شێرزاد شێخانی : یان شەڕی ناوخۆ یا دو ئیدارەیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هیچ چارەیەکی ترمان لەپێشدا نییە . ئەوەتا مەسعود بەرزانی زۆر راشکاوانە بە ریشسپییەکانی بنەماڵەکەی راگەیاندوە : ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەست سۆرانییەکانەوە ، کوردستان غەرقی گۆمی خوێن ئەکەین .. ئەم قسەیە ئەگەر راستیش نەبێت ، بەڵام بەکردار بەرزانی دوپاتی کردۆتەوەو حزبەکەشی هەمیشە دوبارەی ئەکەنەوە کەوا لەبەرزانی بەولاوە رازی نابن کەسێکی تر ببێتە سەرۆکی هەرێم . کاریش بەمانەوەی خودی مەسعود بەرزانی کۆتایی نایەت ، چونکە دوای ئەویش دەیان کەسی ناو بنەماڵەکەی ریزیان بەستوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمو حکومەتەکانی پارتی . نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەوا ئەم حیزبەی پارتی لەوەتەی دامەزراوە لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە کۆنترۆل کراوە ، ئیدی چۆن دەستبەرداری ئەبن . لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چاوەرێی چی لەم سەرکردەو حزبە ئەکرێت بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموکراسی لەکوردستاندا ؟؟ زۆرجار کاتێک ئەکەومە گفتو گۆوە لەگەڵ بردەران پرسیارێک سەد هەزار جار دوبارە ئەبێتەوە ئەویش ئەوەیە ” بۆچی حزبەکانی تری کوردستان بەتایبەتیش یەکێتی کە هێزێکی کاریگەری سەر گۆرەپانەکەیە ناتوانێت سنورێک بۆ پارتی دابنێت لەتێکدانی رەوشی سیاسیو شێواندنی سیستەمی دیموکراسی و … هتد . ئێ خۆ یەکێتی هەوڵێکی وای دا لەسەرەتای دروستبونیەوە تا ئەمرۆش . بەڵام هیچ ئەنجامی نەبو !!.
لەسەرەتادا تەنانەت دامەزراندنی یەکێتی وهەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان مەبەستی سەرەکی ئەوە بو کۆتایی بەکلتوری سەرکردایەتی پارتی بهێنرێت لە کاروانی خەباتی نەتەوایەتیمان . بۆیە ئاسایی بو هەر لەو دەمەوە پارتی بکەوێتە سەنگەری دوژمنایەتی کردنی یەکێتیو پشتکردنە خەباتی نەتەوایەتی دژ بەبەعسی فاشی ، ئەوە بو هەر لەگەل دەستپێکی شۆرشی نوێدا کارەساتێکی گەورەی بەسەر یەکێتیدا هێنا لەکۆمەڵکوژیەکەی هەکاریدا . بەدرێژایی ساڵانی شۆرشیش سەدان پێشمەرگەی دلێری یەکێتی شەهیدکران ، لەدوای راپەرینیش ململانێی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا بەرێگای سندوقی هەڵبژاردنەوە بەردەوامی پێدرا ، بەڵام لەوێشدا بەتەزویرو تەزویرکاری توانییان خۆیان پێشبخەن . لەئەزمونی حوکمرانیشدا دوای رێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا لەسەر نمونەی حوکمی فیفتی فیفتییەوە ، پارتی بەناشرینکردنی ئەم نمونەیەش کەوتە دژایەتی کردنی یەکێتییەوە ، تا وایلێهات بەبیانوی تاپۆکردنی پێنج دوکان لە قەڵادزێوە کەوتە هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی ، کاتێکیش یەکێتی توانی پارتی شاربەدەر بکات ، پارتی بێ سڵەمینەوە هانای بۆ دەبابەکانی حەرەس جەمهوری سەدام برد تا یەکێتی لەهەولێر دەربکات .
یەکێتی هەمیشە لەهەوڵی ئیحتواکردنی پارتیدا بوە ، بەکۆسپێکی زۆر گەورەشی زانیوە لەبەردەم بەدیموکراسیزە کردنی کۆمەڵگەکەمان کە ئەمەش دروشمێکی سەرەکی یەکێتی بوەو راستگۆیانە هەوڵی بۆ داوە ، نەوەک پارتی بەناوەکەیەوە بازرگانی پێوە بکاتولەرەفتارو هەڵوێستە ناشرینەکانیدا ئەوەی ناوی دیموکراسییەتە لەم حیزبەدا بەدینەکرێت .. ئێستاش یەکیتی لەململانێ بەردەوامە . بەشێوازی مەدەنییانە هاوشانی بزوتنەوەی گۆڕانو کۆمەڵ و یەکگرتو وحزبەکانی تر پرۆژەی هەبوە بۆ بەدیموکراسی کردنی کۆمەڵگە ، بەڵام دیسان پارتییە ملناداتو ئەیەوێت حوکمی دیکتاتۆرییانە بچەسپێنێت وسەرۆکی هەتا هەتا لەکوردستاندا فەرزبکات .
بژاردەکان زۆر کەمن بەتایبەت کە تۆ لەگەڵ حزبێکی عەشایەری دواکەوتوو سەرکردەیەک مامەڵە بکەیت کە هیچ سڵنەکاتەوە لەخییانەتی نیشتمانیو نەتەوەیی ، هیچ مانیعی نییە بەیانی جارێکیتر جەندرمەی تورکیا بێنێتە سەر پەرلەمانی کوردستانو حزبە هاوپەیمانەکانیشى لەپرۆسەی سیاسی دەربکات . ئەم سەرۆکە تازە ئەبێ دەستی لێ بشۆینەوە کەوا ببێتە فاکتەرێک بۆ دامەزراندنی حوکمێکی دیموکراسییانەی تەندروست لەکوردستاندا ، خەونی ئەوو حزبەکەشی بۆ چەسپاندنی حوکمێکی دیکتاتۆرییانەیە ، بەرزانی ئەگەر بۆشی بچێتە سەر دەستبەسەر پارچەکانی تری کوردستانیشا ئەگرێت ، ئەوە نییە شەڕی نفوز ئەکات لەگەڵ پەکەکەو پەیەدە ، ئەوە نییە سەرباری ئیکسپایەربونی پۆستەکەی دەستبەردار نابێت ، ئەوە نییە پەرلەمانو حکومەتی پەکخستوە تەنها لەبەر ئەوەی کەسێکو لایەنێک جورئەتی ئەوەیان کردوە باسی پۆستەکەی ئەو بکەن ، ئەوە نییە قەڵەمەبەکرێگیراوو راوێژکارە کاسەلێسەکانیان باسی هێنانی سوپای ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودییە ئەکەن بۆ کوردستان.ئەمانە هەموی ئاماژەن بۆ ئەوەی کەوا پارتی بەفیعلی ئامادە نییە دەسەڵات رادەستی کەسی تری سۆرانی بکات .
لەئیدارەداندا فەرقێکی یەکجار زۆر لەنێوان هەردو زۆنی زەردو سەوزدا هەیە ، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی پێشمەرگە خانەنیشنینکراوەکانیش ئەوانەی لەرۆژگارە سەختەکاندا بەرگرییان لەمیللەت و شۆرشەکەیان کردو ، بەشانوباڵی خۆیانەوە ئەم کییانەیان دروستکرد وهێزی بەعسیان راماڵی ، ئێستا جیاوازییان ئەکرێت لەگەڵ خانەنشینەکانی پارتیدا کە زۆربەی زۆریان رۆژیک تەقە لەتفەنگیانەوە نەهاتوەو خەڵکی وایان تێدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پێشمەرگایەتیەوە نەبوە ، ئەوان زیاتر دەنگدەری بەکرێگیراون تا پێشمەرگەی دێرین بن ، هەمو مانگێک لەسەر لیستی وەزارەتی پێشمەرگە موچەی تەواوی خۆیان وەرئەگرن ، موچەی پێشمەرگەکانی یەکێتیش بەوەزارەتی داراییەوە بەستراوەو سێ مانگ جارێک ئەدرێت ، سەرۆکی حکومەتەکەی پارتیش دوا بریاری لەبارەیانەوە ئەوەیە کەوا 45 رۆژ جارێک موچە وەربگرن ئەمەش لەقتوی هیچ عەتارێکدا بونی نیە .. دوو لەسەر سێی بیرە نەوتیەکانی هەرێم لەزۆنی یەکێتیدایە ، بەڵام پارتی بەزۆرەملێ مامەڵەیان پێئەکات و هەرزانفرۆشی بەم سامانە نەتەوەییە ئەکات و لەسەر خوانێکی زێرین پێشکەشی ئەردۆگانی گەورە دوژمنی کوردی ئەکات . لەناو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمدا زیاتر لە 100 فەرمانبەر دەوام ئەکەن تەنها 4 فەرمانبەریان یەکێتییە . لەئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا ، سەرەرای ئەوەی کەوا هەردو دەزگای پاراستن و زانیاری بەپێی یاسا یەکسانن لەروی بودجەو میلاکاتەوە ، بەڵام چونکە سەرۆکەکەی پارتییە ، بەشی شێری بودجەکە بەر پاراستن کەوتوە ، ئەویش بۆ کاری حیزبی بەکار ئەهێنرێت لەراوەدونانی نوسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنوسان و گرتن و زیندانی کردنی خۆپیشاندەران ، ئەمانەو دەیان نمونەی تر کەنیشانی ئەدەن پارتی دەستی بەسەر زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتوەو دەستبەرداریان نابێت ، لێرەشدا پرسیارەکە دوبارە ئەبێتەوە تاکەی یەکێتی بەم وەزعە رازی ئەبێت ؟ .
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە قوڕسە ئەبێ بزانین بژاردەکانی بەردەم یەکێتی چین ؟.
– یەکێتی لەوەتەی دامەزراوە چ لەشاخو چ لە شار هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی پارتی بێنێتە سەر رێگای راستی خەبات لەپێناو میللەتەدا . لەشاخ لەجیاتی شەڕی براکوژی بەرەیەکی فراوان دروست بکرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی بەعس ، لەمەشدا بە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی سەرکەوتو بوو تا ماوەیەک توانی دوای راپەرینیش دەسکەوتێکی مەزن بێنێتەدی ئەویش دامەزراندنی پەرلەمانو حکومەتی هەرێم بو .
بەدرێژایی ئەزمونی پەرلەمانو حکومەتی هەرێم یەکێتی بەلەخۆبوردییەوە هەوڵیداوە لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمان بێت بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم ، لەبەغداش یەکریزبن و چەندینجار بەلیستی هاوبەشەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کرد. لەدابەشکردنی پۆستەکاندا هەمیشە یەکێتی سازشی کردوە لەسەر زۆربەی ئیستحقاقاتی خۆی بۆ پارتی بۆ ئەوەی وەزعی هەرێم تێکنەچێت ، بەنمونەش چەندینجار سازشی لەسەر پۆستی سەرۆکی حکومەتیش کردوە بۆ پارتی . لەسەرۆکایەتی هەرێمشدا یەکێتی سەرباری باجە گەورەکانیشەوە هەمیشە پشتگیری پارتی کردوە . کەواتە یەکێتی هەمو رێگایەکی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی نەکەوێتە ململانێیەکی خوێناوییەوە لەگەڵ پارتیدا جارێکتر وڵاتەکەمان توشی نەهامەتی شەڕی براکوژی بکاتەوە کە پارتی ئاوی لێناخواتەوە بەڵکو زۆرجار هەرەشەی ئەوەش لەیەکێتی ئەکات .
بەهەڵسەنگاندنی رابردوی ئەم حزبەوە بۆمان دەرئەکەوێت کەوا پارتی بەهێچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو ئوسلوبەی حوکمرانی لەکوردستاندا نابێت ، ئەو هەمیشە ئەیەوێت باڵادەست بێتو هەمو شتەکان بچنەوە لای خۆی ، هەر بریارێک بیەوێت دەریبکات بریاری بەرامبەرکانیشی بخاتە ژێرپێیەکانیەوە ، بۆیە تەنها بژاردەیەک مابێت لەبەردەم یەکێتیدا جیابونەوەو خۆ دەربازکردنە لەژێر دەستی پارتی .. گەڕانەوە بۆ دو ئیدارەیی باشترین چارەسەرە لەگەڵ حزبێک کە ئاوا مامەڵە بەئەزمونی حوکمرانیو ودیموکراسیەتەوە بکات . ناکرێت تا هەتا چاوەروانی عەتفو سۆزی پارتی بین کەی رەحم بەم میللەتە ئەکات ، ئەوەتا ئەو تەنانەت ئامادەیە دەست بۆ قوتی میللەتیش ببات ، هیچ سڵیشناکاتەوە لەوەی خاکی کوردستان بفرۆشێتە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتو لەپێناو رازیکردنی دڵی ئەردۆگانیشەوە شەڕی پەکەکەو پەیەدە بکات و چارەنوسی هەر چوار پارچەی کوردستان بخاتە ژێردەستی هێزە داگییرکەرەکانەوە .
لەکۆتاییدا ئەڵێم : هیچ شتێک نییە یەکێتی پابەند بکات بەسیاسەتە چەوتەکانی پارتییەوە ، بۆیە جیابونەوە باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی یەکێتی بگەڕێتەوە بەرەی گەلو نمونەیەکی جوانتر لەوەی پارتی پێشکەشی میللەتەکەی بکات .