لاوک کونجرینی : نەوشیروان مستەفا ، جگە لەدوو ئەگەرەکە چ ئەگەرێکی تریی پێیە ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا کێشەکان چارەسەر نەبوون و لێک نزیکبوونەوە لەنێوان گۆران و پارتی ئاسۆی نییە ، کەچی نەوشیروان مستەفا گەڕایەوە . بەگەڕانەوەی ، ئەو ڕستە ناشرینە کۆتایی هات ، کە پارتییەکان کەوتبووە سەر زاریان و دەیان وت : نەوشیروان مستەفا هەڵهاتووە لەترسا .

ئێستا گرتنەوەی نەینەوا قسەوباسەو ، هەنگاوێکی جدی نابینرێت بۆ گرتنەوەی و کۆتایی بە حوکمی داعش و ڕوویەکی دی بە سیاسەتی هەرێم و عێراق  ببینرێت . کەچی بێباکانە نەوشیروان گەڕایەوە .

هێشتا ئەمریکاییەکان ، ئەدای کارکردنیان لەگەڵ هەرێم ، بە ڕایەڵەی سەری ڕەشدا هاتوچۆ دەکات . کەچی کەس نازانێت نەوشیروان مستەفا چ قسەیەکی لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا هەیە . لەکاتێکدا پێشەلی دیموکراسی و هۆکاریی ناڕێکی ماڵی کورد و ، هەروەها دەستتێوەردانێکی ڕاشکاوانەی سیاسی و سەربازییە بەسەر هەرێمەوە .. 

ئەوەی چەند مانگێکە ڕوودەدات ، هیچ گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە ، پارتی سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی و ، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر قسەی خۆی بەردەوامە ، یەکێتیش لەبیستوچوار کاتژمێردا گۆڕانکاری لەسیاسەتی خۆیدا دەکات و سیاسەتێکی بانەوژوور بەکار دێنێت ، کە هیچ واتایەکی پۆزەتیڤ نادات بەدەستەوە ، بۆ ئەوەی لەنێوان چاک و خراپدا لایەک هەڵبژێرێت .

نەوشیروان گەڕایەوە ، بەڵام پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ، کوتلەی پەڕلەمانەکەی لەبەغداد نیازپاکی خۆی بۆ پارتی دەربڕی لەژێر ناویی یەکڕیزی ماڵی کورد داو . پارتیش لەزاریی سکرتێری حیزبەکەیەوە ، نەرمی نوواند بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و ، یەکێتی و گۆڕانیش گۆڕانکاری لەململانییەکانیاندا گەیاندە ئاستی ئاشتیەکی سیاسی ، کە هەلكێشراویی ڕوئیای کاری هاوبەش بن بۆهەنگاوەکانی داهاتوویان . کە تەنها لەسەر واژووەکەی ماوە .

شەقام و ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان بە هیواوە دەڕواننە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا ، هەندێکیان بە فریادڕەسی ئەم ڕەوشەی دەزانن و هەندێكان گومان دەکەن بتوانێت بەهۆی پشت و پەنای ئەمریکاو تورکیاو وڵاتانی ناوچەکە بۆ پارتی بەهۆی بەرژەوەندییەکانیانەوە ، ئەم رەوشە کۆتایی بهێنێت و بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە هێزی یەکلاکەرەوەی ئامانجەکانی .

لوبی قسەکە :

بەرزانی و ئەمریکاییەکان و هەندێک وڵاتانی ناوچەکە ، پیلانێکی گشتگیریان نەداوە بەدەستەوە لەسەر گرتنەوەی نەینەوا ، تا عێراق بکەنە وڵاتێکی ئارام . ئارامی عێراق بۆ ئەمریکاییەکان کۆتایی بەرنامەو زاڵبوونە .

بۆ تورکاییەکان ئاشتی ، داخستنی دەروازەکانی کێشکردنی ئاڵوگۆڕکردنی سەرمایەو خۆ تێرکردن و قووتکردنەوەی دۆسیەی کوردە لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە  .

بۆ بەرزانی کۆتایی زاڵبوون و دەستپێکی ملدانە و ، سەرەتای قسەکردنە لەسەر دەستور و کۆتایی حوکمی تاکڕەویی و سووتاندنی خەونی دەسەڵاتی دەستاو دەستە .

کەواتە قسەیەکی جدیی نییە لەسەر گرتنەوەی نەینەواو کۆتایی هاتنی داعش لە عێراق ، چوونکە بەرژەوەندییەکان خوازیاری کۆتایی ئەم یارییە نین . خۆ سەرەتای کۆتایی گەمەکە دیار نییە تا تێکستی سیاسی ماڵی بەرزانی کۆتایی بێت و نەوشیروان خاڵێک دابنێت و بێتە سەری دێر بۆ دەستپێکردنی تێکستە سیاسییەکانی خۆی .

ئەی چ ئەگەرێکی تری پێیە ؟ . جگە لەم دوو ئەگەرە ، کە پارتی تینویەتی :

1 –  شەڕی ناوخۆ

2 –  دوو ئیداریی

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت