Aryan-Reshid

ئاریان ڕەشید : بۆ لە گۆڕانکاریی دەترسین ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەتا ئەوکاتەی ڕکەبەرایەتی و ترس و گومان هەستی مرۆڤ لە بەرامبەر یەکتریدا جڵەو بکەن ، ناشێت بۆ ڕزگاربون لە ستەم و توندوتیژی و هێزی وەحشیگەرانە هیواخواز بین . ـ بیرتراند ڕەسڵ .

ئایا ئێمە پڕ نین لە ڕکەبەرایەتی و ترس و گومان ؟ ئەگەر وایە ئایا دەشێت بۆ ڕزگاربون لە ستەم و توندوتیژی و هێزی وەحشیگەرانە هیواخواز بین ؟ دۆزینەوەی ناخی ئێمە پیویستی بە قووڵبونەوەو توێژینەوەی وردو زانستی نیە ، چونکە ئێمە لە بنەمادا هیچ قووڵاییەک و هیچ ووردیەک و هیچ زانستیەکمان نیە . ئێمە مرۆڤێکی دەروون نەخۆشی تێکشکاوی نێو مێژوویەکی دورودرێژی ژێردەستەیی و گوێڕایەڵین ، ئێمە دەعبایەکی سەیری نێو جەنگەڵی سەربوردەی مرۆڤایەتین و بەڕێکەوت فێری ئەوە بووین بە خۆمان بڵێین مرۆڤ ، ئایا بە ڕاستی ئێمە مرۆڤین ؟
ئێمە بوونەوەرێکی تەمەڵ و پاسیڤی نێو نەتەوەیەکی تەمەڵ و پاسیڤی مێژووین ، کاری ئێمە تەنیا لاسایی کردنەوەی ئەوانەیە کە پێیان دەڵێین مرۆڤ ، ئایا بەوە خۆمان دەبین بە مرۆڤ ؟ زانست و میژوو و سیاسەت و دەوڵەتداری و نیشتمانپەروەری و قوربانیدان ، لەوانی ترەوە فێر دەبین و بە خۆمان دەڵێین زانا و مێژوونوس و سیاسەتمەدارو دەوڵەتدارو نیشتمانپەروەر ، ئایا لە ڕاستیدا ئێمە ئەو شتانەین ؟ بیگومان نەخێر ، ئێمە لاساییەکی قیزەونی ئەزموون و سەرگوزشتەی ئەوان دەکەینەوە .
پرسیارێک دەکرێت لە ڕووکەشدا سادە بەڵام لە جەوهەردا مایەی تێڕامان بێت ، پرسیارێک پێویستی بە توێژینەوەی ( سایکۆلۆژی و ئەنسرۆپۆلیژی و ئیتنۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی ) دەبێت ، ڕیزکردنی ئەم چەمکە قەبەو قەڵبانە بۆ ئەوەی پێم بڵێن ( پیاوی ئەکادیمی ) قسەیەکی قۆڕ ، ئایا ئێمە لە تویژینەوەی ئەکادیمی تێدەگەین ؟ بێگومان نەخێر . پرسیارە سادەو ئاڵۆزەکە : ئایا کوردبونمان بۆتە هۆکاری لاوازی کەسێتیمان یاخود لاوازی کەسێتیمان بۆتە هۆکاری کوردبونمان ؟ سەرلێشێوێنەرە ، منیش ئامانجم سەرلیشێواندنی ئێوەیە تا بڵێن : ئاه چ نووسەرێکی ئازاو بلیمەت ! بەڵام هێشتا پرسیارەکە وەڵام نەدراوەتەوە ئیمەیش کە لە پرسیارەکە تێناگەین سەرقاڵی پیاهەڵدان و ستایشی نووسەرە بلیمەتەکەین ، کوڕی خۆی دەوێت لە ووشەو دەستەواژەکانی تێبگات ! پرسیارەکە لە بیر دەکەین و تیگەیشتن لە دێرو دەستەواژەکانی نووسەر دەکەینە بنەمای توانایی ڕۆشنبیریمان ، ڕۆشنبیرو خوێنەری باش ئەوە نیە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە ، بەڵکو ئازا کەسێکە لە دەستەواژەکانی نووسەرە بلیتەکە تێبگات !.
پرسیارەکە بە سادەیی جیگای گرنگیە : ئایا ئێمە مرۆڤگەلێکی پەڕپوت و تیکشکاوین کە ئاوا نەتەوەکەشمان پەڕپوت و تیکشکاوە ؟ پێناسەیەکی زانستی بۆ نەتەوە : نەتەوە لە کۆی ئەندامانی نەتەوە پێکدیت . کەواتە نەتەوەی ئێمە لە کۆی ئێمەی تێکشکاوو پەڕپوت پێکدێت بۆیە ئاوا تێکشکاوو پەڕپوتە . یاخود بە پێچەوانە هۆکاری پەڕپوتی و تێکشکاوی ئێمە لاوازی و تێکشکاوی نەتەوەکەمانە ، پێناسەیەکی خوازراو : کەسێتی هەر مرۆڤێک ڕەنگدانەوەی کەسێتی نەتەوەیە ، کەواتە کەسێتی داڕزاوی ئێمە درێژکراوەی کەسێتی دارزاوی نەتەوەکەمانە . ئای کە چ پاساوێکی فریودەرە ، ئێمە لە ڕەفتارو گوفتارەکانمان بەرپرس نین ، چما ئێمە کورد نین ؟ ئێمە بەردەوام کوردایەتی دەکەین .
ئێمە بە درێژایی ژیانی پڕ کەسەرو هەڵبەزو دابەزمان هەرچی فێری دەبین لە بیری دەکەین ، لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەک و هەر دابەزینێکدا شتەکانی پێشووترمان بیر دەچێتەوە و سەرلەنوێ دەستپێدەکەینەوە – بەختیار علی” لە “جەمشید خانی مامم” دا – هەر ئەمە ناڵێت ؟ بەڵام ئەوەی بە درێژایی ژیانمان لە بیری ناکەین و بۆ هەتایە لە خەیاڵدانماندا دەمێنێتەوە ( جنێوو ڕق و تووڕەیی و نەفرەت و ڕەفتاری شەڕانگێزانەو قسەی ناشیرین و نەشیاومانە) بەرامبەر بە یەکتر ، ئای کە چەندە ڕقمان لە خۆمانە . ئیرەیی و ڕق و چاوچنۆکی ، ڕەفتارگەلێکی سروشتیانەی مرۆڤن و لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک دەبن و لە ڕەوتی گۆڕانکاری مرۆڤایەتی و لە میانەی گوزەر بۆ نێو دونیای شارستانیەت هێواش هێواش کاڵدەبنەوە ، تا بەتەواوی لە بەین دەچن یاخود وون دەبن بەڵام نامرن . بەڵێ هەرگیز نامرن ، شارستانیەت و کۆمەڵگای باش ئەو کۆمەڵگایانەن کە دەرفەتی سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕەفتارە نەگریسانە نەڕەخسێنن . ڕۆژئاواییەکان توانیویانە لانی کەمی بەدیهاتنی وەها کۆمەڵگەیەک فەراهەم بکەن ، سەرباری کێشە قووڵە بونیادیەکانیان کە وابەستەی بوونی مرۆڤە لە ژیاندا و گرێدراوی سروشتی مرۆڤە ، بەڵام هێشتا بەربەرەکانی دیوە شەیتانەکەی مرۆڤ دەکەن .
بەڵام ئێمە ، ئێمەیەک کە هێشتا لە سروشتی دەوڵەت و کۆمەڵگا تێناگەین ، ئێمەیەک کە تا ئێستاش بە ئاوازی شەیتان هەڵدەپەڕین و هێشتا بۆنی ئەشکەوتمان لێدێت ، چۆن دەتوانین خۆمان لە ئیرەیی و ڕق و چاوچنۆکی ئازاد بکەین ؟ نەخێر ئێمە هێشتا لە چاخەکانی پێش مێژوودا دەژین و ئامراز و کەرەستەکانی پێشکەوتوترین قۆناغەکانی مێژوو بەکار دەبەین ! ئێمە هێشتا لە ئیرەیی و چاوچنۆکی کە لە نیشانەو ڕەمزە دیارەکانی خودپەرستی و نێرگزیەتە ڕزگار نەبوویین ، کەچی بانگەشەی دەوڵەتداری دەکەین . مەسیح دەڵێت : دراوسێکەت خۆش بوێت ، خۆی دەمرێت و ئەم ووشەیە بە زیندوویی لە کەلەپوری مرۆڤایەتیدا دوای هەزاران دەردی سەری و ماڵوێرانی دەمێنێتەوە ، بەڵام ئێمە هێشتا بڕوامان بە “دان بە دان و چاو بە چاو ، لەق نەبووەو دەمانەوێت نیشتمانەکەمان هاوشێوەی نیشتمانەکەی ئەوان بێت .
ئێمە دەخوێنینەوە بەڵام تا ئەو سنوورەی کار لە تێکچوونی کەسایەتیمان نەکات ، پێمان وایە هەر گۆرانکاریەک لە کەسایەتی و ڕەفتارماندا مایەی نەنگی و شورەییە ، هەر گۆڕانێک مانای تێکچوونە و ئێمەش زۆر لە تێکچوون دەترسین . ئێمە دەنووسین بەڵام نووسینمان بەرئەنجامی قوڵبونەوەو ڕۆچونمان نیە بە ناخی مرۆڤبونماندا ، بەڵکو نوسینمان خویەکە ، تامەزرۆییەکە بۆ شانازی کردن و بەخۆ نازینمان . هێندەی ئارەزووی ناوبانگ و دەرکەوتن دەکەین ، نیو هێندە ئارەزووی گۆڕانکاری ناکەین ، ناتوانین ئارەزووی گۆڕانکاری بکەین چونکە لە هەموو گۆڕانێک دەترسین ، کاتێکیش بانگەشەی گۆڕانکاری دەکەین ، مەبەستمان تەنیا گۆڕینی ڕواڵەتی شتەکانەو هیچکات بە ناوەڕۆک و جەوهەر ناوێرین . هۆکاری ئەم فۆبیایەشمان لە گۆڕان لە دەستدانی کەسایەتیمانە ، چونکە ئێمە هێشتا لە وەهمی کەسایەتیدا دەژین ، هێشتا بڕواکانمان بە خێڵ و عەشرەت و بنەماڵەو خیزان پتەوو بەهیزە .
تا نەتوانین لە وەهمی خۆمان ڕزگار بین ، ناتوانین وەهم و خورافەو ئەفسانە لە ناخی خەڵک وەدەرنێن ، گەورەترین دوژمنمان خودی خۆمانە ، چۆک دادانیشمان لە بەرامبەر ئەم دوژمنە نەگریسەمان دەلالەتێکی ڕاستەقینەی لاوازی و بێدەسەڵاتیمانە . ئایا ئەرکی ڕۆشنبیر بەدەر لەمە شتێکی ترە ؟ هەڵوەشاندنەوەی وەهمی کەسێتی و کارکردن بۆ ئەفراندنی مرۆڤێکی پاک و بێگەرد ، مرۆڤێکی داماڵراو لە وەهم و ئەفسانەکانی خود ، مرۆڤێکی سادەو ڕاست و بێ گرێوگۆڵە ، مرۆڤێک کە سەرجەم پێشداوەری و پێشزانینەکانی لە خۆیدا کوشتبیێت و بەشێوەیەک سەیری دونیا بکات وەکو ئەوەی تازە لە دایک بووبێت ، ئایا خوڵقاندنی مرۆڤێکی ئاوا ئەرکی ڕۆشنبیر نیە ؟ ئایا ئێمە ڕۆشنبیرمان هەیە ؟
ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئێمە هەرگیز ناتوانن مرۆڤێکی ئاوا بئافرێنن ، لەبەرئەوەی نا کە ئەوان کەرەستەی ئافراندنی وەها مرۆڤێکیان لەبەردەستدا نیە ، بەڵکو بە سادەیی لەبەرئەوەی ئەوان خۆیان هێشتا دیلی خۆپەرستی و خود-شەیدایی و نێرگزیەتن ، لەبەرئەوەی ئەوان هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە وەهمی ئیگۆکەی ناخیان دەرباز بکەن و خۆیان لە پەتای خۆبەزلزانین و بە بچوکزانینی ئەوانی تر و لە نەخۆشی خۆ بەباشتر دانان ڕەها بکەن ، ئەوان خۆیان هێشتا دیلی هەواو ئارەزوە شەیتانیەکەی ناخی خۆیانن. ئای کە ئەستەمە مرۆڤێکی نەخۆش چارەسەری نەخۆشێکی تر بکات . تەنانەت ئەم زووخاوو بیماریەی نەخۆشیەکەی خۆیان بۆ سەرجەم خەڵکانی تر دەگویزنەوە ، تەنیا بەو ڕێگا سادەیەی کە ئەو ڕەفتارەیان وەکو نەخۆشی سەیر ناکەن بەڵکو “بلیمەتی” ، بەمەش نەخۆشیەکەی ئەوان دەبێتە ئایدیاڵ و نموونەی کەسانی باش و ڕۆشنبیر و خوێنەوارو ، خەڵک هەوڵدەدات لاساییان بکاتەوە .
من هێندەی لە زەبروزەنگی تفەنگ و قامچی و تۆپ و تەیارە دەترسم ، هێندەش لە زەبروزەنگی ووشەو ڕستە ترسم هەیە ، بەو ئەندازەیەی لە لولەی تۆپەکانی یەکێتی و پارتی و بێڕەحمی سەربازانی هەردوولا لە شەڕی کوشتنی یەکتردا مەترسیەکی گەورەم بەدیدەکرد ، بەهەمان ئەندازەش لەو جنێوو قسە ساردو سڕو سوکایەتی پێکردن و ناوزڕاندنەش دەترسم کە جەماوەری موسوڵمان بەرامبەر هەر کەسێک بەکاری دێنێت کە قسەیەکی جیاواز لە هەمبەر خواو ئایین و نوێژ و پێغەمبەرەوە دەکات . هێندەی ئەشکەنجەدانی نێو زیندانە تاریک و نهێنیەکانی دەزگای پاراستن و زانیاری مایەی مەترسی و خەمێکی قوڵە ، هێندەش قسەی سووکی نێو تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ((فەیس بووک)) بەناوی نەتەوەچێتی و ئاینچێتی یەوە بەرامبەر هەر هەڵوێست و ڕەفتاریکی جیاواز تۆقێنەرە . ئەگەر لە یەکەمیاندا مرۆڤ لە ڕێگای توندوتیژی جەستەییەوە ناچاری یەکڕەنگی و یەکدەنگی و کوشتنی جیاوازیەکانی ناخی ببێت ، ئەوا لە دووەمیشیاندا لەترسی هەڕەشەو جنێوو لۆمەکردن و قسەی سووک و ناوزڕاندن دووچاری هەمان چارەنووس دەبێت . زەبروزەنگ و توندوتیژی چ بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازە مادی و بەرجەستەکانەوە بێت کە جەستەی مرۆڤ دەکاتە ئامانج و ژیانیان لێدەسێنێتەوە ، چ بەهۆی بەکارهێنانی زمانەوە بێت کە ڕۆح و هەستی مرۆڤ دەکاتە ئامانج و ماناکانی مرۆڤبوونیان لێزەوت دەکات ، هیچ جیاوازیەکی نیەو مرۆڤ ڕووبەڕوی هەمان دۆخی تراژیدی دەکاتەوە .
لای من ئەو کەسەی بە بیهوودەیی یەوە لە هەموو شتێک دەڕوانێت و هەموو هەنگاوێک کە بەرەو دیموکراسی و پێکەوە ژیان و لێکبووردەیی دەنرێت بە گاڵتەجاڕانە وەسف دەکات ، هێندەی ئەو کەسە نەفام و مەترسیدارە کە بەچاوی پیرۆزاندنەوە لە هەر شتێک دەڕوانێت و هەموو هەنگاوێکی سیاسیەکان بە حیکمەت و دانایی لەقەڵەم دەدات . لە یەکەمدا ژیان لە دۆخێکی وەستاودایە و هیچ دەروازەیەک بۆ ڕزگاری لە ئارادا نیە ، لە دووەمیشیاندا هەموو شتێک سازگارەو هەموو کارێک مەبەستێکی قووڵ بەدیدێنێت کە حیکمەتێکی گەورە لە پشتیەوەیەتی ، بۆیەش ئەرکی مرۆڤ تەنیا بۆ چەپڵەو هەلهەلە لێدان کورت دەبیتەوەو هیچ خواستێکی گۆڕانکاری پاساوهەڵگر نیە .
لە کۆتاییشدا هێندەی ترسم لە ئامادەیی ئەو دۆخە هەیە کە تیایدا سیاسیەکان بە ئاماژەیەکی بچوک بتوانن زۆرترین خەڵک سازو ئامادەی هەڵگیرساندندی دزێوترین شەڕو توندوتیژی بکەن ، هێندەش دڵم بە گفتوگۆو لێکنزیکبوونەوەی سیاسەتمەدارەکان خۆشە ، ئەمەش لەبەرئەوەی نا بڕوام بە سیاسەتمەداران هەبێت یاخود پێم وابێت ئەوان دەستبەرداری گەندەڵی و دزی فریودانی خەڵک بووبێتن ، بەڵکو بەهۆی بڕوای پتەوم بە کاریگەری گۆڕانکاریە بابەتیەکان لەسەر ڕەفتار و خودی مرۆڤ . ئەگەر کەمێک چاوکراوە بین و سەیرێکی سەربوردەی مرۆڤایەتی بکەین ، بۆمان دەردەکەویت کە گۆڕانکاری لە ژیان و مێژووی مرۆڤدا هەمیشە بەهۆی گۆڕانکاری لە خودی مرۆڤدا بەدینەهاتوە ، بەڵکو گۆڕانکاریە بابەتیەکان زەمینەسازیان لە گۆڕانکاری ڕەفتارو هەڵسوکەوتی مرۆڤدا کردوەو سەرەنجامیش مرۆڤیان ناچاری گۆڕانکاری و گوزەر کردوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکان