herokosrat-barham

شێرزاد شێخانی : لەپەراوێزی گرژییەكانی نێوان كاك كۆسرەت و هێرۆخان  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

  كۆنگرەی یەكێتی وەكو چارەسەر

 

 ** ئەوەتا هەندێ لەسەركردەكانی یەكیتی ” لەمەلیك مەلیكترن ” هاوئاوازی پارتی ئەخوێنن لەهەندێ هەڵوێستی سیاسییدا ، تەنانەت هەندێكیان تا ئەندازەیەك لەپارتیەوە نزیكن كە هیچ جیاوازییەكیان تیا نابینرێت لەگەڵ كۆیلەكانی سەری رەشدا .

گومانی تیانیە كەوا قوڵبونەوەپی كێشەكانی ناو یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كاریگەری روخێنەری ئەبێت بەسەر ئێستاو ئاییندەی یەكێتیەوە .. هەلبەت ئەم ناكۆكییانەش دڵی نەیارانی یەكێتی خۆش كردوەو، بگرە هەندێكیان دورنیە ئاگرەكەش خۆش بكەن ، بەمەش دیسان یەكێتی بەبێ جیاوازی باڵەكانیەوە زەرەرمەندە .

شەڕە لێدوانو شەڕە بەیانات ئەگەر زوو كۆنتڕۆلنەكرێن ، ناكۆكییەكان بەرەو ئاقارێكی مەترسیدارتر ئەبەن ، چونكە كورد وتەنی هەر زمانە بەڵای سەرەی ، جگە لەمەش ئەبێتە هۆی  روشاندنی كەسایەتیو شكاندنی هەیبەتی یەكتر ، بۆیە بەهەمو پێودانكێك ئەوەی لەمچەند رۆژەدا رویدا لەقوڵبونەوەی كێشەكانی نێوان كاك كۆسرەتو هیرۆخانەوە كارێكی سەلبی ئەكاتە سەر گشت بوارەكانی یەكێتییەوەو دۆژمنانی یەكیتی پێی ئەگەشێنەوە لەجیاتی ئەوەی یەكیتی دوای ئەو هەمو نالەبارییەی توشی هات بەهۆی غیابی مام جەلالەوە بەهەوڵو كۆششی هەمو لایەك خۆی بگەشێنێتەوەو بەهێزێكی كاریگەرترەوە بێتەوە سەر ساحەكەو ناو هاوكێشەسیاسییەكانەوە بەتایبەتیش لەم بارودۆخە ناهەموارەی كوردستانو قەیرانەكان كەرۆڵی یەكێتی كاریگەرییەكی زۆری ئەبیت بۆ ئاساییكردنەوەی وەزعەكە ئەگەر خۆی بەمجۆرە ململانێیانەوە مژول نەكات . لەم سۆنگەیەوە پێموایە چارەسەری كێشەی باڵەكانی یەكێتی نەك تەنها خزمەت بە یەكێتیەكانەوە ئەكات ، بەڵكو خزمەتێكی گەورەی دۆزی میللەتیشە لەم قۆناغەی پڕمەترسیدارەدا  .

جاران بەوجودی مام جەلال باڵباڵێنی ناو یەكێتی زۆر كاریگەری نەبو بەسەر حزبەوە ، چونكە حیكمەتی مامو باوەشە گەرمەكەی جێگای هەمویانی لێئەبوەوەو ئەو وەكو چەترێك بو بۆ هەموان ، بەشایەتی هەمو لایەكیش لەگەل غیابی ئەو سەرە داوەكان ئاڵۆزی یەكتر بونو دۆزینەوەیان بۆ كردنەوەی گرێیەكان بۆ كەس ئاسان نەماوە ، بەڵام ئەمەش  ئەوە ناگەیەنێ كەوا كار لەكار ترازاوە ، چونكە ئێستا هەم مام لەژیاندایە خوا تەمەنی درێژكات ، هەم یەكێتیەكەش بایی ئەوەندە خۆشەویستی لای میللەت و جەماوەرەكەیدا ماوە كەوا نەهێڵن ریزەكانی پەرتەوازە بێت . یەكێتی كەبتوانێت لە بارودۆخێكی ترسناكی وەك سەردەمی دوای ئاشبەتاڵ بوێرانە بریاری مقاوەمەتو هەڵگیرساندنی شۆڕشێكی نوێ بدات ، پێموایە كەسانێكی وای تیا ماوە كەوا بەجولانەوەیەكی هاوشێوەیدا یەكێتی هەڵسێننەوە ..

لەكۆنگرەكانی پێشوی یەكێتیدا باڵباڵینی هەبووە ، ئەمە هەقیقەتێكە هیچ كەس ناتوانێت نكوڵی لێبكات ، زۆر كەس لە ئەندامانی سەركردایەتی بەناهەقو بەهۆی باڵباڵێنەوە هاتنە ناو سەركردایەتییەوە ، جا هەڵسەنگاندنی رۆڵی ئەمانە تاچەند سەركەوتو یا ژێركەوتو بونە كاری من نییە ، ئەمە لەكۆنگرەی داهاتودا ئەندامانی بریاری لەسەر ئەدەن ، بەڵام ئێستا یەكێتی لەئەزمەدایەو پێویستی بەهەموانە بۆ خۆنوێكردنەوە ، هەر كۆنگرەیەكی داهاتو ئەگەر باڵباڵێنی تێكەوت وەكو ئەوەی هەندێ لەسەركردەكان ئەیانەوێ وئەیكەن بەمەرجی بەشداریكردن،ئەوە مانای وایە  هیچمان بەهیچ نەكردو ئەو كۆنگریەش  تەنها درێژە دانە بەململانێكان یەكێتیش بەرگەی ئەوە ناگرێت جارێكیتر ..

لۆژێكی بەشبەشێن ، نیوەی بۆمن نیوەی بۆ تۆ ، هیچ لەواقیعی پڕكێشەی ئێستا ناگۆرێت ، ئەگەر بەم لۆژیكەوە كار بكەین كۆنگرە نەبەسترێت باشترە ، ئەگەر ئەم لۆژیكەش فەرامۆش بكرێت پێموایە كۆنگرەیەكی سەركەوتو ئەنجامئەدەین كە مافی هەمو لایەك بێ جیاوازی بپارێزرێت و دەموچاوی تازەو خوێنی تازەش بێنە ناو سەركردایەتی یەكێتییەوە ، ئەمەش تەنها بەدیموكراتیزەكردنی كۆنگرەی داهاتوی یەكێتی دێتەكایەوە . بەواتایەكی تر هەلی یەكسان برەخسێت لەبەردەم ئەندامو كادیرانی یەكێتی بۆ ئەوەی هەر كەسێك متمانەی هەڤاڵەكانی بەدەستهێنا دور لەباڵباڵًینی وچەپڵەرێزانی ناو كۆنگرە ببێتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی .. رەنگە ئەمە زۆر بەدڵی ئەو كەسانە نەبێت كەوا لەخۆیان ئەترسن لە كۆنگرە سەركەوتو نەبن ، بەڵام واقیع پێمان ئەڵێ هیچ چارەیەكمان نەماوە تەنها كۆنگرەیەكی تازە نەبێت،ئەوانەی ترسی دەرنەچونیشیان هەیە با شەرفمەندانە شوێنەكانیان چۆڵبكەن بۆ نەوەی تازەی ناو یەكێتی  .

ئەگەر لەناو  یەكێیدا كێشەی دارایی و دەستبەسەراگرتن هەبێت ، ئەتوانن لەناو كۆنگرە ئەم كێشەیە یەكلایی بكەنەوە و چارەنوسی داهاتو خەرجییەكان بەراپۆرتیكی داراییەوە بخرێتە بەردەم ئەندامانەوە ، بەهەڵبژاردنی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسییەكی تازەشەوە مەكتەبەكانی یەكێتی ئەكەونەوە سەركاری خۆیان ئەوسا كەس ناتوانێت دەست بەسەر موڵكو سامانی یەكێتیدا بگرێت . پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكاندا بەم بێسەروبەرییەوە ئەویش مەرجەعێكی بۆ دائەنرێت و ئیدی كەس ناتوانێ بەكەیفی خۆی بچێتە ژێرباری ئەم حزبو ئەو حزبەوە .

ئەو وەزعەی ئێستای یەكێتی قابیلی درێژبونەوە نییە ، چونكە هیچ گومانی تیانیە كەوا یەكێتی بەرەو لێكترازان ئەبات ئەمڕۆ نا سبەی، ەتایبەتیش ئێستا خەریكە پەردەی شەرم لەنێوان باڵەكاندا نامێنێت ، دور نییە ململانێكان بگەنە ئاستی دوژمنایەتی یەكتریشەوە .

لەولاشەوە كێشەیەكی تری روخێنەر روی لەیەكێتی كردوە ئەویش بەهۆی غیابی مام جەلالەوەیە ، كێشەی گوێنەدان بەمەرجەعێكی دیاریكراوی بریار لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا كە ریزەكانی تێكداوە تا ئەندازەیەك لەناو یەكێتیدا دو جۆر هەڵوێست وەرئەگیرێت بەتایبەتیش لەمەسەلە چارەنوسسازەكانی ئەمرۆی سەر ساحەی كوردستان ، بەخسوس لەجۆری مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتو هەڵوێستەكانی پارتیدا ، ئەوەتا هەندێ لەسەركردەكانی یەكیتی ” لەمەلیك مەلیكترن ” هاوئاوازی پارتی ئەخوێنن لەهەندێ هەڵوێستی سیاسییدا ، تەنانەت هەندێكیان تا ئەندازەیەك لەپارتیەوە نزیكن كە هیچ جیاوازییەكیان تیا نابینرێت لەگەڵ كۆیلەكانی سەری رەشدا ، من پێشم سەیرە كەسێك ئەوەندە دڵسۆزی پارتی بێت و هەڵویستەكانیشی بەدڵ بێت و داكۆكیشی لێبكات بۆچی ناچێتە ناو پارتییەوە ؟ خۆ پارتی بەئیمیتیازاتێكی زۆریشەوە پێشوازییان لێئەكاتو ، پێشتریش ئەزمونی هەندێك لەو كادیرو سەركردانەی یەكێتی هەن كەچونەتە ناو پارتی وپلەوپۆستیشیان بەركەوتوەو ، پارتی وەك حیزبێكی كۆلەوار زۆر پێویستی بەسەركردەكانی یەكێتی هەیە و جێگای باشیشیان ئەداتێ ، ئیدی هیچ پێوست ناكات لەناو یەكێتیدا بەرگی زەرد بپۆشن .

بۆ ئەوەی چارەسەرێكی مەعقولانە بۆ چۆنیەتی بەستنی كۆنگرە بدۆزینەوە بەشێوەیەك كەوا هەمو لایەك پێی رازی بێت ، پێمباشە هەردو باڵەكە لەكۆبونەوەیەكی سەكردایەتیدا بەشداری بكەنو لەوێ  بریار لەسەر وادەی بەستنی كۆنگرە بدەن بەمەرجێك هەمویان پابەندیبن وبەڵینیش بدەن كەوا كۆنگرەیەكی ئازادو دیموكراسی بێت ، هیچ لایەك دەست نەخاتە ناو كۆنفرانسەكانی محەلی كەئەندامانی كۆنگرە هەڵئەبژێرن بەواتای بەرجەستەكردنی دیموكراسیەتێكی تەواو وفەراهەمكردنی هەلی هەڵبژاردنی ئازادانە لەبەردەم هەمو كادیرو ئەندامانی یەكێتی .

ئەگەر ئەمەش كارێكی ئەستەم بو ، ئەكرێ بلینۆمێك یا كۆنگرەیەكی بچوكی ئەمری واقیع ببەسترێت بەبەشداری ئەندامانی ئێستای سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی و ئەندامانی هەردو پەرلەمانی كوردستان و عیراق كە ئەمانە بەگشتی هەڵبژێردراوی میللەتو یەكێتین ، لەگەل ئەندامانی مەكتەبەكانی یەكێتی كەبەرەزامەندی سەركردایەتی ومەكتەبی سیاسی دانراون ، لەگەل نوێنەری رێكخراوەكانی یەكێتی كە لەلایەن كادیرو ئەندامانەوە هەڵبژێردراون ، بەمانە هەمویان كۆنگرەیەكی بچوك یا بلینۆمێك ببەستریت و ئەو كێشانەی ناو یەكێتی چارەسەر بكات و مەرجەعێكی دیاریكراو بۆ بڕیارەكانی یەكێتی دابنرێت وكۆتایی بەو ململانێو باڵباڵێنە بێت كە خەریكە ببێتە مەترسییەكی گەورە لەناو یەكێتیدا .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت