جیهاد محەمەد : کتێبی فرەکولتوورخوازی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کتێبی ( فرەکولتوورخوازی ) لە نووسینی زانای کۆمەڵناسی و ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ ( عەلی راتانسی ) و وەگێڕانی بەندە کەوتە بازارەوە .

بۆچی ئەم کتێبە ؟

بۆچی ئەم کتێبەم بۆ وەرگێران بۆسەر زمانی کوردی هه‌ڵبژارد ؟ لەدوای تەواوبوونم لە وەرگێڕان‌ و چاپی یەکەمی کتێبی ( هونەری پەروەردە و فێرکردنی ستەملێکراوان ) ی زانا و فەیلەسوفی بە ناوبانگ ( پاولۆ فرێری )، کە لە چاپی دووەمدا ناونیشانەکەیم گۆڕی بۆ  ( پێداگۆگێی ستەملێکراوان )[1]، بیرم لەوە کردەوە ، کە کتێبێکی‌ دیکە بۆ وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی کوردی هەڵبژێرم ، که نزیک بێت له بابه‌تی پەروەردە و فێربوون ، هه‌روه‌ها نزیک بێت لە زانستی مرۆییەوە ، بەڵکو بتوانم مەڵۆیەک بخه‌مه سەر شارا و خەرمانی شارەزایی‌ و زانینی خوێنەری کورد ، بە تایبەتی خوێندکارە زانکۆییەکان ، دەربارەی ئەو کێشە و گرفتە گەورەیەی ئەمرۆ لەسەر کولتوورخوازی‌ و شوناسخوازی دروستبووە و ململانێیەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینیوە . ململانێکەش لە نێوان دیدگاکانی کۆنزەرڤاتیڤزمی ‌‌و ناسیۆنالیزمی‌ و دینییه‌وه لە لایەک ‌، لە لایەکی دیکەوە لە نێوان چەپگه‌را ‌و لیبراڵیزم‌ و ئازادیخوازان ‌و دیموکراسخوازانەوە ، کە هەریەکەیان بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی جۆرێک لە شوناسخوازی ‌و کولتوورخوازی زەقدەکاتەوە و دەخوازێت بەسەر کۆی کۆمەڵ‌ و کۆمەڵگادا بیسه‌پێنێت .

هەڵبەت ریزبەندیکردنی ئەو ئاراستە بیرییانە لە هەردوو ریزبەندییەکەدا بەو واتایە نایەت ، کە جیاوازی لە نێوان هەر ریزبەندێک لەو ریزبەندییانەدا نییە ، به‌ڵکو بە پێچەوانەوە چۆن جیاوازی لە نێوان هەردوو ریزبەندییەکەدا بوونی هەیە ، بەهەمان شێوە‌ش جیاوازی لە نێوان بیرکردنەوەی هەر یەکێک لەو ریزبەندییانەشدا بوونی هەیە . بەڵام ریزبەندییەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە ، کە لە دوا راڤەکردن ‌و شیکاریدا بیرکردنەوەی هەر یەکە لەوانەی لە ریزبەندییەکدا ناویان هاتووە ، لە زۆر مەسەلە ‌و پرسدا یەکدەگرنەوە و رەگ و ریشەی بیرکردنەوەیان دەچنەوە سەر یەک سەرچاوە ؛ چەپەکان‌ و لیبراڵەکان چەند جیاوازن بەڵام لەسەر مەسەلەی ئازادی تاکەکەس ، تاک گەرایی ، ئازادی رادەربڕین ‌و ئازادییە گشتییەکان یەک دەگرنەوە و دەچنە پاڵ یەکدی ‌و خوازیارن کۆمەڵگا بخەنە سەر ئاراستەیەکی ئاسۆییانە ، هەروەها ئاسۆییانە‌ش دەڕواننە هە‌ر مەسەلەیەک ، که هەوڵدانییان بۆ بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵاتەکان ‌و لە یەکتری جیاکردنەوەیانە ، هەروەها بە ئۆرگانیکی کارکردن ‌و بە مەدەنییکردنی کۆمەڵگا کارێکی هه‌ره‌وه‌زیی بەسوودە لایان ، بۆ فێربوون و پەروەردەش بڕوایان بە کاری هه‌ره‌وه‌زییه . شوناسخوازی‌ و کولتوورخوازی لای لیبراڵەکان‌ و چەپەکان ، له‌به‌رئه‌وه‌ی بنەماکەی لەسەر نێوەندیبوونی مرۆڤ پێکهاتووە ، بۆیه تاک ‌و خودی تاکەکان ون ناکات ‌و نایانسڕێتەوە ؛ بەردەوام لە کارە هه‌ره‌وه‌زییه‌کانیاندا تاک نێوەندە . لە بەرامبەردا کۆنزەرڤاتیڤەکان‌ و ناسیۆنالیستەکان ‌و دینییەکان لە مەسەلەی شوناسخوازی‌ و کولتوورخوازی‌ و ئاراستە بیرییەکانیاندا زۆر لە یەکترییەوە نزیکن ؛ پێ لەسەر کولتووری تایبەتی ‌و شوناسی تایبەتی بە جۆرێک دادەگرن ، کە کۆمەڵگا لەسەر شێوەی ستوونی دابەش بکرێت‌ و زۆر جار شکۆمەندی ‌و مافی تاک‌ و تاکگەرایی کاڵ بکرێته‌وه .

ریزبەندی دووەم ، واتە چەپەکان ‌و لیبراڵەکان ، ئازادییەکان دەکەن بە بنەمای کولتوورخوازی ‌و دیموکراتیخوازی‌ و دژی دابەشکردنی کۆمەڵگان ، که لەسەر شێوەی ستوونی بێت . لەگەڵ ئەوەی بڕوایان بە تایبەتمەندیی شوناسخوازی‌ و کولتوورخوازی هەیە ، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کار لەسەر ئەوە دەکەن ، کە دیالۆگی فره‌وان ‌و یەکسان‌ و قووڵ هەبێت لە نێوان شوناسخوازەکان ‌و کولتوورخوازەکاندا . ئەمەش بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئاسۆییانە بڕوانێت ‌و کار بکات‌ و هەنگاو به‌ره‌و پێشەوە بنێت ، واتە دژی هەموو جیاکاری ‌و رەگەزپەرستی‌ و هەڵاوێردییەکن ؛ دژی ئەوەن بە ناوی کولتوورخوازیی دینیی ، یان کولتوورخوازی نەتەوەیی ، جیاکاری ‌و جیاوازی بکەن . کۆنزەرڤاتیڤەکان ‌و ناسیۆنالیستەکان ‌و دینییەکان چەند دژی جیاکاری‌ و رەگەزپەرستی بن لە دوا جاردا دیسان هه‌ر دەگەڕێنەوە سەر هەمان بەزم و رەزم ، چونکە رەگی بیرکردنەوەیان جۆرێکه کە لەسەر باڵادەستیی‌ کولتوور‌‌ پێکهاتووە ، واتە کولتوورخوازی‌ لە لایان دەگاتە ئاستێک ، کە مافی تاک‌ و رەگەز‌ و گروپە جیاوازەکان پێشێل بکات . ناسیۆنالیستەکان زۆر جار بە ناوی نەتەوەییەوە مافی تاک و تاکگەرایی ‌و ئازادیی تاک پێشێل دەکەن ‌؛ هەموو تاکەکانی نێو کۆمەڵگا لە بۆتەی کولتوورخوازیی‌ و شوناسخوازیی نەتەوەییدا دەتوێننەوە ؛ دینییەکانیش بە هەمان شێوە مافی تاک و تاکگەرایی‌ و ئازادییە کەسییەکان پێشێل دەکەن ‌؛ هەوڵدەدەن هەموو کۆمەڵگا لە بۆتەی کولتوور و شوناسی ئاینییدا بتوێننەوە ؛ کۆنزەرفاتیڤەکانیش بە ناوی نیشتیمانیی‌ و رەهەندە نیشتیمانییەکانەوە زۆر جار شکۆمەندی تاک‌ و مافی تاک و تاکگەرایی‌ گوم دەکەن .

نووسەری ئه‌م کتێبە ( عەلی راتانسی ) ، زۆر بە وردی ‌و بە دووربینییەکی مرۆڤدۆستانە و زانستییانە و ئەکادیمییانە و بێ لایەنانە ، هەوڵیداوە لێکدانەوە بکات‌ و شرۆڤە‌ی ئەو جۆره بابەتە ئالۆزانە بکات ، که کولتوورخوازی ‌و شوناسخوازی دەیانگرێتەوە ، هه‌وڵیداوه بە لێکدانەوەی ئاوه‌ز‌گه‌رایی‌ و له هه‌مان کاتدا لەسەر بنەمای زانستی‌ و سیاسی‌ و ئابووری ‌و کۆمه‌ڵایه‌تی باس له چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بکات ؛ بە راشکاوانە و بێ دوودڵیی ، وەڵامی دەیان پرسیاری ئاوەزیی داوەتەوە ؛ چارەسەری بۆ هەموو مەسەلەکان خستۆتە بەرچاو . هەڵبەت بە پشتیوانی ‌و لەسەر بنەمای زۆربەی دراسەکانی توێژەر و لێکۆڵەرە کۆمەڵناسەکان‌ و مرۆڤناسەکان ‌و زانا سیاسییەکان ئەم کارەی ئەنجامداوە . هیچ وەڵامێک‌ و قسەیەکی لە خۆوە نەکردووە . بۆ دەربڕینی هه‌ر رایەک ، یان وەڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر پرسیارێک ، ئاماژەی بە قسەی زاناکان داوە ؛ زۆر بە وردی پەنجەی خستۆتە سەر کێشە و گرفتەکانی شوناسخوازی ‌و کولتوورخوازی لە ئەوروپادا، بە تایبەت لە بریتانیا ‌و فەڕەنسا و هۆڵه‌ندا و ئەمەریکادا ، که دەیان نموونەی زیندووی هێناوەتەوە و زۆر بێ لایەنانە ، بێ ئەوەی بەلای هیچ لایەنێکدا دایبتاشێت ، قسەی خۆی کردووە . بۆ نموونە وەڵامی دەیان پرسیاری لەمانەی خوارەوە‌ی داوەتەوە :

– ئایا فرەکولتوورخوازی لە کۆمەڵگا و نیشتیمانێکدا زیانبەخشە بۆ ژن‌ و پرسی ژن ؟

– ئایا تاک ، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، ئەگەر زۆر بە تواناش بێت ، دەتوانێت وەک خۆی واتای ژیانمان پێ بدات ؟

– ئایا نیشتیمانییبوون ئەوەیە ، کە تاک‌ و رۆڵی تاک و داهێنانەکانی و بەرهەمەکانی قووت بدات ‌و لە خۆیدا بیتوێنێتەوە ، واتە بە ناوی نیشتیمانییبوونەوە دەسەڵاتی سیاسیی و پرۆسەی سیاسیی دەبێت ئازادی و حەزەکانی تاک دەبێت پێشێلبکات ؟

– ئایا کاری هه‌ره‌وه‌زی‌ و هاریکاریی یه‌کترکردن ‌و کارکردنی ئۆرگانییانە بەو واتایە دێت، کە تاک هیچ رۆڵێکی کەسیی نەمێنێت ‌و هەموو توانای تاکەکان لەو هه‌ره‌وه‌زییه‌دا ، یان لەو ئۆرگانییەدا قەتیس بمێنێت ؟

– ئایا هیچ کولتوورێکی کۆمەڵایەتی گشتی لە جیهاندا هه‌یه‌ ، لە سەرووی کولتوور‌ه‌ کۆمەڵایەتییە بچکۆلەکانی دیکەوه بێت ؟

– ئایا هەموو دەستکەوتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی تەنها بۆ مرۆڤه رۆژئاواییەکان دەگەڕێتەوە ؟

– ئایا چەمکی دیموکراسی‌ و ئازادیخوازی‌ و تۆلێرانس ‌و مافی مرۆڤ‌ و پێکەوە ژیان‌ و هاووڵاتییبوون ، بەرهەمی مرۆڤه‌کانی رۆژئاوان‌ و هیچ کولتوور‌ێکی دیکە نه‌بووه لە جیهاندا ، که بەشداریی لە بەرهەمهێنانیاندا کردبێت ؟

– ئایا کولتوورخوازیی ئیسلامییەکان ‌و کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە بونیاد دواکەوتوون‌ و ئەوە چارەنووسیانە ‌، واتە هەتا ماون دەبێت لە جێگای خۆیاندا داخراو و خنکێنراو بن ؟

خوێنه‌ری به‌ڕێز .. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا بە توێژینەوەیەک لە چوارچێوەی فرەکولتوورخوازیدا چاوی داوەتە سەر ئەوروپای رۆژئاوا ، کە تیایاندا هاوسەنگی لە نێوان کولتوورەکاندا بووە بە دەستووری دیموکراسییانە و سیاسەتی دەوڵەتەکانیان .

وەرگێڕانی ئه‌م کتێبه لای من بۆ سەر زمانی کوردی بەو مەبەستە بوو ، کە خوێنەری کورد شارەزایی‌ بۆ پەیدا بێت لەسەر ئاستی راگرتنی هاوسەنگی له نێوان کولتوورە جۆراوجۆره‌کاندا ، که  بە شێوازێکی دیموکراسییانە و ئازادانە بگوزەرێت .

ئەو هاوسەنگییەش :

یەکەم : لەسەر تیۆری سیاسەت ‌و جیهانبینیی دیموکراسییانەی حوکمڕانەکان رابوەستێت ، کە بەرپرسیاریی چۆنێتی هاوسەنگی له نێوان کولتوورەکاندا بپارێزێت ، هەروەها رۆڵی سەرەکی تاک ‌و مافی تاک لە چوارچێوەی ئازادی‌ و دیموکراسییدا نیشان بدات ‌.

دووەم : بکەوێتە نێو بواری زانستی کۆمەڵناسی ‌و توێژینەوە سیاسییەکانه‌وه ‌و کار لەسەر سروشتی پەیوەستبوونی رەگەزیی ‌و پەیوەستبوونی کۆمەڵەکانی نێو کۆمەڵگا گشتییەکاندا بکات ، واتە هەموو پەیوەستبوون ‌و خواستەکان بپارێزێت ، که لەسەر ئەو نیشانە ‌و مۆرکە کردەییانەی لە ئەنجامی کارلێکردنی نێوان کۆمەڵە رەگەزییەکانەوە دەرکەوتوون ، کە رەنگە هەندێک لە پەیوەستبوونی رەگەزیی ‌و نەتەوەیی تەنها بە هاوسەنگیی کولتوورەکان تێر نەبن ، بەڵکو پێویستییان بە جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەیە . بۆ نموونە : نەتەوەی کورد لە عێراق ‌و ئێران‌ و تورکیا‌ و سوریا ، رەنگە تەنها بە هاوسەنگیی  کولتوورەکان کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت ، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانیان خوازیاری دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بن ، کە ئەمەش مافێکی دیموکراسی ‌و سیاسییە بۆ هەر نەتەوەیەک .

خوێنەری بەڕێز ، من لێره‌دا نامەوێت زیاتر بچمە نێو کڕۆکی کتێبەکەوە ، چونکه وا‌ی به باشتر ده‌زانم ، که بۆ تۆی به‌ڕێزی بەجێبهێڵم . بەڵام پێمخۆشە لەم پێشەکییەدا هەندێک بۆچوونەکانی هاوڕێی به‌ڕێزم ( تاریق هێدی ) بخه‌مه روو [2].

لەسەر کێشەکانی تێکەڵاوبوون ئەم دە خاڵەی دەستنیشان کردووە :

لە کێشەکانی تێکەڵاوبوون ئنتەگرەیشن (Integration)-ی بێگانە لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ” مەبەست لە وشەی ئنتەگرەیشن ، واتە خۆگونجاندن ، تێکەڵاوبوون ، یاخود ئاوێتەبوونی کەمینەی بێگانەیە لە زۆرینەی کۆمەڵگادا . ئەم پرۆسەیەش زیاتر تایبەتە بەو کۆمەڵگانەی ، کە بە فرەکولتووری ناوەزەد دەکرێن‌ و لە وڵاتانی دیکەوە خەڵکیی کۆچی بۆ دەکەن بە مەبەستی نیشتەجێبوون . لێرەدا بە کۆنکرێتی ئاماژە بە چەند خاڵێکی دیاریکراو لە کێشەکانی ئەم پرۆسەیە دەکرێت :

1 – فێرنەبوونی زمان : بە تایبەت خوێندنەوە و نووسین ، نەک تەنها فێربوونی ئەوەی پێی دەڵێن زمانی شه‌قام .

2 – خۆ نەگونجاندن لەگەڵ کولتووری بەرامبەردا و لێڕوانین بە چاوی گومانەوە ‌و خۆجیاکردنەوە و نیشتەجێبوون لە گەڕەکی تایبه‌تدا، که پێی بگوترێت گه‌ڕه‌کی بێگانەکان .

3 – لە بەدەستهێنانی هەر دەستکەوتێکی ماددیدا ، پەنابردنە بەر ( ئیشی رەش )‌[3] و خۆدزینه‌وه  لە دانی (باج) .

4 – پەنابردنە ‌بەر خۆنەخۆشخستن‌ و وەرگرتنی مۆڵەتی نه‌خۆشیی درێژخایه‌ن‌ و لە دواجاردا به هۆیه‌وه خۆخانەنشینکردن . هاوکات کارکردن به دزییه‌وه‌و به رێگای نایاسایی .

5 – قەدەغەکردنی کچ ‌و کوڕان لە تێکەڵبوون به کولتووری بەرامبەر ، بە جۆرێک ، که هه‌ندێکجار بگاته راده‌یه‌ک ، که کچان قەدەغە بکرێن لە وەرزشکردن ، مەلەکردن ، گەشتکردن ، میوانداریکردن و … هتد .

6 – تەماشاکردنی وڵاتی نیشتەجێ وەک نیشتمانێک بۆ کۆکردنەوەی پارە و دەستکەوتی تایبەتی‌، هاوکات نەبوونی هیچ دڵسۆزی‌ بۆ ئەو وڵاته‌ی تیادا ده‌ژی .

7 – روانینە ئەو وڵاتانە وەک دەروازەیەک بۆ حەوانەوە‌ی کاتیی ، نەک به‌رده‌وامبوون له ژیان تیایدا.

8 – فێڵکردن لە سیستمی خۆشگوزەرانیی وڵات . بۆ نموونە ژن ‌و مێرد به دەوڵەت بڵین وه‌ک جیابووینەتەوە ته‌نها بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ی ، که له یه‌ک کاتدا دوو کرێی شوێنی نیشتەجێبوونیان له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه وەربگرن‌ و لێیه‌وه ده‌ستکه‌وتی ماددییان زیاتر بێت .

9 – تووندوتیژی به‌کارهێنانی دایک ‌و باوکان به‌رامبه‌ر به منداڵەکانیان ، به جۆرێک ، که زۆرجار بگاتە ئەو ئاسته‌ی ، که رێکخراوەکانی منداڵپارێزیی منداڵه‌کان له دایک‌ و باوکانیان دابڕن ‌و له ژێر چاودێریی ده‌وڵه‌تدا ، یان خێزانی ‌دیکەدا به‌خێویان بکه‌ن .

10 – زۆر لە بێگانە‌کان له جۆره کولتوورێکه‌وه رۆیشتوون بۆ وڵاتانی رۆژئاوا ، که له بناغەدا بە جۆرێکی وا پەروەردە بوون ، که ته‌واو جیاواز بێت له کولتووری رۆژئاوایی . ئیتر ئاماده‌ییان تیادا نه‌بێت ، که به شێوازی کولتووری رۆژئاوایی له وڵاتی رۆژئاواییدا ژیان به‌رنه سه‌ر .

تێبینی : جێی باسه ، به بۆچوونی تاریق هادی ، ئه‌وه‌ی خراوه‌ته روو ئه‌وه‌یه که زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا سیاسەت ‌و پلانی فر‌ه‌وانی تایبه‌ت به خۆیان هەیە سه‌باره‌ت به تێکەڵکردنی بێگانەکان ،‌ به واتای تێکه‌ڵکردنی فه‌رهه‌نگی (integration) دێت ، نه‌ک به واتای تواندنه‌‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی (Cultural assimilation)، له نێو کۆمه‌ڵگاکانی خۆیاندا .

[1] لەسەر داوای کاک یاسین عومەر ئەم ناونیشانەم گۆڕی.

[2] (تاریق هێدی) کوردی کوردستانی باشوورە ، ئێستا نیشتەجێی شاری ( بێرگن ) ە لە نەرویج . ئەم بەڕێزە شارەزا و پسپۆڕە لە بواری پێداگۆگی ‌و زمانناسیی ، مامۆستای تایبەتە بە بواری بێگانە لە کولتووری نەرویجدا ، لە قوتابخانەکانی قۆناغی سەرەتایی‌ و نێوەندی ‌و ئامادەیی ، تا دەگاتە زانکۆ مامۆستایەتیی کردووە و وانەی وتووەتەوە . کەسایەتییەکی شارەزایە لە مەسەلەی پێکەوەژیان‌ و پێکەوە هەڵکردنی کولتوورە جۆربەجۆرەکاندا .

[3] (ئیش رەش) ، بەو ئیشە دەوترێت کە ناچێتە ناو سیستمی ئیشکردنەوە ، واتە ئیشەکە نافەرمییە . ئەم جۆڕە لە ئیشکردن ئەو کەسانە دەیکەن ، کە خۆیان دەدزنەوە لە پێدانی باج . هیچ ئیشێکی فەڕمیی ‌و سیستماتیک نییە لە ئەوروپادا بە بێ باج دان . هەرچ ئیشێک لە دەرەوەی باجدان کرا پێی دەوترێت ئیشی رەش ‌.

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم پەرتوکە دەگات بە هاوڕێکانت