بورهان شێخ ڕەئووف : هەرێمى فیدراڵی لە ڕۆژئاوا ى کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وشەى فیدراڵ لە وشەى لاتینى ( Foeds) وەرگیراوە کە بە واتاى پەیمان یان ڕێکەوتن دێت . فیدراڵ کاتێک پێکدێت ، کە چەند وڵاتێکى سەربەخۆ ڕێکدەکەون کە دەوڵەتێکى نوێ پێکبهێنن ، یان کاتێک یەکە ئیدارییەکانى بەشێک لە وڵاتێکى ژێر دەسەڵاتى حکومەتێکى تاک فۆرم ڕەزامەندى سەنتەر بۆ ئۆتۆنۆمى خۆیان بە دەستدێنن .

کاتێک دەوڵەتێکى تاک فۆرمى خاوەن خاکێکى بەرفراوان بیەوێت لە ڕێگاى پەسەندى جۆراوجۆرەوە بیەوێت یەکێتى خاک و گەلەکەى بپارێزێت یان کاتێک بەشێک پێکهاتەکانى ئەو وڵاتە خولیاو ئارەزوو ى ئۆتۆنۆمى و خۆبەڕێۆەبەریان هەبێت ئەوا چەمکى فیدراڵیەت دێتە ئاراوە حکومەتى سەنتەر پرسەکانى هاوبەندى بەرژەوەندییە گشتیەکان بۆ خۆى گلدەداتەوەو پشکەکانى دیکە بە هەرێمە ئۆتۆنۆمەکان دەدات لە هەمان کاتدا ئەو دۆخە بەهۆى دەستوورێکەوە دێتە ئاراوە و ڕێکدەخرێت کە پشککەکان و دەسەڵاتەکان لە نێوان سەنتەرو هەرێمەکاندا دابەشدەکات و ناکرێت ئەم دابەشکردنە یەکلایەنە بێت .
بەڵام ئەوەى لە ڕۆژئاواى کوردستان دەگوزەرا پێچەوانەى هەموو بۆچوون و یاساو دەستوورەکانى جیهان و مرۆڤایەتى و بوو کە گەلێک بە هەموو بنەما و تایبەتمەندییە کانى خۆیەوە نکووڵى لە بوونى دەکرا لە کۆمارى عەرەبى سووریادا و بگرە بە شێکى زۆریشیان مافى هاووڵاتیبوون و پێناسەى ئەو وڵاتەشیان نەبوو ئیستاش لە دواى شۆڕش و ڕووداوەکانى سووریا لە ساڵى 2011 ەوە بەشێکى زۆرى خاکەکە بە خوێن و فیداکارى ئازادکردوەو پارێزگارى لێدەکات بە گەواهى یارونەیارلە جیهاندا .
لە چەند ساڵى ڕابردوودا خۆبەڕێوەبەریەکى دیموکراتیانەیان دامەزراندبوو بە هاوبەشى لەگەڵ پێکهاتەکانى تر لە سەر سیستمى کانتۆنەکان ئێستاش لە دواى گۆڕانکاریە تازەکانى ئەو وڵاتە لو کۆبوونەوەیەکى چەند ڕۆژیدا ئەنجوومەنى دامەزراندن هەرێمى ڕۆژئاواى لە باکوورى سووریا ڕاگەیاند لە کاتێکدا دانیشتنەکانى کۆنگرەى جنێف 3 دەستیپێکرد بۆ چارەسەرکردنى کێشەى سووریا بە بێ بەشداریکردنى نوێنەرانى کورد لە ڕۆژئاوا بە فشارى هەندێک لە لایەن و وڵاتانى ئیقلیمى لە کاتێکدا کورد یەکێکە لایەنە کاریگەرەکانى قەیرانەکە .
تائێرە ئاساییە بەڵام ئەوەى نا ئاساییەو جێگەى سەر سووڕمان و گاڵتە پێکردنە کاردانەوەى وڵاتانى ناوچەکە و تەنانەت هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سووریایە کە فیدراڵى بە سەرچاوەى مەترسى و دابەشبوون و ناسەقامگیرى ناوچەکە دەزانن لە کاتێکدا نیوەى جیهان زیاتر بە سیستمى فیدراڵى بەڕێوەدەبرێت ،
هەروەکو لە ڕابردوودا ناوچەکە و گەلانى تر ڕۆژهەڵاتى ناوین لە سایەى ڕژێمە شمولى و تاک فۆرمەکاندا زۆر لە ژیانێکى شەرافەتمەندانەدا ژیابن و هیچ کێشەیەکیان نەبووبێت و هەموو ئەو جەنگ و ماڵوێرانى نادادپەروەرى و خوێن ڕشتن و بە فیڕۆدانى سامان و داهاتى وڵاتەکانیان لە پێناوى تواندنەوەى گەلانى بندەست و نکووڵى کردن لە مافەکانیان لە پێناو یەکپارچەیى خاکى نیشتمان و سەرکردەى تاک و تەنها و بێ وێنەو بێ نەزیر و سڕینەوەى هەموو جیاوازیەکان لە نەتەوە و ئایین و ئاینزاو لە قاڵبدانیان لە یەک نەتەوەو کەئاکامەکەى ئەوە بوو کە ئێستا دەیبینین هەموو ناوچەکە لە شەڕو ململانێیەکى قووڵ و سەرتاپاگیردایە کە ڕۆشن نیە تاکەى و چى دەبێت کۆتاییەکەى .
لە هەمانکاتدا ئەگەر لە ئەزموونى گەلانى تر وردبینەوە کە یەکبوون و یەکگرتنى ئارەزوومەندانەیان هەڵبژاردووە واتە ڕێزگرتن لە جیاوازیە ئتنیکى و نەتەوەیى و ئاینى و ڕۆشنبیر ى و دابەشکردنى دەسەڵاتەکان و بوونى ناوەندى جیاجیا ى بڕیارلە نێوان سەنتەرو حکومەتە لۆکاڵیەکان چ بە سیستمى کۆنفیدراڵى یان فیدراڵى بێت و لە پێناو ئاشتى و دادى کۆمەڵایەتى یەکسانى نێوان هەموو پێکهاتە جیاوەزەکان گەیشتنە ئەو شارستانیەت و ئارامى و سەقامگیریە ى کە هەمووان لێ ى بەهرەمەندن .
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان یەکێتى و یەکپارچەیى لە نێوان گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و گەلانى ڕۆژئاوا بکەین دەبینین ڕۆژئاواییەکان بە ڕێزگرتن لە جیاوازى یەکیانگرت و سوودمەندبوون بەڵام ڕۆژهەڵاتیەکانى لاى خۆشمان لەتوپەت بوون و ماڵوێران بوون بە سڕینەوەى یەکتر .
بۆیە لە ئێستاشدا کە سیستمى فیدراڵى لە ڕۆژئاواى کوردستان ڕادەگەیەنرێت هەمان بۆچوونى جاران لە لایەن وڵاتانى ناوچەکەو دراوسێ وە دووبارەدەکرێتەوە بێئەوەى کەڵک لە ئەزموونە تاڵەکانى ڕابردوو وەربگیرێت فیدراڵیەت بە جووداخوزى و خیانەت و دەستى دەرەکى و کفرو ئاژاوەو دووبەرەکى و گەلێ شتى تریش ناوزەد دەکەن .
هەرچەندە لە ڕاستیدا فیدراڵیەت ڕێگاى ئاشتى و پێکەوە ژیان و ئارامى و سەقامگیرى و یەکبوونى ئارەزوومەندانەوە دادپەروەریە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت