ڕەسوڵ بۆسکێنى : ڕۆژى سیانزەبەدەر .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نەتەوەى کورد لە دێر زەمانەوە لەسەر خاکى کوردستان نیشتەجێ یە ، لەو ماوە دوور و درێژەى تێیپەڕاندووە چەندین ڕووداو و کارەسات و چیرۆکى خۆش و ناخۆشى لێ ڕووداوە لەمەوە سەدان بۆنە و یاد و جێژنى لێ دروست بووە، لە فەرهەنگ و کەلتوورى کەرد دا جێگیر بوون و ساڵانە بەشانازیەوە یادیان کراوەتەوە ، بەداخەوە لەدواى ڕاپەڕینەوە بەناوى ئایینەوە لەژێر کاریگەرى هەندێک لەپیاوانى ئایینى شەپۆلێکى ڕەت کردنەوەى بۆنە و یادى شانازیەکانى ڕابردوو سەرى هەڵداوە ، لەکاتێکدا نەتەوەکانى فارس و تورک و عەرەب بۆنە و یادەکانى ڕابردووى کورد بۆ خۆیان دەدزن و بەهى خۆیانى لەقەڵەم دەدەن و شانازیشى پێوە دەکەن ، کەچى کورد بۆ ئەوان حاشا لە فەرهەنگ و کەلتوورى ڕابردووى خۆى دەکات ، لە ڕاستیدا پێویستە کورد ڕێز لە ڕابردووى خۆى بگرێت و بیانکاتە وانەیەک بۆ داهاتوو ، ئەوانەش لە قاو بدات داب و نەریت و بۆنەکانى ڕابردووى بەکەم دەگرێت ، لەم ڕوانگەیەوە دەمەوێت یەکێک لەو نەریت و بۆنە خۆشەتان بەیاد بێنمەوە ئەویش ڕۆژى سیانزەبەدەرە .
سیانزەمین ڕۆژى پشووى نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بەسیانزەوەدەر یا سیانزەبەدەر ناسراوە ، لەو ڕۆژەدا هاووڵاتیان ڕوو لە سروشت دەکەن ، کوردانى ڕۆژهەڵات بەشایى و هەڵپەڕکێ پێشوازى لێ دەکەن . دواى دوازدە ڕۆژ جەژن و شادى بەبۆنەى دوازدە مانگەى ساڵەوە بووە ، سێزدەهەمین ڕۆژیان تەرخان کردووە بۆ سەیران و شادى لە دەرەوە و بەو شێوەیە کۆتاییان بەماوەى نەورۆز هێناوە . ڕۆژى سیانزەیەمى نەورۆز ماناى کۆتایى 12 ڕۆژى نەورۆزە و هەرکام لەو ڕۆژانە بۆ 12 مانگى ساڵ دانراون و سیانزەیەمین ڕۆژ بەماناى کۆتایى ساڵ و کۆتایى جەژنەکانى نەورۆزە .
لە کتێبە مێژوویى و ئەدەبیەکانى سەدەکانى ڕابردوودا کەتایبەت بوون بەتۆمارکردنى ئەو داب و جێژنانەى بە بۆنەى نەورۆزەوە بەڕێوە دەچوون هیچ ئاماژەیەک بە سێزەبەدەر نەکراوە ، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ، چۆن لەو کتێبانەدا هیچ باسى ( سێزدەبەدەر ) و ( حەوت سین ) نەکراوە ؟ ئەوە بەو مانایەدێ ئایا ئەو دابانە تازە داهاتوون ، یان دابى کۆنن و لەبەر ئەوەى تایبەت بەخەڵکى ئاسایى بوون سەرنجیان نەدراوەتێ ، بەپێوانەى مێژوونووسانى ئەو دەم شایانى تۆمار کردن نەبوون ، وێدەچێ لایەنى دووەم ڕاست بێ ، چونکە دابێکى لەنێو هەموو چین و توێژێکى کۆمەڵدا لە هەموو شار و گوندێک باوە ، ناکرێ تەمەنى لە دوو سێ بەرە زیاتر نەبێ ، ئاشکرایە کتێبە مێژووییەکان و شێعرى شاعیران ڕەنگدەرەوەى ئەو ڕووداو و داب و جێژنانە بوون ، کە ( شا ) و کاربەدەستانى حکومەت تیایدا بەشدار بوون ، بەڵام سێزدەبەدەر دابێک بووە جێى پەسندى خەڵک بووە نەک شا ، لەوانەشە بەشوم زانینى ژمارە ( سیانزە ) هۆى باس نەکردنى بووبێ بەشوم زانینى ژمارە 13 و خۆ لێ پاراستنى لە زۆربەى وڵاتان و لەلاى زۆربەى نەتەوەکان بڕوایەکى کۆنە .
ژمارەى سیانزە لەناو کورد و فارس و تەنانەت لەزۆر وڵات و کولتوورى دیکەشدا بەژمارەیەکى شوم و خراپ دەناسرێت ، بۆ وێنە لەناو کوردا لە کاتى ژماردن کە ژمارەیان دەگاتە دوازدە لەجیاتى سێزدە دەڵێن ( زیادە ) ، لە ئێرانیش تا چەند ساڵ لەمەوبەر خەڵک ڕێگایان نەدەدا ژمارەى 13 لەسەر دەرکى ماڵەکانیان بنووسرێت ، لەجیاتى ئەوە دەیاننووسى ( 1+12) ، هەندێک لە شارەزایان و دیرۆک ناسان ئەم بیروباوەڕە بۆ ئوستورەکانى کۆنى کوردى و ئێرانى دەگێڕنەوە ، چونکە لە کۆنەوە ژمارەکانى 3 و 7 و 13 پیشاندەرى چەمکێکى تایبەتى و دیار بوون و کاریگەرى زۆریان بەسەر ژیانى ڕۆژانەى خەڵکەوە هەبووە ، بەڵام لەناو کوردان ژمارە 13 لەسەرەتاوە مانا شومەکەى نەبووە و تەنانەت بەژمارەیەکى باش و خێردار تۆمار کراوە .
لەناو عەرەب چونکە 13ى هەموو مانگێک بە ( شوم ) دادەنرێ ، بەهەڵە سێزدەهەمین ڕۆژى جەژنى نەورۆزیش بە ( شوم ) دانراوە . تەنانەت لاى مەسیحیەکانیش بەژمارەیەکى شوم دادەنرێت ، ئەو بڕوایە چەوتە بۆتە هۆى ئەوە خەڵک لەو ڕۆژەدا لە ماڵێ وەدەرکەون ، هەتا خۆیان و ماڵ و حاڵیان لە (شومى ) ببوێرن .
سەرچاوە و ڕەسانەیەتى جەژنى سیانزەبەدەر دەگەڕێتەوە بۆ ئاینى زەردەشتى و وشەى جەژن و چەشن لەوشەى ” یەسن ” و ” یەز ” هاتووە و بەماناى پەرستن و پاڕانەوە بۆ ئاهورامەزدا ، پێش هەر شایى و خۆشیەک سەرەتا پاڕانەوە بۆ ئاهورامەزدا ئەنجام دەدەن. ئاینى زەردەشتى دەیان جەژن و بۆنەى وەرزى و مانگى و هەفتانەى هەیە و سیانزەبەدەر یەکێک لە جەژنەکانە بۆچوونى جیاواز لەبارەیەوە هەیە ، لەنەریت و کەلتوورى زەردەشتى و کوردیدا ژمارەى سیانزە ژمارەیەکى نەخوازراوە و سیانزەوەدەر واتا دەرکردنى ژمارەى سیانزە و خەڵک لەو ڕۆژەدا لەناو ماڵ دانانیشن و پێیان وایە دەبێ بۆ دوور بوون لە ڕووداوى نەخوازراو ڕوو لە سروشت بکەن ، هەندێ زمانناس و مێژووناس لەبارەى ئەو جەژنە پێیانوایە ” دەر ” بەماناى دەشت و سروشتە و سیانزەبەدەر واتا ڕۆژى سیانزە بچنە دەر و دەشت .
لە ڕۆژمێرى زەردەشتى دا هەر ڕۆژ لەهەر مانگێک واتایەکى هەیە و ڕۆژى یەکەمى هەر مانگێک ڕۆژى ئورمەزد و ڕۆژى سیانزەیەم ڕۆژى تیرڕۆژە و پەیوەندى بەخواوەندى ( تیر ) هەیە ، تیر لەزمانى ئاڤێستایى تیسەر و هاوناوى تیشتەر خواوەندى بارانە کە هێماى ڕەحمەتى ئاهورامەزدایە ، بۆیە سیازدەمین ڕۆژى بەهار خەڵک ڕوو لە سروشت دەکەن . لەئاینى زەردەشتى دا بۆ ئەوەى تیشتەر خواوەندى باران لەبەرامبەر دێوى وشکەساڵى سەر بکەوێ ، پێویستە خەڵک ڕۆژى سیانزەیەم ڕوو لەسروشت بکەن و دوعاى بارانبارین بخوێنن ، ئێستەش خەڵکى ئێران بەتایبەت هاووڵاتیانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ، لەو ڕۆژەدا دەچنە نێو سروشت و لەناو ماڵ نامێننەوە . بۆ چوونێکى تر لەبارەى سیانزەبەدەر هەیە گوایە گەشت و سەردانى جەمشید شایە لە سیانزەمین ڕۆژى نەورۆز بۆ ناو سروشت کە بە دامەزرێنەرى جەژنى نەورۆز ناسراوە .
کوردانى ڕۆژهەڵات لەڕۆژى سیانزەبەدەر دەچنە ناو سروشت و 13 بەرد فڕێ دەدەن بەماناى دوورکردنەوەى نەهامەتى لەساڵى تازە ، لەو ڕۆژەدا هیچ کەسێک لەماڵ دانانیشێ و هەموان دەچنە ناو سروشت و کەژ و کۆ ، هاووڵاتیان چیمەن و سەزە بەیەکەوە گرێ دەدەن ، زەردەشتیەکان پێیانوایە گرێدانى سەوزە بۆ بەفەرمى ناساندنى هاوسەرگیرى (مەشى و مەشیانە ) یە و تا ئێستەش بووک و زاواکان لە ڕۆژى سیانزەبەدەر چیمەن و سەوزە گرێ دەدەن و پەیمانى هاوسەرگیریان پتەوتر دەکەن .
لەڕێوڕەسمەکانى دیکەى بەهارى نەریتى سیانزەبەدەر بەهۆکارى ڕەخنە کردنى باوەڕى مەسیحیان * لەنێو ئێراندا پێچەوانەى بۆچوونى ئێرانیەکان بەوتەى ئەبوریحانى بیرونى ئێرانیەکان خۆیان ئەم ڕۆژەیان بەپیرۆز دەزانى ، مەسیحیەکان بەڕۆژێکى نەحسیان زانیوە و لەئاکامدا ڕۆژى سێزدە ڕوو دەکەنە دەشت و کێوان و بە داوەرووکان لە سەحرا و باوەشى شیناوەرد و مێرغوزاردا ، ژن و پیاو دەست لەدەستى یەکتر خەریکى شادى و هەڵپەڕکێ دەبن ، تا نەحسى ئەم ڕۆژە لە خۆیان دوور دەکەنەوە . نەورۆز لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بەچوارشەمەسوورە (دوایین چوارشەممەى ساڵ ) لە وەرزى زستان دەست پێدەکات و لە ڕۆژى سیانزەبەدەر کۆتایى بەجەژنەکان دێت .

سەرچاوەکان :
1 – حەبیبەلڵاى تابانى، هاونەتەوەیى کورد و ماد ، وەرگێڕانى : جەلیل گادانى ، چاپ دووەم ، چاپخانەى ڕۆژهەڵات ، هەولێر ، 2010 ، ل 504 .
2 – R.Tahir، نەورۆز جەژنێکى کۆنى کوردەوارى، www.Mediya.net، ل4.
3 – ئیدریس ئەحمەد ، سیانزەوەدەر گەشتى کورد و زەردەشتیەکانە بۆ ناو سروشت ، باسنیور ، 10-4-2014.
* – (15) بەپێى نووسینى محیگ گباگبائى لەڕۆژنامەى پارسى شیراز ژمارەى 288 ڕێکەوتى 12-1-44 لە زمان کەیوان ڕا گێڕاویەتەوە ، هۆى مردنى ئەوان لە ئاکامى خەیانەتى یەهوداى ئەسخەربووتى ، لە حەوارییونى حەزرەتى مەسیحە بەحەزرەتى مەسیح خۆى و لەبەر ئەوە سێزدەمین کەسیش بووە ، بۆتە پەیڕەوى مەسیح ، مەسیحیەکان تێکرا (13) بەنەحس دادەنێن و لە ژماردنیشدا زیاتر دەڵێن و دەنووسن 12+1.(حەبیبوڵڵاى تابانى ، سەرچاوەى پێشوو . )

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕیکانت