بەختیار شارەزوری : شاردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی خەڵک بە دیبەیتەکەی مەلا بەختیار و عەلی باپیر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی 25  ساڵی ڕابردو ، دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە نمونەیەکی باش بداتە هاوڵاتیانی خۆی ، نەک هەر تاک نەبوەتە سەنتەری بڕیار ، بەڵکو کۆمەڵگاشیان بە شێوەیەک بەرەو خێڵ گەری و ناوچەگەری و بنەماڵە گەری و خێزانگەری و خزمگەری بردوە ، کە تاک گەر لە ڕێ ی یەکێک لەمانەوە نەبێت ناتوانێت بە مافەکانی خۆی بگات ، ئایدیاکانی ئیسلامی و علمانی و لیبراڵی نەیانتوانیوە جۆرێک لە دامەزراوەیی بونیات بنێن کە تاک هەست بە ماف و ئەرکی خۆێ بکات ، بەڵکو بونەتە سەرەلوێنکێک بۆ هەڵهێنانی میکرۆبی درۆزن .

 نوێنەری حیزبی ئەم ئایدۆلۆژیانە هێندە نابوتن لای خەڵک ، کە بوەتە مایەی گاڵتەجاری ، بیرۆکەی نمایشی ئەم ئایدۆلۆژیانە جگە لە هاوردەی دەمامک بۆ شاردنەوەی دەعەجانە سیاسیەکان و لەبەرکردنی بەرگی فریشتە بە بەری شەیتانەکاندا هیچی تر نەبوە ، وا ئێستاش بۆ شاردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی خەڵک و خستنە بەردەستی کاڵایەکی بێ مانا بۆ بەردەم تاک ، تا سەرقاڵی بکەن و ئاگای لە کێشە سەرەکییەکانی خۆی نەمێنێ هیچی تر نیە ، نە مەلا بەختیارەکان توانیویانە کار لەسەر دامەزراوەیی بون بکەن ، نە مەلا عەلیەکان ، بەڵکو ئەمانە کە چەندین ساڵە لەناو دەسەڵاتدان بە جۆرێک بێزراون کە خۆشیان باشتر لە ئێمە لەبەردەم ئاوێنەکاندا خۆیان دەبیننەوە ، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە وەکالەتی کلکایەتی ستراتیژی ئێران و تورکیا دەکەن و دابەشکاریان لە پۆست و داهاتی ئەم وڵاتەدا کردوە ،  جگە لە ڕووڕەشی مێژوو هیچی تریان بۆ نامینێتەوە ، حیزبەکانی تریش بە حیزبەکەی کاک حەمە فەرەج و مامۆستا علی باپیرەوە ، تەنها خێریان پێکراوە و بەشیان داون ، ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا هیچ نیە تاک و هاوڵاتیە . 

هەر بە بەرنامەی دوژمنانی نەتەوە و وڵاتانی ئیقلیمی کاریان لەسەر بە مێگەلیکردنی کۆمەڵگا و بە کۆیلەکردنی تاک کردوە ، لە ڕێ ی نان و بەستنەوەی بژێوی خەڵک بەخۆیانەوە ، کە تاک ناتوانێت لە ژێر پرۆسەی بە کۆیلەکردنی ئەم دەعەجانانە دەربچێت ، ئێوە جگە لە نابوتکردنی خەڵک بە سیناریوکانتان چیتان بۆ خەڵک کردوە ، ئەم هەرێمەتان توشی هەزاران قەیران کردوە ، ئێستەش بۆ شاردنەوەی کێشەکانی خەڵک دەکەونە ناو تۆڕی سیناریوکانی پارتی و یەکێتی و دیبەت بۆ علمانیەت و ئیسلامی دەکەن ، کە دەبو لە خۆتان بپرسن کێشەکانی خەڵک ئەمەیە ئێوە باسی دەکەن ، کەی خەڵک کێشەی علمانی و ئیسلامییە ، خەڵک کێشەی گیرفانیەتی ، کێشەی سواوبونی ئێوەیەتی ، کێشەی ڕشانەوەی ئێوەیەتی لە شاشەکانەوە ، کێشەی درۆ زەبەلاحەکانی ئێوەیەتی ، کێشەی ئاو و کارەبا و تەندروستیەتی ، یان هەردو لاتان کە بە ناوی نمایندەی ئیسلامی و علمانیەوە دەستەڵاتان لایە ، چیتان بۆ خەڵک کردوە ، ئەمەیە کە ئێستا هەیە …؟

سیناریوی شاردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی خەڵک لەژێر ناوی دیبەیت و علمانی و ئیسلامیدا بەشێکە لەو تاوانانەی کە بەردەوامی دەدا بە مانەوەی ئەم جۆرە مۆدێلە لەسەر حکوم ، کە ئەوەش دەزانین ، قۆناغی ئەم مۆدێلە بەسەر چوە و تەنها بەم جۆرە دەمامکانە ماونەتەوە و شاراونەتەوە ، هەر کەس و حیزب و لایەنێک لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵک دور بکەوێتەوە ، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت ، جگە لە تۆمارکردنی خیانەتی زیاتر لە دەفتەری ڕەشی گەورەی خیانەتەکانی باشوردا هیچی تر نابێت ، دەبێت خەڵکیش بە ئاگا بێت کە بە لاڕێدا بردن  و شاردنەوەی کێشەکانی خەڵک هێندەی تر کێشەکانیان زیاتر دەبێت ، گەر لەلایەن خەڵکەوە گرنگی پێ بدرێت ، دەکاتە ئەوەی کە مانەوەی ئەوان لە دەسەڵاتدا درێژ تر بێتەوە ، دەبێت خەڵک وریا بێت کە ئەمە کێشەی خەڵک نیە ، تەنها مکیاج کردنی مانەوەی خۆیانە لەسەر ئەم جۆرە مۆدێلە خراپەی بەرهەمیان هێناوە .

بە کلیکێک لەسەر سبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت