24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەد ئەمین گەناوی : لە شەقامەوە بۆمزگەوت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شوێن بەڕەھەندی ( جوگرافی . سیاسی . ئابوری . کۆمەڵایەتی . فەرھەنگی زانستی . سەربازی ) ، تا دەگاتە شوێنی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی ، مانا و تێگەیشتن و فرە ڕەھەندی ھەیە ، شوێن ناسنامەی کەسەکان و کۆمەڵگاکانە بۆھەریەکێ لەو ڕەھەندانەی ئاماژەی پێ در ..
بۆنمونە ئەگەر بڵێین فڵانە گەل لەفڵانە شوێنی دنیا دەژی ، یان فڵانە کەس لەفڵانە شار یان گەڕەک دەژی ، یان ھەروەھا لەفڵانە دەزگا و دامەزراوە کاردەکات ، یان بڵێین فڵانە دەزگا یان ڕێکخراو کاردەکات لەفڵان شوێنی وڵات ، ئیتر ھەر بە زانینی شوێنەکەوە پەی بەناسنامەی ئەو کەس و کۆمەڵگا یان دامەزراوە دەبەین .
شوێنەکان ڕاستەوخۆ ئیان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەرھەستی بەئاگا و نائاگای ، وە کاردانەوە دەرونی و ( سلوک ) ، ھەتا فیزیکی ێمه وە ھەیه .
شوێن نەک ھەر ئاماژەیە بۆناسنامە و کەسایەتی ، بەڵکو شوێن دەتوانێت ھەڵگری پەیامیش بێت، دیسان بەنمونە ئەگەر چەند که سێ لەشوێنێکی ئاسایی باسی بابەتێکی دیاریکراوی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و ئابوری بکەن ، ئەوا ھەرلەچوارچێوەی باسی ناو ئەم چەند کەسەدا دەبێت ، بەڵام ئەگەر ھەمان باس بۆدامەزراوەیەکی میدیایی بکر ێ ئەوا ئەم باسە دەبێتە پەیام ، واتە شوێنەکان ئەندازە و کاریگەری پەیامەکان دیاری دەکەن .
ھەمیشە شوێنەکان پلە و ئاستی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، ھێز ، سیاسی ، سەربازی فەرھەنگی وه ھەتا ته مه ن و ناسنامەی کەس ی و کۆمەڵه کا نیان دیاری کردوە و دیاری دەکەن ، بە پەیامەکانیانەوە لەسەر ئاستی ، خێزانێکی بچوکەوە تادەگاتە ئاستی جیھانی ، بۆئەوەی باس زۆر درێژنەکرێتەوە بەباسی ھەموو ڕەھەند و ئاستەکان ، کەدەشێ ببێتە کتێبێک نه ک وتار ێ، بەکورتی بابەت کورت دەکەینەوە سەر ئاستی دوو شوێن ، ( شەقام و مزگەوت ) پەرستگاکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی .
ئامادەبونی کەسێک یان گروپێک بۆنمونە لە ( شانۆ . کتێبخانە . یان زانکۆ و فێرگەیەک ) ، پەیامی ئاستی کۆمەڵایەتی چینایەتی وە فەرھەنگی دەدات ، وە بە ئاسایی وەردەگیرێت ، بەھەمان جۆر بونی کەسانێک یان کۆمەڵێک لەبازاڕێکی کاڵادا یان بازاڕی کاڵایەکی دیاریکراودا ، پەیامی ئابوری وەیان توانای ئابوری کەس و گروپەکانی دەدات ، کە ئەمانەی لەم بازاڕەدان چ چالاکیەکی ئابوریان ھەیە ، وەھەروەھا توانای ئابوریان ، واتە سەربە چ چینێکی کۆمەڵگان بەڕەھەندی ( ئابوری . سیاسی . کۆمەڵایەتی ) ، وەھەتا لەھەندێ حاڵەتدا کەسایەتی و فەرھەنگیش .
بۆنمونەی ئەم شرۆڤه ى سەرەوە زۆربەمان لەشوێنێکی دیاریکراودا ، وەک شانۆ ، پێشه نگا یه کی ھونەری یان کۆڕێکی فکری ، دیاریکراودا ھاوڕێ یان ناسیاوێک ببینین ، کەئەم شوێنە یەک بگرێتەوە لەگەڵ پیشە و توانا و بەھرە و مێژووی چالاکیەکانی ئه وا دەپرسین تۆش لێرەی ؟، واتە چاوەڕوان کراوە کە ئەم، لەم شوێنە بێت ، وه به پێچه وانه وه ئه گه ر به رێکه وت رێگه مان بکه وێته شو ێنێ ھاوڕێه ک یان ناسیاوێک ببینین ، لەبری ئەوەی بپرسین تۆش لێرەی ؟ دەپرسین چی دەکەی لێرە !!؟، واتە ئێرە یان ئەم شوێنە لەگەڵ ( پیشە . چالاکی ) وە ھەتا ھەندێک جار کەسایەتی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی ئەم یەک ناگرێتەوە .
لەسەر ئاستی سیاسی کۆمەڵایەتی، وەفەرھەنگی ئەگەر باسی ( شەقام و مزگەوت ) یان پەرستگاکان بکەین ، وەک دووشوێنی ھەرەگرنگ کە ڕۆڵیان ھەیە لەسەر ھەردوو ژیانی ماددی و مەعنەوی کەسەکان دەبینین بەشێوەیەک لەزۆر شوێندا پەیوەندی تەواو کەری یەکتریان ھەیە، بەڵام بە شێوەی جیاواز .
چۆن ؟
ھەرکاتێک کەسەکان کۆمەڵگاکان وەیان کۆی گشتی کۆمەڵگا ھەستی بەترسێکی ھاوبەش کرد ، ئەوا لەشەقامدا کۆدەبنەوە بۆنمونە کۆمەڵێک لەناو کۆمەڵگا لەترسی ڕوداوێک یان قەیران و کەمی و ھەڕەشەی ئابوری بۆدەربڕینی ترسی ھاوبەش ، لەشەقامەکاندا کۆدەبنەوە وەک خۆپیشاندانی (کرێکاران . خوێندکاران . مامۆستایان . فەرمانبەران ) ، ھەرکات ھێزی ترسی ھاوبەش وە شەقامەکان بەھەرھۆیەک بێت نەیان توانی ئارامی و ئارامش بەرھەم بھێنن بۆبەدەست ھێنانی داواکان ئەوکات نائومێدی وە بێ ھیوایی ، ھاوبەش دروست دەبێت ، لەکاتی دروست بونی یان ھاتنەکایەی نائومێدی ھاوبەش ئەوا شوێنی کۆبونەوەی کەسەکان لە شەقامەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆمزگەوتەکان ( پەرستگاکان )
بۆنمونە پاش شکستی شەقام لەسەدەی ڕابردوو لەوڵاتانی بەناو سۆسیالیستی لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات ، ھەرچی دەسەڵاتدارانی دیکتاکتۆر لە ھەر یەک لە ھەنگاریا لەساڵی 1956 لەچیک لەساڵی 1968 کە بە بەھاری ( پراگ ) ناسراوە ، لەبێ ھیواییدا سەرئەنجام ( کەنیسە ) بو بە شوێنی کۆبونەوەی خەڵک ، لەپۆڵۆنیا لە ساڵی ١٩٨٩لەوێوە بەسەرکردایەتی ( لیچ ولسا ) لەڕێگەی ڕێکخراوی ھاوکاری ( هەم به ستەگى ) کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی تاک ڕەوی کۆمۆنیستی ھێنا !!، ئیتر ئەم سەرکەوتنە ھەموو وڵاتانی تری بەناو سۆسیالیستی ئەوروپای ڕۆژھەڵاتی گرتەوە !!.
ئەمڕۆ لەکوردستان بەھۆی ترسی ھاوبەش لەداھاتوی ئابوری ، شەقامەکان کەم یان زۆرچالاکن لە خه لکى بەش خوراو و بێ موچە ، لەھەمان کاتتدا مامۆستایانی ئاینیش وە مزگەوتەکانیش چالاکیەکی ڕێژەییان تیادەبینرێت بەکۆبونەوەی زیاتری خەڵکی بێ هیوا لەشەقام .
ئێستا خەڵک لە نێوان شەقام ( ترسی ھاوبەش ) ، وە مزگەوتەکاندا ( بێ ھیوایی ھاوبەش ) دایە ، تاشەقام بێ کاریگەرتربێت ، ئەوا مزگەوتەکان چالاکتر و کاریگەرتردەبن !!، بونی ئەم حاڵەتە لەھەرشوێنێک ، بە بەڵگەی مێژوویی و حەتمیەتی ژیان چارەنوسی دەسەڵاتداران بەجددی دەخاتە ژێرپرسیارەوە ، کە دەشێت تراژیدیابێت بۆیان .
دەسەڵاتدارانی خاوەن فکر ، درک وه شعورى سیاسى هه وڵ دەدەن ، چارەی وە ئیدارەی ترسی ھاوبەشی خەڵک ( شەقام ) بکەن بەتەسلیم بونیان بەداواکانی شەقام ، ئەگەر ئەمە نەگەن ئەوا شەقام ( ترسی ھاوبەش ) دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکیتر کە مزگەوت و پەرستگاکانن ( بێ ھیوایی ھاوبەش ) کەئیترلەوێوە بواری لێکتێگەیشتن و دیالۆگ نامێنێت ، کەسەرئەنجامەکەی ئەوەبو ، لەپۆڵۆنیا بینیمان وە لەنزیک جوگرافیای خۆشمان شۆڕشی ( خومەینی ) یەکانی ئیران لەساڵی ١٩٧٨زدا ، ھیوادارم ئەم حاڵەی کوردستان لەئێستادا بەرە و ھیچ داڕمانێکیتر نەڕوات ئەگەرنا ھەموومان بەھاکەی دەدەین .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت