Salar-Basire

دکتۆر سالار باسیرە : کۆمەلگای تەقلیدی ، سیستەمی خێڵ و خێزان ، و پێویستی بوون بە شۆڕشێکی نوێ ـ هەرێمی کوردستان بە نمونە . 

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناوەڕۆک
+ خەسڵەتی کۆمەڵگاو دەسەلاتی تەقلیدی  

+ کۆمەڵگای دواکەوتو دیکتاتۆر بەرهەم دێنێت .

+ کاریگەریی کەلتوری سیاسی لەسەر حیزب و سیستەمی سیاسی
+ شێوازی دەسەلاتە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستان .

+ دەسەلات خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە .
+ سیستەمی خێڵ و خێزان سیستەمە دەولەتیەکە کرمێ دەکات ، دەرئەنجامی ئەم شێوە دەسەلاتە ، هەرچەندە نوسراوە ، بەلام من پێتان دەلێم : دەسەلات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ .
+ حیزب ئۆرگانێکی گرنگە بۆ بەمۆدێرن کردن یان پاش خستنی سیستەمی سیاسی ئەم دەسەلاتە توانای ڕیفۆرم کردنی نیە ، کە ناعەدالەتی دەبێتە یاسا ، یاخیبوون و شۆڕش دەبێتە ئەرک .
+ بیرۆکەی شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ڕێکخراو لە هەرێمی کوردستان

خەسڵەتی کۆمەلگاو دەسەلاتی تەقلیدی
خەسڵەتی کۆمەلگای تەقلیدی ( کۆمەلگای عەشیرەت و خێل و بنەمالە) ، کۆمەلگای کۆنەپاریز ، کە کۆمەلگای کشتوکاَلی و دەرەبەگیش دەگرێتەوە ، کوردستانیش سەرەڕای هەندێک گۆڕانکاری کۆمەلایەتی بەلام بێبەش نیە لەم پێناسەیە. ئەم جۆرە کۆمەلگایە وەک پێکهاتەیەکی دواکەوتوو بریتیە لە کردەوە تەقلیدیە کۆمەلایەتیەکان . ئەو کردەوانەی کە لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتق دانەمەزراوە ، بەلکو لەسەر بنەمای ئەو کردەوانەی کە سەردەمانێک کاری پێکراوەو جێگیربوەو بە میرات ماوەتەوە وەک شتێکی تەقلیدی. یەکێک لە خەسلەتەکانی کۆمەلگای تەقلیدی بریتیە لە پێکهاتەیەکی داخراوی کۆمەلایەتی کە بەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆڕانکاری. جگە لەوە زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەلگایانە سەربەخۆییان نیەو بەستراونەتەوە بە نەریتی گشتی کۆمەلگاکە . لێرەدا هوشیاریی ئاینی زالە بەسەر بوارەکانی ژیانی کۆمەلگاکە . دەسەلاتی سیاسیش خەسلەتێکی حوکمی فەردیە تێیدا. ئەم جۆرە کۆمەلگایە هەروەک ئاماژەم پێدا بەپێی سروشتی خۆی ، خۆی کەمتر دەداتە دەست بە مۆدێرن کردن . زیاتر لە شوێنی خۆی دەچەقێ و گۆڕانیشی کاتی درێژی دەوێ کە ئەمیش بەندە بە کۆمەلێک فاکتەرەوە . لەم سیستەمە تەقلیدیەدا ، بە دەسەلاتە سیاسیەکەیەوە ئابوری خزمایەتی و بارودۆخی پابەندبوون و پەیوەندی کەسیی دروست دەبێت و ڕۆل دەبینێت . بەم شێوەیە گەشەکردنی ئابوری گێڕ دەبێت ، تەنانەت کەپیتالیزمی مۆدێرن لەم شێوە دەسەلات و سیستەمەدا ناتوانێت گەشە بکات . بە پێچەوانەی دەسەلاتی یاسایی کە کارمەندان بە پیشە کارەکانیان دەبەن بەرێگاوە ، لەوەی دەسەلاتی تەقلیدیدا دارودەستە (دەست و پێوەند) بەم ئەرکە هەڵدەستن . بەم پێیە دەبێت بەڕێوەبەرایەتی تەقلیدی بەم شێوە تەقلیدیە بەڕێوە بچێت گەرنا دەسەلاتی دەسەلاتدارە تەقلیدیەکە دەکەوێتە بەر مەترسی . هەربۆیەش لێرەدا یاسا تەقلیدیەکان حوکم دەکەن .
لەم جۆرە کۆمەلگایانەدا هوشیاری کۆمەل وەک پێویست لە ئارادا نیەو دەسەلاتدار سوود لەم دیاردەیە وەردەگرێ و دەشیەوێ کەش و هەوا کۆمەلایەتیە دواکەوتوەکە هەر بەم شێوە کۆنە دواکەوتوە بمێنێتەوە لە شێوەی داب و نەریتە تەقلیدیەکان . هەموو پێشکەوتن و هوشیاریەکی کۆمەلایەتی دەبێتە لاوازکردن و گۆڕینی ئەو بارودۆخە دواکەوتوەو نەریتە تەقلیدیەی کە دواتر دەبێتە ڕێگر لەبەردەم دەسەلاتی دەسەلاتدار و سیستەمە سیاسیە تەقلیدیەکەدا . هەربۆیە بەگشت شێوەیەک ئەم جۆرە دەسەلاتە هەوڵی لەناوچوونی پێشکەوتن ئەدات و دەیەوێ کۆمەلگا کۆنەکە کۆمەلگایەکی داخراو بێت و بەهۆی ناهوشیاری کۆمەلەوە بۆی بچێتە سەرو دەسەلاتدار جێگای یاساش بگرێتەوەو دەیەوێ لەم زیاتر ، لە سەرۆکێکی کاریزمای نەگەتیف زیاتر ، کۆمەل هیچی تر نەبینێت و بەم شێوەیە بێبەشی دەکات لە دونیای پێشکەوتن و کرانەوە . کاریزما بەو واتایەی کە گروپێک بڕوایان وایە کەسێک هەیە کە خاوەنی چەند خەسلەتێکی نائاسایی و لەڕادەبەدەر و ڕزگاریی کۆمەلگایە. کاریزما نەگەتیفەکان بۆ لەدەست نەدانی کاریزما دروستکراوەکەی دەبێت کاری پالەوانانە نیشان بدەن ، بۆنمونە بارزانی باس لە دروستبوونی دەولەتی کوردی دەکات و بیکاتە دەستکەوتێکی پالاوانانە بۆخۆی .

کۆمەلگای دواکەوتو دیکتاتۆر بەرهەم دێنێت
لەو کۆمەلگایانەی کە هوشیاری سیاسی و کۆمەلایەتی هاولاتیان کزو لاوازەو هەروەها ڕەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی تیایاندا لاوازە ، ئەوا سیستەمی سیاسی پەیڕەوکراو لە ولاتدا سیستەمێک دەبێت کە لەسەر زەبروزەنگ و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت بونیاد دەنرێت . لێرەدا پێشێلکردنی مافی تاکەکانی کۆمەل و سەربەستیەکانیان و بوارنەدان بە گروپی سیاسی و کۆمەلایەتی سەربەخۆی جۆراوجۆر لە دەولەتدا دیاردەیەَکی ئاسایی دەبێت . واتا لە دەولەتدا سیستەمی دیکتاتۆری پەیڕەو دەکرێت ، جا ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە سیستەمی دیکتاتۆری تاکە کەسی بێت ، یان خێزان و خێل و گرووپ بێت … بەلام پەیڕەوکردنی هەر شێوەیەک لە سیستەمی دەسەلات لە ولاتدا شتێک نیە هەتا سەر بەزۆر بسەپێندرێ ، هەتا سەر بڕبکات و نەگۆڕ نەبێت .
هەروەها سیستەمی سیاسی دەولەتێک کۆپی ناکرێت بۆ دەولەت و کۆمەلگایەکی تر ، بەلکو سیستەمی پەیڕەوکڕاو لە ولاتدا دەبێت نزیک بێت لە داب و نەریت و کەلتور و باری کۆمەلایەتی و ڕادەی هوشیاری خەلکی ئەو ولات و دەولەتە. بەلام ئەگەر دەسەلاتە ، سیستەمە سیاسیە پەیڕەوکراوەکە لەگەل باری سایکۆلۆجی و فکریی و کۆمەلایەتی و کەلتوری و داخوازیی چین و توێژەکانی خەلکی ولاتدا گونجاو نەبوو بۆ نان و ئازادیش وە نادادپەروەر بوو ، ئەوا ئەو سیستەمە سیاسیە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زەمەنییش پەیڕەو بکرێت بەلام وەکو ئەنجام هەر هەرەس دێنێت و ئامانجی رێکخستنی دەولەت ناپێکێ کە لە ڕاستیدا پێویستە بۆ خۆش گوزەرانی و سەقامگیرکردنی ڕەوشی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری هاتبێتە کایەوە ، وەک ئەوەی هەنووکە لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت . کۆمەلگاو دەسەلاتی تەقلیدی و کلاسیک هەر هێشتا بەربلاوترین شێوەکانی کۆمەلگاو دەسەلات و سیستەمە سیاسیەکانە چونکە دەسەلاتی دەولەتی یاسایی و ئەقلانی و سێکولار لە گەشە مێژوییەکەیدا درەنگ هاتۆتە دروستبوون .

ئەم دەسەلاتی خێڵ و خێزان و پێکهاتە عەشایەریە تەقلیدیە ئەوەندەی پەیوەندی خوێن و داب و نەریتە کۆنەکە بە یەکتریانەوە دەبەستێتەوە ئەوەندە هەستی نەتەوەیی تێیاندا نیە یان زۆر کزو لاوازە . ئەگەر ببنە دەولەتیش ، ئەوا دەولەتێکی سوڵتانیی و فاشیل دەبێت و لە خزمەتی تاقمێکی بچووکدا دەبێت ، وەک ئەوەی خێزانی ال سعود لە سعودیە …

کاریگەریی کەلتوری سیاسی لەسەر حیزب و سیستەمی سیاسی
یەکێک لە گرفتەکانی سیاسەت و کۆمەل بریتیە لە دواکەوتویی کەلتوری سیاسی بۆ بەها دیموکراتیەکان . تەنانەت لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دیموکراسیەت تەنیا ڕوکەش بووە . ئەم دەسەلاتدارە کۆنە پارێزە تەقلیدیانە هەرگیز ئامادە نین دەستبەرداری دەسەلات بن . لەبەر ڕۆشنایی دواکەوتویی کۆمەڵ بەگشتی و کەلتورە سیاسیەکە هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنەکان لای خۆشمان وەک پێویست ئۆپۆزیسیۆنێکی هاوچەرخ نین و هەموو بە دەسەلاتیشەوە بەرهەمی واقعی کۆمەلگاکەی خۆیانن ، هەربۆیە پەڕینەوە بۆ کۆمەلگایەکی مۆدێرنتر شتێکی هەروا ئاسان نیەو پڕۆسەیەکی ئالۆزو درێژخایەنە، بەلام هیچ کۆمەلگاو سیستەمێکیش نەگۆڕ نیە .

شێوازی دەسەلاتە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستان
ئەم شێوازی دەسەلاتە سیاسیەی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی ئیدارەو دەزگای سەربازی ( میلیشیا ) و دارایی و هەوالگریی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی و لەژێر دەسەلاتی تاک و خێزاندایە ، پیادەی بە مەرکەزیەت کردنی دەسەلات دەکات ، مەرکەزیەتیش لەگەل دیموکراسیەتدا یەکناگرێتەوە . هیچ کام لەوانە شەرعیەتی دەسەلاتیان لە دیموکراسیەتەوە وەرنەگرتوە . هەڵبژاردنیش تەنیا یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی بەلام ئەوەش لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بە پڕۆسەی ساختەکاریدا ڕۆیشتوە .
ئەم جیهازی دەسەلاتە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی پابەندو دارودەستە بە وەلاو وەفا بۆ سەرۆک دروستبووە . بایەخ بە دروستکردنی کاریزما ئەدرێت کە بریتیە لە سەرۆکی خێزان و بنەمالە خۆی . سیاسەتێک کە نیشانەی سروشتی سیستەمێکی تەقلیدیەو سروشتی دەسەلاتەکەش دیکتاتۆریەتە . دادوەری و مافە سیاسیەکانی تر لەلایەن دەسەلاتدارەوە وەک شتێکی ، مولکێکی شەخسی مامەلەی لەگەلدا دەکرێ و توانای بەسەر ئامرازەکانی دەسەلاتدا هەیە هەروەک بەسەر شمەکێکی خۆیدا هەبێت. بەم شێوەیە دەکرێ بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ ، لە وەرەسەدا بەش بکرێ (خێزانی بارزانی و تالەبانی نمونەیەکی بەرچاوی باسەکەیە) . لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسی لە کۆمەلگا سەندراوەتەوەو دوور خراوەتەوە لە هوشیاری سیاسیش . گەل بێ مافە و وەک خزمەتکار ، وەک ئۆبجەکتی ڕوتاندنەوە سەیر دەکرێ نەک وەک هاولاتی لە ڕوانگەی کۆمەلگای مەدەنیەوە . لێرەدا کەسایەتی تاکەکانی کۆمەل تێکدەشکێندرێت . جوداکردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەکان و گشتیەکاندا نیە. سەرجەم پەیوەندیەکانی دەسەلات پەیوەندی کەسییە نەک موئەسەساتی. جوداکردنەوەی دەزگاکان لانی کەم بە ڕوکەش ددان پێدا نراوە ، هەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێبدرێ، بەلام لە پراکتیکدا بوارە شەخسیەکان و گشتیەکان لەیەکتر جودا ناکرێنەوە. داگیرکردنی مولکی گشتی و بە هەدەردانی سامانی نەتەوە بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ڕێگای دەسەلاتداری کەسەوە ڕەفتاری پێوە دەکرێ هەروەک ئەم ولاتە هەمیشە موڵکی خێزان و بنەمالە (خێزانەکان ، بنەمالەکان ، بچووک و گەورەکان) بوبێت. بارودۆخێک خولقێندراوە کە تەنیا بە رێگای حیزب و وەلاو وەفا بۆ سەرۆک دەگەیت بە بەرژەوەندیەکانی خۆت. دیاردەیەک دەبێتە هۆی سەقەت کردنی کۆمەلگا. حیزبیش لێرەدا حیزبی قائیدە، حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج نەک ئامراز. ئەم سیستەمە سیاسیە کۆنەپارێز و خێل و خێزان و بنەماَلەییانە لە هاوکێشەی کۆتایدا بەهۆی بلۆک کردنی خۆیەوە رێگریش دەبێت لە گەشەکردن بە ئاڕاستەی هەرێمێکی، دەولەت و کۆمەلگایەکی مۆدێرن. پشت بەدارودەستەکانی ، بە ئیدارە بیرۆکراسیەکانی سەر بە کەسی دەسەلات و بە هێزی چەکدار و ئاسایش و میلیشیا و پارەی ناشەرعی و دەزگا هەوالگریەکانى دەبەستێت ، بەلام گەل بۆ ئەم دەسەلاتە تەنیا ئامراز و ئۆبجەکتە ، بێ ماف کراوەو کەچی دەسەلات دەشیەوێ جەماوەر دەنگی پێبدات و بە ناوی گەلیشەوە بدوێ. لێرەدا جگە لە خوێندنەوەمان بۆ دەسەلاتی سیاسی و حیزبی سیاسی و … پێویستە لە ڕووی کۆمەلناسی سیاسیشەوە لە پێکهاتەو بارودۆخ و دیاردەکانی ناو کۆمەلگاش بکۆلینەوە.

دەسەلات خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە
دەسەلات لە هەرێمی کوردستان خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە ، بەلکو لە پەڕلەمانێکی ڕوکەشی بێ ئۆپۆزیسیۆن هەیە ، یان ئۆپۆزیسیۆنێکی بێکاریگەر. حیزبی زۆری دەستکردووی سێبەر ، هەندێکی تری بەشدارپێکراو لە دەسەلاتدا بەلام بێکاریگەر، “ڕۆشنبیر و ئەکادیمی” کڕدراو ، میدیای زۆری سێبەر ، …تاد. هیچی گوزارشت لە کۆمەلگایەکی سیاسی پلورالیستی (فرەیی سیاسی) ناکات. هەرەمی دەسەلات بێبوونی داروستەو کاسەلێسەکانی بە تەنها ئەو هەموو گەندەلیانەی پێناکرێت ، هەربۆیە دارودەستەکانیش لەسەر ئاستە جیاوازەکان بە هەمان شێوەی دەسەلاتەکە خۆی بەرپرس و تاوانبارن لەو بارودۆخە خراپە. هەموو ئەم باسە ئاماژە پێکراوە گوزارشت لە واقعی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات. ئاسایی دەبێت گەل سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بێت. گەل خزمەتی حکومەت ناکات ، بەلکو حکومەت خزمەتی گەل دەکات. حکومەت تەنها ئەو دەسەلاتەی هەیە کە گەل پێی بەخشیوە.
سیستەمی خێڵ و خێزان سیستەمە دەوڵەتیەکە کرمێ دەکات
لێرەدا ، لەم شێوە دەسەلاتە تەقلیدیانەدا ، ئەوە بۆ هەرێمی کوردستانیشە، دوو سیستەم هەیە، (سیستەمی بنەمالەو خێل و خیزان، هەروەها سیستەمە دەوڵەتیەکە)، بەلام دەسەلاتدارە تەقلیدیە ئۆتۆکراسیەکەو دەزگا بیرۆکراسیەکانی لە ڕاستیدا لە تەنیشت یەکترەوە نین ، بەلکو دەسەلاتە تەقلیدیە خێل و خێزان و بنەمالەییەکە خۆی خزاندۆتە ناو سیستەمە شەرعیەکەو فۆرمی دەگۆڕێت و بێکاریگەریی دەکات. بارودۆخی (3) دەسەلاتەکە ( پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریی) و تەواوی دامودەزگاکانی ولات لە هەرێمی کوردستان بەلگەی ئەم بۆچوونەیە. لە ڕووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەک بەشێکی دیاری ئەوانەی تری ولاتانی “جیهانی سێ” لە ڕاستیدا (لە هەندێکیاندا) بریتیە لە گرێدانێکی تەقلیدی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن ئەوە دەرکەوتەیەکی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) ، بەلام سروشتی ئەم “سیستەمە”ی ئێستەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی حیزبەکانی ناو دەسەلات و هاوشێوەکانی لە دەرەوەی دەسەلاتیش توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیە. هەربۆیە ئەم ڕژێمە و هاوشێوەکانی دەبێت جۆرێکی تر شەرعیەت بدەن بەخۆیان و تەواو لێرەدایە یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی. بەلام ئەم سیستەمی دەسەلاتە سەقامگیریەکەی بەتەنیا لە پیادەکردنی هێز ، لە میکانیزمی کۆنترۆل و چاودێری و تۆقاندن و کڕینی ئەم و ئەو سەرچاوە ناگرێت بەلکو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات. پێکهاتە بیرۆکراسیەکان مۆنۆپۆلی سەرجەم پەیوەندیەکانی نێوان ئەلیتەی سیاسی و کۆمەڵ دەکەن.
دەرئەنجامی ئەم شێوە دەسەلاتە
شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە دەرئەنجامی ئەم شێوە دەسەلاتە لە کۆتایدا دەبێتە هۆی وێرانکردنی پێکهاتەکەی خۆی کە کار بۆ چڕکردنەوەی دەسەلات لە دەستی تاقمێکی بچوکدا دەکات کە لە هەولی ئەوەشدایە رێگربێت لە دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە. کار بۆ کۆنتڕۆل کردنی سەرجەم بزوتنەوەو چالاکیە کۆمەلایەتی و مەدەنیەکان دەکات و بەردەوام میتۆد و ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوەو ژێردەست کردنی داواکاریە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان و درۆ کردنیش دەبێتە بەشێک لە ستراتیجی دەسەلات. جگە لەوە دەسەلاتەکە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی سەر بە دەسەلات دەورە دراوە. هەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و کاریگەریی خۆی گەورەو سەلامەت بکات ئیتر بەهەر میتۆدێکی ناشەرعیش بێت. بەلام هەموو دەسەلاتێکی دیکتاتۆر ئەگەر بیەوێ دەسەلاتەکەی سەلامەت بێت ئەوا هەمیشە پێویستی بە پشتگیری و ڕەزامەندی بەشێکی کۆمەلگاکەی هەیە. لە ژێرەوە شەڕی کێبڕکێی ئەلیتەکان هەیە کە تەنانەت لەلایەن دەسەلات خۆیەوە دروست دەکرێ و جێگۆڕکێ بە پۆستەکانیشەوە دەکات لە ترسی تەکەتولات دروستکردن و سوود وەرگرتن لەم میتۆدە بۆ ئەوەی خزمەتی سەقامگیری سیستەم و دەسەلاتەکەی پێ بکات. کار بۆ لەیەکتر ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزیسیۆن (نەیارەکانی) دەکات. بەم میتۆدە دەسەلاتدار کار بۆ سەقامگیر کردنی دەسەلاتەکەی دەکات و تەنانەت ڕۆلی حەکەمی سیاسیش دەبینێت.
“هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەلێم..”
بەرێوەبەرانی ئیداری لەم شێوە دەسەلاتەدا بەتەنیا لەلایەن سەرۆکەوە هەڵدەبژێردرێن. هەروەها سەرجەم نمونە تەقلیدیەکان لە ڕاستیدا بەو شێوەیە چارە دەکرێن کە دەَلێت: “هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەَلێم…”. سەرۆکی ئەم دەسەلاتە تەقلیدیە خێڵ و خێزانە کار بۆ دروستکردنی کاریزما دەکات بەلام ئەم شێوازی کاریزمایە ڕەوتێکی نائەقلانیەو کاریزمایەکی نەگەتیفە ، کە دەیەوێ بەرگی حیزب و ئایدیۆلۆژیاش بکرێتە بەری ئەم و کۆمەڵ تەنیا ئەم ببیننَت و دەیەوێ تەواوی دەسەلاتەکان لە دەستی خۆیدا کۆبێتەوە. لەناو دەزگا دەولەتیەکەدا دەسەلات لە شەخسی سەرکردە سیاسەکەدا چردەبێتەوە. لێرەدا کاریزمای پۆزەتیڤیش هەیە لە مێژودا وەک گاندی و ئێرنست ماندێلا ، کەواتە ئەم کەسە دەکرێت چاکەخواز بێت ، یان وێرانکەر بێت.
هەر فەرمانێک لەلایەن ئەو سەرۆکەوە دەربچێ بە یاسایەک دادەنێ و دەبێت کۆمەل جێبەجێی بکات و لەو فەرمان و یاسایانە لانەدەن. خاڵی جەوهەریی لەم بەرپرسیارێتیە ئەوەیە کە هەر بەرپرسێک نەک هەر لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشان دەکرێ بەڵکو ئەوەندەش لە پۆستەکەیدا بێت دەبێت لە بەرگی سەرۆکدا ڕۆل و کاریگەریی و چالاکی ببینێت. هەموو ئەمانە لانی کەم لە هەردوو خێزانی بارزانی و تالەبانی و کەس و بنەمالە بچوکە دەسترۆیشتوەکانیشدا لە هەرێمی کوردستان بە ڕوونی بەدی دەکرێت.
دەسەلات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ
لە کۆمەلگای مەدەنی و دیموکراسیدا دەسەلات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ ، بەو دەنگانەی گەل ئەیدات بە حیزب و نوێنەرەکانی لە پەرلەمان، دواتر بۆ پێکهێنانی حکومەت ، ئەو حیزبانەش کە ناگەنە دەسەلات دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتی بەشەکەی تری جەماوەر دەکەن ، بەواتا جەماوەرەکەی خۆیان ئیتر لە ناو پەرلەماندا بێت یان لە دەرەوەی بێت. بەواتا گەل سەرچاوەی دەسەلاتە. کەس لەسەرو یاساوە نیەو هەموو تاکێکیش دەبێت دەستی بگات بە دەسەلات. دەسەلاتدارانی حکومەت بەیاسا سزا ئەدرێن و حکومەت خۆیشی دەکەوێتە ژێر دەسەلاتی یاساوەو دەسەلاتەکان بەپێی یاساو دەستور دەستنیشان و سنوردار دەکرێ و دەبێت یاسای ئەحزابیش هەبێت. هەربۆیە یاساو پڕۆسەکانی دارشتنی یاسا دەبێت ڕوون بن و کاریشی پێ بکرێت. گەل ئاسایی دەبێت سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بێت. گەل خزمەتی حکومەت ناکات، بەڵکو حکومەت خزمەتی گەل دەکات. حکومەت تەنها ئەو دەسەلاتەی هەیە کە گەل پێی بەخشیوە بۆنمونە لە رێگای هەڵبژاردنەوە.
( حیزب ئۆرگانێکی گرنگە بۆ بەمۆدێرن کردن یان پاش خستنی سیستەمی سیاسی )
حیزب ئۆرگانێکی گرنگە بۆ بەمۆدێرن کردن یان پاش خستنی سیستەمی سیاسی. لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی تاڕادەیەک بریتیە لە سیستەمی کۆمەلایەتی هەربۆیە هەر جۆرە ناسەرکەوتنێک لە سیستەمی سیاسیدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی سیستەمی کۆمەلایەتیش ( لە هەرێمی کوردستان نە شتێک هەیە ناوی سیستەمی کۆمەلایەتی بێت وە نە سیستەمێکی سیاسی تەندروستیش بوونی هەیە). پێش بە مۆدێرن کردنی سیستەمی سیاسی پێویستە حیزب بە مۆدێرن بکرێت ، هەربۆیە لەم بوارەدا گرنگی بە ڕۆلی حیزب و رێکخراوی سیاسی پێویستە، بەتایبەت گرنگیدان بە ئایدیۆلۆژیای حیزب. ئەگەر حیزب وەک پێویست گۆڕانکارى لە فکر و بەرنامەکانیدا ئەنجام نەدات و لەگەلڕ گۆڕانکاریە سیاسى و ئابورى و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکاندا نەگونجێت و ڕێفۆرم لە خۆیدا نەکات ، ئەوا ئەو حیزبە سیاسیە لەگەل زەمەندا دەپوکێتەوەو لەگەل گەشەکردنی مێژوودا لاواز دەبێت و بگرە بەرەو تیاچوون دەڕوات و متمانەو باوەڕی کۆمەلانی خەَلک لەدەست دەدات. هەموو بارودۆخێکی نوێ پێویستی بە پێناسەی نوێ هەیە. حیزب هێزێکی بەتوانایەو دەکرێ ڕۆلی گرنگ ببینێت لە پڕۆسەی بە مۆدێرن کردندا. بە مۆدێرن کردن پێویستی بە هوشیاری کۆمەلایەتی هەیە کە یارمەتی کۆمەل ئەدات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەمۆدێرن کردن. هەر بەم شێوازە ڕێگا بۆ هاوولاتیان خۆش دەکرێت لەزۆر لاوە چاودێری ژیان بکەن لە بواری کۆمەلایەتی، سیاسی ، ئابوری و کەسایەتی…تاد. بە مۆدێرن کردن بریتیە لە گواستنەوەی کۆمەلگا لە قۆناغی تەقلیدیەوە بۆ قۆناغێکی مۆدێرن وەک ئەوەی لە ئەوروپای سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم ڕوویدا لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەلایەتی و سیاسی و فکری کە تەنیا لەژێر کاریگەرێتی سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) گەشە دەکات و کۆمەلگا پێویستی بە سەربەخۆیی خۆی هەیە. مەبەست لە کۆمەَلگای هاوچەرخی دیموکراتیە و پڕەنسیپی تاکگەرایی (ئیندیڤیدوالیزم) تێیدا پارێزراو بێت وەک یەکێک لە پرەنسیپەکانی کۆمەلگای مەدەنی.

ئەم دەسەلاتە توانای رێفۆرم کردنی نیە
بە پێی ئەزمونە سیاسی و مێژوییەکان ، سروشتی ئەم جۆرە دەسەلات و سیستەمە سیاسیە تەقلیدیە توانای ڕیفۆرم کردنی ڕاستەقینەی نیە چونکە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووە. هیچ رێفۆرمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی ڕاستەقینە چاوەڕوان ناکرێت لێی چونکە سروشتی سیستەمەکە سیمای رێفۆرم کردنی پێوە نیەو هەر ریفۆرمێکی ڕاستەقینەی تەندروست دەبێتە هۆی لەناو بردنی خودی دەسەلاتەکە خۆی. داوای رێفۆرم (چاکسازی) کردن بۆنمونە لە یەکێتی و پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و هاوشێوەکانیان هیچیتر نیە جگە لە خەونێکی بەتاڵ نەبێت. ئەوە هەر گەندەڵیە، وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکان لە هاوکێشەی کۆتایدا سەری سیستەمەکە خۆی دەخوات.

کە ناعەدالەتی دەبێتە یاسا ، یاخیبوون و شۆڕش دەبێتە ئەرک
شۆڕشی زۆرێک لە گەلان دژ بە دەسەلات و سیستەمە سیاسیە زۆردارو ڕوتێنەرەکان نمونەی بەرچاون لە مێژوودا. هەندێک لەو شۆڕشە سیاسی و کۆمەلایەتیانە لەناو کۆمەلگا دواکەوتوو ، یان نیمچە دواکەوتوەکانیش بە سەرکەوتویی ئەنجامدراوون چونکە خاوەنی نوخبەی ڕۆشنبیرو سەرکردەی شۆڕشگێڕ و سیاسی لێهاتوو بوون کە توانیویانە سەرکردایەتی گەلە ستەملێکراوەکانیان بکەن و بەرەو سەرکەوتنیان بەرن، بۆنمونە شۆڕشەکانی کوبا و نیکاراگوا ، ڕۆژئاوای کوردستان و هەمان شتیش بۆ باکوری کوردستان چاوەڕوان کراوە ، هەرچەندە ئەو ولاتانەش خاوەن ولات و کۆمەلگای تەقلیدین ، ئیتر کەمتر یان زۆرتر. مێژووی سیاسی و شۆڕشەکانی جیهان دەبێت جێگای بایەخ و لێکۆلینەوە بێت.

نیکاراگوا ولاتێکی کشتوکالیەو خاوەن کۆمەلگایەکی تەقلیدیە. بنەمالەی سۆمۆزا دەستی گرتبوو بەسەر سەروەت و سامانی ولاتداو گەلەکەیشی دوچاری چەوساندنەوەو ڕوتاندنەوە کردبوو. بارودۆخەکە وەرچەرخانێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی و شۆڕشی ساندینیستی لێکەوتەوە. شۆڕشەکە خوێناوی بوو بەلام سەرکەوتو بوو هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا تا دوا هەناسە پشتگیریی بنەماڵەو ڕژێمی ڕوتێنەری سۆمۆزای کرد. یەکێک لە کارە گرنگەکانی دوای شۆڕشی ساندینیستی بریتی بوو لە رێفۆرمی کشتوکاڵی و لاواز کردنی هێزی دەرەبەگ و بایەخدان بە بەرهەمی خۆماڵی و هەروەها کەمکردنەوەی نەخوێندەواری لە شارو لادێکاندا چونکە نەخوێندەواری دەردێکی کوژەری کۆمەلگایە.

تەنیا رێگایەک بۆ ڕزگار بوون لەم جۆرە دەسەلات و سیستەمە سەرکوتکەر و ڕوتێنەر و خێڵ و خێزانە تەقلیدیە کۆنەپارێزانە بریتیە لە شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەلایەتی / دیموکراتی و عەلمانی. هەرێمی (باشوری) کوردستانیش بەدەر نیە لەم بۆچونەو پێویستی بە شۆڕشێکی لەم جۆرەیە. شۆڕشێک گونجاو لەگەل واقعی کۆمەلایەتی و کەلتوری و سایکۆلۆژی. ئەوە کارێکی ئاسان نیە بۆ کۆمەلگایەکی سەقەت کراو بەلام مەحالیش نیە سەرەڕای دەورەدانیشمان بە دوژمنی ئیقلیمی کە دەکرێ وەک گەمەکەرێکی ئیقلیمی بێنە ناو هاوکێشەکەوە. کەرەستەکان بۆ شۆڕش و ڕاپەرینێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان لە بارن و هیچ سیستەم و دەسەلاتێکیش نەگۆڕ نیە بەوەی هەرێمی کوردستانیشەوە.

شۆڕش بە واتا گشتیەکەی بۆ خەڵکیی ولات بریتیە لە نان و ئازادی ، مووچە و خزمەتگوزاری ، قوتابخانەو خەستەخانەو بیمەی بێکاری و تەندروستی، ئاو و کارەبا…تاد. هەرچەندە ئەمانەش بەشێکی گرنگن لە شۆڕشی گەلان بۆ مافەکانیان ، بەلام بە تێگەیشتنی زانستی سیاسی شۆڕش لێرەدا بە واتای گۆڕینی ئەو سیستەمە یان بارودۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیە کۆنە دێت بە سیستەمێکی تری نوێ لەسەر بنەمای کۆمەلگای مەدەنی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی و ئابوری و ئازادیە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان بونیات نرابێت و هەروەها سەقامگیری و کەسایەتی و کەرامەت بۆ تاکەکانی کۆمەلگا دابین بکات. هەر شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ئەم بنەماو داواکاریانەی نەکردە ئامانجی خۆی ئەوا نەکرێت باشترە. تاک و کۆمەلگا ئاسایشی دەوێت ، مرۆڤ نان و ئازادی و دادپەروەری دەوێت ، یەکێکیان بێ ئەویتر نابێت. ئەو لایەنەی (ئیتر هەر ناوێکی لێ بنرێ) بتوانێت ئەو پێویستیانە دابین بکات بۆ کۆمەلگاکەی ، ئەوا سیستەمێکی دادپەروەر و تەندروستە کە لەسەر بنەمای فەلسەفی و زانستی و ئەقل و مەنتق بونیاد نراوە.

هیچ مرۆڤێک ، ئیتر سەر بە هەر چین و توێژێکی کۆمەلایەتی بێت هەتا سەر ، کۆت و زنجیری کۆیلایەتی و چەوساندنەوە قبوڵ ناکات ، زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەڕێت. ئەوە یاسای سروشتە.

ئەلبێرت کامۆ لە کتَیبی مرۆڤی یاخیدا دەنوسێت “یاخیبوون کاتێک ڕوو دەدات ، کە مرۆڤی یاخی هەست بکات لە شوێنێک ، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر هەقە … و ئەو کاتەش ناعەدالەتی دەبێتە یاسا ، یاخیبوون دەبێتە ئەرک… ئەو کۆیلەیەی کە بە درێژایی هەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە کتوپڕ کە فەرمانی تازەی پێ ئەدرێ بریار دەدات جێبەجێی نەکات. یاخیبوون بە گژداچوونەوەی پووچی ژیان و نائومیدی و ناعەدالەتیە. ئەو چەندە باوەڕی بە ئازادی خۆی هەیە ، ئەوەندەش باوەڕی بە ئازادی ئەوانی دیکە هەیە. کەواتە یاخیبوون لە پێناو پێشێلکردنی ئازادی هیچ کەسێکی دیکەدا نیە بەلکو هەولێکە بۆ فراوانکردنی ڕوبەرەکانی ئازادی و شکاندنی سنورەکانی کۆیلەکردن و لە قالبدانی ئەقلی مرۆڤ. کوێرانە هیچ ڕەتناکاتەوە ، بەلکو ڕەتکردنەوەی هەر شتێک یان هەموو نەخێر گوتنێک لە هوشیاریەوە سەرچاوە دەگرێت. تاک بە هوشیاریەوە هەردوو وشەی (نەخێر و بەلێ) بەکار دەهێنێت نەک مورید ئاسا تەنها سەری بەڵێ ڕاوەشێنێت”.
مرۆڤ کە لەسەر حیسابی خۆی برسی کراو ئازادی لێ زەوتکرا ئەوا دوو بژاردەی بۆ دەمێنێتەوە: ئەگەر ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێری هەبێت ئەوا دەبێتە شۆڕشگێر ، یان ئەوەیە دەبێتە کۆیلە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ملیۆنان مرۆڤ دراوە بە کوشت لە پێناوی چاوچنۆکی و ڕوتاندنەوەو داگیرکردندا ، بەلام بە ملیۆنان مرۆڤیش گیانی خۆیان بەختکردوە لە پێناوی نان و ئازادی و خاک و کەرامەتدا.

لێرەدا شۆڕش دەبێت بریتی بێت لە وەرچەرخانێکی بنەڕەتیی کۆمەلایەتی و سیاسی ، بەلام مەرج نیە شۆڕش هەمیشە بە ڕێگای توندوتیژیەوە ئەنجام بدرێت ، بەلام زۆرجار باردۆخەکە بڕیار لەسەر ئەو ئاڕاستەیە ئەدات. شۆڕش یان لە لایەن ئەلیتە (نوخبە) و کۆمەلێکی رێکخراوەوە ئەنجام دەدرێت کە پشتگیریی بەشێکی بەرفراوانی گەلی هەیە یان هەر لە سەرەتاوە خۆی بزوتنەوەیەکی جەماوەرییە. ئەوە بە شۆڕش ناوزەند ناکرێت ئەگەر کۆمەلێک بێ بوونی بنچینەیەکی جەماوەریی یان تەنیا بەشێکی زۆر کەمی گەلی لەگەَلدا بێت و بە رێگای کودەتاوە بگاتە دەسەلات.

هەندێکجار هاوکاری و پێکەوە کارکردنی گروپ و چین و توێژە جیاوازە کۆمەلایەتیەکان کە دافع و ئایدیۆلۆژیای جیاوازیان هەیە بەلام لە بارودۆخەکە ناڕازین ، بۆ هەرەس پێهێنانی پێکهاتە کۆنەکە بۆ زەمەنێکی وەختیی یەکدەگرن چونکە بەرژەوەندی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە ، بۆنمونە نەبوونی مووچەو خزمەتگوزاری سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەلگای گرتۆتەوە لە هەرێمی کوردستان. ژنانی دەولەمەند و هەژاریش چەندین خاڵی هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێت لە خەباتیاندا بۆ چەندین لە مافە هاوبەشەکانیان. هەربۆیە بە تەنیا یەک گروپ ، یان توێژێکی کۆمەلایەتی یەکلایەنە ناتوانێت شۆڕشێکی سەرانسەریی بهێنێتە کایەوە ، بە تایبەت لە بارودۆخێکی وەک ئەوەی کوردستان بەلام دواتر دەکرێ ململانێکان بە شێوازی تری جیاواز یەکلابنەوە.
هێزو لایەنەکانی دژ بە شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەریی خاوەن رێکخستنەو دیسپلین و هێزی هەیە ، هەربۆیە ئەگەر شۆِرشگێڕان بە هەمان هێزو دیسپلین و ئیرادەوە ڕوبەڕووی نەیارەکانی نەبێتەوە ئەوا ڕوبەڕووی لێدان و دارمان دەبێتەوە. ئەو کاتەی مرۆڤ ڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین دەگرێتە بەر بەواتا بە بریارێکی پۆلاینەوە دەبێت ڕێگای هێرش کردن بگرێتە بەر. بەرگری کردن بێ هێرش کردن کوشتنی هەموو ڕاپەرینێکە بە هی چەکداریشەوە ، ئەگەر ناچاری بەرگری کردنیش کرایت ئەوا سەنگەر لێبدەو جەنگی شەقامی لەگەل بکە بۆ ئەوەی مەعنەویاتی جەماوەر نەڕوخێت. ڕوبەرووی دژەکەت بەرەوە ، ئەوەندەی هێزەکانی پەرش و بلاوەو متمانەی خەڵکیی کەم بۆتەوە پێی و ڕۆژانە ڕوبەڕووی شتی نوێی بکەرەوە ئەگەر سەرکەوتنەکانیش کەم بن.. دوژمنەکەت ناچاری کشانەوە بکە ، پێش ئەوەی هێزەکانی خۆی لە دژت رێکبخاتەوە و ئازایەتی بنوێنە.
شۆڕش دەبێت پشت بە هێزی گەل ببەستێت. بە تایبەت بەوانەی کە پێشەنگی شۆڕشن و لە پێشەوەی گەل زۆرترینن. درز بخەرە نێوان هێزەکانی دژ ، بە تایبەت ئەوانەی لە ناو هێزەکانی دوژمندا ، هی دەسەلاتدا دوو دڵییان هەیە بەرامبەر کارەکەیان و بێهێزن.
ڕوو ئەدات کە شۆڕشی گەلانێک سەرکەوتوو بووە بەلام دواتر نوخبەو سەرکردەکانی بوونەتە گەندەل و گەلەکەی خۆیان ڕوتاندۆتەوەو جیاوازییان نەبووە لەگەل دوژمنە ڕوخاوەکەیاندا. هەندێک جاریش شۆڕش و ڕاپەرینێک بەلارێدا دەبرێت وەک ئەوەی لە ئێرانی سەردەمی شا ڕوویدا. یەکێتی و پارتی وتیان “شۆڕش” دەکەین دژ بە رژێَمی بەعس ، کەچی ئێستە شۆڕش مندالەکانی خۆی دەخوات.

لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆشدا پێدەچێت پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی بە شۆڕشی ناوخۆ ، کودەتای سەربازیی ، یان بەکارهێنانی ڕوخسارەکانی تری زەبروزەنگ بۆ بەزۆر دەست لە دەسەلات پێهەَلگرتن بێت. هەندێک جاریش بەدەستێوەردانی دەرەکی. بەلام کودەتا لەهەر بەرگێکدا بێت بریتی نیە لە شۆڕش.

بیرۆکەی شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ڕێکخراو لە هەرێمی کوردستان
توڕەیی خەَلکیی هەرێمی کوردستان لەو دەسەلاتە سیاسیە گەیشتۆتە لوتکەو متمانەی بەو دەسەلاتە نەماوەو ئامادەی کاردانەوەشە ، بەلام پێویستی بە هێزێکە رێنیشاندەری بێت و جێگای متمانەی بێت و لە نیوە رێگادا بە تەنیا جێی نەهێلێت ، بەلارێدا نەبرێت و موزایەدە بە خەباتەکەیەوە نەکات ، هەربۆیە گەل ئامادە نیە بۆ هەموو کەس و حیزبێک بێتە سەر شەقام ..
ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی و گروپەکانی فشار هەن کە رێکخراوی سێبەر نین و خاوەن هەلوێستی تەندروستن ، خاوەنی کەسانی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست ، نوسەر ، ڕۆژنامەنوس و مامۆستایان و کەسایەتی بە هەلوێست و ئازاین ، خاوەنی چەندین رێکخراوی گەنجان و ژنان و خوێندکارانی ڕەخنەگری دەسەلاتین ، لەوانەیە ژمارەیەکی هێشتا کەم لە حیزبی سیاسی ڕەسەنی بچوکی دەرەوەی دەسەلات مابێت و هەر لایەنێک لەوانە ، کەم یان زۆر خاوەنی جەماوەرێکی خۆیەتی .. ئەگەر هەموو ئەمانە بە ڕاکیشانە ناوی کاسبکاران و فەرمانبەران بتوانن بە ڕۆح و هەلوێستێکی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (بەرنامەیەکی هاوبەش) بۆ ئەم قۆناغە رێک بکەوون و لە ژێر چەترێکدا کۆبنەوەو ببنە مەرجەعێک ، بۆ سەرکردایەتی کردنی ڕاپەڕین و بزوتنەوەیەکی جەماوەریی رێکخراو بە پلان و بەرنامەوە ئەوا دەکرێت راپەرینێکی جماوەریی تۆکمەی لێ بکەێتەوە . مەترسی ئەوەم لاهەیە لە ئەنجامی ئەو توڕەییەی جەماوەر بەرامبەر پێشیلکردنی مافەکانی لە لایەن ئەو دەسەلاتەوە ، ڕاپەرینێکی جەماوەریی عەفەوی بێ سەر و سەرکردە ڕووبدات و دواتر دامرکێتەوەو کورت خایەن بێت .. هیچ بە دوریشی نازانم ڕەفتاری دەسەلات بگاتە ڕادەی ئەوەی ڕۆژگارێک پێویست بوون بە خەباتی ژێرزەمینی و شۆڕشی چەکدارییش بکات ، هەرچەندە من بێسنوور دژی هەموو خوێن ڕشتن و توندوتیژیەکم . بەڵێ مێژوو دەکرێ خۆی دوبارە بکاتەوە. ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەلاتە ، دەسەلاتی خێڵ و خێزان و سیستەم و دەسەلاتی تەقلیدیی هی چاکسازی و دەستاودەست کردنی دەسەلات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواکاریەکانی گەل و پەیڕەویی پرەنسیپە دیموکراتیەکان و رێفۆرم کردن بکات ، ئەوا لە بازنەیەکی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوە. بۆچوونی من لەسەر سەرکردایەتی حیزبە ئیسلامیەکان ئاشکرایەو بۆ حیزبی گۆڕانیش تەنیا دوو ئەلتەرنەتیڤ هەیە یان ئەوەیە ئەگەر بە ڕاستی مەبەستیەتی بیگۆرێت ئەوا دەبێت واز لەم سیاسەتەی هەتا ئێستەی پیادەی کردوە بهێنیت و رێگای خەباتێکی شۆڕشگێرانەی ڕاستەقینە بگرێتە بەر و ئەو جەماوەرەشی ماویەتی لە دەستی نەدات و نەگەرێتەوە ناو دەسەلات کە بووە هۆکاری سەقەت کردنی گۆڕان خۆی، یان ئەوەیە مالئاوایی لە سیاسەت بکات و بڕۆنەوە مالەوە ، هەلوێستی حیزبی گۆڕانمان لە 17ی شوبات بینی. چیتر خەلکیی خۆی سەرقال نەکات بە کۆبوونەوە بێکۆتایی و بێسودەکانی نێوان حیزبەکان کە تەنیا لە خەمی خۆیاندان و کاتی خۆی بۆ بیرۆکەی بە نرختر بۆ ئایندەو چارەنوسی خۆی تەرخان بکات .

لە کۆتایدا دەنوسم : ئەمڕۆکە لە سەر گۆی زەوی هیچ سیستەمێکی سیاسی نیە بێگەرد و خەیالی بێت وەک ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە باس دەکرێت ، هەربۆیە من بۆ ئەم قۆناغە مێژوییەی ئەمڕۆ واقیعبینانە ڕەزامەندم لە هەرێمێکی (باشوری) کوردستاندا، لە عێراقێکدا بژیم لە 25% گەندەڵی تێدا بێت وەک لە 90% بێت چونکە ڕەهاو حەقیقەتی ڕەها نییە بەڵکو هەموو شتەکان لەسەر ڕیتمێکی ڕێژەیی دەڕۆن .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی / بڕوانە لینکی کتێبێکی بەندە بە ناونیشانی ( گەشتەکەم بۆ ئەمریکای لاتین ، نیکاراگوا وەک نمونە ) ، تێیدا باسم لە شۆڕشی نیکاراگواو سەرکەوتنی دژ بە خێزانی سۆمۆزا کردوە . PUKMEDIA