پێشڕەو ئیسماعیل : کاریگه‌ری ئیسلام و جوله‌که‌ له‌سه‌ر یه‌کتری  ـ  بەشی دوهەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

چوار خه‌لیفه‌که‌ی په‌یامبه‌ر‌ و ئومەویەکان

سەدەی هەشتەم ، کاتێك کە ئیسلام و قورئان لە قۆناغی سەرەتاییاندا بون ، موسوڵمانەکان پەنایان دەبردە بەر جولەکەکان بۆ لێکدانەوەی ماناکانی قورئان و تەفسیری قورئان . هەر بۆیە جولەکەکان پایەیەکی تایبەتیان لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەبوو . ئەوان تەنها کۆمەڵگایەك بون کە ئایینی یەکخواییان ( مۆنۆتیزم ) هەبوو هەر بۆیە لەو بوارەدا خاوەندی کولتور و ئەدەبیاتی دەوڵەمەند بوون . لە سەرەتادا تەنها ئەوان دەیانتوانی لێکدانەوە بۆ قورئان بکەن و ڕونکردنەوەیان سەبارەت بە یەکخوایی لەناو ئیسلام دەدا و لە مانای ( لا الە الا اللە ) قوڵ دەبونەوە . ئایینناسە جولەکەکان بوبونە توێژێكی ناموسوڵمان لە کۆمەڵگای ئیسلام کە لێکدانەوەی قورئانیان کردبووە تایبەتمەندیەك بە خۆیانەوە . ئیبن ئیسحاق یەکێك بوو لە کەسە دیارەکانی جولەکە کە ساڵانێکی دورودرێژ لێکدانەوەی بۆ قورئان دەکرد . تەواوی ئەو سەردەمانەش بە جولەکەیی مایەوە و تەنها لە ساڵانی نزیك بە کۆتایی ژیانی هاتە سەر ئایینی ئیسلام . زۆربەی کارەکانی ئیبن ئیسحاق ناڕەوا و بە مەبەست خراونەتە پاڵ کەسانی تر . ئەوەش بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیەی کە جولەکەکان لە لێکدانەوەی قورئان دا دەسپێشکەر و پێشڕەوی موسوڵمانان بون .

یەکەمین قۆناغی داگیرکاری لەشکری موسوڵمانان بە مۆرکی عەرەبیەوە بوو نەك ئیسلامی . لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا دەسەڵاتی بێزەنتیەکان و فارس و شارستانی ئەوان و شارستانی دێرین بونی هەبوو .  پەلامار و داگیرکاریەکان بە مۆرکی کۆچەری و خێڵەکیانەوە ئەو شارستانیانەی لەناوبرد . لەبەرامبەر ئەوەدا نەیتوانی ڕاستەوخۆ شارستانیەکی تری لەجێگادا دابنێتەوە . ئەوەش بەمەبەست ئەنجام درا ، چونکە  فەرماندە و سەرانی موسوڵمانان نەیاندەویست ئیسلام و بنەماکانی تێکەڵ بە شارستانیەکانی تر ببێت . پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان و کریستیانەکان هاتنە سەر ئایینی ئیسلام ئیتر نەدەکرا ئەو گۆشەگیریە و پاراستنەی ئیسلام لە کاریگەری شارستانیەکانی تر ڕێگری لێ بکرێت .

بڵاوبونەوە و گەشەی ئیسلام کاریگەری هەمەجۆرە و گەورەی بۆ سەر ژیان و ئایین و سیستەمی بەیەکەوە ژیانی جولەکەکان هەبو . جولەکەکان بە هۆی ئایینی ئیسلامەوە بە گشتی کەوتنە سنوری وڵاتێك و دەوڵەتێکەوەو لەو ڕێگایەشەوە پاش دابڕانێکی زۆر یەکخرانەوە . جولەکەکانی شام ( سوریا ، لوبنان ، فەلەستین و ئوردن) و میسر لە لایەن موسوڵمانانەوە باشتر مامەڵە دەکران . مامەڵەی موسوڵمانان بە پێچەوانەی مامەڵەی خراپی بێزەنتیەکان و تەواوی کریستیانەکان لەسەردەمی دەسەڵاتیان دا جۆرە متمانەیەکی لە نێوان موسوڵمانان و جولەکەکان دروست کردبو . لە سەردەمی دەسەڵاتی موسوڵمانان لە وڵاتی شام کریستیانەکان لە لایەن فەرماندە و سەرانی موسوڵماناوە وەکو ئەهل کیتاب مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا بەڵام لە لایەن کۆمەڵگای موسوڵمانانەوە بە پێچەوانەی مامەڵەی باشیان لەگەڵ جولەکەکان خراپ مامەڵەی کریستیانەکان دەکرا . کریستیانەکان وەکو لایەنگرانی بێزەنتیەکان و کۆڵۆنی پێنجەمی بێزەنتیەکان تێیان دەڕوانرا . هەر ئەو مامەڵە خراپەی موسوڵمانان بوو کە هۆکار بو بۆئەوەی کریستیانەکان ناچاربن بە لێشاو بێنە ناو ئایینی ئیسلامەوە . لە لایەکی ترەوە جولەکەکان تاقیکردنەوەیەکی دێرینیان هەبوو لە مامەڵەیان دا وەکو کەمایەتی بە پیجەوانەی کریستیانەکان کە چەندین سەدە لەو ناوچانەدا دەسەڵاتدار و زۆرینە بوون . هاوتەریب لەگەڵ مامەڵەی باشی موسوڵمانان بەرامبەر جولەکە بە شێوازی جیاواز گوشارێکی زۆر دەخرایە سەر ئەو جولەکانەی کە زمانی عەرەبیان نەدەزانی بۆ فێربون و دوان بەو زمانە و تواندنەوەیان لە کۆمەڵگای عەرەبی ئیسلامی دا .

جولەکەکان لە دەوڵەتی ئیسلامی دا تەنها لەسەدا یەکی دانشتوانیان پێك دەهێنا بەڵام لەسەدا نەوەدی جولەکەکان لەو دەوڵەتەدا کۆبوبونەوە . پێش هاتنی ئیسلام بۆ وڵاتی شام زۆر لە جولەکەکان بە هۆی مامەڵەی خراپی کریستیانەکان و دەسەڵاتدارانی بێزەنتی لە گوندەکان دەژیان و لەلایەن ئاغا و خانە ناوچەییەکانەوە دەپارێزران . کاتێك ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر رکێفی دەوڵەتی ئیسلامی ئیتر لە لایەن خودی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسلامیەوە دەپارێزران . هەر بۆیە لەگەڵ سەقامگیربونی دەوڵەتی ئیسلامی ئیتر بۆ جولەکەکان دەرگای شار و شارۆچکەکان واڵا بوو کە ئازادانە  هاتوچۆی بۆ بکەن یان تیایدا نیشتەجێ بن و پیشە و بازرگانی تیا ئەنجام بدەن . دەسەڵاتدارانی ئیسلام سیستەمی ( زمە ) یان پەیڕەو دەکرد بۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ناموسوڵمانی ناو سنوری دەوڵەتی ئیسلامی کە پێیان دەوترا ئەهلی زمە ( اهل الذمة ) . جولەکەکانیش وەك ئەهلی کتێب سودمەند بون لە سیستەمی زمە . کە بریتی بوولە وەرگرتنی باجێکی تایبەت و زیاتر لێیان لە بەرامبەر پاراستنیان و ڕیگا پێدانیان بۆ پەیڕەوی ئایینەکەی خۆیان .

سەرباری کارکردن بە سیستەمی زمە ، کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارانی ئیسلام لە چاوەڕوانی و هەوڵی ئەوەدا بون کە ناموسوڵمانەکان بێنە سەر ئایینی ئیسلام . ئایینی ئیسلام هەمیشە بە دوا ئایین و بەرزترین ئایینە ئاسمانیەکان تێی دەڕوانرا . دێرینترین سیستەمی زمە دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی دوهەمین خەلیفەی ئیسلام عومەر کوڕی ئەبو خەتاب و بە ( پەیمانی عومەر ) ناسراوە . یەکەمین پرینسیپەکانی ئەو پەیمانە بریتی بو لەوەی کە کڵێسا و سیناگۆگەکان ڕێگا پێدراون بمێننەوە ، بەڵام ڕێگا بەوە نادرێت کە کڵێساو سیناگۆگی نوێ بنیات بنرێن و ڕێگا پێدراو نیە کە کۆن و داڕماوەکان نوێژەن بکرێنەوە . ئەهلی زمە جگە لەوەی کە باجێکی تایبەت و زیاتریان دەدا ، دەبوایە جۆرێکی تایبەتی جلوبەرگ بپۆشن بەو مەبەستەی لە موسوڵمانان جیابکرێنەوە ، تەنانەت لە حەمامەکانیشدا دەبوایە ئەوە پەیڕەو بکەن . مافی ئەوەیان نەبوو چەکدار بن . مافی سوکایەتی پێکردن و ڕەخنەگرتنیان لە ئایینی ئیسلام نەبوو . بۆیان نەبو لەگەڵ ژنانی موسوڵماندا هاوسەرگیری بکەن . 

عەباسیەکان

سەردەمی عەباسیەکان سەردەمی گەشەی کولتوری و ڕۆشنبیری دونیای ئیسلام بو. هەڵبژاردنی بەغدا وەکو پایتەختی عەباسیەکان لە سوودی جولەکەکان بوو کە ژمارەیەکی زۆریان لە بابل ، نزیك بە بەغدا دەژیان . ئێکسیلارچ نازناوی ڕابەری دونیایی جولەکەکانی تاراوگە بوو لە بابل . ئێکسیلارچ لە بوارەکانی کاروباری دونیاییان دا ڕابەر و نوێنەر و دەمڕاستیان بو لە بەغدا و لە ناو دەوڵەتی ئیسلامدا . گاۆۆن ڕابەری ئایینیان بوو . لە هەمانکاتدا بە کرداری و لە ژیانی کۆمەڵگای جولەکەدا گائۆن پایە و ڕۆڵی گرنگتری هەبو لە ئێکسیلارچ . گاۆۆنیش لە لای خۆیەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوو بە خەلیفەی عەباسیەکانەوە لە بەغدا . ئەو پەیوەندیە ڕاستەوخۆیەش بنەمایەکی تایبەت و بەهێزی پێدابو لەناو کۆمەڵگای جولەکەکانی تەواوی دەوڵەتی ئیسلامی .

بە هۆی کاریگەری و وەرگرتنی کولتور و فەلسەفەی گریکی کە هێشتا لە سوریا مابۆوە ، هەروەها وەرگرتن و چونە ژێر کاریگەری حیکمەی فارسی گۆڕانکاری و بەرەوپێشەوە چونی گەورە لە بواری لێکدانەوەی ئایینی ئیسلامی ڕویدا و سەرەتایەکی گرنگ بۆ بنیاتنانێك بۆ تیۆلۆژی ئیسلامی دانرا . ئەگەرچی لە قۆناغێکی سەرەتایی و زانستێکی سادەیا بوو . لە هەمانکاتا بریتی بو لە شێوازێکی ژیان و ئێتیك . فەلسەفەی بونی خوا و چارەنوسدیاری کە لە ژێرکاریگەری هێلێنیزم سەریهەڵدا و لایەنێکی گرنگی ئەو تیۆلۆژیە بوو . ئەم تێڕوانینە نوێیانە بە ڕۆڵی خۆیان کاریگەری گەورەیان کردە سەر سێ شەپۆلی فەلسەفی و تیۆلۆژی جولەکە .

شەپۆلی یەکەمیان شەپۆلی ئەقڵانی بیرئازاد بو کە کاریگەری گەورەی موعتەزیلەی ئیسلامی بەخۆوە بینی . ئەم شەپۆلە بیرمەندیە تێڕوانینی کلاسیکیان سەبارەت بە خوا و ئافەریدەکردن دەخستە دواوە و پرسیاری ڕەخنەگرانەیان لەو بوارەدا دەخستە ڕو . هیڤی بالچی هەوڵی دەدا گەورەیی خوا بخاتە ژێر پرسیارەوە و نکۆڵی لە بونی بکات . کتێبێکی پێکهاتو لە دووسەد پرسیاری سەبارەت بە تەورات نوسی . بالچی لایەنگرێکی زۆری لەخۆکۆکردەوە و کەوتە ناکۆکی لەگەڵ گاۆۆن .

شەپۆلی دوهەم : کاراییتەکان بون ئەمانە سەر بە دەستەی ئێکسیلارچ بون . ئەمان ناتەبا و بێباوەر بون بە جولەکە ئەرتۆدۆکسەکان . دەیانەویست بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە بنەڕەتیەکان ، واتە بایبڵی جولەکەکان . دەیانەویست بە شێوازێکی پیتی پەیڕەوی بکەن و وەکو تەنها سەرچاوە بەکاریبهێنن بۆ هەلەخا ( هەلەخا هاوشێوەی شەریعەیە لە ئیسلامدا ) . ئەم شەپۆلە لەژێر کاریگەری پیتیەکانی ئیسلام  ( الحرفیین ) دروست بون . تاکو ئێستاش ئەو قوتابخانەیە لە بەشێك لە جیهانی ئیسلام دا باڵادەستن کە دەیانەوێت قورئان و حەدیسی پەیامبەری ئیسلام بە شێوازی پیتی لێکبدەنەوە و پیادەی بکەن کە بە پێچەوانەی ناوەرۆکیەکانن ( الباطنیین ) .

شەپۆلی سێهەم : ڕابانیم بوو کە لەلایەن سادیە گاۆۆن بنیاتنرا . ئەمەش کاردانەوەیەك بو لەسەر دوو شەپۆلی ناوبراو . ڕابانیمەکان گەلێك بابەتی ئیسلامیان بردە ناو پەیڕەوەکانیانەوە . دەکرێت تێروانینەکانیان بە سیکۆلاستیك بەراوارد بکرێت ( سکۆلاستیك ، بریتی بو لە ئەو شەپۆلە بیریەی کە هەوڵی دەدا ئایینی کریستیانەکان و فەلسەفەی کۆنی گریکیەکان بەیەکەوە بگونجێنێت ) . ڕابانیمەکان خۆیان سەرقاڵی گریمان گەلێك دەکرد کە بونیان لە ژیان و واقیع و دەوروبەردا نەبوو . ئەم پەیرەوەش ئەنجامی کاریگەری ڕەوتی پێنوسیی ئیسلامی ( القلم ) سەریهەڵدا ، کە بریتی بو لە دیالۆگی نێوان فەلسەفە و لاهوتی ئیسلامی کە بەهۆی کراوەیی عەباسیەکانەوە لە ئاستێکی قوڵ و فراواندا ئەنجام دەدرا .

کاریگەری ئیسلام لە بوارەکانی تیۆلۆگی ، زمان و ڕێزمان و فەلسەفە و ئەدەبی جولەکەدا ڕەنگی دابۆوە . لە ئایینناسی جولەکە و تیۆلۆگیاندا مۆرکیکی کرداریانەی پێوە دیاربو . سادیە گاۆۆن چەندین مەسەلەی لە ( تەناخ ) ی جولەکەکان هەڵبژاراد و لێکدانەوەی بۆ کردن و ناوی لێنان ( لێکدانەوەکان ) . ( تەناخ ، کتێبی پیرۆزی جولەکەکانە کە کریستیانەکان پێی دەڵێن تەوراتی عیبری و دوای ھەندێ گۆڕانکاری و زیاکاری تیاکردن بە ناوی ( پەیمانی کۆن ) هێنراوەتە ناو ئینجیلەوە و لە سێ بەش پێکهاتووە  : تۆرا ،” فەرمانەکان ” ، نێڤیم ” کتێبی پەیامبەران ،” کێتۆڤیم ‘ ‘نوسراوەکان ”. )

بەشێکی زۆر لە نوسینەکان بە پیتی جو ـ عەرەبی دەنوسران واتە بە زمانی عەرەبی و پیتی عیبری . ئەو شێوازی نوسینەی کە جولەکەکانی وڵاتانی عەرەبی تا بەجێهێشتنی ئەو وڵاتانە بۆ ئیسرائیل بەکاریان دەهێنا . لە هەلەخا و لە بابەتەکانی پەیوەست بە حەڵاڵ و حەرام ووشەی ئیسلامی الفقە بەکاردەهێنرا بۆ دانانی یاساکانی ئایینی جولەکە .

لە ڕێزماندا بنەمای سیستەمی ڕەگی زمانی عەرەبی ( الجذر ) بەکاردەهێنرا ، تاکو ئێستاش لە ڕێزمانی عیبریدا ڕەگی ( قتل ) وەکو لاسایی و وەرگیراوەیەك لە ( فعل) ی عەرەبیەوە بەکاردەهێنرێت.

لە ئەدەب و شیعری ئیسلامیدا کە تاکو سەردەمی گەشەی عەباسیەکان مۆرکێکی ئایینی پێوە بوو ، گۆڕا بۆ ئەدەبێکی سیکولارب. ئەم گۆرانکاریەش گوێزرایەوە ناو شیعر و ئەدەبی جولەکەب. تەنانەت بابەتە شیعریەکانی جولەکە بووە هەمان بابەتی سەردەمی شاعیرە موسوڵمانەکان لەناویاندا شەراب و نێربازی کە یەکێك لە بابەتە باوەکانی شاعیرانی عەرەبی زوبانی ئەو سەردەمە بونب.

کۆتایی بەشی دوهەم

بەشی سێهەم

–  له‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و قۆناغی گه‌شه‌داری ئه‌نده‌لوس

–  عوسمانیه‌کان

ـ  دەرئەنجام

سه‌چاوه‌ کوردی و عه‌ره‌بیه‌کان

ـ  فصول من تاريخ الإسلام السياسي ، هادی العلوی نیقوسیا ،١٩٩٥

ـ  علی ابراهیم حسن ، التاریخ الاسلامی العام ، القاهرة ، ٢٠٠٥

ـ  مەریوان هەڵەبجەیی ، سێکس و شه‌رع و ژن له‌ مێژووی ئیسلام دا ، ٢٠٠٥

سه‌رچاوه‌ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندیه‌کان

– David Biale (ed.), Cultures of the Jews, New York, 2002, 1196 p.

-Tilman Nagel, Geschichte der islamischen Theologie. Von Mohammed bis zur Gegenwart, München, 1994, 269 p.

– A. van der Heide, Jodendom, Kampen, 2006, 190 p. 

– Emilio Platti, Christendom en islam, syllabus bij het vak christendom en islam, Leuven, 2004-2005, 157 p.                

– Ibn Ishaak, Het leven van Mohammed, Amsterdam, 2000, 288 p.

– R. Detrez, ‘Het Osmaanse millet-systeem’, in: R. Detrez en J. Blommaert (eds.), Nationalisme. Kritische opstellen, Berchem, 1994, pp. 290-303.

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت