ڕەسوڵ بۆسکێنى : بێ متمانەیى خەڵک و بێ خەمى سەرکردەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى نەتەوەى کورد ئەوەیە خەڵکى کورد سەرکردەکانى خۆیان خۆش دەوێ ، ڕێزیان لێ دەگرن و بەدڵسۆزى و شانازیەوە شوێنیان دەکەون ، لەپێناوى سەرۆکى خۆیاندا گیانى خۆیان فیدا دەکەن ، لەو بارەیەوە شەرەفخانى بدلیسى دەڵێت : کورد لەچاو دراوسێکانى هەژار و نەدارن ، هەرگیز گازەندە لەبەختى خۆیان ناکەن ، لەپێناوى سەردار و مەزنى خۆیان دا بەگیان و دڵ گیانبازن و بەتێکڕایى هەموویان لە قارەمانى و ئازایەتى و بەجەرگى دا لەلاى ژوورووى هەموو کەسێکەوەن ، کوردەکان ئاکاریکى ناپەسندیان کەهەبێ هەر ئەوەندەیە کەسیان سەر بۆکەس ناچەمێنێ و هەروەک تاکە تاکە بیر لە سەربەرزى خۆى دەکاتەوە ، تێکرا بیر لە سەربڵندى تێکڕایى ناکەن و پشتى یەک ناکرن و نابنە یەک . پادشایانى گەورە و زلهێزیش هەر بەوەندە ڕازى دەبن سەریان بۆ بچەمێنن و باوەڕ بەدەسەڵاتى ئەوان بێنن ، با دەسەڵاتى خۆشیان هەر هەبێت ، ئەگەر شەڕیش ڕوویدا ئەوا کوردەکان دەبەن و بەگژ دوژمنى خۆیانى دادەکەن و خۆیانى پێ دەپارێزن .
سەرکردەکانى ئەمڕۆ لەسەردەمى لاوێتیاندا هەموو ژیانى خۆیان پێشکەشى نەتەوەکەیان کرد ، خوێندن و خۆشبەختى خزم و دۆست و گراوى و ژیانى خۆیان لەپێناوى نیشتمان و نەتەوەکەیان دا لەسەر بەرى دەست دانا و گرەویان بەژیانى خۆیانەوە کرد ، لەڕیزەکانى خەباتى کوردایەتى دا زۆرجار تالێوارى مەرگ چوون ، بەو ئاکارە بەرزانەیان گەیشتنە لوتکەى بەرزى و خەڵک خۆشى ویستن و شوێنیان کەوتن ، بەرەو ڕووى سوپاى دوژمن پێشیان کەوتن ، خاکى نیشتمانیان لە پۆستاڵى بەعس پاک کردەوە ، بۆ بەڕێوەبردنى وڵات هەڵبژاردنیان کرد ، پەرلەمانیان دامەزراند و حکومەتیان پێکهێنا ، بەرپرسەکانیان بەهەژارى و نەدارى بەشانازیەوە لەسەرتەختى دەسەڵات دانا و بەدەورەیانەوە بوونە پاسەوان و بەرگریان لەبەرپرسان و پێگەکەشیان دەکرد ، هەرچەندە خەڵک برسى بوو ، بەڵام ژیانى ئازادیان لێ خۆش هات و بەئاسوودەییەوە ژیانیان دەگوزەراند . چیرۆکێکى سەیر نمایش دەکرا ، لە ناو جەرگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، لە کانگاى زوڵم و ستەم و بێدادى ، دەورەدراو بە مردن و ئازار و نائومێدى ، خاکێکى بەپیت و درەوشاوە بەرەو ڕووى جیهان دەشنێتەوە ، مایەى دڵخۆشى و هیوا بوو ، هەرێمى کوردستان بەرەو دیموکراسى هەنگاو دەنێ ، یەکسانى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بەبەرزیەوە لێى دەڕوانرێ ، مافى ژنان و منداڵان پارێزراوە و بەرەو باشتر دەچوو و ژنان دەیانتوانى پێشکەون ، هەموو شتێک لەگەشە و پێشکەوتن دابوو ، باڵەخانەکان بەرەو ئاسمان بەرز دەبوونەوە ، شەقامەکان چەند ساید وەک فەرش ڕادەخران ، ڕێز لەمافى تاک دەگیرا و بازاڕى ئازاد لەگەشە و برەو دابوو ، خوێندنگا و زانکۆکان ڕۆژبەڕۆژ لە زۆر بوون و پێشکەوتن دابوون ، بەهاندان و تێچوونى کرێى خوێندن لەسەر حکومەت خوێندکارانى دەچووى کۆلیژ و زانکۆکان بە تەواوى زانکۆى وڵاتانى جیهاندا بڵاو بوونەوە بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەرزى زانستى ، لەهەموو لایەکەوە ژیان لەگەشە و پێشکەوتن دا بوو ، لەهەمان کاتدا ڕۆژئاوا ئارامى و ئاسایشى تێدا بەرقەرار کردبوو ، کوردستان بەرەو ڕووى دنیاى دەرەوە کرایەوە ، ئەمە ئەو شوێنە بوو چاوى جیهانى چووە سەر و لەهەموو لاوە کۆمپانیا بیانیەکان ڕوویان تێ کرد و بەخۆشحاڵیەوە ئامادەبوون سەرمایەکانیان لە هەرێمى کوردستان بخەنەگەڕ ، پڕۆژەى بیناسازى و بنیاتنانەوەى کوردستان هەمووانى شاگەشکە کرد بوو ، نووسینگەکانى هێڵى ئاسمانى کرانەوە و فڕۆکەخانەکان بۆ تەواوى دنیا گەشتیارەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد و لەم هاتوچۆیەدا بازرگانە گەورەکان نیگایان تێک دەئاڵقا و بەسەرسامیەوە بۆ هاووڵاتیانى وڵاتى خۆیان دەگێڕایەوە ، سەرنجى دنیا بەلاى هەرێمى کوردستان دا زیاتر لە پێشبڕکێ دابوون ، سەرەڕاى هەموو ئەوانەش هەرێم لەگەڵ ناوەند هەمیشە لەبەریەک کەوتن دابوون ، لەسەر نەوت و غاز و مەسەلەى سەربەخۆیى و کۆمەڵێ کێشەى تر .
لەبارێکى ئاوادا کە خۆشەویستى گەلەکەى خۆیان بوون ، بەرپرسەکان بەرزى و شانازى ئێستایان بیرچووەوە و ڕابردووى خۆیان بیرهاتەوە ، هاوڕێکانى سەردەمى منداڵیان لەناو شارەکان هەموو شتێکیان بەدەست هێنابوو ، لەبڕوانامەى بەرز و پلە و پایە و ژن و ماڵ و ژیانێکى ئاسوودە ، لە ئێرەیى بردن بەهاوڕێکانیان ویستیان پێیان بگەنەوە ، بەڵام تازە هەرگیز تەمەن بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە! ئەوان سەرکردەکان بۆ بەدەستهێنانى خۆشیەکانى ژیان هەڵپەیان بوو ، هەر بۆیەش تووشى هەڵەى گەورە بوون ، هەندێک بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامە ناچار بوون بڕوانامەى ساختە دروست بکەن ، نەیاندەتوانى هاوسەرگیرى لەگەڵ ژنى هاوتەمەنى خۆیان دا بکەن ، سەرەڕاى بەڕێ کردنى چەندین لە شەوەسوورەکانى نائومێدى ، ناچاربوون کیژۆڵەى ناسکى چەند ساڵ لە تەمەنى خۆیان بچووک تر بخوازن و بیانکەنە کەیبانوى ماڵەکانیان ، بۆ وەرسەیەک نانى پارە و پڕ کردنى قاسەکانیان ناچار بوون خیانەت لە کارەکەیان بکەن و دزى و پاشقولدان و سپى کردنەوەى پارە بووە کارى هەمیشەیان ، هەندێک لەوانە بەچەند ساڵێکى بەرپرسیارێتى حزبى و حکومى بوونە ملیاردێر و بازرگانى نێودەوڵەتى ، بۆ جێبەجێ کردنى ئەم کارانە سەدان خەڵکى جەردە و خائین و پاشەڵ پیس و بکوژى شەهیدانى نیشتمان و هاوڕێیان لەبن باڵى خۆیان کۆکردەوە ، ئەوانیش بۆ ڕازى کردنى دڵى بەرپرسەکان و خۆنواندن لەسەر خەڵکى گشتى بەفیز و خۆیادانەوە سەدان کارى خراپ و نەشیاویان لێ وەشایەوە ، هەندێ جاریش بۆ خۆنواندن هەستى تێکۆشەران و کەس و کارى شەهیدانیان ئازار دەدا و بەرامبەر بە هەموو شتێک نائومێد و هیوا بڕاویان دەکردن .
بەداخەوە ئەو دەسەڵاتە سیاسیەى لە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى بەدەستەوە گرت نەیتوانى ڕابەرایەتى و سەرکردایەتى ئەو گەرموگوڕى و جۆش و خرۆشەى خەڵک بکات ، پاش چارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانى خۆماڵى کورد تائێستاش دیموکراسیان بەگەلى خۆیان ڕەوا نابینن ، هەژارى و برسى کردن لەبرەو دایە ، هەموو شتەکان پێچەوانە بوونەوە ، لەبەر ئەوە وردە وردە خەڵک لە حەماسەتى نیشتمانپەروەرى و وەلاى نیشتمانى ساردبوونەوە ، خۆیان بەشتى لاوەکیەوە سەرقاڵ دەکەن ، کە هیچ پەیوەندى بەبەرژەوەندى نیشتمانى و گەشە کردنى دیموکراسى و پێشکەوتنى کوردستانەوە نەبوو ، پێشکەوتنى کۆمەڵگا و بەڕێوەبردنى سیاسەت و زاخاودانى هەستى نیشتمانپەروەرى هەوڵێکیان بۆ نەمایەوە ، لەکاتێکدا دەبوایە جەماوەر هان بدرایە و ڕابهێنرایە بەپەروەردەیەکى سیاسى و بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى و ئاراستە کردنى جەماوەر بەلاى ئینتمایەکى نیشتمانى پاک و بێ گەرد دا ، کەچى بەپێچەوانەوە کۆنتڕۆڵ کردنى جەماوەرى جۆش خواردووى کوردایەتى دواى ڕاپەڕین لەژێر سایەى دەسەڵاتدارانەوە گۆڕا بە جەماوەرێکى سڕکراوى سیاسى و تاکێکى کۆنتڕۆڵ کراوى بێ ئیرادە .
سیاسەت کە باشترین فەلسەفەى داڕشتنى بنەماى گەشەکردنى کۆمەڵگایە ، لەهەرێمى کوردستان بووە گاڵتەجاڕى و خەڵک گاڵتەى بەبنەماکانى سیاسەت دێت ، هەر کاتێک باسى سیاسەت بکەیت بەتانە و تەشەر دەتبەنەوە سەر نوکتە و گاڵتە و گەپ و نائومێدى ، خەڵک لەپێناوى بەدەست هێنانى پارە و پاراستنى بەرژەوەندیەکانیان ناچار بەدرۆ کران و لەهەڵبژاردن و دەنگداندا خائین و خۆفرۆشێک و پێشمەرگەیەک بەچاوێک سەیر دەکران و وەک یەک حیسابیان بۆ دەکرا .
خەڵکى کوردستان لەم بارودۆخە دا لە سەرکردە و بەرپرسەکانى هەرێمى کوردستان لەڕادەبەدەر نیگەڕانن ، ئومێد و متمانەیان بەم دەسەڵات و سەرکردانە لاواز بووە ، ئەگەر ئەوان خۆیان بەخاوەنى ئەم گەلە بزانن دەبێ ئاشتیان بکەنەوە ، متمانەى خۆشەویستى لاى گەل دروست بکرێتەوە ، ئەوەش تەنیا و تەنیا بەوە دەکرێت بەرپرسەکان بێنەوە ناو خەڵک و دەست لە ئارەزووە خراپەکانیان هەڵگرن ، بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان بخەنەلاوە ، هەموو سەرکردەکان دەست لەدەستى یەکتر خزمەتى گەل و نیشتمانەیەکەیان بکەن ، سەرەڕاى بانگەشە و بەڵێنى چاکسازى ، باشترین کار ئەوەیە بۆ لەمەولا ڕێگانەدەن گەندەڵى و خراپەکارى بکرێت و ئەجینداى چاکسازى بەپتەوکردنى متمانەى هاووڵاتیان و کۆمەڵگاى کوردى سەردەکەوێت ، گەندەڵگاران لەڕیزەکانى خۆیان پاک بکەنەوە ، چیتر بەناوى دەنگى زۆر و بنەماڵەى خانەدانەوە ڕیزەکانیان پڕ نەکەنەوە ، بکوژى شەهیدەکانیان نەلاوێننەوە و ڕێزى تێکۆشەران و کەسوکارى شەهیدان بگرن ، چیتر دوژمن بەدۆست نەگرن و بەناوى خۆپاراستنەوە پشت لە نیگەرانیەکانى خەڵک نەکەن ، چونکە هۆکار و مایەى پاراستنى ئەوان تەنیا گەلەکەى خۆیانە ، بێ گومان ئەوە کۆتایى ڕێگاکە نیە و هێشتا کارى زۆرمان ماوە ئەنجامى بدەین و دڵنیام ئەگەر سەرکردەکان کۆمەڵگاى کوردى ئاشت بکەنەوە بارودۆخمان باشتر دەبێ و سەردەکەوین .
بارودۆخى ئاڵۆزاوى ناوچەکە پێویستى بە یەک دەنگى سەرکردەکان و هەوڵى ئاشتبوونەوەیەکى گشتى شێلگیرانە بدەن ، چونکە ناوچەکە بەدۆخێکى هەستیار دا تێدەپەڕێت هەروەک نوام چۆمسکى بیریارى گەورەى ئەمریکى هۆشدارى دەداتە کورد و دەربارەى بارودۆخى ئێستاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئایندەى کورد دەڵێت : بارودۆخى ئێستا زۆر ناڕوونە ، ئێستا ژمارەیەکى زۆر ڕێگریى لەبەردەم کوردەکان دایە ، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یەکەمجارە هەندێک ئەگەر بۆ کورد هاتوونەتە پێشەوە کەلە هەندێک ئاستدا کورد بتوانێت چارەنووسى خۆى دیارى بکات ، بۆیە زۆر پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بکەن ، تاوەکو بتوانن لەم بارودۆخە نالەبار و ئاڵۆزەدا داهاتوویەکى گەش و ئەنجامێکى باش دەستەبەر بکەن .
هاونیشتمانیانى کورد سەرکردەکانى خۆیان خۆش دەوێ ، چاوەڕێن ژیانى داهاتوویان خۆش بکەن و نایانەوێ چى دیکە لەڕابردوودا بژین ، ئەگەر سەرکردەکان شانازى بە ڕابردوو و پێشمەرگایەتى و خەباتى نەتەوەکەیانەوە بکەن دەبێ ئەوە بزانن زۆر لە قارەمانانى نەتەوەکانى تر لەجیهان بەخەباتى خۆیان و خۆشەویستى گەلەکانیان هاتنەسەر تەختى دەسەڵات و ئاکامەکەشیان بەو ڕۆژە گەیشت دواتر کەوتنە بەر نەفرەتى گەلەکانیان، ئایا سەرۆکەکانى ئێمە دەیانەوێت وەک ئەوان بڕۆن ، یاخود وەکو گاندى و نلسۆن ماندێلا و جۆن کەنەدى بەخزمەت کردنى وڵاتەکەى خۆیان بەسەر بەرزى لەناو نەتەوەکەیان بمێننەوە و ساڵانە یادیان بکرێتەوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت