Hemin-Hawrami

گۆران هەڵەبجەیی : سمینارەکەی هێمن هەورامی لە کۆبنهاگن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 12 – 3 – 2016  کاک هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی لە کۆبنهاگن سەمینارێکی سازکرد ، منیش وەک نوێنەری حیزبی شیوعی کوردستان بە نامەی فەرمی داوەت کرابووم . سەمینارەکە داخراوبوو ، واتە  کەس بۆی نەبوو  بێ داوەتنامە بچێتە ژوورەوە . جا پاشان ئەمەشتان بۆ ڕووندەکەمەوە کە بۆچی داخراوبوو .

بەر لە دەستپێکردنی سەمینارەکە گەشتمە هۆڵەکە دیتم هۆڵەکە جمەی دەهات ،منیش لە دوای دواوە جێگەیەکم بۆخۆم گرت .

پاش کەمێک کاک هێمن هات و دەستی بە ئاخاوتن کرد . چەند تەورێکی  بۆ سەمینارەکەی دیاری کرد لەوانە :

بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان

قەیرانی سەرۆکایەتی

کێشەی پەرلەمان

شەڕی داعش و کێشەی ئابووری کوردستان

سەرەتا کەدەستی پێکرد تا خاڵی دووەم و سێیەمیش دابەزین بوو بۆ سەر هەندێک لایەندا بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان .

هەرچی کێشە و قەیرانی سیاسی و ئیداری لە کوردستان  هەیە ئۆباڵەکەی خستە سەرئەوان . پاشان پەڕیەوە بۆکۆمەڵی ئیسلامی ، لەوێشەوە بۆ پێکاکا ، ئینجا هەدەپە و کۆتایەکەشی پەیەدە .

بەکوورتی و کوردی هیچ لایەنێکی لێ دەرنەکرد ، بەڵام بڕێک موراعاتی یەکێتی کرد و وتی هیوادارم لە ژیر کاریگەری گۆڕان دەرچن بۆئەوەی پێکەوە بتوانین کار بکەین و دەبێ هەرواش بیت چونکە چارەنووسمان  پێکەوە گرێدراوە . لەدڵی خۆمدا گووتم دەبێ مەبەستی کارکردنی هاوبەش بێت لە تاڵانکردنی کوردستاندا .

وابزانم جارێک یا دووجار وەک سوژن و دەرزیەکە ، دەرزیەکیشی کرد بە خۆیانداو گووتی ، لەبەر ئەوەی زۆرتین ئەرکی بەڕیوەبردنی هەرێم لەسەر ئێمەیە وەک پارتی دیارە ئێمەش کەم و کووڕیمان هەیە ، بێئەوەی ئاماژە بەو  کەموو کوڕیانە بکات ، کە بە ڕای من لەکەمو کووڕی دەرچوون و بوونەتە کارەسات .

گرنگە ئاماژە بەوەش بکەم ، لە دوای هەر  بڕگەیەک دەبووە چەپڵە ڕیزان کە لە کۆتاییەکەیدا بێتام بوو بوو .

ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو کە باسی بکات دۆخی پڕ قەیراناوی ئابووری کوردستان بوو کەحیزبەکەی و یەکیتی لێی بەرپرسیارن ، بەڵام دیار بوو بە ئەنقست ئەو خاڵە گرنگەی خستبووە دواخال بۆ ئەوەی باسی نەکات ،  هەرواش دەرچوو ، باسی نەکرد و بازێکی گەورەی دا بەسەریدا .

پاشان پشویەک  ڕاگەیەنرا لە کاتی پشوەکەدا  دیقەتم دا پتر 80% ی  ئەو کەسانە کە هاتبوون  بەمن نامۆبوون . وەک خۆیان باسیان کرد لە هەموو دانیمارکەوە ئەندام و دۆست و لایەنگرانیان هێنابوو ، وێرای ئەوەی لە سویدیشەو خەڵکانێکی زۆریان هێنابوو بەجۆرێک هۆڵەکە بە پلەی یەکەم ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بوو ئەوەی دیکەش کە مابویەوە نوێنەری حیزبە کوردیەکانی هەر چوار پارچەبوون .

دیار بوو لە مێژەوە کاریان بۆ کردبوو تا بەجۆرە دەرچێت ، ئەوە هەقی خۆیانەو دەستیان خۆش بێت و من کێشەم لەگەڵ ئەوەدا نیە ، بەڵکو ڕەخنەی من لە ناوەڕۆکی سەمینارەکەیە ،کە ئێستا دێمە سەری .

پاش پشوو دەرگای پرسیارو سەرنج کرایەوە ، کاک سەعید کە کوردێکی باکوورەو ئەندامی پارتیە ئەو ناوەکانی وەردەگرت . سەرەتا لە ڕیزی پێشەوە ناوەکانی  وەرگرت و ئەوەش ئاسایە ، ئەوجا ورەدە وردە نزیک بوویەوە بۆ دواوە  ، جا بۆئەوەی بمبینێت من هەستامە سەرپێ و جەندین جار بە دەست ئاماژەم بۆ کرد کەناوم بنووسیت بەڵام هەر پشتگوێی  دەخستمم . دیار بوو ئەو تەنها هەڤاڵ و دۆستانی خۆیانی وەردەگرت .

 لە میانەی پرسیارکردندا ، تەنها کەسێک کە پارتی نەبوو پرسیاری کرد وابزانم کاک عەدنان بوو  ، ئەویش پرسیارێکی ئاسایی کرد . دەمێک زانیم کە بەنیاز نیە ناوم بنووسێت ، برادەرێکم ڕاسپارد کە ئاگاداری بکاتەوە تا ناوم بنووسێ . لە کۆتایی وەرگرتنی پرسیارەکاندا کاک هێمن گووتی ، لە یەکێک لە کەناڵە دانمارکیەکان  دیدارم هەیە بۆیە بە  سەعیدی وت  [6] ناوی تر وەربگرە و کۆتایی پێدەهێنین . لەو شەش ناوە من  پێنجەم ناو بووم . بەڵام لەدوای وەرگرتنی پرسیاری چوارەمین کەس ، بازی بەسەر ناوەکەمدا داو کەسی شەشەمی وەرگرت کە لە چەپڵە لێدەرەکان بوو . دوای ئەو چاوەڕێ بووم ڕێگە بەمنیش بدات پرسیاری خۆم بکەم  بەڵام بەداخەوە  بە بەهانەی  نەبوونی کات کۆتایی بە پرسیارەکان هینا . هەرچی دەستم بەرزکردەوە و هاوارام کرد هیج سوودی نەبوو .

ئەوانەی کە پرسیاریان کرد جگە لە خوشکێک نەبێت کە وتی کاک هێمن قسەکانت تووڕەییان  پیوەدیارە و ئەمانە قسەی کەسێکی دیبلۆماسی نین . ئیدی هەر هەموو پرسیارەکان یان سەرنجەکان بە ئاراستەی پشتگیریکردنی قسەکانی هێمن هەورامی بوون ، واتە هەمووی لە خانەی [ ئەشهەدو ] دابوون .

لە خوارەوە بەر لەوەی بڕوات سعیدم گرت و پێم گووت کارێکی جوانت نەکرد کە ڕێگەت پێنەدام پرسیاری خۆم بکەم ، وتی ببورە کاک گۆران کات نەمابوو ، منیش بە جوانم نەزانی لەوێدا  لەوبارەوە زۆر قسە بکەم و بڕیارمدا هەڵیبگرم بۆ نووسینێک ، چونکە کاک هێمنی لەگەڵدا بوو وە بەپەلەبوون بۆ چوون بۆ کەناڵە دانمارکیەکە . . سەیر لەوەدا بوو کەسێک بەناوی ئازاد کەرکوکی هەر لەوێدا پێم دەڵێت  : پرسیاری چی دەکەیت ، ڕازیبە کە ڕیگەمان دایت بێتە ژورەوە ، چونکە تۆ دژی پارتی خۆپیشاندانت کردوە .  منیش  ڕووم تێکرد و وتم پرسیارم لەتۆ نەکردوە ، وەڵامیشم پێیە بۆ ئەو قسانەت ، بەڵام وەڵامت نادەمەوە .

جا بە بۆچوونی من خۆیان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە هەرکەسێک گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە جۆرە پرسیارێک بکات و بەدڵیان  نەبێت و ئیحراجیان  بکات ، چاکتر وایە  ڕێگەی پێنەدەن . جا هەر واش بوو ، چۆن نەخشەی بۆ داڕێژرابوو هەرواش بەڕیوە چوو .

بێگومان هەڤاڵانی پارتی ئەوەیان لەبیر ماوە کە پشتر وابزانم بەر لەساڵێک کاک هێمن هەورامی سەمینارێکی سازکرد کە کراوە بوو ، لەوێدا بە هەندێک پرسیار ئیحراج کرا ، کە یەکێک لەوانە پرسیارەکانی من بوو کە نیتوانی بەرسیڤی موقنیعم بداتەوە .

بەرای من باشتر بوو بۆ کاک هێمن ، هەڤاڵان و لایەنگرانی خۆی کۆبکردایتەوە و وەک کۆبوونەوەیەکی حیزبی  قسەی بۆ بکردنایە  لەوەی کە ناوی نابوو سەمینار .

سەمینارێک ڕای جیاوزی تیدا نەبێت ، پرسیاری دژ بە قەناعەتی سەمینار گێڕی تێدانەبێت ، سەمینارێک هەر چەپڵە ڕیزان و پیاهەڵدان بێت ، سەمینارێک تەنها دابەزین بێت و بۆسەر هەندێک لایەن ، سەمینارێک حیزبەکەی خۆی بە فریشتەو فریادڕەسی سیاسی بزانێت ، ئەوە گوناهە ناوی لێبنرێت سەمینار .

جا بەرای من ئەو سەمینارەی کاک هێمن هەوارامی لە وە دچوو کە هەورامیەک کڵاش بۆخۆی دروست بکات ، بێگومان ئەو دەمە بە بەجوانترین شێوە و  باشترین کواڵەتی درووستی دەکات .

دەی  خۆ کاک هێمنیش هەروای کرد .

سەرنج/ بەهۆی هەندێک هۆکارەوە ، ئەم بابەتەم لە بڵاوکردنەوە دواکەوت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت