شەماڵ عادل سەلیم : سەرۆک جاشەکانی دوینێ ، ئەفسەرو پلەداروشەهیدی سەنگەری ئەمرۆن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەموو سالێک لەیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عیراق ، یادی ( ١٧) پێشمەرگە شیوعیەکەی داستانی گوندی (بەکربایەف ) ی سەر بە ناحییەی ( شێخ تەوێل ) ی قەزای دەربەندیخان ‌دەکەینەوە ، ئەو پۆلە پێشمەرگە گیان لەسەردەستانەی کە لە (٣١ )ئاداری ساڵی ١٩٨٢، لەساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبەکەیان لەشەرێکی دەستەویەخەدا بەدەستی چڵکنی تاوانبار  ( شێخ تەحسین شاوەیس سەعید )  ڕاوێژکاری ( مستەشار) فەوجی ( ١٧٢ ) ی سووک ، کەلەساڵی ١٩٧٨ پێک هێنراوە و خاوەنی ( ١٥ ) نیشانەی ئازایەتیە ( نوط الشجاعة ) و، بە پاڵپشتی سوپاو  تانک و کۆپتەری ریژێمی بەعس  بەدڕندەترین شێوە شەهید کران و ، بەخوێنی ئاڵیان خاکی پیرۆزی کوردستانیان نەخشاند .

من لێرەدا نامەوێ باسی ئازایەتی و مەردایەتی و دلێری هەلۆسورە بەرزەفرەکانی داستانی  ( بەکربایەف ) بکەم ، چونکە هەر وەک دەڵێن ، مانگ لەچواردە بێ پێویست بەدەست نیشان کردن ناکات ، هەروەها ناشمەوێ تاوانەکانی ( شاوەیس و جاشەکانی ) لەوێرانکردن و فەرهودو ئەنفالکردنی کوردستان بۆ خوێنەر بەیان بکەم ، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیوروژێنم ئەوەیە ، کە بکوژی پێشمەرگە شیوعیەکانی داستانی ( بەکربایەف ) و جەللادو سەرۆک جاشی فەوجی (١٧٢ ) ی سووکی سەدامی  لەلیستی شەهیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشەهیدی سەنگەر ( پلە یەک ) تۆمارکراوەو رێزی لێگیراوە ، لەوکاتەی دەبوایە ئەو تاوانبارە ناوی لە لیستی خۆفرۆشان و خائینانی کوردستان  لەتک سەدان خائین و جەللادی دیکە کە دەستیان بەخوێنی پێشمەرگەو خەلکی بێدیفاعی کوردستان سوورە تۆماربکرابایە .

جێگای سەرسوڕمانە تاوانبارێکی وەک ( شاوەیس ) و شاوەیسەکانی دیکە  ناویان لەتەک ناوی هەزاران شەهیدی بزاڤی ڕزگاریخوازای کوردستان کە لە کاتی تیکۆشانیان و خەباتیان لەدژی دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردندا گیانی پیرۆزیان بەختکرد تۆماربکرێت و ، مووچەکەشیان لە مووچە ی قوربانیەکانیان و شەهیدە سەربەرزەکانی ئەنفال و هەلەبجە و قوربانیانی دیکتاتۆریەت و سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادی و کۆکوژی و شەهیدانی ڕاستەقینەی سەنگەر زیاتر بێت .

بەڵێ ، تۆمارکردنی ناوی ئەو تاوانبارە و بەدەیان تاوانباری دیکە لە لیستی شەهیدانی کوردستان  خیانەتە بەرامبەر بەگەل و نیشتیمان  ،  شیواندنی ڕاستیەکانەو و هەولێکە بۆسڕینەوەی مێژووی پڕشەرمەزاری  خیانەتکاران و خۆفرۆشان  ، لەوکاتەی کە  ( حزب حزبانێ و پەیرەوکردنی سیاسەتی ملشکاندن و یەکتر سڕینەو و داڵدەدانی تاوانباران و کۆنە بەعسی و موستەشارە سوکەکان و بەعسیە کوردەکان ) لە هەرێمی بەتەمای خودا ، کراوەتە  پرەنسیپ وپێوەرو جێگرەوەی دادپەروەری و لوژیک وگێرانەوەی ئیعتیبار بۆ قوربانیان و کەسوکارە بەخشندەو سەربەرزەکانیان .

لە کۆتاییدا ئەوەندە ماوە بڵێم  :  

وەفاداری بۆ شەهیدانی گەل و نیشتیمان  پێویستی بە هەڵوەستەی جیددی هەموودڵسۆزان ( وێرای هەمەڕەنگی و جیاوازی پێشینەی سیاسی و فیکری ) هەیە ، بەمەبەستی کارکردن بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدە سەربەرزەکانمان لەناوی ئەو جاشە موحەسەنانەی کە بەناهەق لەلیستی  شەهیدە سەربەرزەکانمان  تۆمارکراون .

بەرێزان : گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ ترازوە لاسەنگەکان و پاککردنەوەی لیستی شەهیدان لە ناوی جەللادو تاوانبارو بکوژەکانیان  ، بەدەرەجەی یەکەم لە ئەستۆی و وەزارەتی شەهیدانە و ، ھیچ بیانوویک نابیتە پاساو بۆ ئەنجامنەدانی ئەم ئەرکە پیرۆزە کە چەندین سالە داوایدەکەین و هەوڵی بۆ دەدەین ، ئەگینا مێژوو رەحم بە کەس ناکا .

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت