Daik

نەبەز گۆران : من نەمزانیبوو رۆژی ژنان هەیە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچۆن من تا ئەم ئاخیرییە نەمزانیبوو ، رۆژێك هەیە هی ژنانە ، دایكمیش وا .
ئەگەڕ رۆژێك كۆڵێك بە كۆڵتەوە نەبووە ، لەم دیوی سنوورەوە بیبەت بۆ ئەو دیووی سنوور ، لەوە تێناگەیت ، ئێوارە كە هاتیتەوە ماڵ ، چ سێبەرێك ماندوویەتیت دەحەسێنێتەوە .
ئەگەر رۆژێك لەسەر سینییەك دەنكە هەنارت نەفرۆشتوە و لە ترسی وشكبوونەوەی دەنكە هەنارەكانت ، دڵی خۆشت وشك نەبووتەوە و بپارێیتەوە بەر لەوەی دەنكە هەنارەكان وشك ببنەوە ، یەكێك بێت لێت بكرێت . لەوە تێناگەیت تەنها شتێك نەهێڵێت دڵت وشك ببێتەوە ، میهرەبانییەكە لە دەرەوە نییە لە ماڵەوەییە .
ئەگەر رۆژێك لەناو تەپەدۆرێك چلورەت نەفرۆشتبێت ، نازانی خەمی چلورە فرۆشێك گەورە ترە لە خەمی سەركردەییەك . چونكە چلورە فرۆشەكە ئەزانێت ، كە چلورەكانی نەفرۆشران و توانەوە ، ژیانیشی لەگەڵی دەتوێتەوە . تەنها شتێك دڵی ئەو چلورە فرۆشە بهێنێتەوە شوێنی خۆی ، كەسێكە لە دەرەوە نییە لە ماڵەوەییە .
گەر رۆژێك لەناو مەنجەڵێكی مسدا كۆڵانە و كۆڵان نەگەڕەبابیت و ، شەربەتی هەنجیرت نەفرۆشتبێت . هەرگیز لەوە تێناگەیت ، ئەوەی ئەم دونیاییەی شیرینكردووە ، شەربەتە هەنجیرەكەی ناو مەنجەڵە مسەكەی تۆ نیە ، كەسێكە وا لەماڵەوەیە .
گەر لە كارگەیەكی خشت دروستكردن كارت نەكردبێت و گەرمای هەتاو توێكڵی سەر گوڵمەكانتی هەڵنەدابێتەوە . قەت نازانی ، تاقە شتێك گوڵمەكانت چاك بكاتەوە ، پەنجە نەرمەكانی كەسێكە ، لە دەرەوە نیە ها لە ماڵەوە .
با بە كورتی و پوختیەكەی پێت بڵێم : ژینی لادێ‌ سەیریان نیە ، دەردە ، ماندوویەتیە ، ئازارە . تۆ كەی شوانیت كردووە ، تا لەوە تێبگەیت ، لە چێژ وەرگرتنی ژیاندا ، جیاوازییەكی زۆر نییە لە نێوان مەڕەكان و مرۆڤەكاندا . كەی پاچەكۆڵەت كردووە ، تا تێبگەیت هەڵكەندنی گیاكەڵەیەك گۆلێك توتن رزگار ئەكات لە وشك بوون . كەی پەمۆت چنیووە ، تا حاڵی بیت ، چنینی ژیان ئاسنترە لە چنینی پەمۆ . كەی بەیانییەك چوویت بۆ كرێكاری و بە دەستی بەتاڵ هاتوویتەوە ، تابزانی ژیان وەك لەپی دەستی كرێكارێك خاڵی بووتەوە لە سۆز .
ئەگەر هەموو ئەم دەردانەت نەبینیبێت ، چوزانی من باسی چ ژنێك دەكەم !
چوزانی لەدوای ئەم هەموو دەردانەی دەیبینی ، كە ئێوارە دێیتەوە ماڵ ، بۆنی برنجەكەی دایكت دەچێتە بەسەرتا و كتوپڕ سفرەكە رادەخات ، وەك بڵێیت بەهاری راخستووە . ماڵەكە پڕ دەبێت لە خۆشبەختی هەرچی تاڵی هەیە لە بیرت دەچێتەوە .
من تا ئەم دوایانەش نەمدەزانی رۆژێك هەیە ، هی دایكە ! رۆژێك هەیە ، هی ژنە . بەڵام ئەمزانی هەموو رۆژەكانی من دایكمی تیاییە .
قسەی ئەو ژنە نووسەرەم زۆر پێ‌ جوانە كاتێك دەڵێت :
دەڵێن ، لە پشت هەموو پیاوێكی مەزنەوە ژنێك وەستاوە ، بەڵام خۆشبەختانە لەپشت هیچ ژنێكی مەزنەوە ، پیاوێك نابینم .
چ پێویست دەكات ، لەپشت ژنە مەزنەكانەوە پیاوێك بوەستێت ، لەكاتێكدا ژنەكان خۆیان مەزنن .
یەك تۆز بیر بكەرەوە لە دایكت ، ئینجا دەزانی ژن یانی چی .
راستییەكەی نامەوێت باسی ئەو پیاوە گەرو گولانە بكەم ، دایكێك گەورەیاندەكات و كە پیاوبوونی خۆیان بینی ، ئیتر بە زمانە دڕكاوییەكەیان بەر دەبنە گیانی ژنەكان . باسی ئەو ژنانەش ناكەم ، یەك تۆپەڵ گرێن و ، لە گرێكانی خۆیانەوە ، سەیری جیهانی پیاوان دەكەن .
من باسی ژنێك ئەكەم ، دایكە . من باسی دیوە جوانەكەی ژیان ئەكەم .
دایكم وەك من ، نەیدەزانی رۆژی ژنان و رۆژی دایكان هەیە . بەڵام ئەیزانی ئەو دایكەوە و دەبێت ، ئاگای لە من بێت ، بە رێگا تارییكەكەدا نەچم بۆ گۆڕستان .
بەهەر حاڵ …
درەنگ زانیم رۆژێك هەیە هی دایكانە و ، رۆژێكیش هەیە هی ژنان . ئەبێت لە رۆژێكی وادا ، جارێكی تر بچمەوە بەردەم ئاوێنەكەو سەیرێكی خۆم بكەم و بە خۆم بڵێم :
كوڕەكە … پیاو بوونت نەتگۆڕیت ــ بیرت نەچێت رۆژێك منداڵبوویت لە باوەشی ژنێكدا ، كە دایكتە . بیرت نەچێت غروری پیابوونت وات لێبكات كتوپڕ بەردێك لە پەنجەری ژنێك بدەیت و بە چاوێكی كەوە سەیریی بكەیت . بیرت نەچێت ، نەجیتە ناو مەجلیسێكەوە منداڵی و گەنجییەتی خۆیان لەبیر كردبێت و ، وابزانن هەمیشە وا گەورەبوون و دەست بكەن سوكایەتی كردن بەژن و شعوری ئەوەیان نەبێت ، كە ئەوانیش دەبنە دایك .
كوڕەكە بیریت نەچێت .
تەنها یەك رێگا هەیە تا بگەیت بە خۆشبەختی ، ئەویش رێگای رازیكردنی دڵی دایكتە . تۆ وەك ئەو كوڕە سەرسەرییانە مەبە ، لەبەر ویستێكی خۆیان ، دەنگ بەرز ئەكەنەوە بەڕووی دایكیاندا . تۆ لەوانەش مەبە، رۆژێك بیری دایكیان بكەن و رۆژێك لە بیری خۆیاندابن و ئەو لە بیربكەن .
هەر ئەوەندە لەبیرتبێت ، هیچ ئاییدیا و ئایین و ئایدۆلۆژییایەك ، وات لێنەكات لە بڕوا راستەقینەكانی خۆت درو بكەویتەوە و بە هەوای دەوروبەرت بدەی لە شەقەی باڵ و ، ببیتە هۆی وێرانكردنی دڵێك ، كە دڵی دونیاییە .
بیرت نەچێت .
با هەموو رۆژەكانت دایكتی تیابێت . كە ئەوت وەك خۆی ناسی ، ئیتر ناتوانی لەوانەبیت خەریكی وێرانكردنی دونیایەكن كە ژیان بە وێرانبوونی ئەو دونیاییە خۆشی وێران دەبێت .
بیرت نەچێت ، با هەموو رۆژەكانت دایكتی تیابێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت