مه‌حمود ره‌زا : مەسعود بارزانی لەکۆبونەوەکەی سەری رەشا چی وت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێشەکی :

چەن مانگێک بو ئەم کۆنوسەم لەلا بو. کاری راست بێ سەرۆکی پارتی بەبڵاوکردنەوەی شانامە ئاگرینەکەی،  بەبۆنەی نەورۆزی ئەمساڵەوە، هەلی بۆ رەخساندم بڵاوی بکەمەوە. ئەم کۆنوسە بەرۆشنی دەری خستوە کە مەسعود بارزانی پارلەمانێکی ناوێ ماوەی سەرۆکایەتی ئەو کۆتایی پێ بهێنێ. ئەو پارلەمان‌و سەرۆک پارلەمانی “افندم”ـی ئەوێ کە، وا بزانم تازە لەدەستی دەرچوە.

پۆلێن کردنی قسەی قسەکەرانی کۆبونەوەکەو دانانی ئەو هەمو ناونیشانە لاوەکیە ئیشی منە. کۆنوس نوس هەموی بەسەر یەکەوە نوسیوە، من رێکم خستوەو پۆلێنم کردوەو شێوەی راپۆرتم پێ بەخشیوە.

دەقی کۆنوسەکە:

مەسعود بارزانی دوای ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە20ی ئابی 2015 بە سەر چو ، رۆژی سێ شەممە ، 01-09-2015 لە سەری رەش، وەکو “ سەرۆکی هەرێم!”، لەگەڵ نوێنەری ئەم حیزب‌و لایەن‌و کەسێتییانە دانیشت:

ناوی حیزب                                                               نوێنەری حیزب

1 – بزوتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان                             کامل حاجی عەلی

2 – حیزبی سۆسیالست دیمۆکراتی کوردستان                 محەمەدی حاجی مەحمود

3 – پارتی سەربەخۆی کوردستان                                   نەسروڵڵا سورچی‌و ئارام عەبدوڵڵا

4 – حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان                            بەڵێن عەبدوڵڵاو بەهمەن حسێن

5 – پارتی کرێکاران‌و رەنجدەران                                      باپیر کا مەلا

6 – حیزبی شیوعی کوردستانی                                   کاوە مەحمود و ئەبو کاروان

7 – حیزبی پارێزگارانی کوردستان                                  عومەر ئاغای سورچی

8 – حیزبی نەتەوەیی دیمۆکراتی کوردستان                     غەفور مەخموری

9 – حیزبەکەی خدر روسی                                          خدر روسی

10 – دکتۆر مەحمود عوسمان

11 – پێنج حیزبی کلدانی- ئاشوری – سریانی –  مەسیحی و چوار حیزبی تورکمانی = ٩ حیزب

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی: وەکو خوی هەمیشەیی ، لەسەرەتاوە باسی رۆڵ‌و مەزنیی خۆی کردوە. باسی پێشمەرگایەتی خۆی‌و رۆڵی مەزنی خۆی کردوە. باسی قانونی ژمارە 1 ی ساڵی 2005  ی سەرۆکی هەرێمی کردوە کە چۆن لەسەرەتاوە بەگوێی لایەنە سیاسیەکانی کردوەو “ رازی بوە !” سەرۆک لەناو پارلەمان هەڵبژێردرێ.

رەئی‌و بۆچونی بەشێک لەبەشدار بوان:

یەکەم: مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی:

رابردو:

وەکو خوی هەمیشەیی ، لەسەرەتاوە باسی رۆڵ‌و مەزنیی خۆی کردوە. باسی پێشمەرگایەتی خۆی‌و رۆڵی مەزنی خۆی کردوە کە لەدوای ئەوەی بەعس لەساڵی1991 دا ئیداراتی لەکوردستان کێشاوەتەوە، ئەو چۆن پێشنیاری کردوە هەڵبژاردنی گشتی بکرێ‌و بەرهەمەکەی پارلەمان‌و حوکمەتی هەرێم بوەو بۆشایی ئیداری پڕ کردۆتەوە.

باسی قانونی ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی سەرۆکی هەرێمی کردوە کە چۆن لەسەرەتاوە بەگوێی لایەنە سیاسیەکانی کردوەو “ رازی بوە !” سەرۆک لەناو پارلەمان هەڵبژێردرێ.

بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی 2009 دا پێداگری کردوە کە ئەبێ“ سەرۆک !” راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێ بۆ ئەوەی شەرعیەتی بەهێز بێ.

دوایی باسی نێوان باشی پارتی‌و یەکێتی‌و رێکەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوکیانی کردوەو رۆڵی مامجەلالی نرخاندوە.

ئێستا: کە هاتۆتە سەر هەلومەرجی هەنوکەیی کاتی کۆبونەوەکە، وتویەتی:

“ لایەنەکان لە 23ی حوزەیرانا موئامەرەیان لێکردم ( مەبەستی گۆڕان‌و یەکێتی‌و یەکگرتو و کۆمەڵ بوە ). وتوشیەتی، مەبەستی موئامەرەکە ئەوە بوە پارتی بخەنە هەڵەوە بۆ ئەوەی زەفەری پێ بەرن‌و لەناوی بەرن. بەڵام پارتی توانیویەتی مەسئولانە روبەڕوی ئەم پیلانە ببێتەوەو فەشەلی پێ بهێنێ.

دوایی سوپاسی یەکگرتوی ئیسلامی‌و باڵێکی ناو یەکێتی کردوە ( بێ ناوهێنانی ) کە پشتیوانی پارتی بون بۆ شکستهێنان بەو موئامەرەیە. بزوتنەوەی گۆڕان یشی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە داینەمۆی موئامەرەکە بوەو بۆ ئەوەی بوە تۆڵەی پێنج ساڵی رابردو لەپارتی بکاتەوە.

مەسعود بارزانی کە هاتۆتە سەر هەلومەرجی هەنوکەیی کاتی کۆبونەوەکە، وتویەتی: “لایەنەکان لە23 ی حوزەیرانا موئامەرەیان لێکردم ( مەبەستی گۆڕان‌و یەکێتی‌و یەکگرتو و کۆمەڵ بوە ). وتوشیەتی ، مەبەستی موئامەرەکە ئەوە بوە پارتی بخەنە هەڵەوە بۆ ئەوەی زەفەری پێ بەرن‌و لەناوی بەرن. بەڵام پارتی توانیویەتی مەسئولانە روبەڕوی ئەم پیلانە ببێتەوەو فەشەلی پێ بهێنێ.

سەرۆکی پارتی درێژەی بەوتارەکەی داوەو وتویەتی:

مل بەکودەتا نادەم. ئەوانە ( مەبەستی گۆڕان بوە ) ئەوە نین سەرۆک دانێن‌و سەرۆک لابەرن.

ئینجا وەکو عادەتی هەمیشەیی، هاتۆتە سەر بەخۆیاهەڵدان‌و وتویەت ی:  من لەئەمریکا ناترسم ئێستا قابیلە لەمانە بترسم؟

درێژەی داوەتێ‌و وتویەتی: ئەگەر ئینقلابەکەی 23 ی حوزەیران نەبوایە ، ئەوا 20  ی 8 خۆم ئیستیقالەکەمم رائەگەیاندو ئەمانەتەکەم تەسلیم ئەکردەوە.

ئینجا وتویەتی:  ئەگەر 19  ی ئاب نیساب تەواو ببوایە، ئەوا سەرۆکی پارلەمانمان ئەخستە پشتی ئۆتۆمۆبیلێک‌و لەوێ فڕێمان ئەدا – بەدەست ئیشارەتی بۆ دێگەڵە کردوە.

کۆبونەوەی پێنج حیزبەکە:

سەبارەت بەکۆبونەوەی پێنج قۆڵی وتویەتی:

 من لەسەرەتاوە لەگەڵ کۆبونەوە پێنجقۆڵییەکان نەبوم‌و وتم، ئەم کۆبونەوانە سودیان نابێ‌و کۆبونەوەی یەکشەممە دواکۆبونەوە ئەبێ، ئەگەر ئەم حیزبانەی ئێستا لێرە کۆبونەتەوە بەشداری ئەو کۆبونەوانە نە کەن‌و بڕیاریان تیا نەدرێ.

ئینجا وتویەتی:

من ئیعتراف بەبڕیارەکانی پارلەمان ناکەم! ” بەڵکو “ ئیعتراف بەبڕیاری ئەو کۆبونەوانە ئەکەم کە ئێوەو پێنج حیزبەکە پێکەوە ئەیاندەن.

درێژەی داوەتێ:

 ئەگەر بەو شێوەیە نەگەینە رێکەوتن، ئەوا سەر بۆ ئینقلاب دانانەوێنم.

کردنەوەی گرێکە:

بۆ دەربازبون لەقەیرانەکە، سەرۆکی پارتی دو پێشنیاری خستۆتە بەردەم بەشداربوان:

 هەڵبژاردنی سەرۆک راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە” یاخود “ گواستنەوەی کێشەی سەرۆکی هەرێم بۆ پارلەمانی ئایندە !”، واتە بۆ ئەو پارلەمانەی هەڵبژاردنی 2017 بەرهەمی ئەهێنێ.

لاقرتێ کردن بەقانون:

مەسعود بارزانی سەبارەت بە “ پابەندبونی بەقانونەوە !” وتویەتی:

 من لەسەروی قانونەوە نیم ! خۆم بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ناپاڵێوم، چونکە ناقانونییە !”

سەبارەت بەسیستمی پارلەمانییش وتویەتی:

 مەعقولە سەرۆکی هەرێم بەریمۆت کۆنترۆڵی سەرۆکی پارلەمان بجوڵێ.

دوەم: دکتۆر مەحمود عوسمان:

ناوبراو وتویەتی:

سیستمی حوکمڕانی لەکوردستان نە سەرۆکایەتییەو نە پارلەمانی، بەڵکو سیستمێکی حیزبییە.

درێژەی داوەتێ:

ئەگەر بویسترێ سیستم پارلەمانی بێ، ئەوا ئەبێ سەرکردەی حیزبەکان بچنە پارلەمانەوە نەک کادری پلە دو و پلە سێ.

مەیلیشی دەربڕیوە بۆ سیستمی سەرۆکایەتی !

سێیەم: بەڵێن عەبدوڵڵا:

بەڵێن عەبدوڵڵا، سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وتویەتی:

ئەگەر لەخولی پێشودا پرۆژەی دەستور بخرایەتە گشتپرسییەوە، رۆژمان بەم رۆژە نەئەگەیشت.

چوارەم: باپیر کا مەلا:

باپیر کامەلا، سەرۆکی پارتی کرێکاران‌و رەنجدەران داوای کردوە:

هەوڵ بدرێ رێکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی‌و یەکێتی زیندو بکرێتەوە.

تەنیا پێشنیارێ لەم کۆبونەوەیەدا کرابێ: پێکهێنانی لیژنەیەک لەحیزبە بەشداربوەکانی ئەم کۆبونەوەیە بەسەرۆکایەتی دکتۆر مەحمود عوسمان ” بۆ ئەوەی بچنە لای چوار حیزبەکە.

پاش ئەوەی دکتۆر مەحمود رازی نەبوبو سەرۆکایەتی لیژنەیەکی وا بکا، کۆبونەوەکە بێ ئەنجام بڵاوەی کرد.

کۆبونەوەکە سێ سەعاتی خایاندبو. قسەو تێچاندنەکانی بەشداربوان بریتی بوە لەهاندان‌و چاپلوسی‌و پیاهەڵدانی سەرۆکی پارتی.

“ سەرۆک ! ” شەیدای ئەم جۆرە کۆبونەوانەیە. هەرگیز لێیان تێر نابێ. چونکە بێجگە لەئەزبەنی‌و سەری رەزا لەقاندن هیچ رەئێکی سیاسیی جدی پێچەوانەی بەرژەوەندی‌و حەزو ئارەزوەکانی خۆی، گوێ لێ نابێ.