دکتۆر جەبار قادر : زانایه‌کی بابانزاده‌ی له‌ بیرکراو : ئه‌حمه‌د نه‌عیم 1872- 1934 .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گه‌لی کورد ڕۆڵه‌کانی له‌ نێو گه‌لانی ئێرانی ، تورک ، عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن بزرکردوه‌‌ ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وه‌ک شاعیر ، مۆسیقازان و سه‌رکرده‌ی به‌ناوبانگ مێژووی گه‌لانیان ‌ڕازاندوه‌ته‌وه ‌. زانای به‌ناوبانگی ئه‌رمه‌نی ئه‌کادێمیک ئۆربیللی .

ئەحمەد نەعیم بابانزادە کوڕی مستەفا زیهنی پاشای بابانە ، ساڵی ١٨٧٢ لە بەغدا هاتۆتە دونیاوە . مستەفا زیهنی بە خۆی لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٣٨ لە بنەماڵەی میرانی بابان لە دایکبووە . لە دوای لە نێوچوونی میرنشینی بابان ، ئەندامانی بنەماڵەکە پەرتەوازە دەبن ، هەندێکیان بۆ دورگەی کریت دوور دەخرێنەوە ، هەندێکی تریان تێکەڵ بە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانی دەکرێن . مستەفا زیهنیش بۆ خوێندن ڕووی لە بەغدا کرد . هەر لەوێش لە دەزگا میرییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دەستی بەکارکردن کرد .
لە سەردەمی والێتی مەدحەت پاشای ڕیفۆرمخوازدا لە بەغدا ، مستەفا زیهنی مۆرهەڵگر ” مهردار ” بووە . مۆرهەڵگر هاوتای سکرتێر و بەرێوەبەری نووسینگەی ئێستایە ، لە دەوڵەتی عوسمانیدا جێی متمانەی کاربەدەستان بووە و زۆر جار لە جێگەی ئەوان نووسراوە فەرمییەکانی مۆر ئەکرد . موستەفا زیهنی پاشا لە دەوڵەتی عوسمانی دەستی بە زۆر پلە و پایەی باڵا گەیشتووە . بە پێی سەرچاوەکان لە چەندین ویلایەتی عوسمانی والی بووە وەک ویلاتەکانی سالۆنیک ، بورسە ، حیجاز، ئەدەنە و حەڵەب و … هتد . بۆ چەند ساڵێکیش سکرتێری سەرۆک وەزیران ( سەدری ئەعزەم ) بووە . هەروەها پۆستی وەزارەتەکانی ئەوقاف ، بازرگانی و کشتوکاڵ و دارایی وەرگرتوە . بۆ ماوەیەکی کورتیش لە ساڵی ١٩٠٩ وەک سەعید پاشای خەندان سەرۆکی شورای دەوڵەت بووە . ئەندامی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی عوسمانی ( مەجلیسی ئەعیان ) بووە . لە دوای شۆڕشی ئیتیحادییەکان لە ساڵی ١٩٠٨ یەکێ لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی هاریکاری و پێشکەوتنی کورد بووە ( کورد تەعاون و تەرەقی جەمعیەتی ) . لە ساڵی ١٩١١ لە ئەستەموڵ کۆچی دوایی کردووە . کۆشکەکەی مستەفا زیهنی پاشا لە ئەستەموڵ ناوبانگی دەرکردبوو و مزگەوت و قوتابخانەی بە ناوەوە هەبوو .
مستەفا زیهنی پاشا پیاوێکی دیندار بووە و چەند کتێبێکی لە بواری ئاینییەکاندا نووسیوە . سەرچاوەکان باس لە کتێبەکانی ” بیانی حەقیقەت ، علم واسلام ، مقیاس الاخلاق ، قوای معنویە و اسلامدە خلافت ، دەکەن کە مستەفا زیهنی پاشا بڵاوی کردونەتەوە . کتێبی بەیانی حەقیقەت لە ساڵی ١٣٢٧ ڕۆمی (١٩١١) بڵاو بووەتەوە . مستەفا زیهنی پاشا چوار کوڕی هەبووە . کوڕەکانی هەموویان پلە و پایەی بەرزیان لە دەزگاکانی دەوڵەتدا بەدەستهێناوە . ئیسماعیل حەقی بابان سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و لە ساڵی ١٩١١ وه‌زیری خوێندن بووه ‌، حوسێن شوکری له‌ زانکۆی ئه‌سته‌موڵ مامۆستای زانکۆ و ڕاگری کۆلێجی ئابوری بووه ، بۆ ماوه‌یه‌کیش سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ته‌رجومان بووه ‌. ته‌نها حیکمەت به‌ فه‌رمی له‌ سه‌رده‌می کۆماریدا پاشناوی بابانی هه‌ڵگرتبوو . حیکمه‌ت باوکی جیهاد بابانه‌ که‌ ڕۆژنامەنووس و په‌ڕله‌مانته‌ری پارتی گه‌لی کۆماری و وه‌زیر بووه‌ له‌ چه‌ند کابینه‌یه‌کی شه‌سته‌کان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ تورکیا ‌. جیهاد بابان ڕۆژنامه‌وانێکی دیاری تورکیا و دامه‌زرێنه‌ری سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌وانانی تورکیا بوو . له‌ کاتی خۆیدا به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئوڵوس و خاوه‌ن ڕۆژنامه‌ی ته‌سویر ، له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی تردا کاری کردووه‌و چه‌ند کتێبێکی بڵاوکردۆته‌وه‌ . جیهاد بابان مامی ئایشه‌ خانی هاوسه‌ر‌ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی تورکیای به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد یه‌شار که‌ماله . جیهاد بابان‌ لە ساڵی ١٩٨٤کۆچی دوایی کرد .
لە نێو کوڕەکانی مستەفا زیهنی پاشادا ، ئەحمەد نەعیمیان شوێن پێی باوکی کەوت لە باوەڕمەندی و نووسین و توێژینەوە لە بواری زانستە ئیسلامییەکاندا . بەو پێیەی ئەو لە بنەماڵەی ناوداری بابانەکان بوو و باوکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دیارو پلە و پایەی باڵا بوو لە دەوڵەتدا ، ئەوا دەرفەتی خوێندن و پەروەردە و هەڵکشان بە پایەکانی دەسەڵاتدا لە بەردەمیدا ئاواڵا بوون . وادیارە ئەحمەد نەعیم بابانزادە حەزی بە فەرمانبەری ئاسایی نەکردووە و دڵی زیاتر بۆ خوێندن و زانست لێیداوە . دوای چەند ساڵێک کارکردن لە فەرمانگەکانی دەوڵەت ، بە یەکجاری خۆی بۆ کاری مامۆستایی و نووسین و وەرگێڕان تەرخان دەکات .
ئەحمەد نەعیم خوێندنی سەرەتایی لە بەغدا دەستپێکرد و دوای ئەوە هەر لەوێ چووە قوتابخانەی ڕوشدییەی ناوەندی . دواتر ڕووی لە ئەستەموڵ کرد و لە ساڵی ١٨٩١ ئامادەیی گەڵاتەسەرای سوڵتانی ( لیسێی گەڵاتەسەرای ئێستا )، کە منداڵانی کاربەدەستان و گەورەپیاوانی دەوڵەت تێیدا دەیانخوێند ، تەواوکرد . لە ساڵی ١٨٩٤ قوتابخانەی موڵکییەی تەواوکرد . ئەمەی دواییان قوتابخانەیەکی باڵا بوو بۆ ئامادەکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی . هەرچەندە ئەحمەد نەعیم لە قوتابخانەی دەوڵەتی خوێندبووی و نەچووبووە مەدرەسەی ئاینی ، بەڵام بە هەوڵی مامۆستایەکانی و ڕێنمایی باوکی هەوڵی زۆریدا لە زانستە ئیسلامییەکان و زمانی عەرەبیدا شارەزایی تەواو پەیدا بکات . کاریگەری باوکی لەم بوارەدا بە زەقی بە سەرێوە دیارە . بە لێکدانەوەی ئەو سەردەمەی مێژوو ، ئەوەی توانای بە سەر زمانی عەرەبیدا بشکیایە و لە زانستە ئێسلامییەکاندا شارەزایی هەبوایە ، ئەوا کلیلی کولتوری ڕٶژهەڵاتی لە گیرفاندا بوو . ئەحمەد نەعیم بابانزادە نەک تەنها کلیلی کولتوری ڕۆژهەڵاتی لە گیرفاندا بوو ، بەڵکو بە هۆی زانینی زمانی فرەنسییەوە و ئاگاداری لە کولتوری ڕۆژئاوایی و وەرگێڕانی چەند بەرهەمێکی نووسەران و فەیلەسوفە ڕۆژئاواییەکان لە فرەنسییەوە بۆ سەر زمانی تورکی ، دەکرێ بڵێین کلیلی کولتوری ڕۆژئاواشی بەدەستهێنابوو . لە قوتابخانەی گەڵاتەسەرای قوتابیان فێری زمان و زانستی ڕۆژئاوا دەکران . ئەو دەمەش زمانی زانست و کولتوری ڕۆژئاوا فرەنسی بوو نەک ئینگلیزی . بە خوێندنی زانستە هاچەرخەکانیش وەک فیزیا ، کیمیا ، زانستە سروشتییەکان ، فەلەك و مێژوو فێرخوازان بە ئامادەکراو و پێگەیشتوو دائەنران . لە قوتابخانەی مولکییەش فێری کاروباری بەڕێوەبردن و کارگێڕی دەکران .
هەر ئەو ساڵەی خوێندنی تەواو کرد ، ژیانی فەرمانبەری لە دەزگاکانی دەوڵەت دەستپێکرد . بە وەرگێڕی زمانی عەرەبی لە هۆبەی وەرگێڕانی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی ( نەزارەتی خارجیە ) لە ئەستەموڵ دامەزرا . ساڵی دواتر ، واتا لە ساڵی ١٨٩٥، لە تەک ئەو کارەیدا دەستیکرد بە وتنەوەی وانەکانی زمانی عەرەبی لە لیسێی ( ئامادەیی ) گەڵاتەسەرای ، کە بۆ خۆی خوێندنی ئامادەیی تێدا تەواو کردبوو . زیاتر لە دە ساڵ لە سەر وانەوتنەوە بەردەوام بوو . بەرهەمی زانستی ئەو کارەی چەند کتێبێک بوو لە بواری سەرف و زمانی عەرەبیدا . ئەوانەی لە ژیان و بەرهەمەکانی دەکۆڵنەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بابانزادە گرنگییەکی زۆری ئەدا بە ئامادەکردنی ئەو وانانەی دەیوتنەوە و لە دواییدا کۆیدەکردنەوە و ڕێکیدەخستن و دەیکردن بە کتێب . کارکردنی لەم بوارەدا پێخۆش بوو ، بۆیە لە دوای شۆڕشی ئیتیحادییەکان بە یەگجاری شوێنی کارەکەی بۆ وەزارەتی خوێندن ( نەزارەتی معاریف) گواستەوە .
لەم وەزارەتەدا پلە و پایەی گرنگی بەدەستهێنا . ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەرمانگەی زانستیی وەزارەتی خوێندن (١٩٠٨) ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە ڕوشدییەکان ( ١٩٠٨ – ١٩١١) ، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی باڵا و ئەندامی ئەنجومەنی ڕیفۆرمی زانستی (١٩١١ – ١٩١٥) بوو . لە ساڵی ١٩١٤ بوو بە مامۆستا لە کۆلێجی ئەدەبیات و ئیلاهیاتی دارولفنون تا ساڵی ١٩٣٣ لەو کارەیدا بەردەوام بوو . لە ساڵی ١٩١٩ کرا بە بەڕێوەبەری گشتی دارولفنون ” واتا سەرۆکی زانکۆ “. هەر لەو ساڵەدا لە سەر پێشنیاری شەیخولئیسلام موستەفا سەبری ئەفەندی بۆ سوڵتان وەحیدەدین ، ئەحمەد نەعیم کرا بە ئەندامی ئەنجومەنی پێاوماقوڵان . زۆری لا گران بوو ئەو ئەندامەتییە قەبوڵ بکات و تکای لە شەیخولئیسلام کرد ناوی لە لیستەکە دەربێنن ، بەڵام داخوازییەکەی قەبوڵ نەکرا . وادیارە نەدەکرا فەرمانی سوڵتان و داخوازی شەیخولئیسلام ڕەتبکاتەوە ، بۆیە بە ناچاری قەبوڵی کرد . لە سەر ناوی فیرقەی حوڕییەت و ئیئتیلاف بووە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە . ئەو سەردەمە هێشتا دەستەواژەی حیزب لە ئارادا نەبوو ، بەڵکو وشەی فیرقە بەکار ئەهێنرا . تا دوا مانگەکانی ساڵی ١٩٢٢ ئەندامەتی بابانزادە لەو ئەنجومەنە بەردەوام بوو . لە گەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت و راماڵینی حکومەتی سوڵتاندا کاری سیناتۆری ئەحمەد نەعیم بابانزادەش کۆتایی پێهات .
لە ئامادەیی گەڵاتەسەرای و دواتریش لە کۆلێژی ئەدەبیاتی دارولفنون , کە لە ساڵی ١٩٣٣ کرا بە زانکۆی ئەستەموڵ ، ژمارەیەکی زۆری لە نووسەران ، ڕۆشنبیران و کاربەدەستانی دەوڵەت پێگەیاند . بە هۆی ئەو کارە و وتار و کتێبەکانێوە ناو و ناوبانگی پەیدا کرد . زۆر لەوانەی لە سەر دەستی ئەحمەد نەعیم بابانزادە خوێندوویانە لە بیرەوەرییەکانی خۆیاندا پەسنیانداوە و ئاماژەیان بە شیوازی کارکردن و زانایی و هەڵس و کەوتی لە فێرخوازاندا کردووە . ساڵی ١٩٠١ دەستیکرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا .
لە دوای گەیشتنی کەمالییەکان بە دەسەڵات ، وەزارەتی خوێندن لە حکومەتی کەمالی ڕێگەیدا بە ئەحمەد نەعیم بابانزادە بگەڕێتەوە بۆ مامۆستایی لە کۆلێجی ئەدەبیاتی دارولفنون . ئەحمەد نەعیم بابەتەکانی بنەماکانی فەلسەفە ، فەلسەفەی ئیسلامی ، میتافیزیك ، سایکۆلۆجیا ، ئاکاری ئیسلامی و لۆژیك و … هتد ، بە قوتابییەکانی ئەو کۆلێجە دەوتەوەو لە هەمان کاتدا لە سەر نووسین و توێژینەوەش بەردەوام بوو . بە درێژایی ئەو ساڵانەی لە وەزارەتی خوێندن و زانکۆ بوو ، چالاکانە لە ڕیفۆرمی بابەت و پرۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانە و کۆلێجی ئەدەبیاتدا بەشداری ئەکرد . ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە داهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە زاراوەکانی فەلسەفە ، دەرونزانی و هونەر بە زمانی تورکی . شارەزایانی ئەم بوارانە لە تورکیا دان بەوەدا ئەنێن کە زمانی تورکی قەرزاری بابانزادەیە .
بابانزادە زمانی تورکی ، فارسی ، عەرەبی و فەرەنسی زۆر بە باشی زانیوە . بە پێی هەندێ سەرچاوە زمانی کوردیشی زانیوە ، نازانین تا چەند توانای بەسەریدا شکاوە . بەو پێیەی لە بەغدا هاتۆتە دونیاوە و هەر لەوێ نراوەتە بەر خوێندن و دواییش چووەتە ئەستەموڵ . لە ئەستەموڵ خوێندنی تەواو کردووە و هەموو ژیانی لەوێ بردۆەتە سەرو کتێب و وتارەکانی هەموو بە زمانی تورکی عوسمانی نووسیوە . هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەکمان لە بەردەستدا نیە ئەم پرسەمان بۆ یەکلا بکاتەوە .
بابانزادە خزمەتی گەورەی بە زمان و کولتوری تورکی کردووە ، بە تایبەتی لە بوارەکانی فێرکردن و خوێندنی باڵا ، فەلسەفە و زانستە ئیسلامییەکان . لە نێو توێژی خوێنەوارانی تورکیا لە دوای ساڵی ١٩٠٨ و بە تایبەتی دوای گەیشتنی کەمالییەکان بە دەسەڵات ، بازاری بیر و بۆچوونەکانی ئەحمەد نەعیم نەک هەر زۆر کز ببوو ، بەڵکو بە توندی دژایەتی ئەکران . لە گەڵ ئەوەشدا تا مرد لە سەر بیر و بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام بوو و ملی بۆ خواستەکانی ئیتیحادی و کەمالییەکان نەدا . دەسەڵاتی کەمالی لە ساڵی ١٩٣٣ لە ژێر پەردەی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ، ڕێگەی بە کەسانی وەک ئەحمەد نەعیم نەدا لە زانکۆ بمێننەوە بە بیانوی ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرایان نیە . ئەوانەی لە زانکۆی ئەستەموڵ دامەزرێنران دەبوایە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بن . لەو کاتەدا کە خوێندنی دکتۆرا لە تورکیا نەبوو ، هەڵگرانی ئەو بڕوانامەیە یا ئەو کەسانە بوون کە لە ئەوروپا خوێندبوویان و دکتۆرایان بەدەستهێنابوو ، یان ئەو پرۆفیسۆرە ئەڵمان و ئەوروپییانە بوون کە لە دەست نازییەکان هەڵهاتبوون و ڕوویان لە وڵاتانی تر کردبوو هەندێ لەمانە هاتبوونە تورکیا . ئەم دوو گروپەش دەقا و دەق ئەوانە بوون کە مستەفا کەمال پێویستی پێیان هەبوو لەگەڵ دید و بۆچوونەکانیدا دەگونجان . لە ڕێگەی ئەو ڕیفۆرمەوە ، موستەفا کەمال دەیویست ناوەندەکانی خوێندن لە مامۆستایانی سەردەمی پێشوو پاک بکاتەوە . لە ١٥١ مامۆستای دارولفنون تەنها پەنجا و نۆیان ڕێگەیان پێدرا لە ناوەندە نوێکەی خوێندنی باڵادا ، واتا زانکۆی ئەستەموڵ بەردوام بن . دەبێت کوردبوون و ئیسلامیبوونی ئەحمەد نەعیم بابانزادە ڕۆڵی کەمیان نەبووبێت لە پاکتاوکردنی و دوورخستنەوەیدا لە زانکۆ . هەر ئەو ساڵە ، واتا لە ١٩٣٣ خانەنشین کرا و ساڵی دواتر ، لە ڕۆژی دووشەممە ١٣ ئابی ١٩٣٤ لە کاتی نوێژی نیوەڕۆدا کۆچی دوایی کرد . بۆ ڕۆژی دواتر واتا ١٤ ئاب لە قەبرستانی دەروازەی ئەدڕنە بە خاك سپێردرا .
هەندێ لە نووسەرانی سەر بە ڕەوتی ئیسلامی لە تورکیا بە خەمگینییەوە باس لەوە ئەکەن کە ژمارەی ئەوانەی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی پیاوێکی وا گەورەدا بەشدارییان کردبوو لە دە کەس تێنەئەپەڕی . هەڵبەتە چاوەڕیی ئەوە نەئەکرا خەڵکێکی زۆر دوای تەرمی کەسایەتییەک بکەون ، کە بەڕەچەڵەک کورد و هەڵگری بیرێکی ئاینیی ناکۆکە لە گەڵ بیر و بۆچوونەکانی مستەفا کەمالدا ، سەرباری ئەوانەش بە بڕیاری حکومەتەکەی ئەو لە زانکۆی ئەستەموڵ دوور خرابێتەوە .
لە تورکیای پارتی داد و گەشەپێداندا بایەخی زۆر بە ژیان و بەرهەم و لێکدانەوەکانی ئەحمەد نەعیم بابازادە ئەدرێت . وتار و لێکۆڵینەوەی زۆر لە بارەی نووسین و بەرهەمەکانێوە ئەکرێت . زۆر وتارەکانی دەبنە بابەتی توێژینەوەی مامۆستایانی زانکۆ ، بە تایبەتی ئەوان لە بواری زمانی عەرەبی ، فەلسەفە یا زانستە ئیسلامییەکاندا کاردەکەن . کتێبەکانی سەرلەنوێ بە پیتی لاتینی چاپ دەکرێنەوە و توێژینەوەیان لە سەر دەکرێت . ئەوەی بەزەقی سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێ ئەوەیە کە ئەو نووسەرانە زۆر کەم خۆیان لە قەرەی کوردێتی ئەحمەد نەعیم بابابزادە ئەدەن .
سەرچاوەکان وەک باوەڕمەندێکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆ باسی لێوە ئەکەن . ئەوەی باوەڕی پێی هەبووە و بە ڕاستی زانیوە کردوویەتی . نەک هەر بە قسە پێوەی پابەند بووە ، بەڵکو لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستەی کردووە . هەرچەندە تا سەر ئێسقان پیاوێکی ئیسلامی بووە و دەکرێت بە یەکێک لە بناغەدانەرانی بیری سیاسی ئیسلامی دابنرێت ، لە گەڵ ئەوەشدا بەرامبەر ڕەخنە و دیدی جیاواز کەسێکی دڵفراوان و کراوە بووە . فێرخۆازان و خوێندکارانی ئەو سەردەمە سەرسامی کولتوری ڕۆژئاوایی بوون و بیر و بۆچوونەکانی نووسەران و بیرمەندانی ئەوروپایان بەدڵبوو . بەشێکی زۆریان لە دژی دید و لێکدانەوەکانی کەسانی وەک ئەحمەد نەعیم بوون . لە گەڵ ئەوەشدا گەلێ لە قوتابییەکانی لە بیرەوەرییەکانی خۆیاندا وەک مامۆستایەکی ڕێزدار باسی ئەکەن . ئەو بۆ خۆی بەرامبەر کولتوری ڕۆژئاوایی کەسێکی داخراو نەبوو ، داخوازی ئەوەی لە موسوڵمانان ئەکرد کەڵک لە زانست و هونەری ئەوروپا وەربگرن ، بەڵام کولتور و بەهاکانی خۆیان لە دەست نەدەن و تا دەتوانن دەبێت بیانپارێزن . قوتابییەکانی وەک کەسێکی دڵفراوان و لێبوردە باسی ئەکەن و ئەڵێن کە پیاوێک بوو جیاوازی بیر و بۆچوونی قەبوڵ ئەکرد و پێی ناڕەحەت نەدەبوو . ئەو کە زمانی فرەنسی بە باشی ئەزانی و لەو زمانەوە بەرهەمی نووسەرانی ڕۆژئاوای دەکردە تورکی ، لە بایەخ و گرنگیی زانست و هونەری ئەروپایی گەیشتبوو . لە گەڵ کەسانی وەک حوسێن جاهید ، تۆفیق فیکرەت ، ئەحمەد ئەمین و ڕەزا تۆفیق ، کە شەیدای کولتوری ئەوروپا بوون لە شەڕێکی فیکری سەختدا بوو . لە دژی بیر و بۆچوونەکانی یەکتری نووسینی زۆریان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوکردۆتەوە . زۆر لە وتارەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەرەوەتی فنون ، سیراتی موستەقیم ، سەبیلوڕەشاد ، کەلیمەی تەیبە ، ئیسلام ، ڤوڵکان ، مەحفەل ، تانین ، ئیتیفاق ، سەروەتی فنون و گەلێکی تر بڵاوکراونەتەوە .
بە گشتی و بە پێی سەرچاوەکان لەو گۆڤارانەدا وتاری زۆری بڵاوکردۆتەوە بە تایبەتی لە ” ثروتی فنون مجموعەسی ” ( ١٩ وتار و لێکۆڵینەوە لە ساڵانی ١٣١٤ – ١٣١٥) ، گۆڤاری ” سراطی مستقیم ” ( ٩ وتار کە هەندێکیان زنجیرە وتارن و لە چەند ژمارەیەکدا بڵاو کراونەتەوە ) . هەر ئەو گۆڤارە دوایی ناوەکەی دەبێتە ” سبیل الرشاد ” و لێرەشدا ١٧ وتار بڵاودەکاتەوە کە هەندێکیان لە چەند ئەڵقەیەکدان . لە گۆڤاری ” دار الفنون ” یش چەند لێکۆڵینەوەیەكی لە بارەی فەلسەفەوە بڵاوکردۆتەوە . دیارە لە گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤاری تریشدا وتار و توێژینەوەی بڵاوکردۆتەوە . نووسەرانی ڕەوتی ئیسلامی وتارەکانی کۆئەکەنەوە و بە پێی بابەتەکانیان وەک کتێب بڵاوی ئەکەنەوە . لە کۆتایی ئەم وتارەدا ئاماژە بە گرنگترینیان کراوە .
لەو سەردەمەدا هەستی نەتەوەیی لە نێو گەلانی دەوڵەتی عوسمانیدا گەشەی ئەکرد و پانتاییەکی گەورەی لە هەست و هۆشی توێژی خوێنەواراندا داگیرکردبوو . تورکچێتی لە نێو خوێنەوارانی تورکدا پەرەی ئەسەند و بڵاو ئەبووەوە ، لە بەرامبەریشدا خوێنەوارانی گەلانی ناتورک وەک کاردانەوە هەوڵیانئەدا هەستی نەتەوەیی لە لای گەلانی خۆیان بەهێز بکەن . گەلانی بەڵکان خۆیان لە دەستی تورک ڕزگار کرد و عەرەب ڕووی لە عروبە کردبوو . ئەحمەد نەعیم وەک باوەڕمەندێکی ئیسلامی کە باوەڕی بە یەکێتی موسوڵمانان و عوسمانیان هەبوو کە دروشمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بوو ، ئەمەی بە هەڕەشە لە سەر ئەو یەکێتییە ئەزانی . ئەو بە تایبەتی لە دژی تورکچێتی و عروبە بوو . بە نەخۆشی کوشندە و ترسناکی دائەنا و لە نووسینەکانیدا ناو و ناتۆرەی وەک ( مەفهومی قەبیح ، سەرەتان ، بدعەی ئەجنەبي ، نەخۆشی فەڕەنگی ) لێنابوو . بابانزادە سوپاسی خودای ئەکرد کە کورد بە وتەی ئەو ” تووشی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە نەهاتووە ” . ڕەنگبێ ئەمەش بەڵگەیەکی تر بێت بۆ دواکەوتنی هەست و بیری نەتەوەیی لە نێو کوردا بە بەراورد لە گەڵ گەلانی تری عوسمانیدا .
بابانزادە بیر و بۆچوونەکانی خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبێکدا لە ژێر ناونیشانی ” اسلامدە دعوای قومیەت – دۆزی نەتەوەیی لە ئیسلامدا ” بڵاوکردەوە . سیاسەتی ڕەگەزپەرستی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی و پەرەسەندنی تورکچێتی تەنگی بەگەلانی ناتورک هەڵچنی بوو . عروبەش وەڵامدانەوەی عەرەب بوو بۆ ئەو ڕەوتە ، ئەمەش ناکۆک بوو لە گەڵ ئەو بنەمایانەی ئەحمەد نەعیم باوەڕی پێێان هەبوو . لەم بارەشەوە شەری فیکری گەرمی هەبوو لە گەڵ ڕابەرانی دیاری ناسیۆنالیزمی تورکیدا ، لە گەل کەسانی وەک ئەحمەد ئاغائۆغڵو ، زییا گیۆک ئەلپ و یەحیا کەمال ، کە لاپەڕەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەیان داگیر کردبوو .
وەک لە سەرەوەش بە کورتی ئاماژەی پێکرا ، بابانزادە لە دوو بواردا خزمەتێکی گەورەی بە زمان و کولتوری تورکی کردووە ، ئەوانیش بواری فەلسەفە و فەرمودەکانی پێغەمبەرە . لە بواری یەکەمیاندا وەک مامۆستای فەلسەفە نزیکەی بیست ساڵ وانەی فەلسەفەی لە دارولفنون وتووەتەوە . لەم بوارەدا بابەتەکانی بنەماکانی فەلسەفە ، فەلسەفەی ئیسلامی ، لۆژیک ، دەرونزانی ، ئاکار و … هتد ، دەوتەوە . بۆ ئامادەکردنی وانەکانی ئەرکی زۆری دەکێشا و لە دواییدا کۆیانی دەکردەوە و دەیکردن بە کتێب و بڵاوی دەکردنەوە . کتێبی فەیلسوفی فرەنسایی جۆرج فۆنسیگریڤ (Georges Fonsegrive لە بواری فەلسەفەدا (Des Elements de Philosophie) کرد به‌ زمانی تورکی . له‌ گه‌ڵ وه‌رگێڕانی کتێبه‌که 1900 زاراوه‌ و‌ چه‌مکی فه‌لسه‌فی به‌ تورکی که‌ سه‌د لاپه‌ڕه‌ بوون ، خسته‌ سه‌ر وه‌رگێڕانه‌که‌ . نووسه‌رێکی تورک له‌م باره‌یه‌وه‌ بابانزاده‌ له‌ گه‌ڵ حونه‌ینی کوڕی ئیسحاق و سابیتی کوڕی قوڕه‌ به‌راورد ئه‌کات . هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وان له‌ سه‌رده‌می عه‌بباسیدا به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فییه‌ یۆنانییه‌کانیان وه‌رگێڕاوه‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و چه‌مک و زاراوه‌ی عه‌ره‌بییان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌واژه‌ و زاراوه‌ یۆنانییه‌کان داهێنا و دانا ، بابانزاده‌ش له‌ دوای یازده‌ سه‌ده‌ هه‌مان شتی بۆ زمانی تورکی کرد ، کاتێ له‌ به‌رامبه‌ر تێرمینه‌لۆژییه‌ ئه‌روپاییه‌کان چه‌مک و زاراوه‌ی تورکی داهێنا . ئه‌مه‌ داهێنانێکی گه‌وره‌ بوو و گه‌لێ له‌و نووسه‌رانه‌ی باس له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌حمه‌د نه‌عیم ئه‌که‌ن ، ئه‌م کاره‌ی به‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌ به‌ زمان و کولتوری تورکی داده‌نێن و ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌که‌ن که‌ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی تورکیا تا ساڵانێکی زۆر ئه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و تێرمینه‌لۆژییانه‌ی له‌ کاتی خۆیدا ئه‌و دایهێنابوون .
بواری دووه‌میش بواری فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ره‌ . به‌ لای بابانزاده‌وه‌ کارکردن له‌م بواره‌دا گرنگترین و پیرۆزترین کار بووه‌ له‌ ژیانیدا . په‌شیمانی له‌وه‌ش ده‌ربڕیوه‌ که‌ هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ئه‌و بواره‌ ته‌رخان نه‌کردووه‌ و به‌ وته‌ی خۆی به‌ شتی تره‌وه‌ خه‌ریک بووه‌ و کاتی زۆری به‌ فیڕۆدا . یه‌کێ له‌و نووسه‌رانه‌ی زۆرترین وتار و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د نه‌عیم بڵاوکردۆته‌وه ، دکتۆر‌ حوسێن حوسنی له‌ یه‌کێک له‌ توێژینه‌وه‌کانیدا نازناوی ( عاشقی فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ری ) لێناوه‌ . فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی له‌ سه‌ر ده‌ستی زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ئامۆژگارییه‌کانی باوکی له‌ لایه‌که‌وه‌ ، وتنه‌وه‌ زمانی عه‌ره‌بیدا بۆ زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌ گه‌ڵاته‌سه‌رای و قووڵبونه‌وه‌ له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌کاندا ، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێدا له‌ بواری حه‌دیسیشدا داهێنه‌ر بێت . بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر کاری له‌ سه‌ر وه‌رگێڕانی ( سه‌حیحی بوخاری ) کرد و له‌ ژیانی خۆیدا دوو به‌رگی لێی بڵاوکرده‌وه‌ ، له‌ سه‌ر به‌رگی سێیه‌م کاری ده‌کرد کاتێ کۆچی دوایی کرد . له‌ دوای مردنی وه‌رگێڕانه‌که‌‌ی به‌ هه‌وڵ و کۆششی پرۆفیسۆرێکی پسپۆر له‌ 13 به‌رگدا بڵاوکرایه‌وه ، که‌ به‌رگی دواییان پێرست بوو .
سه‌رباری گرنگیی وه‌رگێڕانه‌که‌ی بۆ سه‌ر زمانی تورکی ، ئه‌و پێشه‌کییه‌ی له‌ پێنجسه‌د لاپه‌ڕه‌دا نووسی کردی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ دوای ئه‌و له‌ تورکیا له‌و بواره‌دا خه‌ریکبوون . له‌و پێشه‌کییه‌دا توێژینه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌ باره‌ی فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ پێشکه‌ش کرد . ڕێبازی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌م بواره‌دا به‌ دوور و درێژی شیکردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئه‌م ڕێبازه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ مێژوودا به‌کارهاتووه‌ و به‌ ئه‌زموون ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ده‌کرێت که‌ڵکی زۆری لێ وه‌ربگرێت . ئه‌م پێشه‌کییه نه‌ک ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ بواری حه‌دیسدا کاریان ده‌کرد بوو به‌ سه‌رچاوه‌ ، به‌ڵکو له‌ وه‌رگێڕانی قورئانیشدا بۆ‌ زمانی تورکی ڕۆڵی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د نه‌عیم زۆر بوو . زۆر له‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ بواری زانسته‌ ئیسلامییه‌کاندا له‌ تورکیا کارده‌که‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ زۆر چه‌مک ، زاراوه ، بۆچوون و لێکدانه‌وه ناچارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌م پێشه‌کییه‌ و وتار و به‌رهه‌مه‌کانی تری ئه‌حمه‌د نه‌عیم بابانزاده ،‌ که‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ تیپی لاتینی و تورکی هاوچه‌رخ بۆ چه‌ندین جار بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ . بابانزاده‌ میراتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌م بواره‌دا بۆ پسپۆران و شاره‌زایانی تورک له‌ دوای خۆی به‌جێهێشتووه‌ .
ئەحمەد نەعیم لە گەڵ کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو سەردەمەدا ئاشنایی و دۆستایەتی هەبووە . لە نێو دۆستەکایدا مەلا سەعیدی کوردی ( نۆرسی ) و ئەسعەد ئەربیلی ، کە سەردەمانێک شەیخولئیسلام بوو ، شوێنی تایبەتیان هەبووە . نووسەرانی ڕەوتی ئیسلامی لە تورکیا بە دوور و درێژی باس لە دۆست و هاوڕێ و قوتابییەکانی ئەکەن و یادەوەرییەکانیان لە بارەیەوە تۆمار دەکەن . لە ڕێگەی ئەو نووسینانەوە کەسایەتی ئەم پیاوە دەخرێتە ڕوو . پێدەچێت کەسێک بووە مەرایی بۆ کەس نەکردووە و دووڕوویی نەزانیوە . پابەندی بیر و بۆچوونەکانی خۆی بووە . وەک باوەڕمەندێکی دروست و پاکژ باسی ئەکەن . حەزی لە لێکدانەوەی زانستییانە و لۆژیکییانەی پرس و بابەتەکان کردووە . هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەیانوت ، ئەگەر دوو کەس هەبن لە زانستدا جێگەی متمانە بن ، ئەوا ئەحمەد نەعیم یەکێکیانە ، بیر و بۆچوونی بۆ زۆر لە پرس و بابەتەکان یەکلاکەرەوە بوون . ئەوەی ئەو بە ڕاستی زانیبێت ، بەڕاست دادەنرا ، چونکە ئەو لە خۆیەوە شتی نەدەوت ، پێش ئەوەی شتێك بنووسێ یا ڕایەك دەربڕێ ، سەیری سەرچاوە زانستییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لە بارەیەوە دەکرد ، ئەوجا ڕای خۆی دەرئەبڕی . دەقە بیانییەکانی بە زمانێکی ڕەوان و دوور لە دەربڕینی ئاڵۆز و شێوازی وەڕسکەری باوی ئەو سەردەمە دەکردە تورکی . هەرچەندە بە زمانێکی تورکی ئاست بڵند و جوان دەینووسی ، لە گەڵ ئەوەشدا لە لایەن هەندێ لە نووسەرانی ناسیۆنالیستی تورکەوە بە عەرەبچێتی تۆمەتبار دەکرا .
بە پێی سەرچاوەکان ئەحمەد نەعیم سەر بە تەریقەتی خەڵوەتی بووە و حەزی بە هەڵس و کەوت و ئاکاری سۆفی و سۆفیگەرێتی کردووە . لە بارەی سۆفیگەرێتییەوە وتاری بڵاوکردۆتەوە و حەزی لە دۆستایەتی و هامشۆی زانایان و عارفان کردووە . ئەوانەی لە بواری زانست و عیرفاندا قووڵببوونەوە دۆست و هاودەمی بوون . بەر لەوەی کتێب و وتارەکانی بنووسێت لە گەڵ دۆستانیدا گفت و گۆی لە بارەیانەوە دەکرد . ئەم نەریتە زانستییە ئێستاش لە لای مامۆستایانی زانکۆ گرنگەکانی دونیا پەیڕەو ئەکرێت ، زۆر جار چەندین کەس ڕەشنووسی کتێب و توێژینەکانیان دەخوێننەوە ، تێبینی و بۆچوونەکانیان پێشکەش بە نووسەر ئەکەن پێش ئەوەی بەرهەمە زانستییەکەی بڵاوبکاتەوە . بەداخەوە ئەم نەریتە لە نێو نووسەرانی کوردا زۆر دەگمەنە .
وەکو زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیر و خوێنەوارەکانی سەردەمی خۆی ، لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری سوڵتان عەبدولحەمید بووە و بە دزییەوە پشتگیری لە نەیارانی کردووە . دوای گەیشتنی ئیتیحادییەکان بە دەسەڵات و هەڵس وکەوتی تورکچییانەی توندیان بەرامبەر بە گەلانی ناتورك ، سەرسامییان بە کولتوری ڕۆژئاواوە و عیلمانی بوونیان ، ئەحمەد نەعیم خۆی لێێان بەدوور گرت و خەریکی مامۆستایی و کاری زانستی خۆی بوو . لە ژیانی مامۆستاییدا ژمارەیەك زۆر قوتابی پێگەیاندووە و ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە دروستکردنی کەسایەتییاندا ، بۆیە لە تورکیا بە تایبەتی کەسانی باوەڕمەند ڕێزی تایبەتیان بۆی هەیە . نووسینەکانی بوونەتە سەرچاوە لە بوارەکانی خۆیاندا . لە مێژووی فەلسەفە لە تورکیا بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت و بە یەکێك لە زانایانی بواری فەلسەفە لە دوا سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دادنرێت . هەروەها لە بوارەکانی مێژووی ئیسلام و لێکدانەوەی فەرمودەکانی پێغەمبەردا ، نووسین و وەرگێڕانەکانی مایەی سەرنج و تێڕامانی نووسەرانن . ئەمە سەرباری ڕۆڵی گرنگی لە دانانی زاراوەکانی فەلسەفە ، دەروونزانی و هونەردا . ژیان و بەرهەمەکانی ئەحمەد نەعیم بابانزادە ئەوە دێنن چەند نامەیەکی ماستەریان لە بارەوە بنووسرێت .

  • سەرچاوەکان لە تەک وتار و توێژینەوە بڵاوکراوەکانی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمیندا ، ئاماژە بەم کتێبانەی ئەحمەد نەعیم بابانزادە ئەکەن :
    1 –  تمرینات ، صرفی عربیە مخصوص تمرینات ، اسطنبول ١٣١٦. ( ڕاهێنانی تایبەت بە سەرفی عەرەبی )
    2 –  مکتبی سولطانیە مخصوص صرفی عربی و تمرینات ، اسطنبول ١٣٢٣. ( سه‌رفی عه‌ره‌بی و ڕاهێنان بۆ قوتابخانه‌ی گه‌ڵاته‌سه‌رای سوڵتانی)
    3 – حکمت درسلری، علومی عالیە دینیە شعبەسندە تدریس اولان فلسفەی اسلامیە حکمت درسلەریدر ، اسطنبول ١٣٢٩. ( وانه‌کانی حیکمه‌ت ، وانه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی تایبه‌ت به‌ به‌شی زانستی ئاینی باڵا‌ ). ئه‌مساڵ به‌ پیتی لاتینی بڵاوکرایه‌وه‌ : Felsefe Dersleri, Hazirlayan Cahid Sener ve M. Cuneyt Kaya, Istanbul 2016
    4 – اسلامدە دعوای قومیت، اسطنبول ١٣٣٠. ( دۆزی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئیسلام)، به‌ دوو ناونیشان به‌ تیپی لاتینی بڵاوکرایه‌وه‌. یه‌که‌میان به‌م ناونیشانه‌ بوو ( له‌ ئیسلامدا ناسیۆنالیزم نیه‌):
    İslam’da Kavmiyetçilik Yoktur, Istanbul 2013. ; İslam’da Dava-yı Kavmiyet, azirlayan Bedirhan ipek , Nubihar, 2013 .
    5 – مبادئ فلسفەدەن برنجی کتاب علم النفس ، اسطنبول ١٣٣١ ( ١٩١٥) ” وەرگێڕانی کتێبی جۆرج فۆنسگریف ، سایکۆلۆژیا ، لە فەرەنسییەوە و فەرهەنگێکی زاراوە فەلسەفییەکانی لە سەد لاپەڕەدا خستۆتە سەری”.
    6 – علمی منطق ، اسطنبول ١٣٣٨ ( ١٩١٩) . ( زانستی لۆژیک )
    7 – قرق حدیث ، اسطنبول ١٣٤٣ ( وەرگێڕانی الاربعون للنووي ) . ( ١٩٢٥ ) .
    8 – صحیحی بخاری مختصری ، تجریدی صریح ترجمەسی ، جلد ١ – ٢ ، اسطنبول ١٩٢٨. بەشی سێیەمی لە دوای مردنی بڵاوکرایەوە .
    9. اخلاقی اسلامیە اساسلری، اسطنبول ١٣٤٢ ( ١٩٢٤). ( بنەماکانی ئاکاری ئیسلامی):
    Islam Ahlakının Esasları, Ankara 2011.
    10. وتارە فەلسەفییەکانی، ئامادەکردنی م. جونەید کایا و جاهید شەنەل، ئەستەموڵ ٢٠١٥.
    Felsefe Makaleleri, Hazirlayan M. Cuneyt Kaya ve Cahid Senel, Istanbul 2015.
  • بۆ ئەوانەی ئەیانەوێ زانیاری زیاتر لە بارەی ئەحمەد نەعیم بابانزادە پەیدا بکەن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوانەی خوارەوە :
    1 – Hansu, Hüseyin, Babanzâde Ahmet Naim, Kaynak Yay., İstanbul 2007 ,
    2 – Ahmed Nedim Serinsu, Babanzade Ahmed Naım hayati, Şahsiyeti, Eserleri, Ankara 1978 .
    3 – Osman Ergin, Ahmed Naım: Zatı ve Eserleri, İstanbul 1945 .
    4 – Yahya Akyüzö, Türk Eğitim Tarihi ( Başlangıçtan 1982 ye), Ankara 1982 .
    5 – M. Ertuğrul Düzdağ, Türkıyede İslam ve Irkçılık Meselesi, İstanbul 1976 .
    6 – Recep Kılıç, Babanzade Ahmed Naimin Felsefi Görüşleri, Ankara. AÜİFD, XXXVI. 1997 .
    7 – Kara, İsmail, Türkiye’de İslamcılık Düşüncesi Metinler, Kişiler, Risale Yayınları, İstanbul 1986, I, 273-308 .
    8 – Vakkasoğlu, Vehbi, Osmanlı’dan Cumhuriyete İslâm Alimleri, Cihan Yayınları, İstanbul 1987 .
    9 – Beyatlı, Yahya Kemal, Siyâsî ve Edebî Portreler, İstanbul 1968, s. 51-58 .
    10 – Çakan, İsmail, “Babanzâde Ahmed Naim”, T.D.V. İslâm Ansiklopedisi, İstanbul 1991, IV, 375-376 .
    11 – Muallim Cevdet Müderris Ahmed Naim [Kitap]. – İstanbul- Ülkü Matbaası : [s.n.], 1935 .

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت