Obama-Erdogan

عیماد عەلی : ئەمریکا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەڵتەرناتیڤی تورکیادا بکات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر مانەوەی پەیوەندی توندوڵی ئەمریکا بە تورکیاوە لەبەر هەندێک فاکتەری تایبەتی خۆی و ناوچەکە و پێویستیەکانی شەری ساردبون ، ئەمرۆ ئەو هۆاکرانە وەک خۆی نەمانەوەتەوە ، یان ئەوەتا پێویستیەکانی مانەوەی خۆی لەم ناوچەیە و زەرورەتی پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ هەندێک دەوڵەتی وەک تورکیای لەناوچەکە لەدوورەوە دابین کردووە ، بۆ دەکرێت بڵێین ، ئەمریکا دەتوانێت تورکیا پشتگوێ بخات ، نەک لەبەر خاتری کورد وەک هەندێک کەس دەڵێن ، بەڵکو لەبەر گۆرانکاری لەسیاسەتی ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکەدا لە هەموو بوارەکاندا بەگشتی و بەپێی ئەو کۆرانکاریە ریشەییەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا بە هەموو جۆرەکانیانەوە و بە دەوڵەت و پێکهاتە خاوەن پێگە ستراتیجیەکانەوە روویداوە . ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لەسەر بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی لە دابینکردنی گەیشتنی نەوت بە شوێنی تایبەتی خۆی و ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندیە جیۆپۆلەتیکیەکانی خۆی و ئیسرائیل و چۆنێتی مامەڵەکردنیی لەگەڵ تیرۆر و حیسابەتەکانی بۆ ئەگەری پەیدابونی چەکە کۆمەڵکوژیەکانی ناوچەکە بوبێت ، ئەمرۆ بە جیدی ئەو هاوکێشانە گۆراون و ئەوەی وای لە ئەمریکا کرد بە ئاسانی لەم ناوچەیە بکشێتەوە ، هەر بەو پێیە دەتوانێت وا لە ئەمریکا بکات بە تەواوی سیاسەتەکانی و مامەڵەی لەگەڵ ناوچەکە و پێکهاتەکانیدا بچێتەوە .
بۆیە دەتوانین بە پشت بەستن بەو هۆکارانەی وای لەئەمریکا کرد دارشتنی سیاسەتەکانی لەم سەدەیەدا بە جۆرێکی جیاوازبێت لەوەی پێشوو ، ئاوهاش دەتوانێت لەگەڵ سەرچەم دیدوبۆچونەکانیدا و بە تایبەتی لە پرسی پەیوەندیە ستراتیجیەکانی لەم ناوچەیەدا سیاسەتێکی نوێ پیادە بکات :
یەکەم : تورکیا لە ئەولەویاتەکانی ئەمریکادا وەک پێشتر نەماوە ، لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری بابەتی کە پەیوەستن بە ناوچەکە و سیاسەتی ئەمریکا بە ناوچەکەوە بە گشتی و گۆرانکاریە گەورە و تایبەتەکانی لەم ناوچەیەدا ، نەک لەبەر خاتری چاوی کورد ، کە هەنگاوەکانی لە کشانەوە لەعیراقەوە دەرکەوت و پەیوەندی بە گۆرانکاری لە ناوچەکەدا هەیە ، کە کارئاسانیەکی زۆری بۆ کرد بۆ دارشتنەوەی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ئەم ناوچەیە ، ئەگەر خۆی دروستی نەکردبێت بۆ ئەو مەبەستە .
دووەم : سیاسەتی ئیسرائیل و خودئیکتیفای پاراستنی ئەمنی نەتەوەیی ئەم دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی تر ، تاوەکو وەزعی وڵاتانی ناوچەکە بەم شێوەیە بێت و ، نزیکترین هاورێی ستراتیجی ئەم دەوڵەتە کە بتوانێت پەیوەندیەکانی تەندروست و دوور مەودای لەگەڵدا ببەستێت کوردە ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە شێوەیەکی ناراستوخۆ قازانجێکی تایبەتی بۆ مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ کوردا هەیە .
سێیەم : بەهێزترین لایەنی شەرکەر دژ بە تیرۆر لەسەر ئەرزی واقیع کورد بوو ، بۆیە ئەمەش کەلێنێکی گەورەی بۆ مەهام و ئەرکی ئەمریکا لەناوچەکە پر کردەوە و خاڵێکی سەرەکی بۆ جێگرەوەی مانەوەی هێزی ئەمریکای لە ناوچەکە دابین کرد .
ئەمە و چەندین فاکتەری لاوەکی تر ، هۆکارن بۆ ئەوەی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ کوردا بە شێوەیەک بێت نەتوانێت بە ئاسانی پشتگوێی بخات . جگە لە چۆنێتی ریکخستنی ململانێکانی لە ناوچەکە لەگەڵ هێزەکانی تردا بە تایبەتی چین و روسیا . بۆیە لەو باوەرەدام ئەمریکا دەتوانێت تورکیا بە شێوەیەک جڵەو بکات کە هیچ لە بەرژەوەندیەکانی نەدات بە تایبەتی ئێستا لە حاڵەتێکدایە ، کە پەیوەندیەکانی تا ماوەیەکی درێژی تر ناتوانێت لەگەڵ روسیادا بگەیەنێتە دۆخێکی ئاسایی .
ئەم بۆچونەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کورد بە پێی ئەو واقعە هەیەی رەزامەند دەبێت ، سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بینینی بۆ ئەم پرسە لە چوارچێوەیەی فدیراڵیزم بۆ چەندین ساڵی تر بەردەوام بێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت