جیهاد موحەمەد : ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و کورد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا روویدا ، دەمێک بوو روویدابوو ، بەڵام حیزبە حوکمڕانەکانی کوردستان لێی بێدەنگ بوون ، چونکە وا لە بەرژەوەندییان بوو . بەڵام دوێن و ئەمڕۆ بۆیە هاتوونەتە دەنگ چونکە پێگە سیاسییەکانیان وەک سەرۆکی کۆمار و جێگری دووەمی سەۆرکی پەرلەمان و وەزیرەکانیان کەوتوونەتە بەردەم هەڕەشەی لابردن .

لە دوێنێوە (13 – 4) کۆمەڵێک لە ئەندام پەرلەمانانی لیستەکەی حیزبی دەعەوە ( مالکی ) و لیستی ئەحرار( موقتەدا سەدر ) و لیستی وەتەنی( عەلاوی ) و هەندێک لە سوننەکان مانییان گرتووە و بە قسەی خۆیان نیسابی قانونیان تەواوکردووە ، بۆیە ئەمڕۆ( 14 – 4 ) لە کۆبوونەوەکەیاندا بە بێ بەشداریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسوێنەکانی حیزبە کوردییەکان بڕیاریاندا بە هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ، هەروەها بە نیازی ئەوەشن لە کۆبوونەوەکانی ئایندەیاندا ،کابینەکەی عەبادی و سەرۆکی کۆمار فوئاد مەعسوم هەڵبوەشێننەوە . ئەمەشیان بۆیە کرد گوایە لە پێناوی چاکسازیی و رزگارکردنی عێراق لە گەندەڵی !

دەمێکە نە هێزە سیاسییەکانی عەرەبی سوونە ، کە ئێستا چەوساوەی دەستی شیعەن ، نە هێزە سیاسییە شیعییەکان کە دەسەڵاتدارن درۆیان لەگەڵ کورد کردووە ، دەمێکە هەموو ئەم هێزانە بە هێزە سیاسییەکانی کوردیشەوە تەنها بە ناو و لە پێناوی دابەشکردنی هێز و دەسەڵاتی سیاسیی و دزی و جەردەیی خۆیاندا پەیوەستن بە دەستوری عێراقەوە ، کە تێیدا لەسەر شەراکەتی عەرەب و کورد و تورکمان و کەمایەتیە نەتەوەیی و دینییەکانی ترەوە رێکەوتوون و نووسراوەتەوە . دەمێکە ئەم شەراکەتە نەماوەو هەرکەس لای خۆیەوە لەسەر حسابی گەلی عێراقی چەوساوە و ستەملێکراو لەم دەوڵەمەندییە زۆر و زەوەندەی عێراق دەلەوەڕێت .

ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا روویدا ، ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستاندا ، پارتی ئەمەی بۆ بکرایە ، ئەوە بە ئاسانی و بە شێویەکی قانونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی هەڵدەوەشانەوە و ولایەتەکەی مەسعود بارزانیشی بۆ ئەو کاتەی کە حەزی لێبوو درێژ دەکردەوە . بەڵام چونکە ئەم رێگە قانونییەی بۆ نەگیرایە بەر ، بۆیە پەنای بۆ هێز برد و بە هێزی سەربازی و پۆلیس رێگەی لە دکتۆر یوسف محەمەد گرت بگەڕێتەوە پەرلەمان .

پارتی ، ئەم حاڵەتە سیاسییە پشێوییەی ئێستای عێراقی زۆر پێخۆشە ، لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندی جێبەجێکردنی ئەجندا سیاسییە تاکڕەوییەکەیەتی لە کوردستاندا ، چونکە دەتوانێت ئەمە بکات بە بیانوو ، کە عێراق تازە کەڵکی ئەوەی نەماوە شەراکەتی لەگەڵدا بکرێت ، بەم بیانوەش پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەتوانێت رابگەیەنێت .

پارتی دەستی لەوە شتوە کە لە حاڵەتێکی وادا ئەگەری ئەوە هەیە ، کە گەلی کوردی باشور بکەوێتە بەردەم کارەسات و تراژیدایی شەڕوشۆڕێکی نا بەرابەر لەگەڵ عێراق و لەوانەشە لەگەل ئیران و تورکیاشدا . ئەگەرێکی واش ، کە زۆر پێویستە پێشبینی بۆ بکرێت ، چونکە کوردستان بووە بە قەیرانستان و هیچ مەسەلەیەکی سیاسیی و ئابووری و دارایی و مرۆیی و پەروەردەیی و تەندرستیی نەماوە کە تووشی قەیران نەبووبێت . سەرەڕای ئەمانەش کوردستان خاوەنی هێزێکی سەربازی تۆکمە و بە توانای پڕ لە چەک و تەقەمەنی نییە بۆ بەرەورووبوونەوەی هێزێکی سەربازی دیکە لەسەرو هێزی داعشەوە . پێشبینی ئەوەش دەکرێت ، کە لە حاڵەتی پڕۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیدا ، داعش زیاتر چاو بداتە سەر کوردستان و هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان چڕتر بکاتەوە . دیسان پێشبینی ئەوەش دەکرێت ، کە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا وەک پیشە دزێو و ناشیرینە رەگەزپەرستییەکەیان رێکبکەون دژ بە گەلی کورد و سەربەخۆیی گەلێ کورد .

کێشەکەش تەنها لەوەدا نییە کە پارتی دەیەوێت ئەم سەرکێشییە بکات بە گەلی کورد ،چونکە بە بێ سەرکێشی کردن مەحاڵە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ هیچ تاک و گەلێک بهێنرێتە دی ـ هەروەک زۆرێک لە فەیلەسوف و زاناکانی بواری ئازادی و دیموکراتی ئەمەیان پشتڕاستکردۆتەوە ـ بەڵکو کێشەکە لەوەدایە ، کە هیچ پاڵبشتێکی ناوخۆیی و دەرەکی ئاشکرا نییە بۆ ئەم سەرکێشییە . هیچ جۆرە پلانێک نییە بۆ وەستانەوە لە ئەگەری داخستنی دەروازەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و برسێتی . هیچ جۆرە پلانێک نییە بۆ بوژانەوەی کشتوکاڵە وێرانەکەی کوردستان . هیچ جۆرە پلانێک نییە بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان ، کە ببێت بە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو دەوڵەتەی مەسعود بارزانی دەیەوێت رایبگەیەنێت .  

کێشەی گەورەی خەڵکی کوردستان ، چ لە ئێستا و چ لە رابردوودا ئەم حیزب حیزبێنەییە بووە ، کە حیزبەکانی پارتی و یەکێتی خاوەنی دەسەڵاتبوون لە ناو ( شۆرش و بزووتنەوەی رزگاریخواز ) ی گەلی کوردا . بە هیچ جۆرێک رێز و شکۆمەندییان بۆ خەڵک نەویستوە ، تەنها خەڵکیان بەکارهێناوە بە ناوی ” کوردایەتی ” و گەیشتن بە ئازادی و رزگاری . لە ماوەی 24 ساڵی حوکمڕانی ئەم حیزبانەدا بە تایبەتی پارتی و یەکێتی تەنها بۆ حیزبەکانی خۆیان هەوڵیانداوە و هەموو کۆمەڵگای کوردییان تووشی دەیان قەیران کردووە و خۆشیان لەو پەری دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانییدا دەژین . کێشەکە لەوەدایە کە ئەمانە حوکمڕانن و هەر ئەمانەش دەبن بە خاوەنی ئەو دەوڵەتەی رایدگەیەنن ، واتە هیچ رووناکاییەک نییە لە بەردەمی خەڵکدا ، کە ئەگەر بە ریفراندۆم دەنگیاندا بە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ، لە پاشەڕۆژدا ئەم دەوڵەتە درێژە نەدات بە ستەمکاریی و چەوساندنەوە ، درێژە نەدات بە دزی و جەردەیی و گەندەڵی، درێژە نەدات بە نایەکسانی و نادادپەروەری .

رۆژانێک هەبوو پارتی دیموکراتی کوردستان ، شەڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت ئاڵای عێراق شان بە شانی ئاڵای کوردستان لە پەرلەماندا بشەکێتەوە .

مام جەلالیش لەو ماوەیەیی سەرۆکی کۆماری عێراق بوو بە هیچ جۆرێک رازی نەدەبوو کە باس لە هەڵوەشانەوەی عێراق بکرێت و یەکێتی خاکی عێراق بکەوێتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە .

پارتی لە پێناوی سەرکەوتنی ئەجندا حیزبییەکەی خۆی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی مەسعورد بارزانی دەیانەوێت سەرکێشییەکی گەورە بە گەلی کورد بکەن و بە حسابی خۆیان هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان و ئەوانەی پشتیوانی کوردن لەمڕۆدا دژ بە داعش ئیحراج بکەن !

لای پارتی گرنگە شەڕوشۆرێکی گەوەرە و کارەساتبارییەکی گەوەرە بەسەر گەلی کورد بێت بەڵام بە مەرجێک قسەی خۆیان سەرکەوێت ، لە پێناوی ئەوەی هەتا هەتایە ئەم حیزبە ببێت بە حیزبی قائید ، بنەماڵەی بارزانیش ببن بە مەلکی کوردستان .

 بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت