دکتۆر جەبار قادر : لە سەد ساڵەی ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

Aسەردارانی کورد ئەو هەموو سەروەرییەی ئەوڕۆی کچان و کوڕانی قارەمانی کوردستان پشتگوێ ئەخەن و دوای کڵاوی بابردووی سایکس – پیکۆ کەوتوونە .
Bئەگەر سایکس – پێکۆ ، کە بە یەک وشە باسی دۆزی کوردی نەکردووە ئەم هەڵایەی بۆ بکرێت ، ئەی ئەبێ بۆ سێڤر چی بکەن کە سێ بەندی بۆ دۆزی کورد تەرخان کردووە ؟

ئەوەی لە ماوەی ئەم چەند مانگەی ڕابردودا لە بارەی سایکس – پیکۆوە وترا زۆر لە سنورەکانی لۆژیک و مێژووی بەزاند ، ئەوەشی دەرخست کە زۆربەی هەرە زۆری کورد گوێ بە خوێندنەوەی مێژوو نادات و زیاتر حەز لە چیرۆکی بێ سەر و بەری مێژوو ئەکات . بروسکە ئاسا ئاماژە بە چەند پرسێک ئەکەم کە لەم بۆنەیەدا سەرنجی مرۆڤیان ڕادەکێشا . هەڵس وکەوتی کورد لە گەڵ یادەکەدا و فرمێسک ڕشتن لە پێناوی هیچدا ، بەرپرسیارێتی سایکس – پیکۆ لە تراژیدیای کوردیدا ، تەمەنی ڕێکەوتننامەکە و بیرۆکەی جێگیرکردنی یەکێکی تر لە جێگەیدا ، گوێنەدان بە هاوسەنگیی هێز و یاریکەرە سەرەکییەکانی سەد ساڵ بەر لە ئێستا و ئەمڕۆ … تاد . مەبەستمە لە ڕێگەی چەند خاڵەی خوارەوە ، کە بۆ هەر یەکەیان سەدان بەڵگەنامە و سەرچاوەی مێژوویی لە بەردەستدان ، ئەو پرسانەی سەرەوە لێکبدەمەوە :
1 – سایکس – پیکۆ ئەنجامی سەدەیەک لە ململانێ و پێشبڕکێ بوو لە نێوان زلهێزەکانی سەدەی نۆزدەهەم و دەسپێکی سەدەی بیستەمدا بۆ دابەشکردنی پێشوەختەی میراتەکانی پیاوە نەخۆشەکە . ڕێکنەکەوتنی بریتانیا ، فرەنسا ، ڕووسیا و ئەڵمانیا بووە هۆی ئەوەی تەمەنی دەوڵەتی عوسمانی بۆ یەک سەدە درێژ ببێتەوە .
2 – نامە و نامەکاری هێنڕی مکماهۆن و شەریفی مەککە حوسێنی کوڕی عەلی بەشێکی گرنگی چوارچیوەی گشتی سایکس – پیکۆ پێکدێنن . لە دوای شکستی کۆنگری ئەستەموڵ و شکستی هاوپەیمانان لە پەلاماری گالیپولی ، بریتانیا بڕیاریدا دەوڵەتی عوسمانی لە ناوەوە هەڵبتەکێنێ . بۆ ئەمەش لە بەرامبەر سوڵتان و جاڕدانی غەزا و جیهادا کەسی لە شەریفی مەککە ، کە سەنگێکی گرنگی لە جیهانی ئیسلامی و لە ناو عەرەباندا هەبوو ، باشتر دەسنەدەکەوت . داخوازییەکانی حوسێن لە بارەی وڵاتی کوردانەوە مایەی خوێندنەوە و تێڕامانی زۆرن و مەترسی گەورە بوون بۆ دوا ڕۆژی کوردستان .
3 – بە پێچەوانەی هەموو ئەوەی ئەوترێ هیچ یەکێک لە سنوورەکانی دەوڵەتانی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵات بە پێی سایکس – پیکۆ دیاری نەکراون . ئەمانە لە دواییدا بە پێی سان ڕیمو ، سێڤر و لۆزان و دەیان ڕێکەوتننامەی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە دیاریکران . پرۆسەی دیاریکردنی سنوورەکان مێژووییەکی ئاڵۆز و دوور و درێژی هەیە و تا ساڵی 1991  بەردوام بوو ( سنوورەکانی کوەیت و عیراق ) و هێشتاش هەندێ پرس بە هەڵواسراوی ماونەتەوە ( لە فلەستین و کەنداو ) . سایکس – پیکۆ چوارچێوەیەک بوو بۆ دابەشکردنی پێشوەختەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی .
4 – ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی بوو ، لە کاتێکدا سان ڕیمو بۆ دامەزراندنی قەوارەی نوێ بوو . لە سان ڕیمو مافی مەندەیت درا بە بریتانیا لە سەر عیراقێکی زۆر گەورەتر لە سایکس – پیکۆ ، فلەستینێکی جیاوازتر و ئوردونی ئەوڕۆ و بە فرەنساش لە سەر سوریایەکی بچوکتر و لوبنان .
5 – ڕاستە زۆر جار بە ڕاستە سنورەکان دەکێشران . ئەمەش شتێکی سەیر و سەمەرە نەبوو بۆ ئەو بیابانە پان و بەرینانە کە چۆڵەوانی بوون و ئەو دەمە کەسیان لێ نەدەژیا هەندێ هۆزی کۆچەر نەبێت کە لە هاتوچۆی هەمیشەییدا بوون و واتای سنووریان نەدەزانی . لە هەندێ حالەتدا سنورکێشانەکان مایەی گاڵتەجاڕی بووە . ئەو هێڵە کاتییەی لە نێوان عیراق و تورکیا کێشرا و بە هێڵی برۆکسل نێودەبرا لە ژووری هوتێلێکی برۆکسلدا کێشرا .
6 – ڕۆژهەڵات بەر لە مارک سایکس و جۆرج پیکۆ باخچەیەکی پڕ لە گوڵ و گوڵزار و بێ کێشە نەبوو ، دیاریکردنی سنورەکانیش لەم هەرێمە کارێکی ئەەندە نامۆ نەبوو . سنورەکان لە هەموو دونیا لە لایەن دەوڵتە کۆلۆنیالییەکانەوە کێشراون . هەموو سنورەکانی ئەمریکای لاتینی و ناوەڕاست لە لایەن کۆلۆنیالیزمی ئیسپانییەوە کێشراون . بریتانیا سنوورەکانی هیندستان ، پاکستان و ئەفغانستانی دیاری کرد . ئەمریکا سنورەکانی لە گەڵ کەندا و مەکسیکدا کێشا – فرەنسا – بەلجیکا – هۆڵەندا – ئەڵمانیا – پورتوگال و … تاد سنورەکانی وڵاتانی ئەفریقایان دەستنیشان کرد . 
7 – تەنانەت ئەگەر مارک سایکس و جۆرج پیکۆ پڕ بە دڵیش حەزیان بکردابایە سنورەکان بە پێی پێکهاتە ئاینی ، مەزەبی و ئەتنیکییەکان بکێشن ، ئەم کارەیان بۆ مەیسەر نەدەبوو ، لە بەر هۆەیەکی زۆر سانا ئەویش ئەویە کە ئەو پێکهاتانە بە شێوەیەک تێکەڵاوی یەک ببوون کە جیاکردنەوەیان کارێکی مەحاڵ بوو . هێڵەکان سنوور بە شوێنگەلێکدا تێدەپەڕین کە چەندین پێکهاتەیان دەگرتە خۆ . ئەمانە جاری وا هەبوو سەدان ساڵ بوو پێکەوە لە چوارچێوەی یەک ئیمپڕاتۆریدا دەژیان . لەم دەڤەرانە سوننە و شیعە لە عەرەب ، کورد و تورکمان و کرستیان بە هەموو پێکهاتەکانێوە – ئێزیدی – جولەکە – دورزی … تاد دەژیان . ئەوە لە ساڵانی دواتر بوو کە عیراق ، سوریا ، تورکیا کەوتنە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سڕینەوەی ئەم فرەڕەنگییە لە ڕێگەی تواندنەوە ، جینۆساید ، پاکتاوی ڕەگەزی و توندوتیژییەوە بۆ ئەوەی ” گەلێکی هیمۆژین ” ( هاوچەشن ) دروست بکەن .
8 – لێژنەی کینگ – کراینی ئەمێریکی سەردانی ناوچەکەیان کرد بۆ ئەوەی بە پێی چواردە بەندەکەی سەرۆکی ئەمێریکا  ” ودرۆ ویڵسن ” لە بارەی مافی بڕیاردانی چارەنووسەوە بۆ گەلانی ناتورکی دەوڵەتی عوسمانی ، لە خواستی دانیشتوان بکۆڵنەوە سەبارەت بەو سیستەمەی دەیانەوێت لە سێبەریدا بژێن . ئەم ڕاپۆرتە هەندێ لە خواستەکانی خەڵکی گرتبووە خۆ ، بەڵام پشتگوێ خرا و تیشکی زۆری نەخرایە سەر . دەوترێ لە بەر ئەوەی ناکۆک بوو لە گەڵ بەندەکانی سایکس  – پیکۆدا بۆیە بەو شێوەیە هەڵس و کەوتی لە گەڵدا کرا . توێژەرێک کە خەریکی ئامادەکردنی کتێبێک بوو لە سەر ویڵسن بە هەڵکەوت دانەیەکی لە ڕاپۆرتەکە دۆزییەوە .
9 – سایکس – پیکۆ بە یەک وشە باسی کورد و دۆزی کوردی نەکردووە ، هەرچەندە کورد لە یادی سەد ساڵەیدا لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵات زیاتر فرمێسکی بۆ ڕژاند و کۆنفرانسی بۆی سازکرد . هۆی ئەم گوێنەدانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆزی کورد بە توندی خۆی بە سەر ئەژێندای ڕۆژدا نەسەپاندبوو . ئەو کاتە دوو فاکتەری سەرەکی پاڵیان بە کوردەوە دەنا لایەنگری لە دەوڵەتی عوسمانی بکەن ، ئەویش یەکەم : پلان و نەخشە فراوانخوازەکانی ئەرمەن ، کە زۆربەی خاکی کوردستانیان بە ئەرمینیا لە قەڵەم دەدا و بۆ ئەمەش ڕووسیا و فرەنسا و بریتانیا لایەنگرییان لێیان دەکرد . داخوازییەکانی شەریفی مەککەش لە بارەی بەشێکی گرنگی خاکی کوردانەوە فاکتەرەکەی دیکە بوو . بە وتەیەکی دیکە هەردوو مەترسییە گەورەکە لە سەر کورد و کوردستان خۆیان لە پاڵ هاوپەیمانان مڵاس دابوو ، بۆیە کورد خۆی لە بەرەی بەرامبەردا بینییەوە ، ئەمەش وەکو هەمیشە ئەسپە دۆڕاوەکە بوو . جاڕدانی غەزا و جیهادی عوسمانیش ڕۆڵی کەم نەبوو لە هەڵوێستی کوردا .
10 –  کە دەڵێم لەو کاتە دۆزی کورد بە توندی لە ئارادا نەبوو ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دۆزی کورد هێشتا سەری هەڵنەدا بوو . نەخێر مەبەستم وا نیە . دۆزی کورد بە بۆچوونی من لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم و دەسپێکی سەدەی نۆزدەهەمەوە سەرهەڵدەدات . پەنجا ساڵی یەکەمی تەمەنی لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی دەوڵەتی عوسمانی و میرنشینانی کوردا دەباتە سەر . لەو ماوەیەدا هەموو میرنشینەکانی کورد لە دەوڵەتی عوسمانی سەردەنێنەوە و کوردستان ڕاستەوخۆ لە ئەستەموڵەوە بەڕێوە دەبرێت . پەنجا ساڵەکەی دیکەش شێخانی نەقشبندی و قادری دەست دەگرن بە سەر دۆزی کوردا و ناتوانن لە پرسەکانی عوسمانی جودای بکەنەوە . لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و یەکلابوونەوەی ئەگەری لە نێوچوونی دەوڵتی عوسمانی هێشتا ڕابەرانی کورد لە ئەستەموڵ خەونیان بە بەشە خۆ بەڕێوەبردنێکەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا دەبینی . ئەم بیرۆکەیەش لە لای شێخ عەبدولقادر نەهری و یاوەرانی لە ساڵی 1918 وردە وردە سەریهەڵدەدا ، بۆیە لە کاتی سایکس – پیکۆدا بیر لە دۆزی کورد نەکرایەوە . دواتر ئەویش بە هۆی پەیوەندی ئاڵۆزی ئەم دۆزەوە بە کێشەی ئەرمەنەوە فرەنسا و بریتانیا کەوتنە بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک ، ئەویش بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کەمالییەوە هیچ بەرهەمێکی لێ سەوز نەبوو .
11 – میدیای کوردی و هەندێ لە کاربەدەستانی کورد کە لەم بارەیەوە قسە دەکەن وای لێکدەدەنەوە گوایە سایکس – پیکۆ بووە هۆی ئەوەی کوردستان دابەش بکرێت و دەوڵەتی کوردی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دانەمزرێت . هەندێکیشیان خەیاڵی ئەوە لێدەدەن وەک ئەوەی هێشتا مارک سایکس لە ڕۆژهەڵات نوێنەرایەتی بریتانیا بکات و جۆرج پیکۆش هی فرەنسا و خەریکی داڕشتنەوەی ڕێکەوتننامەیەکی ترن جێگەی سایکس – پیکۆ بگرێتەوە و ئەمجارە قەول وایە بەشی کورد نەخورێت . وادیارە جۆن کێری و سیرگێی ڵاڤرەف ( ڵاڤرۆف ) نابینن . ئەم قسانە بنەمای مێژوویی و قانونییان نیە .
12 – کاتێ مارک سایکس و جۆرج پیکۆ و لە پاڵ ئەوانیشدا سیرگێی سازانەف خەریکی دابەشکردنی پێشوەختەی میراتە ئاسیاییەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون کورد ناوی لە ناواندا نەبوو . ئێستا کورد لە سەر شانۆی مێژوویی ئەو ناوچەیە فاکتەرێکی بەرچاوە و هەموو لایەک حیساب بۆ هەڵوێست و پێگەی دەکات و دونیا هاوسۆزی بۆ دۆزەکەی دەرئەبڕێت ، کە چی ڕابەرانی کورد ئەم هەموو سەروەرییەی کچان و کوڕانی قارەمانی کوردستان ڕۆژانە لە بەرەکانی شەڕ تۆماری دەکەن پشتگوێ ئەخەن و خەریکی یاری بچوک و شەڕە دەنوکن و دوای کڵاوی بابردوی سایکس – پیکۆ کەوتوونە . ئای کە چیرۆکێکی خەمگین و بێ واتایە .
13 – زۆرمان بە شان و باڵی شۆڕشی ئوکتۆبەردا هەڵداوە ، بەڵام ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بێت با وای دابنێین کە ئەو شۆڕشە لە دوای تەواوبوونی شەڕ ڕوویدا . ڕووسیا ئەو بەشەی کوردستان ، کە بۆی تەرخان کرابوو داگیری دەکرد و دەبوو بە یەکێک لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەت و لە دوای 1991 یش دەبوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ . پێموایە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتدا دۆزک بە نێوی دۆزی کورد نەمابوو . بەداخەوە لە زانستی مێژوودا ” ئەگەر وا بوایە و وا نەبوایە ” نایخوات و ناتوانین بەو چەشنە مێژوو سەرلەنوێ دابڕێژینەوە . ژمارەیەکی زۆر لە میژوونووسانی کورد بەمەی دواییەوە خەریکن . خەریکی مێژووییەکن کە دڵ دەیخوازێت ، نەک ئەو مێژووەی کە لە ڕوویداوە .
(*) ئەمە پوختەیەکی زۆر کورتی ئەو سیمپۆزیۆمە بوو کە لە ڕۆژی 22.05.2016 لە شاری بۆخوم لە ئەڵمانیا لە ناوەندی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە پێشکەشم کرد و گفتوگۆیەکی گەرم و گەلێ پرسیاری لە لای ئامدەبووان وروژاند .

Naxsha

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت