاى عیراق لەناو بەفر رەق ببونەوە ودەبینران لەهێرشیکى توندى ئێرانیەکان بۆ ئەو ناوچەیە کرابوو .. کە باسى رۆژى مەحشەر دەکرێ وانییە …. چۆنە ؟ دایک .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت