Daesh-2

 رەزا شوان : داعش میراتگری کولتووری توندوتیژیی ئیسلامییە .. 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاینی ئیسلام لە نیوچە دوورگەی عەرەبیدا سەری هەڵدا ، لە نێو کۆمەڵگایەکی عەرەبی کۆچەریدا ، کە هۆزە عەرەبەکان لە ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەکی بەردەوامدابوون .. لەسەر گیا و پووش و پەڵاش و ئاو و داگیرکردن و تاڵانی و تۆڵە و دەسەڵاتدا .. کە بە سەردەمی نەزانین و تاریکی عەرەب ناودەبرێت .

 کە ئاینی ئیسلامیش سەری هەڵـدا ، گوایە ناوی ( ئیسلام ) لە وشەی ( سلام : ئاشتی ) یەوە هاتـووە .. بەڵام لە راستیدا ، تا ئەمـڕۆش لە سـایەی دەسەڵاتی  ئیسلامیدا هیچ ئاشتییەکمان بەدی نەکردووە .. ئاینی ئیسلام لە نێو عەرەب و لە نێو نەتەوەکانی تردا کە عەرەب نەبوون ، وەکو کورد و فارس و ئەمازیغی  و ئەزەری و … هتد ، بە ئارەزووی خۆیان نەبوون بە ئیسلام بەڵکو بە کوشتن و سەربڕین و تاڵانی کردن و کاولکردن و سووتاندن و داگیرکردن ، بە زەبری شمشێر ئیسلامیان سەپاند بە سەریاندا .. چونکە ئاینی ئیسلام تا ئەمڕۆش بڕوایان بە فرە ئاینی و بە فرە نەتەوەیی نەبووە و نییە .. لە دڵەوە لە ئیسلام زیاتر هیچ ئاینێکی تر بە ئایین نازانن .. هێشتا تازە ئیسلام لە شاری مەدینە  سەری هەڵدابوو .. داوایان لە جوولەکەکـانی خەڵکی رەسەنی شاری مەدینە و ، لە سەرۆکەکانی چەند هۆزێکی عەرەبی نیوچە دوورگەی عەرەبی کرد و ،  هەڕەشەیان لێکردن ئەگەر نەبن بە ئێسلام .. دەیان کوژن و تاڵانیان دەکەن . بەڵام نە جوولەکەکـان و نە سەرکردەکانی بەشێکی زۆری هۆزە عەرەبەکان ئامادە نەبوون کە بە زۆر ببن بە ئیسلام ، بۆیە لە لایەن ئیسلامەکانەوە بەوە تاوانبارکران کە ( کافرن ) .. لەژێر ناوی ( الجهاد ) دا ، جوولەکەیەکی زۆر و چەندین سەرۆک هۆزی عەرەبیان تیرۆرکرد ..

 لە دوای کوچکردنی پێغەمبەر محەمەدیش .. کە چوار خەلیفەی ئیسلامی دەسەڵاتیان گرتەدەست و ، هەر بە هەمان شێواز و  بە زۆر و بە تۆقاندن و بە زەبری شمشێر و بە سەرپەڕاندن و خوێنڕشتن درێژەیان بە سەپاندنی ئیسلام دا . ئەو عەرەبە هەژارانەی کە لە نیوچە دوورگەی عەرەبیدا ، توانای باجدانانیان نەبوو بە نـاوی ( المرتـدین من الاسلام : هەڵگەڕاوەکان لە ئیسلام ) تاوانبار کران و ، لە ژێر ناوی الجهاد دا زۆریان لێکوشتن .. تەنانەت خەلیفەکان و سەرکردەکانی ئیسلام خۆشیان لە نێو یەکتریدا ، لەسەر خەلیفایەتی و دەسەڵات و خۆلەپێشترزانین، تەبا نەبوون و لە دژی یەکتری پیلانیان گـێڕا .. لە خەلیفەکانی راشدیندا تەنها ئەبو بەکری سەدیق مرد ( عوسمان کوری عەفـان ، عومەر کوڕی خەتـاب، عەلـی کوڕی  تالیب ) هەرسێکیان بە پیلانی داڕێژراو و ، لە کاتی نوێژدا لە لایەن ئیسلامەوە کوژران ، هۆیەکانیش تەنها لەسەر دەسەڵات بوون .
( حەسەن کوڕی عەلی کوڕی تالیب ) لە لایەن ژنەکەیەوە دەرمان خوارد کرا .. (  حوسین کوڕی عەلی کوڕی تالیب ) لە لایەن سوپای ( یەزیدی کوڕی مەعاویە ) وە سەریان بری .. شەرشیان هەر لەسەر رابەرایەتی ئیسلام و لەسەر وەرگرتنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بوو .
لە سەردەمی عومەر کوڕی خەتاب ، کە شانازییەکی زۆر بە ئازایەتی ( خالید کوڕی وەلید ) ەوە دەکرێ .. کەچی خالید ( مالیکی کوڕی نوێرە ) هەر لەبەر ئەوەی کە هاوڕای خالید نەبوو .. بە شمشێرەکەی خۆی سەری بڕی و سەری برژاند .. هەر لەو شەوەشدا بە زۆرداری ژنەکەی مالیکی لە خۆی مارەکرد .. گوایە عومەر کوڕی خەتاب بە دادپەروەر و مافپرس ناسرابوو ، بەڵام هیـچ لێپێچینەوەیەکی لەم تاوانەی خالید کوڕی وەلید نەکرد .. ئەمەش راستییە و قسەی هەڵبەستراو نییە و ، لە لایەن مێژوونووسانی عەرەبەوە نووسراوە .

دواتریش عەرەب خۆشبڕوایی و دڵپاکی گەلانی تریان قوستەوە و ئیسلامیان کرد بە پەردەپۆشی بۆ ئامانجە رەگەزپەرستییەکانیان .. بە هەمان شێوە و بە ناوی( الجهاد ) و لەژێر ئاڵای ( لا الە الا اللە محمد رسول اللە ) و، بەرزکردنەوەی پەیامی ( ذات رسالة خالدە) دا ، بۆ داگیرکردنی وڵاتان و بۆ تاڵانکردنی سامانی گەلان تر لەژێر دروشمی ( سەر بۆ ئێمە و ماڵ بۆ ئێوە ) دا بە زەبری شمشێر و خوێنڕشتن و سەربڕین و دەست نەپاراستن و ، تاڵان کردن و ، بە زۆر بـاج وەرگـرتن ، بە کۆمەڵکوژی و چاوترساندن ، گەلانی تریان بەوە تاوانبار کردن ، کە ( زەردەشتین) یا ( جوولەکەن ) یا ( مەسیحین ) بەڵام لە راستیدا لەبەر ئەوە بوو کە عەرەب نەبوون .. کـورد ، یا فارس ، یا ئاشووری ، یا جوولەکە بوون .. واتە لە ژێر عەبای ئیسلامیدا ، زۆر دڕندانە و دڵڕەقانە سیاسەتێکی رەگەزپەرستی عەرەبیی توند و تیژیان ، لە دژی گـەلانی کـورد و فـارس و ئەمازیغی و ئاشووری پەیڕەوی دەکرد .. بە تایبەتیش لە دژی گەلی کوردمان .. چەندین کۆمەڵکوژیان لە کوردستاندا ئەنجامدا و ، بە هەزاران کوردمان لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان شەهیدبوون . سامانێکی زۆری کوردستانیان بە دزی و بە تاڵانی بردن لەژێر ناوی (غنائم الحرب : دەستکەوتەکانی جەنگ) دا ، لە خۆیان حەڵاڵ کردن .. شوێنەوار و بەڵگەیەکی مێژووی زۆری کوردیان وێرانکرد و سوتاندیان .. ئیسلامبوونی کورد و گەلانی کەش ، بە زۆرداری و بە زەبری شمشێر بوو نەک بە حەزی خۆیان .. گەلی کورد لە هەموو گەلێکی تر ، زیاتر باجی رەگەزپەرستی عەرەب و، تونـدڕەوی و توندوتیـژی ئیسلامی داوە .. ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ، تا ئيستاش ئەو رق و کینەیەیان بەرانبەر بە کورد کۆتاییان نەهاتووە .. لە سەرەتاوە بە ( زەردەشتی ) و بە ( ئاگرپەرستی ) و بە ( مەجوسی ) تاوانباریان کردین و ، کوردقڕان وێرانکردنی کوردستانیان رەواکرد .. لە ئەمڕۆشدا ، بە تاوانی ئێزیدی بوون ، بە تاوانی دۆستی جوولەکە کورد کوشتنیان رەواکردوون و ، بە تاڵانی بردنی سامانی کوردستانیان حەڵاڵ کردوون و ، پەلماردانی ئافرەتی کوردیش بەشێکە لە لووتکەی بێڕەوشتیان .

بەعسییە رەگـەزپەرست و دڕنـدە گۆڕبەگۆڕەکـانی عێـراق و سـوریاش ، کە ڤایرۆسی هەمان کولتووری بۆگەنن .. دروشمی ئەوانیش دژ بە گەلی کوردی
ئازادیخوازمان ( سەر بۆ ئێمە و ماڵ بۆ ئێوە ) بوو ، لە ژێر ناوی ئایەتێکی
قورئاندا ( الأنفال ) دا ، زیاتر لە ( دوو سەد هەزار ) کوردیان زیندەبەچاڵکردن کە منداڵی شیرەخۆرە و ئافرەتیان تێدا بوون .. لە ژێر ئاڵای ( اللە اکـبر ) و دروشمی ( امة عربیە واحدە .. ذات رسالة خالدە ) دا ، پێنج هەزار کوردیان لە هەڵەبجە بە گازی ژاراوی شەهیدکرد ..
بەشێکی زۆری وڵاتانی ئیسلامی نەک هەر ئیدانەی ئەم تاوانانەیان نەکرد .. بەڵکو ئافەرین و دەستخۆشیشیان لە دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕی بێـڕەوشت سەدام حوسێن کرد .. هەر لەبەر ئەوەی ، کە کوردین .. هیچ میللەتێکی ئیسلامیش بە عەرەبەکانیشەوە ، وەکو کورد بە پاکی و بە دڵسۆزی پێویستییەکانی ئیسلامییان جێبەجێ نەکردوون .. کورد پیاوەتییەکی زۆری بەسەر عەرەب و ئیسلامەوە هەیە .. بەڵام بە داخەوە لە بری پاداشتی پیاوەتیمان، زۆر بە ناپیاوی و نامەردی و دڕنـدانە و بێویژدانانە وەڵامی چاکەی کوردیان داوەتەوە و.. دەدەنەوە .

من منداڵ بووم ماڵمان لە گەڕەکی شۆریجە لە شاری کەرکوک بوو .. لەگەڵ چەند منداڵێکی هاوڕێ و هاوتەمەنی خۆمدا .. رۆژانی هەینی دەچووین بۆ مزگەوتێکی شۆڕیجـە و نوێـژی هەینیمان دەکرد .. پێشنوێژی مزگـەوتەکە مەلایەکی کورد بوو .. لە کاتی وتارخوێندنەوەی هەینیدا ، بە پێوە دەوەستا و شمشێرێکی رووتی بە دەستی راستییەوە دەگرت .. لەو تەمەنەدا ، نەمدەزانی بۆ لە کاتی وتارخوێندنەوەدا مەلاکان شمشێری رووت بە دەستەوە دەگرن .. بەڵام دواتر ئەوەم بۆ دەرکەوت ، کە ئیسلام بە زەبری شمشێر و توندوتیژی و کوشتن و سەربـڕین ، ئیسلامیان بە سەر گەلانـدا سەپاندوون .. لە وڵاتـانی ئەوروپادا تا تەمەنی چواردە ساڵان لە هیچ منداڵێک ناپرسن ، کە لەسەر چ ئاینێکی ، کە بوون بە چواردە ساڵان ، منداڵان خۆیان ئازادن کە چ ئایینێک هەڵبژێرن .. بەڵام لە لای ئێمە، ئاین بۆتە رەمەک ( غەریـزە ) و ، هەر وەکو ئەوەی لەگەڵ لە دایکبووندا ، ئاینی ئیسلامیش لە خوێنیدا بێت .

ئەو تاوانانەی کە لە ئەمڕۆشدا ، نەوەکانی خەلیفەکـان ، جاشە خۆفـرۆش و بەکرێگیراوە ئیسلامییەکان ( داعـش ، بۆکۆحـەرام ، بەرەی نوسرە ، قاعـیدە ،  چەتە ئیسلامییەکانی سۆمال ، ئیسلامییە سیاسییە توندڕەوەکان ) دژ بە گەلانی ئازادیخواز ئەنجامیان دەدەن و ، لە لایەن چەند دەوڵەتێکی رەگەزپەرستەوە هەموو یارمەتییەک دەدرێن .. بە تایبەتیش تـاوانە بێوێـنە و قـێزەوەنەکانی داعشی دڕندە و بیڕەوشت و ، بەرەی نوسرەی جاشی بەکرێگیراو ، کە لەدژی گەلی کوردی بێتاوانمان لە سەر سنوورەکان و ، هەندێ گوند و شارۆچکە و شارەکانی کوردستاندا ئەنجامیان دان و .. دەدەن .. شتێکی تازە و نامۆ نین، بەڵکو ئەم جاشانەش میراتگر و ڤایرۆسی هەمان کولتووری رەگەزپەرستیی  بۆگەن و توندوتیژین .. ئەمانیش وەکو باپیرە گەورەکانیان ، لە ژێـر عەبـا و مێزەری ئیسلامیدا ، لەژێر هەمان ئاڵادا ( لا الە الا اللە محمد رسـول اللە ) دا .. خەڵکی بێتاوانی کورد و ئاینەکانی تر سەردەبڕن و دەسووتێنن و دەکـوژن .. ماڵ و سامانی کورد و نەیارەکانیان دەدزن و تاڵان دەکەن ، بەوپەڕی نامەردی و بێڕەوشتییەوە پەلاماری ژنان و کچان دەدەن و ، بە دەستکەوتی جەنگـیان دەزانن ، ئەوەی کە داعشی بێڕەوشت بەرانبەر بە ژنانی برا ئێزیدییەکانمان کردیان ، دووبارەکردنەوەی هەمان رەفتاری قێزەوەنی سوپای ئیسلامییە کە لە کاتی خەلیفەکـانی راشـدین و ، لە سەردەمی دەوڵـەتی ئەمـەوی و دەوڵـەتی عەباسی بە ناوە ئیسلام ، لە کوردسـتاندا دژ بە کـورد ئەنجامیان دان .. کورد وتەنی ئەمە ( خوویەکە گرتوویانە بە شیری ، بۆیان تەرک ناکرێت بە پیری  .
لە سەردەمی ( ئەمەوییەکان ) دا ، کورد ئیسلامیش بوون .. بەڵام بە چاوێکی سووکەوە لە کوردیان دەڕوانی و بە ( الموالي : لایەنگر ) ناویان دەبرد .. مەبەستیشیان لە مەوالی، واتە ئەو نەتەوانەی کە عەرەب نەبوون ، کە بە رەسەنیان نازانین .. ئەرکیان لەسەر بوو .. بەڵام مافیان نەبوو .. باجێکی زۆریان خستبووە سەر کورد .
لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیشدا کە ( بەرامیکەکان ) کە کورد بوون ، داوای مافی خۆیان دەکرد .. بە ( الزندقە ) ناویان بردن و کوشتنیانیان رەواکردن .
بۆیە کارە بێڕەوشتی و تاوانە قێزەووەنەکـانی داعش ، بەلامەوە نامـۆ نین ،  چونکە لە بۆشییەوە نەهاتوون ، بەڵکو رەنگدانەوەی ئەو کولتوورە ئیسلامییە توندوتیژەن ، کە بۆیان ماوەتەوە .. ئەوەی بەراوردێک لەگەڵ ئەو سەردەمە و لەگەڵ تاوانەکانی گـرووپە دڕندە ئیسلامییەکانی ئەمڕۆ بکات .. جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکات لە نێوانیاندا .. ئەمانیش کارتێکراوی هەمان ئایدیۆلۆژیای بۆگەن و توندڕە و توندوتیژی و ، قبووڵ نەکردنی فرە ئاینی و فرە نەتەوەیین .
ئەمەیە راستیی پەیامە پیرۆزەکەیان .. کە لە ژێر عەبا و مێزەرەکانیاندا ، گەلی نیـازی گڵاویـان حەشارداون .. ئەمانیش درێژە بە کوشتن و داگیرکردن دەدەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و ، بە فەرمانڕەوایی و ، بە کویلەکـردنی ژنـان .. بۆ گەیشتن بە نیازە گڵاوەکانیان، تیۆری ( ئامانج پاکانە بۆ هۆ دەات ) پەیڕەوی دەکەن .. بە لاشیانەوە گرنگ نییە کە رووبارێ خوێنی بێتاوانن بڕێژن و ، بە هەزاران بێتاوان بکوژن و سەرببڕن .. بە دەیان گـوند و شار و شارۆچکە وێران بکەن و .. بە هـەزاران کەس ماڵوێران و ئـاوارە و دەربـەدەر بکەن .. جەردەیی و دزی و درۆ و بێڕەوشتی و بێنامووسی و بەدکاریش لە خەسڵەتە قێزەوەنەکانی ئەم ئیسلامییە مودێرزمانەن .. دڵنیام کە چارەنووسی ئەم دڕندە بێڕەوشتانەش ، ئەم جاشە خۆفرۆش و بە کرێگیراوانەش .. لە چارەنووسی بەعسییە رەگەزپەرستە گۆڕبەگۆڕەکان باشترنابێت .        

بە کلیکێل لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت