لاوک کونجرینی : یەکێتی چی دەوێت ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەو دیو جیهانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی تەندروست ، دیکتاتۆریەت ئامادەیە .. ئۆردۆغان لەوەڵامی ڕۆژنامەوانێکدا وتی : سواری فارگۆنی دیموکراسی بووین ، لە بەدیهێنانی ئامانجەکانمان دادەبەزین . ماڵباتی بەرزانیش سواری فارگۆنی کوردایەتی بە ڕتوشی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوون ، ماوەیەکە لەچاوەڕوانی دابەزیندان . بەڵام ڕێگرییەکان زۆرن ، لەنێوان سەرکەوتن و دۆڕاندا ، پەیوەستە بە کۆیلە بوونی کۆمەڵگا و ، ملنەدان .

لەدوای 23- 6 – 2015   وە ڕەوشی هەرێم و پرۆسەی دیموکراسی هێندەی تر کەوتە ژێر پرسیارەوە . کاتێک پارتی یەکلایەنانە دژایەتی هەوڵەکانی پەڕلەمانی کردو ، ئەو ڕەوشەی لە ئێستادا هەرێمی توشی ئیفلیجی کردووە بەدوای خۆیدا هێنا . دەبێت شتە شاراوەکانی 23 – 6  جگە لە فاکتەری جێگیرکردنی یاساو بنەماکانی دیموکراسی چی بەدی بکرێت ؟ . بۆ بنەماڵەی بەرزانی لەو ڕۆژەدا هەراسان بوون ؟ . بنەماڵەی بەرزانی لەبەردەمیاندا چ هەناگاوێک دەنێن لەکاتێکدا شەقام و پرۆسەی دیمکوراسی و چەمکی مافی مرۆڤ لەگەڵ تێزەکانی ئەو ڕۆژەو دواتردایە ؟ . دەبێت خەڵکە بەناو ڕۆشنبیر و نوسەرو موفەکیرەکانی ناو پارتی لەکوێی ئەم بیرکردنەوەدان ، لەکاتێکدا جگە لە بێدەنگی و پیاهەڵدان وەک مرۆڤێکی نانۆڕماڵ بەردەوامی بە ژیانی حیزبی خۆیان بدەن ، چ دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەییان چنگ دەکەوێت ؟ .

 دەبوایە هەموومان بە کەسە کۆڵکە خوێنەوارەکانی ناو پارتیشەوە لەڕابردووی دەسەڵاتی بەعس بگەیشتینایە ، ئینجا هەنگاوەکانی پارتیمان شرۆڤە بکردایە .

بەعس جگە لە دروشمەکانی چ هەنگاو و بیرکردنەوەی شیاوی هەبوو ؟ . ئەمڕۆی پارتی جگە لە دروشمەکانی ، کوێی ڕابردو و ئەمڕۆی شیاوە ؟ . بەعس بەکودەتا هاتە سەر دەسەڵات ، پارتیش بە کودەتا لەهەولێر لەسەر دەسەڵاتە . بەعس هێندە باوەڕی بە یاساو ڕێسای ژیان بوو ، وەک ئامرازێکی ڕۆژانەو بەویستی خۆی بەکاریی دەهێنا ، سەدام دەڵێت : یاسا وەک لاسیک وایە چۆنمان بوێت وای ڕادەکێشین . پارتیش هەمان بۆچوونی هەیە . بەعس دروشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی هەمیشە بۆ بەرژەوەندی باڵای خۆی دەجوڵاند و جگە لە کارەساتی نیشتمانی و نەتەوەیی واقعێکی تری بەرهەم نەدەهێنا ، پارتیش بە هەمان کردە . ئەوەی پارتی و بەعسی لەیەک جیادەکاتەوە ، تەنها ناو و جوگرافیایە .

ئەوەی گرنگە دەبێت یەکێتی لەم هەڵسەنگاندنە وا تێبگات : ساڵی 1968 ، بەعس کە هاتە سەر حوکم لەکوردترین ماوەدا هەنگاویی یەکەمی چوارساڵ پیلان و خۆ قایم کردنی لەعێراقی بە ناو نوێدا ئەنجام دا ، ئەویش بەهۆی گفتوگۆی 11 ئازاری 1970 وە لەگەڵ کورد ، سەرەتای ئەو چوارساڵە کورد و سەرکردایەتییەکەی گەر لە فیتی بەعس تێبگەیشتنایە ، داوای فیدڕالیشیان بکردایە ڕازی دەبوو ، چونکە بەرنامەکەیان وا بوو پێویستی بە پشوویەک هەبوو تا گیراوەی ئامانجەکانیان ئامادە بکەن . سەرەتا کەوتە تیرۆرکردن و لەناوبردنی کەسە گوماناوییەکانی ناوخۆی حیزب و دەسەڵات . پاشان بە خشپەیی خۆیان خشان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبی شیوعی ، ئەم ڕێکەوتنەی بەعس و شوعی پێداویست و ناچاریی بوو . شوعییەکان لەدوای ڕێکەوتنی بەرزانی باوک لە گەڵ بەعس لە 11 ئازاردا ، جێگە پێگەیان ڕووەو لێژی دەڕۆیشت لەکوردستان و لەوەش ترسان بەدەستی پارتی و بە فیتی بەعس توشی کارەسات بن .  

بەعس بەم هەنگاوانەیان ، واتە بە بەیانی یانزەی ئازار و ڕێکەوتنیان لە گەڵ حیزبی شوعی پردی پەڕینەوەیان بۆ نەوژەنکردنەوەی رێکەوتنی سەردەمی عەبدولکەریم قاسم  و سۆڤیەت خۆشکرد و تا ڕووخاندنی سەدام ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام بوو . بەعس لە ژێر ڕۆشنایی ڕێکەوتنی ستراتیژیی خۆیان و سۆڤیەت ، شۆڕشی کوردی کۆتایی پێهێناو شوعیەکانیان قەڵاچۆ و دەربەدەر کرد لەدەسەڵات و هەموو جوڵەیەکی سیاسیان لێسەندنەوەو وەک حیزبێکی بڤەکراو خستە لیستی خۆیانەوە ، کەچی کامێرای بەرژەوەندییەکانی خۆیان و سۆڤیەت ئەو ڕووداوەی نەبینی .

لای هەمووان ئەم ڕابردووە بۆتە مێژوو ، یەکێتی لەکۆتایی شۆڕشی ئەیلول هاتە سەری دێڕ و دەستی بەمێژوویەکی تر کرد . ئەم مێژووە جگە لە بەرەنگاری داگیرکەران ، دوژمنێکی تریی ناوخۆی بۆ قوت بووەوە . دوو هێندەی دووژمنە فەڕمییەکان ـ  لەبن ئەم دیورارو ئەو دیوار کوڕە خوێن گەرم و ڕۆح پڕ لەکوردایەتییەکانیان شەهید دەکرد … ئەم دووژمنە قوت بووەوە ، ئەو دروشمەی ئەو ڕۆژانە بەرزیان کردبۆووە تا ئێستا بەردەوامی پێدەدەن . ىڕواننە مێژووی ڕەشی شۆڕشی گوڵان لە کوێوە سەریهەڵداو تا ئەمڕۆ چۆن بەردەوامە . کارەساتە بەم مێژووە بڵێیت : مێژوویەک لە کوردایەتی .

مێژووی شۆڕشی گوڵان لای کەس ڕوون نەبێت ، لای یەکێتییەکان ڕوونە . دەبێت بپرسین تائێستا یەکێتی وانەی وەرنەگرتووە ؟ . دەبێ بپرسین یەکێتی بەهەمان کەڵفامی حیزبی شوعیدا تێدەپەڕێت ، کە ورد ببیتەوە لە فاکتەریی پچووک بوونەوەو تیاچوونی ، بە  قوڕقوشم توانەوە بەسەریدا ، وێنەیەکی پارتی دەردەچێت . واتە شوعییەکان تێنەگەیشتون لەڕابردویان ، تا لە ئێستاو داهاتوویان تێبگەن .

یەکێتی مێژوویەکی خۆێناویی هەیە لەگەڵ پارتی ، ئەوانەی لەناو گۆڕاندان گەر لە دەرەوەی یەکێتیش هاتبنە ناو گۆڕان لە سەنگەرە دەست بەخوێنەکانی ناو پارتی بەشدار نین ، بەڵکو لەو سەنگەردا بوون ، کە مێژووەکەی یەکێتیان دەنەخشان ، ئەو مێژووەیە ، کە یەکێتی شانازی پێوەدەکات . تاوانە یەکێتی بەچاویی پارتییەوە بڕوانێتە گۆڕان .

ئەم مێژووە هاوبەشە ، ئەم بیرکردنەوە ئاڵاوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی پێویستی بە ئۆرگانەڕێزی هەیە ، پێویستی بە شنەو کەوی هەیە ، پێویستی بە گفتوگۆو بەرنامەڕێزی هەیە ، پیوستی بەجوانکاری و عەیب داپۆشین هەیە . پێویستی بەهەنگاوی جدی هەیە بۆ داهاتوو و قسەکردن لەسەر ئێستا چی بکرێت . پێویستی بەو خاڵانە هەیە لە کویادا زیانبەخش و سوود بەخشە بکرێتە هاندەرو وانە . لەچاوی بەرژەوەندییە سەرەنوێڵەکانەوە کۆتا بە بەرژەوەندی تاک بهێنرێت و یاساو خواستی گشتی بکرێتە سەروەر . ئەوسا هەردوولا دوو هێزی جوانکاریی نێو جیهانە دیموکراسییەکە دەبن و بەر بە جیهانە دیکتاتۆرییەکە دەهێنرێت ، کە دەرگای هەرێمی گرتووە .

یەکێتییەکان ئەم ڕستەیەی بەرزانی دەگێڕنەوەو ، بەڵام تێی ناگەن . کە وتویەتی : گەر بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر بوایە ، بە گردەکەوە تەختم دەکرد . دەبێ بپرسین بزوتنەوەی گۆڕان جگە لە وتەی سیاسی سەردەم و دارێژەریی ئۆرگانەکردنی دەسەڵات و دەستور و یاساو ڕێكکردنەوەی ناڕێکییەکانی بیرو ڕەفتار و هەنگاویی دەسەڵاتی کوردی ، هاتۆتە مەیدان بە پچووکترین چەکی شەڕەوە ، تا بەرزانی بەم زمانە بیری لێبکاتەوە ؟ ئایا ئەو زمانەی بەرزانی هەمان بیرکردنەوەی سەدام نییە . کە لە دوجەیلدا بەبڕیارێکی هاوشێوە کارەساتێکی مرۆیی خوڵقاند ؟ ،. ئایا یەکێتی ئەم قسەیەی بەتۆمارکراوی لایە تا بۆ زەمەنی خۆی هەڵیگرتبێت . بەرزانی لەباتی جارێک دە جار وەک تاوانباریی جەنگ بیداتە دادگا ؟ . ئایا یەکێتییەکان لەوە گەیشتوون ، ڕۆژێک دێت لەهەر لاوازییەکی خۆیان ، پارتی هەمان بیرکردنەوە بەسەر ئەوانیشدا جێبەجێ دەکات ، واتە بیرکردنەوەی تەختکردنی گردەکە دەگۆڕێتەوە بە قەڵاچوالان .

یەکێتییەک لە ڕابردووی دڕندانەی بەعس و بێ ئاگایی شوعی و مەرامی پارتی وانەیان وەرنەگرتبێت ، دەبێت چۆن و بەچ شێوەیەک ڕۆژێک ڕازییەو بەئاگایە لە دۆسیەی نەوت و ڕۆژێک بێئاگایی خۆی پیشان دەدات و ڕازییە بە مانەوەی بەرزانی و ڕۆژێک دەستور دەکات بە سەرپشک و ڕۆژێک پشت دەکاتە گۆڕان بۆ سڵاوێکی پارتی و ، ڕۆژێک گردەکە بەرنادات و ڕۆژێک دەڵێت : ئێمە لەسەر بژاردەی هیچ لایەنێک سیاسەت ناکەین و رۆژێک لەبەرەی پارتی و ڕۆژێک لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن . گەر هەر یەکێتییەکان لەم سیاسەتە ناڕێک و نا یاساییە تێبگەن . ئێمەش لەم کەین و بەینەی سیاسەتی یەکێتی هێندە دەگەین ، کە گیرۆدەی بیرکردنەوەکانی پارتی بووەو مەیل دەدات ببێت بە کۆڵەکەیەکی کۆشکی دیکتاتۆری بەرزانی .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت