دکتۆر محەمەئەمین عەلی : سەرۆک و پرسى سەرۆکایەتى بەعەقڵیەتى پاش زەبر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى دووەم

لەزنجیرە نووسینى هەموومان نەخۆشین  ( کۆنیشانەى عەقڵیەتى پاش زەبر )

کاتێک باسى عەقڵیەتى پاش زەبرى سەڕوک دەستاودەسکردنى دەسەڵات ئەکەین بۆمان دەردەکەوێ جیاوازى بەرچاو و قەبە لەنێوانیاندا نییە ! بەگشتى مەوداى عەقڵیەتیان زۆر تەسکەو لەیەک زۆن ئەخولێتەوە وەک یەکیش بیرئەکەنەوە .

 لەم بۆشاییە سیاسیەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى تێیکەوتووە ئاڕاستەى گشت کێشەو قەیرانەکان بەرەو پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمن ، وەک ئەوەى بەیەکلایکردنەوەى ئەم پرسە گشت کێشەو قەیرانەکان بەرەونەمان هەنگاوبنێن ، لەوەش سەیروسەمەرەتر سەرۆکى گشت پارتە سیاسیەکانى کوردستان لەگەڵ دەستاودەستکردنى دەسەڵاتى سەرۆکایەتین ، ئەو سەرۆکایەتیەى کەخودى خۆیان لەناو پارتەکەیان پێیان ناکرێت و شەڕى دەستەویەخەى لەسەرئەکەن تامردن ، هەرچەندە لەهەندێک لەو حیزبانەدا سەرۆکایەتیەکە ئەوەندە بچوک و بێبایەخە منداڵیک پێى ڕازى نابێت ، وەک ئاماژەم پێدا کێشەکە کێشەى عەقڵیەتە ، تا ئێستاچ پارتێکى سیاسى کوردستان دەستاودەستکردنى دەسەڵاتى سەرۆکایەتی پارتەکەى کردووە وەک لەپەیرەوپرۆگرامەکەیدا هاتووە ؟  بەڵى لەوانەیە لێرەولەوێ بەدەگمەن بوونى هەبووبێت بەڵام کارناکاتەسەر عەقڵیەتى گشتى .

نایەمە سەر عەقڵیەتى حیزبە پچوکەکانى کوردستان وەک زەحمەتکێشان و سۆشیالست و … هتد ، چونکە کاتێک پۆستى سکرتێر کێشەى تێکەوت بوون بەچەند باڵێکەوە ؟! دواى ئەوەى یەکتریان ڕیسواکرد جیابوونەوە !  بەڵام بۆ ئەبێ پارتێکى سیاسى شۆڕشگێر و مەزنى وەک یەکێتى نیشتمانى کوردستان کەحیزبى بەعسى هێهابووە لەرزین بەهەمان ڕێچکەدا بڕوات ، ئەوەتا پۆستى سکرتێر نەک یەکلایى ناکرێتەوە بەڵکو بۆ کەسیش نییە باسى بکات ، کاتێک پۆستى سەرۆکایەتى عیراق یەکلایى کرایەوە  چونکە لەدەستى عەقڵیەتى کورد و حیزبە کوردستانیەکان دەرچووبوو سەرۆکێکى کارتۆنیان دانا  کەنەک حەیاى کورد بەڵکو حەیاى پۆستى سەرۆکایەتیەکەشى برد ! ، تەنانەت لەدەزگا فەرمیەکانى کوردستان ڕەسمى پێشوى سەرۆکى عیراق هەڵواسراوە لەبرى ئەم سەرۆکەى ئێستا کە لەبەرژەوەندى خودى خۆى و دامەزراندنى خزم و کەسوکارى بەوڵاوە هیچیترى  نەکردووە ! ، کەواتە کێشەکە کێشەى عەقڵیەتە ؟، تاسەرۆک وپێوەندەکەى دەسەڵاتیان هەبێت نەک لابردنى سەرۆک بەڵکو باسکردنى  دەستاودەستکردنى دەسەڵات وەک لەپەیڕەو پرۆگرامدا هاتووە کوفرێکى گەورەیە ، کاتێک  یەکلایکردنەوەکە لەعەقڵیەتى سیاسى کورد دەرئەچێت بەمانایەکى تر لەژێردەسەڵاتیاندا نامێنێت سەرۆکێکى کارتۆنى دائەنین ! بۆ ئەوەى بیسەلمێنن گوایە کەس لەم سەرۆکە موقەدەسانە باشتر نییە لەحکومڕانیدا بۆلەباربردنى هەموو هەوڵێکى گۆڕانکارى ڕیشەیى . 

کاتێک دێیتەسەر عەقڵیەتى پاش زەبرى سەرۆک وسەرکردەو هەست بەبەرپرسیارێتى  بۆت دەرئەکەوێت بەدرێژایى مێژوو سەرەڕاى ئەو هەموو شکستە ئێستاشى لەگەڵدابێت سەرکردەیەکى کورد  بەرپرسیارێتى نەخستۆتە ئەستۆو داواى لێبوردنى لەگەلەکەى  کردبێت  ، نایەمە سەر بەرپرسیارێتى سەرکردەو ئاسایشى نەتەوەیى لەبەر ئەوەى هەمان ڕوداو کەسەرکردە پێى ئەبێتە پاڵەوان و شانازى پێوەئەکات ، هەزارەها هاوڵاتى ئەبێتە قوربانى و کۆتایى بەژیان و بیرەوەرییەکانى ئەهێندرێت  گوایە خیانەتى نەتەوایەتى کردووە ؟! ،  کاتێک بەرپرسە باڵاکانى حکومەت و وەزیرە بلیمەتکەکان ئەبنە هۆى لەدەستدانى دەیەها ملیار دولار لەبوودجەى گشتى نەک تاوانبار ناکرێن بەڵکو لێپرسینەوە لەیەک ڕاوێژکارێکیشیان ناکرێت ، بەڵام تاوانبارێک بەلەدەستدانى دوو پول لەبوودجەى گشتى ئەخرێتە بەندینخانە گوایە یاسا سەروەرە و دزى لەبوودجەى وڵاتکردووە  .

ئەو مەسێجەى من مەبەستمە بیگەیەنمە هاوڵاتى  ئێمەش خۆمان دەرچەى عەقیەتێکى پاش زەبرین هەریەکە لەئێمە بەشێک لەبەرپرسیارێتى بەردەکەوێت ، هزرو فیکرو عەقڵیەتى تاکەکانى کۆمەڵگا عەقڵیەت و بیروبۆچوون و هەڵسوکەوتى سەرۆک دیارى ئەکات نەک بەپێچەوانەوە ، ئەگەر ئێمەى هاوڵاتى سوپەرمان و دیکتاتۆر و کەساسەتى موقەدەس دروستنەکەین ئەوان وەک خۆیان ئەوەندە بچوکن هیچیان پێناکرێت ، لەیادمە پێش ڕاپەرین هەموو تاکێکى کورد بەگشتى بێجگەلەکەسایەتیەکى تاکوتەرا بەدەسەڵاتدارێکى نادادپەروەرى دیکتاتۆر  ڕازیبوون بەمەرجیک ئەو دەسەڵاتدارە کورد بێت ؟! ، ئەمەیە عەقڵیەتى پاش زەبر بەئیمتیاز ، کەى گەیشتینە ئەو ئاستەى دەسەڵاتدارێکى داداپەروەرى غەیرە دین و نەتەوەمان لاباشتربێت لەدەسەڵاتدارێکى ناداپەروەرى موسوڵمانى کورد ئەوکات ئەتوانم بڵیم لەعەقڵیەتى پاش زەبر ڕزگارمان بووە .

لەبوونى ئەم جۆرە عەقڵیەتە عەقڵیەتى پاش زەبرى سەرۆکەکان ، حیزب لەبرى  دامەزراوەیەکى نیشتمانى بۆخزمەتکردتى کۆمەڵگاو مرۆڤایەتى سنوورى دوکانى سیاسی نۆکەر و سیاسەتبازە بودەڵەکانیشى  تێپەڕاندووە ، بوون بەکۆمپانیایەکى نێودەوڵەتى بۆ دزین و ئاودیوکردنى سامانى سروشتى سەرئەرزو ژێرزەوى کوردستان ، ئەم سەرۆکانە سەرۆکایەتی حیزبەکانیان لەسەرۆکایەتى میللەتێک پێباشترە ؟!، باشترین نموونە هەردوو سەرۆکى عیراقى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان وازیان لەسەرۆکایەتى حیزبەکانیان نەهێنا ، وەک سەرۆک حیزبێک مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخەکە ئەکرد نەک وەک سەرۆکى وڵاتێکى وەک عیراق یا سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، پۆستەکانیشیان لەخزمەت فەلسەفەى مانەوەى دەسەڵاتى حیزبى وسامان  و خزمایەتى بەکارهێنا نەک لەخزمەت ئامانجێکى نەتەوەیى و مرۆڤایەتى ، تاکە خولیایان چارەنووسى  حیزب و دەستەو تاقمێکى نزیکەلەخۆیان  ، لەبرى سیاسەتکردن حیزبایەتى ئەکەن ، کەى سەرۆک  ڕاستگۆبوو لەگەڵ خودى خۆى پێش نەتەوەکەى ئەوکات ئەتوانم بڵێم ڕزگارى بووە لەعەقڵیەتى پاش زەبر ، ئەمش ئەستەمە لەبارودۆخێکدا وڵات لەلایەن باندێکى نەزانەوە بەڕێوەببرێت و تاکە هێلى سور پەروەردەکردنى کۆمەڵگابێت  لەبەرئەوەى بەپەروەردەکردنى کۆمەڵگا هەموومان ئەگەیەنێە ئەو ئامانجەى لەبەرژەوەندى گشتیە .

دواپەرەگرافم لەسەر عەقڵیەتى سەرۆک و سەرکردەو ئینتیما بۆ خاک و نیشتمان  قسەى زل و قەبەى بریقەدار نییە ، بەرپرسیارێتیە بەرامبەر بەخاک و هاونیشتمان ، بەلاى منەوە زۆر ئاساییە هاوڵاتیەکى سادە هەموو خولیاى بەسەربردنى ژیانێکى پرشکۆمەند بێت و پێشرەوى  و بەرپرسیارێتى هیچ جۆرە بزوتنەوەیەکى نەتەوایەتى و نیشتمانى لەئەستۆ نەگرتبێت ڕەگەزنامەى وڵاتێکى ترى هەبێت ، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە  هەندێک لەسەرۆک و سەرکردە شۆڕشگێرەکانى ئەم زەمانە هەڵگرى ڕەگەزنامەى بێگانەن ! ، نەک حکومڕانى وڵات بەڵکو تەخوینى هاوڵاتیش ئەکەن ؟! ، لەچ کونجێکى ئەم دنیایە بێجگە لەکوردستانى باشور بەرپرسیارێتى باڵاى هەستیار ئەدرێتە کەسانێک خاوەنى ڕەگەزنامەى بێگانەبن ؟ ، پرسیارە گەورەکە ئەبێ تا چ ئاستێک دڵسۆزى خاک و نیشتمان بن ؟ وە تاچ مەودایەک لەکوردستان بەرگە بگرن وبمێننەوە ئەگەر بارودۆخى وڵات بەدڵى خۆیان نەبوو ؟! .

ئەو ڕاستیەى پێویستە سەرۆکەکان پێش هاوڵاتى وەک ئێمە بیزانن ، سەرۆک بەرپرسە لەنان و ئاو خۆشى و ناخۆشى و تەندروستى گشت هاوڵاتى نەک تەنیا خێزان خزم و کەسووکار خانەوادەکەى ، ئەم بەرپرسیارێتیە ئەوەندە مەزن و پیرۆزە مەگەر ئەو سەرۆکانە تێیبگەن کەمەوداى عەقڵیەت و خەبات و بیروبۆچونیان لەبەرژەوەندى تایبەت بەخۆیان و بنەماڵەو خێڵەکانیان تێپەریوە بۆ بەرژەوەندى گشتى و خزمەتکردنى نەتەوە و مرۆڤایەتى  ،  کاتێک مەوداى عەقڵیەتى سەرۆک و بەپرسان لەبەرژەوەندى تایبەت تێناپەڕێت بەرپرسیارێتى مێژووى دەروونیان لێدەکاتە دۆزەخ و لەکۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دەریاندەکات .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت