هاوکار حسەین : تڕە ھاوڕێیەتی فەیسبوک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیھێنەرە پێش چاوت ، فەیسبوک سەلاجەیەکی ماڵەوەیەو ھەرچەندە ئـەزانیت شتێکی تازەی تیا نیە بۆ خواردن ، کەچی ھەمو 10 خولەکێک ئـەیکەیتەوەو ئـەگەڕێیت بۆ شت . ئـەمە دەلیلی ئـەوەیە لەباشترین حاڵەتدا فەیسبوک نەخۆشخانەیەکی دەرونیەو ئـێمەش ھەمومان نەخۆشین ، جا ئـەوانەی زۆر تیا ئـەمێننەوە ، وەزعیان دیارە خراپترە .

لام سەیرە ! ھەندێک لەکەسانی بەناو رۆشنبیر ، لەم نەخۆشخانە دەرونییەدا ، ناوبەناو ھەڕەشەی ئـەوە لەنەخۆشەکانی تر دەکەن کە ھەڵمەتێکی سڕینەوەیان دەستپێکردووە ، ھەمو پاساوەکانیشیان ئـەوەیە گوایە لایک و کۆمێنت بۆ پۆستەکانیان ناکەن .
ھاوڕێ گیان ! تۆ لەم دنیا مەجازییەی فەیسبوکدا ، وەک دیلێک وایت کە بەم رۆژگارە خەریکی نوسین بیت لەسەر دیواری زیندانەکە ، دواجار ئـەوانە ئـەیخوێننەوە کە تۆ نایانبینیت ، ئـەشێت ھەندێک ھاوڕات بن و ھەندێکیش دژ .
ئـەم ھەڵوێستەی ئـەوانەم وەک ئـەوەی حزبی کوردیی دێتە پێش چاو کە لەھەڵبژاردنەکانی رابردودا ، ھەڕەشەی بایەعی بڕینیان لەوانە دەکرد کە دەنگیان پێنەدەدان . من دەیان جار بابەتی جوانم خوێندووەتەوە ، بەڵام بیرم چووە لایک و کۆمێنتی بکەم .
ئـەڵێن : مەلایەک لەدێیەکدا دەیەوێت لەڕێگەی ترسەوە خەڵکی ئـامۆژگاریی بکا ، سەرەتا بەوە دەست پێدەکات کە ئـەم گۆی زەوییە ، چەند لەرزۆکە و ھاکا دنیا ئـاخر بوو . لەپڕ یەکێک دەپرسێت : مامۆستا توخوا بۆمان باس ناکەیت زەوی چۆنە ؟ ئـەویش ئـەڵێت : زەوی وەکو تۆپێک وایەو لەسەر قۆچی گایەکی شێتە ، ھەر کە رائـەکات ، ئـەو باران و بەفرو تەرزەیە دروست دەکات . ئەم گایەش لەسەر پشتی حوتێک وەستاوەو ھەر کە حوتەکە بەرزو نزم دەکات ، ئـیتر وەرزەکان دروست دەبن .
کابراش دەڵێت : جا وەڵڵا مامۆستا گیان ، ئەم تڕە کەڵەکەیەی تۆ باسی ئـەکەیت ، ئـەمڕۆش نەبێت ، بەیانی هەر دەڕوخێ .
ھەڕەشەی ئـەم جۆرە برادەرانەش لەھی مەلاکە ئـەچێت ، چونکە ھاوڕێیەتیەک وەک تڕە کەڵەک بەلایک و کۆمێنت بەند بێت ، ئـەمڕۆش نەبێت ، بەیانی ، ھەر ھەرەس دێنێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت