دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: نەشتەرگەرى نیمچەتایبەتەکەى وەزارەتى تەندروستى هەرێم لەتەرازوى دادى کۆمەڵایەتیدا .  

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

هەرە هۆکارى گرنگ لەپشت پرۆسەى داهێنان و تازەگەرى پێشخستن و باشکردنى ئەو سێکتەرەیە کەداهێنانى تیدا دەکریت نەک تێکدان و ڕیسواکردنى ، سەرکەوتوویى داهێنان و تازەگەرى پابەندە بەچەسپاندى بنەما سەرەتاییەکانى دادى کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان بەبێ جیاوازى ؟ وەزارەتى تەندروستیش وەک حکومەتە بلیمەتەکەى هەرێمى کوردستان بێبەشى نەکردووین لەوهەنگاوە سەقەتانەى بەداهێنان و تازەگەری بلیمەت لەقەڵەم ئەدرێت لەکاتێکدا ویژدان و ئابڕوى مرۆڤایەتى لەکەدار ئەکات   .

لەم کاتەى خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەناڵێنن بەدەست ترسناکترین قەیرانى دارایى لەمێژووى ناوچەکە ( ئەو قەیرانەى دەرچەى عەقڵیەتى دەسەڵاتدارە سیاسیەکان و سیستمى حکومڕانى سیاسیانە ! ) و بیدعەى پاشەکەوتکردنى مووچە ،  وەزارەتە بلیمەتەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەزارەتى تەندروستى هەنگاوێکى سەقەتى بەناوى داهێنان و تازەگەرى بۆخەڵکى کوردستان ئامادەکردووە سەرەڕاى زیادکردنى گشت جۆرەکانى باج لەسەر هاوڵاتى بەچەندەها ئەوەندەو ڕوتاندنەوەیان بەهەموو شێوەیەک لەژێر ناوى سەیروسەمەرەى بێ وێنە لەگشت سیستمە حکومڕانیەکانى دونیا  .

ئەو هەنگاوە گەردونیەى وەزارەتى تەندروستى و جەنابى وەزیرو ڕاوێژکارەکانى ، گەڕاندنەوەى خزمەتگوزارى نیمچە تایبەتە  ( semiprivate ) ، ئەو نیمچەتایبەتەى پێشتر بە بۆچوون و ڕاى گشت شارەزایانى تەندروستى شکستێکى بێ وێنەى هێناو بارگرانیەکى زیاد لەپێویستى خستە سەر دارایى و بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و تەنانەت تا ئەم ساتەوەختە وەزارەتى تەندروستى قەرزدارى پزیشک و کارمەندە چونکە بڕیک لەپارەکەى پێ نەداون ، بەڵام ئەمجارەیان بەشێوازێکى تازە ! گشت بارگرانیەکەى خستۆتە سەرشانى هاوڵاتى بەتەنیا  .

ئەم شێوە تازەیەى خزمەتگوزارى نیمچەتایبەت ( semiprivate )  لەیەک خاڵداخۆى ئەبینێتەوە ، ئەوەش ئەبێ نەخۆش خۆى هەموو پارەکە بدات نەک وەک ئەوسا حکومەت نیوەى بۆبدات ، بەبێ ئەوەى ڕێنماییەک دەربکات بۆ چ جۆرە هاوڵاتیەک بەخۆڕایى بکرێت و بۆ چ جۆرێکى تر بەپارە لەژێرناوى خزمەتگوزارى نیمچەتایبەت ؟ بەراى من ئامانج لەم بێ سەروبەرەیە بەدوژمنکردنى پزیشکە لەلاى خەڵک و کەرتکردنى هاوڵاتیە بەدوو بەرەدا هەندێکیان بەخۆڕایى و ئەوانى دى بەپارە نەشتەرگەریان بۆدەکرێت لەنەخۆشخانە میریەکاندا ! .

 کێ بەم پرۆسەیە هەڵدەستێت ؟ جەنابى وەزیرو ئەوانەى سیاسەتى وەزارەتەکەى وێنادەکەن ، بەڵگەشم بۆئەم بۆچونە : جەنابى وەزیر لەهەموو چاوپێکەوتن و بۆنەیەکدا دوبارەى دەکاتەوە بەڕێزى وەزیرى پزیشک و کارمەند نییە ئەو وەزیرى خەڵکە ،  بۆ ئێمەى پزیشک و کارمەند دوژمنى خەڵکین ؟! وەک ئەوەى پزیشک و کارمەند بوون عەیبە بێت ؟ بەڵێ ئەو بەقسەى خۆى وەزریرى ئێمەنییە !  بۆپاساو هێنانەوەى شکستەکانى ئێمەى پزیشک بەخوێنمژ وێنادەکات و خۆشى بەفریشتە ، بەڵام نەجەنابت فریشتەیت نەئێمەش دوژمنى خەڵک ، ئەوەندەى خۆت و وەزارەتەکەت  بارگرانى بوون لەسەر خەڵکى و بودجەى وڵات هیچ کات ئێمەى پزیشک و کارمەند بارگرانى نەبووین   .

بەهەر حاڵ من نامەوێ زۆر بابەتى لابەلا بوروژێنم  بابەتەکەى من لەسەر خومەتگوزارى نیمچەتایبەتە بابەتێکى زانستى بەڕێوەبردنە کەئەبوو ڕاوێژکارەکانى وەزارەتى تەندروستى و لیژنەى تەندروستى پەرلەمان قسەیان هەبوایە لەسەرى و تاوتوێیان بکردایە ؟ ئەوسا بچوایە بوارى جێبەجێکردن ، بەتایبەتى لەم کاتەدا کەمووچە نییەو پاشەکەوتکردنى لەلایەن حکومەتەوە لەئارادایە سەرەڕاى زیادکردنى خزمەتگوزاریە گشتى و باجەکان لەسەر هاوڵاتى ! ، ئەوەى  لاى من ڕوون نیە بۆ ناونراوە نیمچەتایبەت ؟  بۆ ناوێکى ترى لێ نەنرا پڕبەپێستى هەنگاوە سەقەتەکە بۆنمونە نیمچەگشتى یاخود زیادلەگشتى یان هەرناوێکى تر لەگەڵى بگونجێت کەبارگرانى خستنە لەسەر خەڵکى ئەم هەرێمە  ( Semipublic or extra public ) ؟ .

دیمەنیک ئەخەمە بەرچاوى هاوڵاتى و خوێنەرى ئەم بابەتەو جەنابى وەزیرو بەرپرسە تەندروستیەکان بۆ ئەوەى بزانن ئەم هەنگاوە سەقەتەتا چ ئاستیک خزمەت بەخەڵکى دەکات و داداى کۆمەڵایەتى دەستەبەر ئەکات بۆ هەمووان بەبێ جیاوازى  .

شوێن کوردستانى باشوور ، شارى سلێمانى ، نەخۆشخانەى فێرکارى ، قاوشى نەشتەرگەرى گشتى ، بەشى ژنان نهۆمى زەویى ، کات سەعات یەکى پاش نیوەڕۆ ، هەموو ژورێک جێگاى هەشت نەخۆشە ، بەڵام خۆشبەختانە لەم ژورەدا شەش لەجێگاکان نەخۆشى لەسەرن دووانى بەتاڵن لەگەڵ ئەوەش قەرەباڵغیەکى زۆر بەژوورەکەوە دیارە ، هەریەک لەلاى خۆیەوە قسەدەکات و منداڵیکى نەشتەرگەراویش ئەگرى و ئەقیژێنێت ، هاوەڵى دوو نەخۆش بەیەکەوە قسەدەکەن یەکێکیان دایکى نەخۆشى ژمارە دووە  ئەویتریان خوشکى نەخۆشى ژمارە سێ  .

دایکى نەخۆشى ژمارە دوو : خودا شفاى نەخۆشەکەتان بدات خزمتە ؟ .

خوشکى نەخۆشى ژمارە سێ : نەخیر ، خوشکمە خودا شفاى نەخۆشەکەى ئێوەش بدات ، ئەى تۆ چى ئەویت ؟ .

دایکى نەخۆشى ژمارە دوو : ئامین  ، من دایکیم ، فەقیرە دەمێکە بەردى زراوى هەیە بەڵام لەبەر نەبوونى نەمان توانى زووتر بۆى بکەین تا ئێستا چەند جاریک لەنەخۆشخانەى تەواریەکە داخل بووە ، باش بوو دکتۆر ( س) بۆ ڕاهى خودا بۆى کردین .

خوشکى نەخۆشى ژمارە سێ : کچەکەشت نەخۆشى دکتۆر (س) نە ؟ ! والله خوشکەکەى منیش نەخۆشى دکتۆر (س) نە و بەردى زراویشى هەبوو ، یانى چى لەراهى خودا بۆى کردوون ؟! بۆ ئەمڕۆ پارەیان لەئێوە نەسەند ؟ خۆ ئێمە 300 هەزار دیناریان لێسەندین بیجگە لەمەسرەفى تەبەلە و فحوساتى موختەبەرو تیشک و تەختیتى دڵ و هاتووچۆکردنى دوو و سێ ڕۆژ ! .

دایکى نەخۆشى ژمارە دوو : نەوەالله ئەمرۆ هیچیان لێ نەسەندین ، بەس بەهاتووچۆى ئەم چەند ڕۆژەو تەبەڵەو فحوسات وتەختیتى دڵ و شتەکانى تر سەد هەزارێکمان سەرفکردووە ، باشە خۆ ئەو منداڵەش هەر نەخۆشى دکتۆر (س) نە ، ئەویش پارەى نەدا ، بەخۆڕایى بۆیانکرد ، وابزانم دەوڵەمەندیشە ، خۆیان وتیان دەوڵمەندین بەس واسیتەمانکردووە بۆیە ئەمڕۆ بەخۆڕایى بۆیان کردین  .

خوشکى نەخۆشى ژمارە سێ : ئەى باشە بۆ بەپارە بۆئێمەى کرد ؟ لەوە ئەچێت ئەوەى واسیتەى نەبێت و هەژار بێت بەپارە بۆى بکەن ، خۆ ئەو پارەیەى ئێمە داومانە نزیک بۆتەوە لەپارەى نەخۆشخانەیەکى ئەهلى تایبەت ؟ والله ئەبێ گلەیى لەدکتۆر ( س) ن بکەم بۆ ئەو هەموو پارەیەى لێ سەندین ؟ 

دایکى نەخۆشى ژمارە دوو : والله ڕاست ئەکەیت دکتۆرەکانیش هەر بیر لەخۆیان ئەکەنەوە ئاگایان لەخەڵکى نییە ، ئەوە نییە وەزیرى تەندروستى ئەڵیت من وەزیرى خەڵکیم ، ئەو ئەیەوێ بەخۆرایى بێت بەس ئەم دکتۆرە چاوچنوکانە بەتەنیا بیرلەخۆیان ئەکەنەوە وئاگایان لەکەس نییە ،خوا حەقى ئێمەیان .

خوشکى نەخۆشى ژمارە سێ : بەخوا ڕاست ئەکەیت هەموو خەتاکە خەتاى دکتۆرەکانە ؟ ئەوان ئەتوانن پێداگرى لەم ڕەش وڕووت وهەژارە بکەن ئەگەر بیانەوێت  .

دایکى نەخۆشى ژمارە دوو : کچم ئەمجارە ئەگەر نەشتەرگەیتان هەبوو بڕۆ واسیتەیەک بەبەرپرسێک بکە بەخوا بەو شێوەیەنەبێت حەقت ئەخورێ ئەمە کوردستانە ! .

لەم دیمەنەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم هەنگاوەسەقەتەى جەنابى وەزیر لەم کاتەهەستیارەدا خزمەت بەکێ ئەکات وکێ زەرەرمەندى یەکەمە وکێ لەبرى دەسەڵاتى سیاسى و وەزارەتى تەندروستى تاوانبار ئەکات ، هەڵسەنگاندنى ئەم دیمەنە بەوردى وەبەشێوەیەکى زانستى ئەم دەرئەنجامانە لەخۆدەگرێت  .

یەکەم : ئەم داهێنانەپەرە بە سیاسەتى بە دوژمنکردنى پزیشک ئەدات ، ئەو سیاسەتەى سەدام حوسێنى دیکتاتۆرى پێشوى عیراق ڕەچاوى ئەکرد ، پزیشک دەکات بەدوژمنى خەڵک ، هەموو کارە دزێو و نێگێتڤەکانى دامەزراوە تەندروستیەکان ئەخاتە ئەستۆیان لەبرى ئەوانەى سیاسەتى تەندروستى کوردستان وێنائەکەن .

دووەم : هاوڵاتى دابەش ئەکات بەدوو بەرەوە بەبێ بوونى حسابێکى بانکى لەوڵاتدا ، هەندێکیان بەخۆڕایى نەشتەرگەریان بۆدەکرێت ئەوانى دى بەپارە لەهەمان شوێن بەیەک جۆر خزمەتگوزارى فەندەقەیى ، ئەم جیاکارییە لەگەڵ دادى کۆمەڵایەتى ناگونجێت بەتایبەتى هیچ بنەمایەکى یاسایى و دارایمان لەبەردەست نییە ، ئەمەش خزمەت بەچاندنى تۆوى ڕق و کینەئەکات لەناو کۆمەڵگا بێجگەلە دەستەمۆکردنى هاوڵاتى و پەنابردن بۆ واسیتەو مەحسوبیەت لەلاى ئەم حیزب و ئەو بەرپرس دواتر سوکردنى هەموو دامەزراوە حکومیەکان و بەهاجوانەکانى مرۆڤ  ، ئەوەى دەوڵەمەند  بیت یاخود خەلک بناسى بەخۆڕایى بۆى دەکرێت ئەوەى فەقیرو هەژاریشە بەپارە  .

سێهەم : دابەشکردنى پزیشک بەچەند بەرەیەکى دژبەیەک لەڕێگەى دروستکردنى ناعەدالەتى لەداهاتى پسپوریە جیاوازەکانى زانستى پزیشکى ، بۆ نمونە ئەوەى پزیشکى نەشتەرگەرنەبێت بۆى نییە سودمەند بێت لەم داهێنانە سەقەتەو بەمەش نادادپەروەرییەکى زەق لەنیوان پزیشکەخاوەن پسپۆریە جیاوازەکان دروستدەکات وناکۆکى ودرزى نیوانیان زیادئەکات لەگشت ئاستەجیاکانى پسپۆرى وپلەبەندى پزیشکى  .

چوارەم : درز دەخاتەپەیوەندیەکانى نێوان پزیشک و کارمەندى تەندروستى وکارگێرى و دارایى و … هتد ، دەرئەنجام کەرتى تەندروستى ئەبێت بەکەرتێکى بێ سەروبەرە وبارودۆخەکە لەبەرژەوەندى ئەوانەدەبێت کەمەبەستیانە خزمەتگوزارى تەندروستى بەخۆڕایى نەمێنێت  .

 لەوە ئەچێت ڕاوێژکارو بەرپرسەکانى وەزارەتى تەندروستى و هەندێک لەئەندامانى لیژنەى تەندروستى پەرلەمان ئاگایان لەزانستى بەڕێوەبردنى تەندروستى ونەخۆشخانەکان نەبێت  ؟!  کەئەپرسم  بۆ ناوتان ناوە نیمچەتایبەت ؟ لەوەڵامدا دەڵێن لەبەرئەوەى لەنەخۆشخانە حکومیەکان ( گشتى public  ) دەکرێت و بڕێک پارە لەنەخۆشەکە دەسێندرێت کەلەنەخۆشخانە تایبەتەکان کەمترە  .

هەموومان دەزانین بەجەنابى وەزیریشەوە کەلەنەخۆشخانەکانە حکومیەکان هیچ جۆرە تایبەتمەندیەکى نەخۆش دەستەبەر ناکرێت ؟ لەبەر ئەوەى چەند نەخۆشێک لەیەک ژوردان ،  وەڵامدانەوەى بەرپرسەکانى تەندروستى بەم شێوەیە !  ئەو ئەوڕاستیە ئەسەلمێنیت ئەوانەشى ئەم هەنگاوە سەقەتەیان داناوە هیچ بیرۆکەیەکیان لەسەر ووشەى نیمچەتایبەت ( semiprivate )  نییە بەلاینى کەمەوە  پیناسەکەشى نازانن ! ، پێشینان فەرمویانە ئەگەر نەزانێک بەرد بخاتە گۆمەوە بەهەزارەها زانا نایەتەدەرەوە ؟!  .

 نیمچە تایبەت بەماناى ( کەمێک یا تاڕادەیەک تایبەت ، هاوبەش لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر بچووک لەخەڵکى دیکە واتە ژورێکى هاوبەش لەلایەن دووکەسەوە بەشێوەیەکى نموونەیى بەپەردەیەک دابەش کرابێت و هەندێک تەنهایى وتایبەتمەندێتى نەخۆش دەستەبەر بکات ) ئەگەر ئەو کاتە بڕێک پارەلەنەخۆشیش بسەنیت بەمەرجێک خزمەتگوزایەکانى لەوانەى تر جیاوازبێت ڕێى تێدەچێت لەبەر ئەوەى تۆزێک لەدادى کۆمەڵایەتى دەستەبەر دەکەیت ، بەڵام ئەوەى نەشیاو و نامۆیە نەشتەرگەرى کردنى نەخۆش لەنەخۆشخانە گشتیەکان (حکومیەکان ) بەپارە لەژورێک هەشت نەخۆشى تێدایە بەهەمان خزمەتگوزارى ئەوانەى بەخۆڕایى بۆیانکراوە ، ئەمەیان دوورە لە دەستەبەرکردنى دادى کۆمەڵایەتى   .

Semiprivate mean  having some degree of privacy but not fully private، as a hospital room with fewer beds than a ward a hospital room shared by two people، typically with a curtain dividing the room and providing some privacy idea .

نەخۆشخانە ئەهلیەکان بۆیە ناونراوە تایبەت لەبەر ئەوەى تایبەتمەندى کەسایەتى نەخۆش دەستەبەرئەکات و نەخۆش شوێنێکى حەوانەوەى تایبەت بەخۆى هەیە بیجگەلەجیاوازى خزمەتگوزارییە فەندەقیەکان  ولەهەمانکات بەپارەشە .

ئەو نیمچەتایبەتەى وەزارەتى تەندروستى باسى لێوەدەکات لەهیچ سیستمێکى تەندروستى دونیادا بەدیناکرێت و وێنەى نییە ، بەڵى لەوانەیە بەرپرس و ڕاوێژکارە تەندروستیەکانى جەنابى وەزیر لێرەولەوێ پێمان بڵین باوى خزمەتگوزارى تەندروستى و پزیشکى خۆڕایى نەماوە لەدونیادا ، حکومەت دەرەقەتى ئەوبڕەپارە زۆرەنادات بۆیە بیرمان لەم هەنگاوە کردۆتەوە ، بەڵێ ڕاستە تێچوونى پزیشکى سەردەم ڕۆژ لەڕۆژ لەزیادبوونە بەڵام لەو وڵاتانەى خزمەتگوزارى تەندروستى بەپارەیە ڕەچاوى کەم دەرامەتکراوە ئەمە بێجگە لە جۆرێک لەجۆرەکانى دڵنیایى تەندروستى ( چمان الێحى ) ئەمەش بەسیستمێکى ڕێپیداروەوە بەیاسا ڕێکخراوە ، هەرچەندە ئیستا لەکوردستان خزمەتگوزاریەکى پزیشکى نەماوە بەخۆڕایى وەتا خۆت نەخۆش نەکەویت ئەم ڕاستیە نازانیت ، لەبابەتیکى پێشومدا بەناوى ( وەزارەتى تەندروستى نەخۆشخانەکانت دابخە ) لەسایتى ئاوێنە :

ئەم بابەتەم خستبۆڕوو وپرسیارێکم ئاراستەى جەنابى وەزیر کردبوو ئەگەر جەنابت (مدى الجدوى اڵاقتێادیە) ت  Economic feasibility بیستووە وشارەزایت بۆ کارى پێناکەیت ؟ .

هیچ نەبێ بەراوردێک بکە بەتێچوونى هەمان نەشتەرگەرى لەنەخۆشخانەکانى وەزارەت ونەخۆشخانە تایبەتیەکان بزانە بۆ لەدامەزراوە تەندروستیەکانى حکومەت دوو ئەوەندەى نەخۆشخانە تایبەتیەکانى تێدەچێت ، ئەمەکارى زانست و سیاسەتى بەڕێوەبردنى تەندروستیە ، ئیتربەسە بەهەدەردانى بووجەى وڵات بەبێ بنەماى زانستى ، گوناحى ئێمەى پزیشک نییە تۆیەکى بێئاگا لەزانستى بەڕیۆەبردنى تەندروستى بەرپرسمانى  ، نەتۆ فریشتەیت نەئێمەش شەیتان هەموومان مرۆڤین پابەندین بەچەند یاساو ڕێنماییەکى تایبەت ئیتر بەسە موزایەدەکردن بەپزیشک و کارمەند ، بەیەک چاو سەیرى هاوڵاتى بکە، ئێمە مەکە بەدوژمنى خەڵکى ، یا ئەوەتا هەمووى بەپارەبێت یاهەمووى بەخۆڕایى ، ئەگەر سوریشیت لەسەر ئەو هەنگاوەسەقەتەى نیمچەتایبەت کەئێمە شەرمى لێدەکەین هیچ نەبێت بالەهەمان ئەو ژورو قاوشانە نەبێت کەبەخۆڕایى بۆى دەکرێت و خزمەتگوزارییەکانى جیاوازتربێت  .