Mstefai-Said-qadir-Barzani

پشکۆ ناکام : سەیتەرە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕاستە کە زۆر جار سەرۆکی پارتی ، قسەیەک و بەڵێنێک ئەدا کە پێچەوانەی ئەوەیە ماوەیەکی کەم یان زۆر پێش ئەوە ووتویەتی و یەک ناگرنەوە و شایانی ڕەخنە و قورستریش لە ڕەخنەیە، بەڵام خۆ ئەو زاتە حاشییەکی زۆر و زەبەندی دەست بە سنگەوە گرتووی هەیە کە مانگانە بە مەلایین دۆلار لە سەر حیسابی بودجە و قوتی خەڵک ” خەشنۆش” ئەکەن ، ئەوان ئەبئ جورئەتیان هەبئ و بۆ یەک جاریش بێت بڵێن: ئەزبەنی ئەو تەصریح و قسەیەت زۆر لە جێی خۆیا نیە، بەڵام ئەو کەسانە دیارن کە ئەو زاتە ئەبینن زمانییان توشی شەلەل ئەبێت. 

ماوەیەکە سەرۆکی پارتی و بنەماڵە، ئەو عالەمەیان مەشغوڵ کردووە گوایە بە نیازن” ڕیفراندۆم “! بکەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان، یەکێک نەزانێ هەل و مەرجی ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەکە وا لێک ئەیاتەوە کە ئەڵێی ماستی مەییەوە و هێندە لەبارە کە سەربەخۆیی وەک ” کێک ” ێک حازرە تەنها ئەوە ماوە بنێردرێت بۆ سەری سوور، ببورن سەری ڕەش، بەڵام کە سەیری ئەکەیت و لێی وورد ئەبیتەوە و تێ ئەگەیت عەرەب وەتەنی ” احنا وین و هم وین”، جگە لەوەش سەرۆکی پارتی مانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەستۆتەوە بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، تا ئە زاتە هاوار نەکات” ئێرە دەوڵەتی کوردستانە ” واز لە کورسییەکەی ناهێنێت” یان دەوڵەت یان کورسی” وەک ئەوەی بوون به دەوڵەت” سرێش ” ێکە ئەو زاتەی نووسانوە بە کورسێکەیەوە ناتۆێتەوە تا هەرێم نەبێت بە دەوڵەت، ئەو کاتە ئوتاماتیکی کورسیەکەی بە جێ ئەهێڵێت و بۆ دوا جار ڕەسمی” الوداع ” ی لە گەڵدا ئەگرێت لە سەر و بەندی 17/یشوبات، ئەو کاتە سەرۆکی پارتی لە” ئیتالیا ” بوو، ووتی: ئەگەر 50هەزار کەس ئیمزا کۆبکەنەوە کە منیان ناوێت وەک سەرۆک ئامادەم واز بهێنم، ئەوە بوو لە چەند، سەعاتێکا نزیکەی 200 هەزار ئیمزا بە تەنیا لە سلێمانی کۆ کرایەوە، ڕەنگە ڕۆژێک بەردەوام بوایە ملێۆنێکی تێپەڕاندایە، باڵام ئەو زاتە یان ئەنجامی ئیمزا کۆکردنەوەکەی ئیهمال کرد یان حاشییەکەی دەور و پشتی 3 سفریان بۆ لا برد وبە 200 ئیمزا گەییاندیانە ئەزبەنی گەورەیان، جگە لەوەی چەند جارێک ووتویەتی ئەو کە هەموو تەمەنی وەک پێشمەرگە بەسەر بردوە ( جا نازانین 31/ی ئاب ئەچێتە ئەو خزمەتەوە ؟) ئامادە نیە سەروەری خۆی بگۆڕێتەوە بە کورسی سەرۆکایەتی.
ئەوەش لەولاوە و نەک هەر جێ بەجێ نەکراوە بگرە ڕۆژانە خۆی توند تر ئەگرێ بە کورسییەکەیەوە، ئێستاش بالۆرەی دەوڵەتی کوردی هێناوەتە کایەوە و ئەیبەستێتەوە بە کورسێکەیەوە: کورسی واتا دەوڵەت، دەوڵەتیش واتا کورسییەکەی ئەو ! نە کەس دەمی گرتوە نە کەسیش دەستی بەستۆتەوە ئیتر بۆ ڕایناگەینێ؟ گوایە ئەیەوێت ڕیفڕاندۆمی بۆ بکات، کەسیش نەیبیستووە کە هیچ میللەتێک دژی سەربەخۆیی خۆی بێت، بەڵام کە واقیع و حەز یەک نەگرنەوە ئەو ڕیفڕاندۆمە تاکتیکێکە بۆ درێژە دان بە کورسی و حوکمڕانی خۆی و بنەماڵەکەی و دواجار ئەو حاشییەی پێی ئەڵێن پارتی، بە کۆمەڵانی خەڵکیش بڵێت چەند دەوڵەتی کوردی دوور کەوێتەوە من ئەوەندە زیاتر لە سەر کورسی دەسەڵات دائەنیشم. گرنگترین مەرجیش بۆ دەوڵەت ئەوەیە ئەو کەسەی ڕایەگەیەنێت نیشتمان پەروەر و رابردوو پاک بێت، ئاخۆ ئەو زاتە ئەم مەرجە لە خۆیا ببینێت؟ لە هەموویشی سەیر تر ئەوەیە کە وا ئەزانێت دەوڵەت بوون وەک بڕیاری هەڵوەشانەوەی پارلەمان ئاسان و بێ سەر یەشەیە، ڕابردووی ئەو زاتە و بنەماڵەکەی شایەتی حاڵن کە لە ژێر سایەی ئەواندا دوو کورد پێکەوە هەڵناکەن، چ جای دەوڵەت دروست بکەن.
ئەو کە هێستا دەوڵەتی دروست نەکردووە بە هێزێک ئەڵێت: ڕوخێنەر و بەوی تر سەر بە ناحەزانی کورد وا کوردستان و بە لایەکی تر لەو لاوە ئەڵێت: خزمەتچی بێگانە و لایەکی تریش پاشماوەی داگیرکەران، ئیتر ئومێدی کام جۆر لە دەوڵەت لەو زاتەوە ڕەچاو و بەدی ئەکرێت! بە مەرجێک زۆر ئاسانە بزانرێت ڕوخێنەر و خزمەتچی بێگانە و سەر به ناحەز و پاشماوەی داگیرکەر کولتوری کام حیزب و کەسە.
بۆ دەر خستنی نیەتپاکی با بنەماڵەی سەرۆکی پارتی واز لە ژیان و ئیمتیازاتی فیرعەونانە بێنن و مانگانە بە” نیو ” معاش بژین، ئەو کات خەڵک قسیەکی تری ئەبێت و منیش ئەڵێم ئەزبەنی کەی سەیتەرەکانی هەولێر وەک زەمانی بەعس بە سەیارەی ژمارە” سلێمانی” ی یان نەووت: وەرە ئەم لاوە و هەموو دابەزن، ئەو کاتە بۆ دەوڵەتەکەی ئێوە ڕەنگە قسەیەکی ترم هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت