بورهان شێخ ڕەئوف : ڕووسیا بۆ هێزەکانى لە سووریا کشانەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى فلادیمێر پوتینى سەرۆکى ڕووسیا ڕایگەیاند لە دواى بەدیهێنانى زۆربەى ئامانجەکانیان بڕیاریدا زۆربەى هەرەزۆرى هێزەکانى لە سووریا بکشێنێتەوە هەوڵە دیبلۆماسى و سیاسیەکانى بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرى ئاشتى قەیرانەکە بەڵام ئەولێدوانە بۆ چاودێرانى دۆخى سووریا ناوچەکە بە گشتى جێگەى گومان و پرسیارە .
لە هەمان کاتیشدا یەکەم جار نیە چ سۆڤیەتى جاران و ڕووسیاى ئێستاش لە نیوەى ڕێگادا دۆستەکانیان بە جێبهێڵن هەر لە دواى شەڕى جیهانى دووەمەوە ئەوەى لە گەڵ کوردو ئازەرەکان کردیان لە ئێران و دواتریش لە گەڵ ڕژیمەکانى سەدام و قەزافى .
ئەگەرچى خوێندنەوەى جیاواز بۆ ئەو هەنگاوە کتوپڕو لە ناکاوەى پۆتین بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە سووریا دەکرێت کە تاچەند کاتژمێرێک پێش بڕیارەکە لایەنێکى ئامادەو کاریگەرى ململانێکانى سووریا بوو لە لایەک هەوڵى ناردنى چەندین لایەن و کەسایەتى کاراى دە دا بۆ کۆنگرەى جنێف و لە لایەک چاودێرى پێشێلکاریەکانى ئاگربەس و هەوڵدان بۆ پابەند بوونى چەندین گرووپى چەکدارى تر بە ئاگربەسەوە بوو ،
لە پڕ و دواى گفتوگۆیەکى تەلەفۆنى لە گەڵ بەشار ئەسەد دا بڕیارەکەى ڕاگەیاندو زۆرێک لە چاودێران بڕیارەکە بۆ سەرهەڵدانى ناکۆکى و بۆچوونى جیاواز لە نێوان ڕژێمى سوریاو کرملین دا دەگێڕنەوە کە پێشتریش لە وتارێکى ترمدا ئاماژەم پیداوە کاتێک بەشار ئەسەد لە مەرسوومێکدا وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە مانگى نیسانى داهاتوودا دیاریکرد کە هەموو هەوڵەکانى ئاشتى و دان و سانەکانى لایەنەکان وزلهێزەکانى جیهان و ناوچەکەى بێ ئاکام کرد ئیتر بە پێویستى نازانن کۆمەک و هاریکارى ڕژێم بکەن هەروەکو بە بە رچاوى هەموو لایەکەوە ڕوونە هێزەکانى ڕووسیا تەرازووى هێزیان لە بەرژەوەندى ڕژێم گۆرى لە چەند مانگى ڕابردوودا .
هەروەکو ئەوەش ئاشکرایە چۆن لە چوارچێوەى ئەو پرۆسەى ئاشتیەدا کە کارى بۆ دەکرێت ئێران کەفالەتى پابەند بوونى گروپە شیعیەکان و حزبوڵایە و ئەمریکاش کەفیلى وڵاتانى ناوچەکەیە کە پشتیوانى تاقمە چەکدارەکان دەکەن ڕووسیاش کەفیلى سووریایە بۆ پابەند بوون بە هەنگاوەکانى پرۆسەى ئاشتیەوە . خاڵى گرنگیش لێدوانەکانى وەلید موعولیم ى وەزیرى دەرەوەى سووریا و سەرۆکى شاندى دانووسانکارى ڕژێم بوو کە ووتى نە دیمستۆرا نە هیچ کەسێکى تر بۆى نیە باسى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بکات بۆ سووریا کە ئەمش تەواو پێچەوانەى خواستەکانى هەموو لایەنەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سووریا بوو کە خوازیارى دەستەیەکى حوکمڕانى ڕاگوزەر بوون بە بێ ئەسەد .
لە لایەکى ترەوە پێدەچێت ڕووسیا پاراستنى ڕژێمى سووریا بۆ ئێران و حزبوڵا بەتەنیا بە جێ بهێڵێت ئەو بارە قوورسە بدات بە شانیاندا لە دواى ئەوەى ئێران قایل نەبوو بەو ڕێکەوتنە نەوتیە ى کە لە نێوان عەرەبستانى سعوودیەو ڕووسیا کرا بۆ دیاریکردنى ڕادەى فرۆشتنى نەوت بەڵام ئەوەش ئەو گومانەى ڕەواندەوە کاتێک ڕووسیا ڕێگر بوو لە ئەنجوومەنى ئاسایش لە بڕیارێکى ئەمریکا بۆ پرۆتستۆکردنى تاقیکردنەوە بالیستیەکانى ئێران .
خوێندنەوەیەکى دى بۆ بڕیارەکە بارودۆخى ئابوورى ڕووسیاو دابەزینى نرخى نەوت و کورتهێنانى بوودجەو داکشانى ڕادەى گەشە ى ئابوورى بە ڕادەى 3.7% و پێشبینیەکانیش دەڵێن لە 2016 خرابتر دەبێت کە ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە بوودجەى وەزارەتى بەرگرى ڕووسیا بە ڕادەى 5% کەم بکرێتەوە .
لە بەرامبەریشدا جنراڵ فیلیب بریدلۆف فەرماندەى گشتى هێزەکانى ناتۆ لە دانیشتنێکى گوێگرتندا لە سەر بوودجەى بەرگرى ڕایگەیاند لە کابیتۆل هۆڵ لە واشنتۆن کە بە نیازن لیوایەکى تەواو هێزى جەنگاوەر لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپاو وڵاتانى بەلتیق و تەواو سنوورى ڕووسیا بڵاوە پێبکەن ، و لە هەمان کاتیشدا بڵاوکراوەى ( میدیڵ ئێست بریفینغ ) کە کۆمەڵەى ڕاوێژکارى ڕۆژهەڵات بڵاوى دەکاتەوە ڕایگەیاند کە بنتاگۆن وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بە هێواشى پرۆسەى نوێکردنەوەى هەموو چەکە ستراتیجى و ئەتۆمى و سیستمەکانى ئاسمانى و زەمینى و دەریایى دەستپێکردووەو ئامادەدەبن بەرامبەر ڕووسیا هەروەها بنتاگۆن ئامادەى دەربڕیووە کە 10 بلیۆن دۆلار لە دە ساڵى داهاتوودا خەرج بکات بۆ هەمان مەبەست .
خوێندنەوەیەکى تر بۆ بڕیارەکەى پۆتین ئەوەیە کە هەروەکو جون کیرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند لە ئەگەرى شکستهێنانى ئاگربەس و دانیشتنەکانى کۆنگرەى جنێف پلانى B و ئەڵتەرنەتیفى تریان دەبێت کە کۆمەکى زیاتر بە هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆن دەکەن و دوورنیە ئابڵووقەو سزاى ئابوورى زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا بە هەرحاڵ ڕووسیا بە بیانووى لێدانى ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانى وەکو داعش و بەرەى نوسرە هاتە سووریاوە و ئامانجەکەشى بەدى نەهات لە هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆنى میانەڕەویشى دا و زیاتر لە 9 هەزار گورزى ئاسمانى وەشاند هەرچەندە لە سەر زەوى هەندێک خاکیان لێسەنرایەوە بەڵام لە پرۆسەى سیاسى هەرماون و لە جنێف ئامادەى دانیشتنەکانن و خوازیارى گۆڕانکارى سیاسی و وەرگرتنى دەسەڵاتن لە ڕژێمى ئەسەد هەرچەندە ڕژێم خۆى لە داواکاریەکانیان دەشارێتەوەو بەڵام ئەوەى ڕووسیا بە دەستى هێنا مانەوەى ڕژێمى ئەسەدە لە کاتى ئێستادا واتە درێژەکێشانى شەڕو تێوەگلانى ڕووسیا بەو قەیرانەى سووریا ونوقم بوونى لە قوڕاوى ئەو وڵاتەدا کە پێدەچێت پۆتین بەم هەنگاوەى خۆى دەربازبکات لەو چڵپاوەى کە تێ ى کەوتووە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت