kamaran-wriya-3

کامەران وریا قانع : ئایا چاكسازى به‌ بەرزانى ئه‌كرێت ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كه‌س به‌ بارته‌قه‌ى ئه‌و لیژنه‌ى دانراوه‌ بۆ چاكسازى هه‌ست به‌ بێ ده‌سه‌لاتى خۆیان ناكه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌ره‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ ناتوانن له‌ سنورى به‌رژه‌وه‌نده‌كانیان نزیك بێته‌وه‌ .
چاكسازیه‌كانى بەرزانى و وه‌كو ئه‌فسانه‌ى هه‌زار و یه‌كشه‌وه‌ى لێهاتوه‌ ، له‌م ئه‌فسانه‌یه‌ پاشا شه‌هریار له‌ ئه‌نجامى خیانه‌تى خیزانه‌كه‌ى بریار ئه‌دات ده‌ست به‌ كوشتنى ئافره‌تى مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ى بكات ، به‌ڵام دواجار كه‌ ده‌ێته‌ سه‌ر كچى یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كانى ( شه‌هرزاد ) ئه‌م خانمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بریاره‌كه‌ى هه‌ڵوشێنێته‌وه‌ هه‌ر شه‌وه‌و نیوه‌ چیرۆكێكى بۆ ئه‌گێرێته‌وه‌ تا دواجار پاشا له‌ بڕیاره‌كه‌ى په‌شیمان ئه‌بێته‌وه‌ . ره‌نگه‌ ئه‌م لیژنه‌ى چاكسازیه‌ى هه‌رێمیش هه‌مان رۆڵى شه‌هرزاد ببینین كاتێك نزیك ئه‌بێته‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سه‌ نزیكه‌كانى حزب و بنه‌ماڵه‌ ، ئیتر به‌ جۆرێك درێژه‌ به‌ كاره‌كانى بدرێت و دواتر په‌شیمان بوونه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نێكى لێبكه‌وێته‌وه‌ ، هه‌ر وه‌كو له‌ چاكسازیه‌كانى تر روویاندا . به‌ جۆرێكى تر چاكسازى له‌م دۆخه‌ى هه‌رێم به‌ تایبه‌تى له‌ لایه‌ن هێزێكى وه‌ك پارتى له‌و فلیمه‌ هیندیانه‌ ئه‌چێت كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌زانى كۆتایه‌كه‌ى چی لێدێت !.
ئه‌مرۆ به‌هێز بوونى پارتى له‌ گۆره‌پانى كوردستان به‌شێكى زۆرى په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ چاكسازى تیا ئه‌كرێت !، كه‌ شاده‌مارى دابین كردنى توانایه‌كى بێسنورى دارایی هه‌یه‌ بۆ ئه‌م حزبه ‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌م بەرزانى و هه‌م لیژنه‌ى چاكسازیه‌كه‌ هه‌رگیز ناتوانێ و نایه‌نه‌وێ ده‌ست بۆ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌رێت كه‌ ئه‌م توانا داراییه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ .
مێژوویه‌ك له‌ كارى نا یاسایی و نا شه‌فافه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتى لیژنه‌یه‌ك له‌ دادوه‌ران چاره‌سه‌ر ناكرێ كه‌ خۆیان یه‌كێك له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌م مێژووه‌ ناشرینه ‌. دواجار ئه‌م دۆخه‌ ته‌نها به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و سیاسیانه‌ ئه‌بێت له‌ سه‌ر شانۆكه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هیچ جۆرێك له‌م ساته‌دا یه‌ك سیاسى ده‌ره‌جه‌ پانزه‌ش ئاماده‌ نیه‌ دور كه‌وێته‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ متمانه‌یه‌ك نیه‌ بۆ هیچ جۆره‌ چاكسازیه‌ك له‌م كاتدا ، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ كارى سیاسى و بارزگانیان ئه‌وه‌نده‌ تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بوون وه‌كو ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ئه‌فساناویه‌ى ئه‌فسانه‌ى یۆنان لێهاتوه‌ كه‌ نیوه‌ى ئه‌سپه‌ و نیوه‌ى مرۆڤه‌ (قه‌ نتور –centaur ) كه‌ جیابوونه‌وه‌یان له‌ یه‌ك مه‌حاله‌ هه‌ر جیابوه‌نه‌وه‌یه‌ك مه‌رگى ئه‌ویتریانه ‌.

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت