ڕەسوڵ بۆسکێنى : ڕیشەى نەورۆز و ئاوڕێکى مێژوویى .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەرەتاى بەهارى هەموو ساڵێک ، کۆتایى سەرماوسۆڵە و وەرگەڕانى سروشت و هاتنى وەرزى خۆشى و شادى یە ، نەتەوەى کورد بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕێ و بەو ڕۆژە دەڵێن ” نەورۆز ” کە بریتیە لە کۆمەڵێک واتا و هێما کە تەعبیر لە ژیان و گوزەرانى خەڵک ئاوێتە بە ئەفسانە دەکات ، نەورۆز نەک هەر کورد هەموو گەلانى ئاریایى شانازى پێوە دەکەن و ئاهەنگى بۆ دەگێڕن ، کوردەکان بە گەشت و سەیران و ئاگرکردنەوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرن ، لەبەر ئەوە دەمانەوێ لێرەدا سەرنج بدەینە ئەوەى بزانین نەورۆز چۆن پەیدا بووە و سەرهەڵدانى مێژووى ئەم نەریتە دێرینە ڕیشە و سەرچاوەکەى بۆ کەى و کوێ دەگەڕێتەوە .
نەتەوەى کورد لە زۆر کۆنەوە لە نجیرە چیاکانى زاگرۆس و ئارارات و دەشتەکانى دەوروبەریان نیشتە جێ بوون ، بەیەکەم دامەزرێنەرى بناغەى شارستانى ناوچەکە دادەنرێن ، بەرێژایى مێژوو لەگەڵ چەندین ڕووداو و بۆنەى ئاینى و مێژوویى دا بەرەو ڕوو بوونەتەوە ، یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانەى ئەم نیشتمانە کەلە چیرۆکە کوردیەکاندا ماوەتەوە و تائێستاش بەشانازیەوە یادى دەکرێتەوە جەژنى نەورۆزە . مێژوونووسان سەبارەت بەپەیدا بوونى جەژنى نەورۆز سەدان چیرۆک و داستان و ئەفسانەى وەک کەیومەرس و جەمشید و کاوەى ئاسنگەر و زوحاکیان نووسیوەتەوە .
بەپێى هەندێ گێڕانەوەى مێژوونووسان نەورۆز دەگێڕنەوە بۆ یەکەم ڕۆژى دۆزینەوەى ئاگر لەلایەن مرۆڤەوە ، فارسە کۆنەکان لەو باوەڕەدا بوون ، هۆشەنگ لەم ڕۆژەدا ئاگرى دۆزیوەتەوە ، پێى دەڵێن جەژنى دۆزینەوەى ئاگر لەلایەن هوشەنگى زەردەشتى دووهەمەوە دۆزراوەتەوە .

(1) بەو بۆنەیەوە وەک ڕۆژێکى نوێ ئاهەنگى بۆ گێردرا . هەندێکیش دەڵێن یەکەم ڕۆژى خاکەلێوە جەمشید لەسەر تەختەکەى دانیشتوە و خەڵک بەڕۆژێکى نوێیان زانیوە و کردوویانە بەجەژن . هەندێکیش جەژنى نەورۆز لەوە بەکۆنتر دەزانن وەک ( سامۆئێک هێنرى هۆک ) لەپەرتووکى ئوستوورەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەڵێت : واى بۆ دەچم سۆمەریەکان لە دەڤەرە شاخاویەکانى باکوورى ( نێوان دوو ڕووبار ) بەرەو خوار کۆچیان کردووە ، ئەوان نەورۆزیان پیرۆز ڕاگرتووە ، ساڵانە یادیان کردۆتەوە ، بەم پێیە کۆنترین نەتەوە لەسەر خاکى کوردستان ژیاوە و تائێستاش وەکو کۆنترین و ڕەسەنترین خاوەنى ئەم جەژنە نەتەوەى کوردە .

(2) نەورۆز و سەرکەوتنى کەیومەرس : هەرچەندە ئەمڕۆ مێژووە کۆنەکان لەشێوەى ئەفسانە و خەیاڵ دا دێنە بەرچاو، بەڵام لەو ڕۆژگارە کۆنانەدا کە خوێندوارى کەم بوو ، بەیت بێژان و گۆرانیبێژانى کورد کردارى پاڵەوان و پاشاکانى خۆیان بەشێوەى گۆرانى سینە بەسینە پاراستووە و بڵاویان کردۆتەوە، تاکو گەیاندویانەتە گوێى مێژووونووسەکان . نەیانهێشتووە لەگۆشەى لەبیرچوونەوەدا گەردى فەرامۆشیان لێ بنیشێت ، هەرچەندە بەدرێژایى سەردەمەکان ناوى کەسایەتیەکان و شوێنەکانى هەندێکیان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە ، بەڵام بناغەى ڕووداوەکان بەتەواوى لەناو نەچووە ، لەبەرئەمە قوڵ بوونەوە لەم باسەدا نەک زیانى نیە ، بەڵکو بۆ دۆزینەوەى ڕاستیەکان بەدواداچوونى پێویستە . بۆ نموونە ( کیومرپ = کەیومرس ) ئاوێستا بە ( گیومرت ) ناوى دەبات و بەیەکەم مرۆڤى دادەنێت ، مێژوونووسەکان بۆ ئەوەى لەعەقڵەوە نزیک بێت بەپاشماوەى نوحیان داناوە. لەسەر بنەماى بڕواى کوردان دەبێ نەورۆز ئاکامى سەرکەوتنى ” کەیموورس یان کەیومەرس Kaymures ” بێت بەسەر ئەهریمەندا لەدەورى چوار هەزار ساڵ بەرلە زاین ، ” کەیوان ” چیرۆکەکەى ئاوا دەنووسێ : ” چوار هەزار ساڵ بەرلە دایک بوونى مەسیح  ” کەیموورس”ناوێک لەڕەگەزى کوردان پەیدا بوو ، لەناو وڵاتى میدیا سەرى هەڵدا خەڵکى ئەو ئاو و خاکەى بۆ یەکگرتن و ڕاستى و دروستى ڕێنوێنى کرد ، بەڵام ئەهەریمەن دژى ئەو ئەرکانەى کەیومەرس بوو

(3) ، هەر لەسەرەتاوە ئەهریمەن دوژمنایەتى لەگەڵ دا کرد ، کەیومرس لە کێوەکانى ڕەواندز لەگەڵ ئەهریمەن بەشەڕ هات و لەدەستپێکى شەڕەکەوە فەرمانى بەسوپاکەى خۆى دا ئەگەر هات و بەسەر دوژمندا زاڵ بوون و ئەهریمەن کوژرا ، لەسەر لوتکەى شاخەکان و لەسەر تەپک و گردەکان ئاگر بکەنەوە ، تا هەم دەرکەوێ سەرکەوتوون ، هەم بەو شێوە فەرمانى گەڕانەوە لەبەرەى شەڕ بەسوپاکەیان بدەن بۆ لاى کەیومەرس . دواجار شەڕ بەسەرکەوتنى ئەوان بەسەر ئەهریمەن دا تەواو بوو ، ئاگر لەهەموو بەرزاییەکان چووە ئاسمان و بەم ئاگر و مەشخەڵانە زاڵ بوونى ڕەوایان بەسەر ناڕەوادا ڕاگەیاند ، شکانى ئەهریمەن بۆ خەڵک ڕوون کرایەوە . ڕۆژى ئەم سەرکەوتنە دە ڕۆژ پێش کاتى نەورۆزى ئێستا بوو . کەیومەرس فەرمانى دا نەتەنیا ئەو ڕۆژە، بەڵکو 9 ڕۆژ و شەو دواتریش ئاگربازى و جەژن و شادى بکەن ، ڕێوڕەسمى جەژن ” 9 ڕۆژ ” بەم شێوەیە پەیدا بوو .

(4) بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان دەتوانین کەیومرس بەیەکەم پاشاى (گۆتى GUTI) کورد دابنێین . هەرچەندە مێژووەکان لەپێش کەیومرسیشەوە ناوى فەرمانڕەوایانى (جیانییان) بردووە و کەیومرس بەنەوەى ئەو دەزانن . بەوتەى شانامە لە کەیومەرسى یەکەمەوە تاکو کەیقوباد= دیاکۆ 2441 ساڵى خایاندووە، مێژووى لەسەر تەخت دانیشتنى دیاکۆ ، بە 705 پ.ز دانراوە، بەم شێوەیە پاشایەتى کیومەرس ڕێکەوتى ساڵى 3146 پ.ز دەکات .

(5)لەبارەى نەورۆز و جیهانگیرى جەمشیدەوە : لەسەر بەڵگەى بەڕێوەچوونى جەژنى نەورۆز قسە زۆر کراوە و زۆر گێڕانەوە هەیە ، بەڵام ئەوەى لە زۆربەى چیرۆکەکاندا دێتە گۆڕێ ئەوەیە پێشینەى ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ زەمانى پێشدادیەکان و جەمشیدى جەم بەبنیادنەرى ئەم جەژنە دەزانن ، ئەبو ڕیحانى بیروونى لە (ڕپار الباقیە) دا لەم بابەتەوە دەڵێ : لە دەورى گهمورى، ێابیئەکان هەر کە جەمشید بوو بەشا و دینى خۆى تازە کردەوە ، ئەم کارە زۆر گەورەتر نرخێندرا ، ئەو ڕۆژە بەڕۆژێکى نوێ لەقەڵەم درا ، هەرچەندە پێش ئەو کاتیش نەورۆز هەر بەگەورە دەزاندرا . لەدواى تەهمورس جەمشید بوو بە پاشا هەندێک لە مێژوونووسەکان جەمشیدیان بەبراى تەهمورس داناوە، لەکۆنەوە بیستومانە جەژنى نەورۆز جەمشید دایهێناوە، عومەرى خەیامیش دەڵێت : دامەزرێنەرى ئەم جەژنە جەمیشدە . هەندێک جار تەمەنى جەمشیدیان بەحەوت سەد ساڵ داناوە ، حەوت ساڵ بۆ تەمەنى تەنیا کەسێک ناسروشتیە و دوورە لەعەقڵەوە ، ئەمە دەبێت بەماوەى فەرمانڕەوایى زنجیرەى پاشایەتى نەوەى جەمشیدى دابنێین ، نەک تەنیا بەتەمەنى یەک کەسى دابنێین. لەو بارەیەوە ئیحسان نورى پاشا دەنووسێت : کوسیەکان لەساڵى 1896 پ.ز پەلامارى بابلیان داو لە 1749 پ . ز پاشاى کاسیەکان بەناوى گاندیش کۆتایى بەدەوڵەتى بابل هێنا و خۆى کرد بە پاشاى چوار گۆشەى جیهان ، لە ساڵى 1171 پ.ز بەدەستى پاشاى عیلام تێکشکان و بەرەو چیاکان کشانەوە، بە پێى ئەم حیسابە لە 1896-1171 دەکاتە 725 ساڵ فەرمانڕەواییان کردووە ، لەگەڵ 700 ساڵەکەى تەمەنى جەمشید بەرامبەرە، بەپێى سەربردەکانى پەهلەوى جەمشید 110 خۆى شاردەوە 616 ساڵیش فەرمانڕەوایى کردووە ، لەگەڵ ماوەى دەسەڵاتداریەکەیاندا کەلە بابل بوون تەنیا 38 ساڵى جیاوازە ، (خداى نامەى پەهلەوى) لەبارەى نەورۆزەوە دەنووسێت : جەم فەرمانى بەدێوان دا، تەختێکى بۆ دروست بکەن پاش ئەوەى بۆیان دروست کرد، لە کۆڵیان نا، لەدەماوەندەوە بردیان بۆ بابل دانیشتوان بە بینینى جەمشید لەناو تەختەکەدا کە وەکو خۆر دەدرەوشایەوە سەرسام بوون وایان دەزانى خۆرەکەى ئاسمانە. لەیەک ڕۆژدا دوو خۆر لەئاسمانى ناوچەکەیان پەیدا بووە ، ئەم ڕووداوەش لەڕێکەوتى یەکەم ڕۆژى مانگى (فەروەردین= نەورۆز)ەوە ڕووى دا، لەم ڕووەوە دانیشتوان لەدەورى تەختەکە کۆبوونەوە. هەموویان وتیان ئەمە ڕۆژێکى نوێیە یانى نەورۆزە .

(6) مێژوونووسەکان دەنووسن: جەمشید سنوورى فەرمانڕەواییەکەى گەلێک فراوانتر کرد و بووبە جیهانگیر . بەمە لەخۆى بایى بوو، داواى خوایەتى کرد ، خواش زوحاکى بەسەر دا زاڵ کرد ، کتێبى ئاوێستا بەشى ( زمیادیشت ) دەنووسێت : جەمشید ماوەیەکى زۆر بە خۆشبەختى ژیا ، بەسەر حەوت وڵات و مرۆڤ و دێوانەوە پاشایەتى دەکرد ، هەتا ئەو کاتەى سەرى لەئاستى ڕاستى وەرچەرخاند و درۆى کردە پیشە ، فەڕى ئێزەدى لێ دوور کەوتەوە ، بەمەش جەمشید پەرێشان و ئاوارە بوو، لەدواییدا گیرۆدەى ئەژدیهاک ( زوحاک ) بوو . کۆتایى بە فەرمانڕەوایى جەمشید هێنا ، مێژووە کۆنەکان هەر هەموویان لەسەر ئەمە هاودەنگن زوحاک ئێرانى نەبوو ، بەسەر جەمشید دا سەرکەوتووە ، ئێرانى داگیر کردووە و هێناویەتە ژێر ڕکێفى خۆیەوە  .

(7) کوردەکانیش دەڵێن چوار سەد ساڵ دواى سەرکەوتنى ” کەیومەرس ” زوحاک بەلەشکرێکى گەورەوە لەلاى فەلەستینڕا بەرەو کوردستان هاتووە و داگیرى کردووە . زوحاک دوو مارى بەشانەکانیەوە بووە . تەمەنى زوحاک بەهەزار ساڵ دەستنیشان کراوە ، ئەویش هەروەکو تەمەنەکەى جەمشید دەبێت ماوەى دەسەڵاتدارى دەرەکیەکان بێت بەسەر کۆسییەکانەوە . بەپێى ڕووداوەکان زوحاک یەکێک بووە لەپاشایانى دوژمنانى کورد و مێژووەکان شوێنى فەرمانڕەوایى زوحاکیان بە بابل داناوە.(8) بەپێى گێڕانەوە ئەفسانەییەکان وادەردەکەوێ مارەکانى سەر شانى زوحاک هەموو ڕۆژێ پێویستى بە مێشکى دوو لاوى کورد هەبوو دەرخواردیان بدرێ، یاخود وەکو دەرمان بۆ مارەکان ئامادە بکرێ، بۆ ئەوەى زوحاک بێزار نەکەن و ئۆقرە بگرێ ، بەپێى شانامە نەتەوەى کورد لەتاو زۆردارى زوحاک دانیشتوان لەزوڵم و ستەمى زوحاک بێزار بوون و دەستیان لەگیانى خۆیان شوشت لەبەر ئەوە بڕیاریان دا لە زوحاکى خوێن مژ ڕاپەڕن و تەخت و تاجى لەناو بەرن، کاوەى ئاسنگەر پیاوێکى بەغیرەت و ئازا بوو ، جەماوەرى لەخۆى کۆکردەوە و شەوى جەژنى نەورۆزێ کە زوحاک لە گاڵتە و گەپ دا نقوم ببوو ، دەنگى ناڕەزایى بەرز کردەوە ، لەپێشیانەوە هاوارى دەکرد و هانى دەدان و هێرشى دلێرانەیان کردە سەر کۆشکى زوحاک . و بەکوتکى ئاسنگەرى لەتەپڵى سەرى زوحاکى دا ، پێشبەندە چەرمینەکەى کردە ئاڵا و فەرەیدوونى لەسەر تەختى پاشایەتى دانا و ئاگریان کردەوە و سەرکەوتنى خۆیان لەم ڕۆژەدا (یەکى حمل یا 21 مارس) کردە جەژن و لەو ڕۆژەوە جەژنى نەورۆز بووە ئیلهامى شاعیرانى کورد و سەدان وتار و شێعریان هۆنیوەتەوە. شانامە دەنووسێت کاوەى ئاسنگەر ڕاپەڕى و زوحاکى کوشت ، فەرەیدوونى کوردى کرد بەپاشا، حەکیم عومەرى خەییامى نیشاپوورى نزیکەى هەزار ساڵ لەمەوبەر لەنەورۆزنامەکەیدا دەنووسێت: فەرەیدوونى کورد ئەو ڕۆژەى زوحاکى دیل کرد ئێرانى لەو بەڵایە ڕزگار کرد ، ئەو ڕۆژەى کرد بەجەژن، ئێرانیەکانیش وەک ڕۆژێکى نوێ تەماشایان کرد و لەو ساوە ئەو ڕۆژە دەکەن بەجەژن .

(9) لەسەردەمە کۆنەکاندا ئامێرى هەواڵگەیاندنى بەپەلەى وەکو تەلەفۆن و تەلگراف نەبووە ، بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر بیان ویستایە لەیەک کات دا هەواڵێک بەناو وڵاتدا بڵاوبکەنەوە ، بەکردنەوەى ئاگر لەشوێنێکى بەرزدا هەموو لایەکیان ئاگادار دەکرد، بەم شێوەیە لەبوارى ڕاگەیاندن دا سوودیان لە ئاگر وەردەگرت .
ئەگەر سەرنج بدەینە هەموو ئەو هۆ و ئەگەرانەى بۆ سەرهەڵدانى جەژنى نەورۆز باسکراوە دەبینین هەر هەموویان بۆ بابەتێکى ئەفسانەیى و خەیاڵى دەگەڕێنەوە و هیچیان ئەوەندە بەهێز و بەڵگەدار نین لۆژیکیانە قەناعەتى مرۆڤى ئەم سەردەمە تێر بکەن ، لەلایەکى تر ئەوەش دەزانین بەدرێژایى مێژوو نەتەوەکانى نیشتەجێى سەر زەمینى کوردستان و ئیران بەسەدان بەڵگە و هەزاران ڕێوڕەسم و بۆنەو جەژنیان هەبووە کە هەر هەموویان ئێستا لەیاد کراون و کەس باسیان ناکا ، کەچى نەورۆز وەکو جەژنێکى نەتەوەیى بایەخدار هەر ماوەتەوە ، ئێستاش کاریگەریەکى زۆرى تەنانەت لەسەر ژیانى سیاسى خەڵکى هەیە ، نەتەوەى کورد وەکو سومبولێکى نەتەوەیى خۆى سەیرى دەکات، دواى هەزاران ساڵ تائێستاش بەرز ڕادەگیرێت و هەموو ساڵێک بەگەرمیەوە یادى دەکرێتەوە.(10) هەرچۆنێک بێت بەدرێژایى سەردەمەکان یادکردنەوەى جەژنى نەورۆز درێژەى هەبووە ، دواى ڕووخانى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى و پارچە پارچە بوونى کوردستان لەنێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا نەیانتوانیوە ئەم جەژنە لەبیر خەڵکى کوردستان بەرنەوە. تائێستاش گەلى کورد وەک ڕەمزى یەکگرتن و سەرکەوتن یادى جەژنى نەورۆز دەکاتەوە و لەگەڵ سەرەتاى بەهار و بوژانەوەى گوڵ و گوڵزار و سەوزایى پەیمانى ئازادى کورد و کوردستان بۆ یەکتر نوێ دەکەنەوە .

  • پەراوێز و سەرچاوەکان
    (1)،(5)، (6)،(7)،(9) ئیحسان نورى پاشا، مێژووى ڕیشەى نەژادى کورد، وەرگێڕانى : وریا قانع ، چاپى یەکەم ، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە هەولێر، 2003. ل 45، ل 29، ل 35، ل 36، ل 45.
    (4)،(8) حەبیبوڵڵاى تابانى، هاونەتەوەیى کورد و ماد، وەرگێڕانى : جەلیل گادانى ، چاپى دووەم ، چاپخانەى ڕۆژهەڵات – هەولێر 2010. ل 492، ل 494.
    (2)،(3)، (10) R.Tahir، نەورۆز جەژنێکى کۆنى کوردەوارى ،  www.Mediya.net .

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت