ئەبوبەکر جاف : بێبەهاكردنی بەهاكان ، بە بەهاكردنی بێبەهایی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێبەهاكردنی كوردایەتی بە نمونە 

یەكەم :
بەهاكان لە كوێوە دێن ؟
بەهان بۆ لە خۆیاندا هیچ بەهایەكیان نییە ، هێزێكی زاڵ و بە دەسەڵات لە ناو گەمە گوتارییەكانیدا بێبەهایی و شتێكی بێبەها دەكات بە بوونێكی بەهایی و بە بەها . حەقیقەت ئەو بێبەهایەیە كە ماكینە سۆسیۆ – سیاسییەكان لە ناو گوتاردا دەیكەن بە پیودانگ و پرەنسیپ بۆ زاڵكردنی گوتارێك . ئەوەی هێزی لایە ، ئەوە توانای ناونان و ناولێنانی شتەكانی هەیە ، واتە بە هۆی زالبوون و هەیمەنەو سەدان میكانیزمی شاراوەوە ( بێبەهاییەك لە خۆیدا ) دەكات بە بەها . بەهاكان بوونێكی جەوهەرو نەگۆڕو جێگیرو دامەزراو نین ، بەهاكان لە ناو پەیوەندی هێزەكاندا ، لە ناو بەركەوتن و لێكخشانی هێزەكاندا مانا وەردەگرن . هەر هێزێك لە سەرەوە بوو ، هەر هێزێك زاڵبوو ، بەهای ناو لێنراو و مانای بەرهەمهێنراوی ئەو هێزە دەبێت بە گوتارێكی میتا – فیزیكی سەپێنراو چ بە فشار بێت یان خۆ ویستانەو بوونی ئارەزوویەك لای دەستەو تاقمی ژێر دەست . مانا بۆ خۆی مانای نییە ، مانا لە ناو پەیوەندی و ململانێ و بەریەككەوتنی هێزەكاندا مانایەكی هەیە . ئەگەر بەهاكان بەرهەم و خولقێنراوی هێزەكان بن ، ئەگەر بەهای باو باڵادەست دراو بەرهەمی هێزێكی زاڵ بێت ؟ ئەم بەهایانە لە پێناو چی و بۆچی ؟. هێزەكان بە ئیمانانسی لە بەركەوتن و ململانێدان ، لە ناو ئەم ململانێدا دەست دەبرێت بۆ زۆرێك لەو سەرچاوەو سەرمایەو چیرۆك و حیكایەتانەی شەرعییەت و ڕەوایەتی بە شۆڕكردنەوەو فراوانكردنی دەسەڵات و هەیمەنەو زاڵبوون ، كەواتە ستراتیژێك هەیە ، هێزەكان ستراتیژیان هەیە ، ستراتیژی هەیمەنەو زاڵبوون و باڵا دەستی ، ئەم پرۆسێسیوشە تەنیا بە سەپاندن و فشارو لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕكردنەوە نابێت ، بەڵكو دەبێت ئامادەگی و پۆتئنسیالیتێ و هەلومەرج بخولقێنرێت ، بەو ئاستەی خواست و ئیرادەیەك لە خوارەوە بخولقێت ، هەیمەنەو زاڵبوون و سەیتەرە لە ناو بەهاكاندا وەك ناچاری و پێویستی و حەتمی وەرگرن . واتە تا لە خوارەوە ئارەزوویەك نەبێت بۆ عاشقبوون و ئالودەبوون بە دەسەڵات بەسەركردن و مومارەسەو پراتیككردنی دەسەڵات ، دەسەڵات ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی قایم بكات ، لەوێشەوە بێبەهایی بكات بە بەهاو بەها بكات بە بێبەهایی ، سەرهەڵدان و گەشەو هەیمەنەی بەهایەك پەیوەندییەكی نەپچڕاوی ئیمانانتی و ئۆنتۆلۆژی بە ئەو هێزەوە هەیە كە زاڵە . مەرج نییە هێزێك یاخود تەواوی هیزەكان كاریان خولقاندنی بەهای نوێ بێت ، بەڵكو پێداگیری و جەختكەرەوەن لە سەر كۆمەڵێك بەهای پێشوەخت و بۆ ماوە ، ئەمەش لە ناسینەوەی بەهایەكەوە دێت كە چ زیانێكی بۆ هێزە نوێیەكە نییە ، یاخود بە سودی هێزە نوێتە براوەكە دەگەڕێتەوە .
دووەم :
بەهاكان دەیانەوێت چی بڵێن و چی بشارنەوە ؟
ناسینی بەهایەك یان بێبەهاییەك ، مەعریفەمان بەرانبەر شتێكی بەهادار یان شتێكی بێبەها ، دەبێت لە ناسینی هێزەكەوە بێت . واتە بەركەوتنێكی مەعریفی لە گەڵ ئەو گوتارو پێچ وپەناو شەرعییەت و سەرمایەو چیرۆك و حیكایەتانەوە بێت كە هێزێك ( گوتارێكی بەهایی و مۆرالی چەسپاندووە . نابێت پرسیار بكەین بەعسیەك لە خۆیدا چییە ، نا ، چون بەهایەك لە خۆیدا بێبەهایە ، پرسیارەكە پرسیاركردن و بە پرسهێنانی ماهییەتی شتێك ، پەیوەندییەك نییە ، پرسیار لە ماهییەت و چییەتی شتێك ، بەهایەك ، پەیوەندییەك ….. سەر بە میراتی فكرو فەلسەفەی پێش ( نیتچەیە) . بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كە : كێ داكۆكیكارە لە حەقیقەت و بەهایەك ، وە بۆچی ؟. گوتارێكی ماركسیستی سەروكاری لە گەڵ جۆرێك لە بەهادا هەیە ، لیبرالیزم و نیو لیبرالیزم لەگەڵ جۆرێكی دیكە لە بەها ، ناسیۆنالیزم لە گەڵ جۆرێكی دیكە لە بەها ، مەزهەب و ئاینێك لە گەڵ جۆرێكی دیكە لە بەها .
نمونەیەك
ئەوەی لە پەرلەمانی بەغدا ڕوویدا ، دەبێت بخرێتە ناو گوتارێكەوە ، گوتارێك كەم ئامانج دیاری بكات و كەمیش شەرعییەت بە ئەكت و كردەی هەڵهاتن بدات . پەرلەمانتارە كوردەكان بەر زەبروزەنگ كەوتن ، هەڵهاتن … بەلام دەبێت هەموەیان لە سەر چیرۆكێك ڕێبكەون : ئەمە پەلاماردان و بێحورمەتییە بەرانبەر كورد ، ئێمە لە سەر كورد وامان لێهات ، ئامادەین وەك پێشمەرگە شەهید ببین لە پێناو كوردو كوردستان .
هێندە بەس نییە كە بزانین ئەم حیكایەتانە درۆو دەلەسەن ، چونكە پەرلەمانتاری عەرەب هەبوو زیاتر تێیان هەڵدا . دەبێت ڕووت و قوتی خۆیان بشارنەوە ، بیشەرعین بە حیكایەتی دیكەی وەك كوردو كوردستان و كوردایەت ی. دەبێت لامان ڕوون بێت ئەوەی بەسەریاندا هات حەتمی بوو وەك بەرئەنخامی ئەوەی ( پەرلەمانتارە كوردەكانیش بەشێكن لەو نوخبە ئەرستۆكراتییەی ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق ) . بەڵام بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشكردنی ژەمە ، دەبێت میكانیزم و گەمەو یاساو ڕێسای جیاواز بدۆزنەوەو بیخولقێنن [ كوردایەتی ] . بۆچی ؟ فریودانی خەڵك لەوەی ئەمان بەشێك نین لەو چەتەییە ، سواڵی بەزەیی و سۆزی نەتەوە بەرانبەریان تا ( تاوانی چەتەیی و شەوكوتی ) بەلاڕێدا ببردرێت ، شەرعییەتی هەڵهاتنیان لە ڕێگەی كوردایەتییەوە ، كەواتە دەبێت ئێمە بۆ ناسینەوەی بەهاو بەرهەمهێنانەوەی بەها لە لایەن هێزەكانەوە ، شتی دیكە بدوێنین : گوتار ، كۆنتێكست ، زمان ، هەلومەرج ، بەهاو مۆراڵی باو ، بەیار و دوژمن .
ئا لێرەدا دەبێت لەوەش تێبگەین كە ، داكۆكی و پێداگیری و وتنەوەو دەیانجار دوبارەكردنەوەی ( یەكگرتووی فراكسیۆنە كوردییەكان ، پێكەوە پاراستی یەكڕیزی و بەرژەوەندی باڵای بەتەوەی كورد …. جگە لە پەردەپۆشكردنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش و یەكانگیری نوخبەی پەرلەمانتارەكان ، هیچی دیكە نین . دەبێت بزانین سەرباری جیاوازی هێزە سیاسییەكانیان ، ئەوان وەك نوخبەیەكی خاوەن بەرژەوەندی و سەرمایەو سودو قازانج و بەرژەوەندی خۆیان یەكڕیز و یەكگرتوون ، بەڵام دەبێت فۆرمی دیكەی پێببەخش . لێرەشدا چەندین كاناڵی میدیایی لە خزمەتیاندایەو زەواجێك لە نێوانیاندایە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت