عەتا قەرەداخی : بەغدا کوردستانی تەڵاقداوە ، تکایە با تەڵاقەکە وەرگرین .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆى رەفتارەکانی بەغدا لەگەڵ کورددا لە دواى روخاندنی رژێمەکەى سەدام حسێنەوە ئەوە دەردەخات کە بەغدا بە مانەوەى کورد لەگەڵیدا لەژێر سەقفێکدا ناڕازییەو رۆژ لەدواى رۆژ خراپتر رەفتار لەگەڵ کورد دەکات بۆ ئەوەى کورد ناچار بکات لەژێر سەقفەکە بێتە دەرەوە .
سەرئەنجام مافە شەرعیەکانی کوردیشی بڕی و هەموو دەرگاکانی خۆى لە کورد داخست ، بەڵام کورد هەر نەیوویست لەو هاوسەرگیریە وازبهێنێت ، کە ئەم تیایدا پاشکۆیەو بەسووکیش سەیر دەکرێت و رۆژانە تیایدا دەستدرێژى دەکرێتە سەرى .
راستە کورد پێشتر کەوتە دەرەوەى ئەو سەقفەى کە سەدام مێردایەتی تێدا دەکرد ، بەڵام دواى رووخاندنی سەدام لەشێوەى مارە بەجاشدا کورد خۆى خزانەوە ژێر سەقفەکەى شیعە . بەڵام ئەویش بەهەمان شێوەى سەدام مامەڵەى لەگەڵ کردو دەکات ، ئێستا بەغداى عەرەب لە هەموو روویەکەوە کوردى تەڵاقداوە کەچی کورد وەکو خۆشیەکی زۆرى لەو هاوسەرگیریە وەرگرتبێت ئامادەیە بەتەڵاقی کەوتووى بەغداشەوە ئەم هەر لەوێ بمێنێتەوە .
دیارە ئەوەش ئەو پەڕى سووکایەتیە کورد بە خۆیی دەکات . بۆیە ئومێد دەکەم سەرکردایەتی کوردى لەوە زیاتر سوکایەتی کردن بە خۆمان قبوڵ نەکات و بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەو هاوسەرگیریە بەزۆرە ملێیە قبوڵ بکات و سەقفی کوردى درووست بکات چونکە شتێک نەماوە بۆ ئێمە بە ناوى سەقفی عێراقیەوە لە کاتێکدا عێراق ئێمەى تەڵاقداوەو نایەوێت جارێکی تر ئێمە لەگەڵ ئەو بژین .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت