عەبدوڵڵای مەلا نوری : بارزانی ئازایانە قسەی دڵی دركاند !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەرزانی رایگەیاند : كاتێك دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت كە هەرێمی كوردستان بگاتە قۆناغی سەربەخۆیی ( دەوڵەت ) !

ئەم رستەیەی بەرزانی لە سەر پرسەكانی دەوڵەتی كوردی و كورسیەكەی ، بە كورتی ئەم خاڵانەمان بۆ دەردەخات :
یەكەم : بەرزانی وادەی دەستبەردەرابونی لە پۆستەكەی دیاریكرد ، هەروەها وادەی دروستكردن و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیشی دیاریكرد ، بەڵام بۆ هەردوكیان خواو بەرزانی دەزانێت كەی دەبێت؟!
دوەم : بەرزانی دانی بەوەدا نا ، بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا پێویستی بە دیموكراسی و شەرعیەتی قانونی و پشتیوانی لایەنە سیاسەكان و پەرلەمانیش نیە ، بەڵكو شەرعیەتی مانەوەی لە سەر كورسیەكەی ، لە دروستكردنی دەوڵەتی كوردیەوە دەبێت .
واتە ئێستای بەرزانی شەرعیەت لە داهاتویەكی ناڕۆشنەوە وەر دەگرێت ، كە ئەمە هاوكێشەیەكی بێ وێنەیە لە مێژوی مرۆفایەتیدا !
سێیەم : بەرزانی دانی بەوەدا نا ، كە پرسی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی بۆ خۆی قورخكردووەو ، لە ناو ٥ ملێون هاوڵاتی ئەم هەرێمەدا ، لە ناو تەواوی قیادەی هەمو حیزبەكاندا ، تەنها خۆی بە شایستەو شیاوی ئەو كارە دەبینێت و ، هیچ دامەزراوەو حزب و كەسێكی تر ، بە ئەهل و لایەقی ئەو كارە نابینێت .
بەرزانی ئازایانەو راستگۆیانەو راشكاوانە قسەی دڵی خۆی كرد !
ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە بزانین هەڵوێستی لایەنەكانی تر چی دەبێت ؟
ئایا لێدەگەڕێن لە لایەن تاكە كەس و تاكە حزبێكەوە ئایندە و چارنوسی ئەم وڵاتە ئاڕاستە بكرێت ؟
یان لایەنەكانی تر ؛ بە تایبەت گۆڕان و یەكێتی هەوڵی ئەوە دەدەن تەواوی پرسەكان ؛ بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەوڵەتی كوردیشەوە لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی نیشتیمانی گونجاودا ئاڕاستە بكرێت ؟
دەستەوەستانی و بێ هەڵوێستی و بێ پلانی لایەنەكانی تر ، لە ئاست قسەو روداو و پێشهاتەكان ؛ شەرعیەتدانە بە تاكڕەوی و سپاردنی چارەنوسی ئەم وڵاتە بە قەدەری نا دیار .

س ـ شار

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت